به‌ره‌و نووسینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌ک بۆجاش و که‌واسوور (به‌شی دووه‌م)

Wednesday, 17/08/2022, 19:54


به‌ره‌و نووسینه‌وه‌ی پێناسه‌یه‌ک بۆجاش و که‌واسوور (به‌شی دووه‌م)
مهاتما گاندی دەیووت :"قه‌ت نه‌متوانی له‌وه‌ تێبگه‌م، که‌ چۆن ده‌کرێ که‌سانێک به‌وه‌ی سوکایه‌تی به‌ هاوچه‌شنه‌کانی خۆیان ده‌که‌ن به‌ خۆیانه‌وه‌ بنازن و سه‌ر هه‌ڵبهێنن "
ئه‌و که‌سانه‌ی بڕیار ده‌ده‌ن که‌ خزمه‌ت به‌ داگیرکه‌رانی ووڵاتێک بکه‌ن که‌سانێکن، له‌ هه‌موو شوێنێک ولەناو هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌کدا که‌سانی ڕیسوا و سوکن ، چونکه‌ خۆفرۆشی و خزمه‌تکردن به‌داگیرکه‌ر. هیچ پاساوێکی بۆ نییه‌، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌مێژووی مرۆڤایه‌تێدا زۆره‌. به‌ڵام باوه‌ڕناکه‌م هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هێنده‌ی کورد خۆفرۆشی تێیدا هه‌ڵکه‌وتبێت .

ئه‌مه‌ بۆچی ؟

زۆرجار خۆپه‌رستیی وا له‌ که‌سه‌کان ده‌کات ئیتر له‌ مانای شکۆ بۆ ژیان ڕووت ده‌بنه‌وه‌ و وه‌ک ئاژه‌ڵێکی خۆپه‌رست ته‌نها بیر له‌ خۆیان و ده‌رچوون له‌ پێستی خۆیان بکه‌نه‌وه‌. 
مێژووی بزافی کورد ئه‌گه‌رچی ته‌نها له‌ خانه‌ی راپه‌ڕیندا بووه ‌و هه‌میشه‌ ویستوێتی له‌گه‌ڵ داگیر که‌راندا هێز و بازوو پیشان بدات بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر نه‌خورێت یان هه‌ر نه‌بێت پارێزراو بێت و بمێنێتەوە ، یاخوود کرا هه‌ندێک ده‌سکه‌وتی بۆ فه‌راهه‌م بێت لەڕێگەی ئەو ڕاپەڕینە چەکداریەوە کەدەستی داوەتێ ، ئه‌مه‌ ئه‌و دیارده‌یه‌ی دروست کردوه‌، که‌ په‌ندێکی کلاسیک بکاته‌ په‌یڕه‌وی ژیان و کارو خه‌بات و بڵێ "دوژمنی دوژمنه‌که‌م، دۆستمه‌" . ئه‌گه‌رچی په‌ندێکی هێنده‌ ناشرینه‌ و له‌ منداڵدانی فیودالیزمه‌وه‌ هاتۆته‌ ده‌ر، لێره‌وه‌ ڕه‌وایه‌تی به‌ دروستبوونی خۆفرۆشی ده‌درێت بۆ ئامانجی مانەوەیەک بەبێ مەرج . 
کاتێک من له‌ چیابووم و ئه‌و شه‌وه‌ی بۆ یه‌که‌مین جارله‌ شارۆچکه‌ی ته‌قته‌ق درا و پاککرایه‌وه‌، داوامان له‌جاشه‌کانی ناو پایگایه‌که‌ کرد خۆیان ته‌سلیمان بکه‌ن، سوێندمان خوارد به‌گۆڕی شه‌هیدان گیانیان پارێزراو ده‌بێت. 
له‌وه‌ڵامدا ئه‌وان سوکایه‌تییان به‌گۆڕی شه‌هیدان کرد، من له‌ده‌م ده‌ر چوو ووتم ئێوه‌ چڵکاوخۆرن و جاشی به‌عسن، ئه‌و ده‌نگ زله‌یان که‌ زۆر دیار بوو بڕیاری شه‌ڕی مان و نه‌مانی له‌ دژمان دابوو، ئیتر نازانم چی ئه‌و بڕیاره‌ی پێ دابوو؟ نه‌مانزانی و که‌سیشمان تائیستا نازانین بۆ ؟
لەوەڵامدا ووتی ئه‌ی ئێوه‌ جاشی کوێن؟ مه‌گه‌ر جاشی ئێران نین؟ کامه‌لا باشه‌ پیاو جاشی بێت ئێران؟ یان عێراق!؟
ئه‌م پرسیاره‌ به‌و شه‌وه‌، که‌ ئاگر ده‌باری زۆر پرسیارێکی جوان بوو، پرسیارێک بوو له‌ هه‌ناوی سه‌دان پرسیاره‌وه‌ هاتبووه‌ ده‌ره‌وه‌ و به‌و شه‌وه‌ له‌ناو ئه‌و شه‌ڕه‌دا خۆی نمایش کرد، ده‌بوو من چیم بکردایه‌ تازه‌ دوو شه‌هیدمان داگرتبۆ لای رووباره‌که ....ئەوانیش شه‌هید لوقمان و شه‌هید کاوه بوون .
راستیی له‌ خودی پرسیاری جاشه‌که‌دا هه‌بوو، چونکه‌ ئێمه‌ نیشتمانمان پڕ کردبوو له ‌پاسدارو ئیتڵاعات و هێزی ئێرانی به‌شێک له‌ شه‌ڕی ئێران عێراقمان هێنابووه‌ لای خۆمان و به‌رده‌وام ڕادیۆی ئێران چالاکییه‌کانی "ئیتحادی میهه‌نیان" ده‌خوێنده‌وه‌ و ئێمه‌ش سپێدان له‌ جیهازه‌کانه‌وه‌ هه‌واڵی زه‌مین به‌زه‌مینه‌که‌ی کۆمارمان به‌سه‌رکه‌وتی خۆمان ده‌زانی، که‌ له‌ به‌غدادی تاوانی ده‌دا. 
ئه‌وشه‌وه‌ چه‌ند جاش کوژرا ؟ نازانین...! به‌ڵام پێشمه‌رگه‌ به‌گوله ‌ی جاشه‌کان شه‌هید بوون و هه‌ر دوولاش دایکیان کوردبوو دایکانی جاش و پێشمه‌رگه‌ ڕه‌شپۆش بوون و دوژمنان و داگیرکه‌ران پێی ئاسوده‌بوون. مێژووی میلله‌تی ئێمه‌ پڕێتی له‌م ڕووداوانه‌، که‌چی ئێمه‌ تاکه‌ نه‌ته‌وه‌ین‌ که ‌سودمان له‌ مێژوومان نه‌بینیوه‌. جاش تا ده‌هات زۆرتر ده‌بوو.
به‌عسێکان له‌شه‌ڕێکی زه‌به‌لاحدا ئاڵابوون و سنوری ئێران عێراق هێنده‌ فراوان بوو، هه‌ر مه‌پرسه‌ شه‌ڕگه‌کان تا ده‌کات به‌ر فراوان تر ده‌بوون، سه‌ربازخانه‌کان چۆڵ ده‌کران و له‌جێگه‌یاندا له‌ناو پایگاو مۆڵگه‌کاندا گه‌نجه‌کانی کورد جێگه‌یان ده‌گرتنەوە ، ڕه‌نگه‌ خوێنه‌ر بڵێت ئه‌مانه‌ که‌سانی نه‌خوێنده‌وارو بێئاگاو کورد ووتەنی گوندی بوون که‌ بوونه‌ته‌ جاشی سوک و له‌ فه‌وجی موسته‌شاره‌کاندا جێگه‌یان گرتووه‌.
من ده‌ڵێم به‌پێچه‌وانه‌وه‌، ده‌بێ بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵتریش بگێڕمه‌وه‌ هه‌رله‌و سه‌رو به‌ندانه‌دا مه‌فره‌زه‌یه‌کمان کرد بۆ سلێمانی دیمان ڕه‌بایه‌یه‌ی نوێ دانراوه‌ به ‌بڕیارێکی خێرا په‌لامارمان داو له‌چاو تروکانێکدا ده‌ستمان به‌سه‌ردا گرت و جاشه‌کان ته‌سلیم بوون و دوو زامداریان هه‌بوو کاتێک له‌جاشه‌کانمان ڕوانی زۆر پاک و خاوێن بوون ڕیش تاشراو ته‌نانه‌ت هیچ له‌وه‌ نه‌ده‌چوون خاوه‌نی ئه‌زمونی چه‌کداری بووبن، له‌گه‌ڵ خۆماندا تفه‌نگه‌ تازه‌کان و جاشه‌خه‌فیفه‌کانمان هێنا، ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنج بوو یه‌کێک له‌جاشه‌کان چاویلکه‌ی له‌چاودا بوو، لامان سه‌یر بوو من و هاوڕێیه‌کم لێمان پرسی به‌ر له‌وه‌ی ببیته‌ جاش چ کاره‌بووی!؟
له‌وه‌ڵامدا ووتی: من ده‌رچوی کۆلیژی ئه‌ندازیاریم و ئیستا من ئه‌ندازیارم و ئه‌مه‌ یه‌که‌مین شه‌ومه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ره‌قه‌ی مۆڵه‌تم بۆ بکه‌ن ده‌بێ هه‌فته‌یه‌ک ده‌وام بکه‌ین پاشان 15 ڕۆژ مۆڵه‌تی ئازادمان ده‌ده‌نێ و تا به‌ وه‌ره‌قه‌وه‌ ئازادانه‌ بسوڕێنه‌وه‌. هاوڕێکه‌م ووتی (ئه‌ی له‌عه‌ینه‌کی ..... هینی نه‌نکت به‌م، تۆ شه‌رم ناکه‌یت !؟ راستی کاکی مهه‌ندیس زۆر شه‌رم گرتی، به‌ڵام شه‌رم هیچ نییه‌ له‌و کاته‌دا، به‌س ئه‌و پرسیاره‌ ده‌بێ بکرێ چی وا له‌ ده‌رچوی زانکۆیه‌ک ده‌کات ببێته‌ جاش؟
ئه‌ی ئه‌گه‌ر بکوژرایه‌ که‌س ده‌یووت جاشێکی ئه‌ندازیار کوژراوە؟
ئه‌مه‌و ده‌یان جاری تر له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ که‌سی جاشدا که‌سایه‌تی سه‌یرم ده‌دی. جارێک له‌یه‌کێک له‌زیندانه‌کانی چیادا جاشێک به ‌ڕوونی و باسی ده‌یان هۆنراوه‌ی جوانی بۆ کردم خۆشی هۆنراوه‌ی ده‌نووسی، من کۆڵێک به‌زه‌یم پێدا هاته‌وه ‌و به‌بڕیارێک له‌لایه‌ن به‌رپرسه‌که‌مانه‌وه‌ ئازادمان کرد تا ئه‌نفاله‌کان له‌گه‌ڵمان بوو، نانکه‌رێکی باشی لێ ده‌رچوو بوو، کوڕێکی باش بوو به‌ڵام فره‌سه‌ی هێناو چوه‌وه‌ لای دوژمن و نازانم جاره‌نووسی به‌چی گه‌یشت و هۆنراوه‌کانی چیان لێ به‌سه‌ر هات!؟
بیرتان نه‌چێت له‌و چیایه‌ ئێمه‌ش نه‌مان توانی بوو که‌سانی وا بکه‌ینه‌ به‌شێک له‌خۆمان. به‌درێژای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ی چیا نه‌مان توانی خه‌ڵکی لادێ و گونده‌کان فێری ئاوده‌ستخانه‌ بکه‌ین .که‌چی سه‌مه‌ره‌ له‌وه‌دابوو ئه‌م جاشانه‌، که‌ خۆیان و تفه‌نگێکه‌وه‌ ده‌هاتنه‌ ناو ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بارگه‌یان ده‌گوێزایه‌وه‌ بۆ چیا ئیتر که‌سمان وه‌ک جاش و خۆفرۆش سه‌یرمان نه‌ده‌کردن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌وان ڕێگه‌و جێگه‌ی تایبه‌تیان هه‌بووه‌لامان. 
هه‌مان فه‌وج ده‌بووه‌ تیپ و که‌رت و مه‌ڵبه‌ند، چاکه‌ دوو ڕووداو بگێڕمه‌وه‌ کاتێک فه‌وجه‌که‌ی عومه‌ری حه‌مه‌ عه‌لی چه‌رمه‌گای هات بۆ چیا ڕۆبتا‌نی برای کرایه‌ سه‌رتیپی تیپك و ئه‌و جاشانه‌ی له‌گه‌ڵیا هاتن له‌ شێرکوژه‌وه‌ هاتن و له‌شه‌ده‌ڵه‌وه‌ ته‌سلیم بوونه‌وه‌، به‌نده‌ بوو به‌که‌فیلی جاشێک، که‌ کوڕێکی خه‌ڵکی گه‌ڕه‌کی خۆمان بوو به‌زۆر ناسیمێوه‌ و له‌لای سۆسیالیست بوومه ‌که‌فیلی به‌تفه‌نگه‌که‌ی خۆیه‌وه‌ نه‌وه‌ستا تفه‌نگێکی ئه‌وانیشی بردبۆوه‌، که‌چی به‌عس هه‌ر کوشتی و هیچی له‌جاشایه‌تی سه‌وز نه‌کرد.
کاتێکیش بۆ خۆشناوه‌تی چووین به‌ جه‌وله‌ نیوه‌ڕۆیه‌ک له‌ماڵی سه‌ره‌ک جاشێکی تازه‌ هاتوو بۆ شاخ میوان بوین دوو مه‌ڕیان کوشتبووە، خزمه‌ت کاره‌ جاشه‌که‌ی به ‌گۆره‌ویه‌کی دڕاوه‌وه‌ به‌ سه‌ر سفره‌که‌دا ده‌ڕۆی، شیروانی هاوڕیم ووتی ئه‌ها قوتابخانه‌ی به‌عس چۆنی په‌روه‌رده‌کردوون ؟
ئه‌وان ئیستا وه‌ک ئێمه‌ پێشمه‌رگه‌بوون که‌چی هه‌ر لێمان مۆڕ ده‌بوونه‌ وە لێمان ، ئێمەش گومانمان لەمیواندارێکەیان هەبوو ، بەڵام لە مرۆڤی خۆفرۆش هەمیشە لەرزۆکن .
خۆفرۆشی وه‌ک دڵۆپه‌ وایه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ یه‌که‌م دڵۆپه‌ت قبوڵ کرد ئیتر ژوره‌که‌ت ده‌بێ به‌ژێر ئاوه‌وه .

بۆ ده‌بێت خه‌ڵک ببێته‌ جاش و سیخوڕو خۆفرۆش ؟

ده‌کرێ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ که‌سێ بکه‌ین، که‌ ماوه‌یه‌ک به‌رگی جاشایه‌تی پۆشیبێ و تێیدا ژیابێ کاتێکیش سه‌ره‌ک جاشێک دێت ڕه‌وایی ده‌دات به‌جاشبوون، من مافی پێ ده‌ده‌م، چونکه‌ که‌سێک له‌خزمه‌تی داگیر که‌راندا بێت و شه‌رمیش نه‌کات، ئه‌وانه‌ زیاده‌ ڕۆی ده‌که‌ن، که‌ ده‌ڵێن ئێمه‌ له‌ ئێوه‌ پێشمه‌رگه‌تر بووین و ئێمه‌ خه‌ڵکمان له‌ ده‌ستی به‌عس رزگار کردووه‌. 
من هه‌وڵ ده‌ده‌م له‌به‌شی سێهه‌مدا ئه‌و چاوپێکه‌وتنه‌ بڵاو که‌مه‌وه‌ که‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆک جاشێکدا کردوومه‌ و داوای لێ کردووم که‌ ناوی نه‌به‌م، کاتێکیش ووتم: ئه‌ی بۆ داوای لێبوردن له ‌گه‌له‌که‌ت ناکه‌یت؟ 
لەوەڵامدا ووتی من کاتێ داوای لێ بوردن ده‌که‌م ئه‌و کاته‌ی سه‌رانی کورد داوای لێ بوردنیان کردبێت.
ئه‌م میلله‌ته‌ی ئێمه‌ سه‌مه‌ره‌ترین خه‌ڵکه‌، واز له‌ که ‌لە ‌ڕه‌قییه‌ ناهێنێ که‌ مایه‌ی شه‌رمه‌زاریش بێ بۆی .
بۆیه ‌چاکه‌ ئه‌م به‌شه‌ به‌و وته‌ جوانه‌که‌ی گاندی کۆتایی پێبهێنم، که‌ ده‌ڵێت: (هه‌ر کارێکت ده‌ست پێ کرد وازی لێ مه‌هێنه‌، مه‌گه‌ر له ‌ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه‌ نابه‌جێ بێت) جا به‌راستی جاشایه‌تی و خیانه‌ت و نیشتمانفرۆشتن له ‌ڕووی ئه‌خلاقێوه‌ نابه‌جێن !؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە