بۆچی دەسەڵات لەڕێگەی مێدیا پیسەکانێوە شکۆی تاکی گەلەکەمان دەشکێنێت !؟

Monday, 18/07/2022, 22:01


دەسەڵات لەماوەی ئەم ٣١ساڵەی تەمەنیدا  خەڵکی فێرکرد کۆڵ بەهیوا بدەن  . نیشتمان ببێتە جێگەیەک وەک سەربازگەیەکی جەنگ  و تۆسقاڵێک دڵت نەسوتێت بەو ژیانەی  کەتێدا  زیندوویت و لەڕێگەی کڕوزانەوەو  خۆ بچکۆلەکردنەوە  بتەوێت ژیانێکی پڕ مەینەتی بەرێکەیت و  وابزانیت خوا سزای داویت و دەبێت  بەهەموو مەینەتێکانی ژیان ڕازی بیت .
 زۆری ئەم کەناڵە بەدانە  بۆتە  بەڵایەک  کە خەڵکی لەسەر  قبوڵکردنی ستەم و کڕوزانەوە پەروەردەکەن ، خەڵکی هیچ شەرم  لەوەنەکەن  لەبەردەم  کەناڵێکی زۆڵەوە  بەتەمەنێکەوە  دەست بکات بەکڕوزانەوە و لاڵانەوە  بۆ ئەوەی زەفێک لەخۆراکی بەسەرچوو یان  چەند دینارێکی  پیس  بچنێتەوە.
 ئەم پیاوە پیرە کە ڕۆژگار پشکی کۆم کردوە ، دەبوو ئێستا وەک قەدیسێکی  مەزن  دەربکەوتایە ، نەک وەک  دەرۆزەکەرێکی  داماو کە شادمان بێت بەوەی کە  دەستی یارمەتی بۆ درێژکەن و  لەچیرۆکە دامەوەکەیدا بڵێت چەند جەژنە گۆشتی بۆ ناکڕێت . ئەمە تراژیدایای زۆری ئەو خەڵکەیە کە  کاتێک هەیانە  هیچ حورمەتیان بۆ  سامانەکەیان نییە ، کاتێکیش  کە نیانە  هێندە بچوک دەبنەوە  شەرم ئیتر شەرم دەکات  خۆی دەربخات .
 مرۆڤ هەمیشە دەبێت لەگەڵ خۆیدا لەشەڕدابێت ، تا بەجوانی ئەم دنیایە بەجێ بهێڵێت . ئەوەی لای من نامۆیە ئەوەیە کە بەڕاستی بۆچی خەڵکی بەتەنگ نەفس و کەسایەتی خۆیانەوە نین !؟  
 ئەم دەسەلاتە بەدە  بەسەر بێگانەکاندا  پارەدەبەخشێتەوە  و لەنمایشەکانیاندا  خۆیان بەدەولەمەند پیشان دەدەن ،  جل و بەرگ و پێڵاو ئۆتۆمبێلەکنیان و پێداویستیە کانیان   هەمووی نیشانەی ئەوەیە کە کورد ووتەنی تازەگی فێری پڵاو خواردن بوون .
 بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو بەدڕەوشتیانەیاندا  دێن و لەڕێگەی تورک و فارس و عەرەبەوە شکۆی گەلێک و تاکەکانی لەڕێگەی مێدیاکانیانەوە تێک و پێک دەشکێنن و لەڕێگەی مزگەوت و کەناڵە بەدئەخلاقەکانیانەوە  هێرشی  خراپ بۆ  تاک بەتاکمان دەکەن و ڕۆژانە زەرفە عەلاگەی خەیارو ئاردو  شەکرو زۆپاو  هیڵکەو پەنیر بەسەر خەڵکی بەش مەینەتدا  دابەش دەکەن و ناویان ناوە خێرو سەدەقەو فۆڕمێکیان داوە بەم  تەرزە لەژیان  بەناوی خێر لێرەوەیە کە  ئاین ڕۆڵێکی خراپ لەکۆیلەبونی خەڵکدا دەبینێت . وەک چۆن خوایان کردۆتە دڕندە و  دەبێت لێی بترسی و لە تاو ترسی خوا نەتوانی هەناسە بدەیت . ئۆشۆ ووتەنی گەر ئەوە خوابێت هیچ جیاوازی نییە لەگەڵ جەنگیزخان و هێتلەرو ستالیندا ، دواجار کۆمەڵگای کوردیان  کردۆتە کۆیلەی  چەند کیلۆ ئاردو برنج و خۆراک  و نمایشیان دەکەن  و خۆشیان وەک فریاد ڕەس پیشان دەدەن .  
 من قا یلم بەو بەشەی  خوا پێی داوم ، ئەوە بەو مانایە دێت کەمن قایلم بەکۆیلەبوون  . مرۆڤ لەژیانیدا گەر یاخی نەبێت  شەرمە پڕوپاگەندەی ئەوە بکات کە ژیاوە . لەکاتێکدا من لەڕێگەی  یوتوبەوە هەندێک دیمەنم دی  کە چۆن کەناڵە بەدڕەوشتەکان  نمایشی پیاوی پیرو  ژن و خەڵکانی هەژار دەکەن  کە دەکڕوزێنەوە ، دەڵێم سوپاسگوزارم ئەمانە باوک یان دایک و نەنک و باپیری من نین  . چونکە ئەم  ژیانە زۆر لەوە بەنرخ ترە تۆ بێت  لەپێناو کیلۆیەک  یان چەند دینارێکدا کە ڕەنجت بۆنەداوە بچوک بیتەوە  . بجەنگە  چونکە  لایەنی کەم بەهیچ و پوچی  ژیان بەڕێ ناکەیت ، من خۆکوژی دەکەم کاتێک  خۆراک لەکەسێک وەرگرم کە بەدزی و بەدڕەوشتی بوبێتە  خاوەنی سەرمایە .
 یان لەناو زەرفەکەی کەدەم داتێ وێنە ی بەدێک ببینم کە ژینگەی نیشتمانم  پیس دەکات و منیش نزای بۆ بکەم کە تەمەن درێژ بێت .  وەرگرتنی  دوودەبەزەیت و کیلۆیەک نیسک و نۆک یان برنج  مایەی شەرمەزاریە ، چونکە تۆی سواڵکەر مافی ئەوەت نییە  باس لەخراپی نیسکە نەکڵۆکەکە بکەیت  یان ئاردە  ئەسپتێدراوەکە ، تەنها مافێک کە پێت درابێت  مومارەسەی بکەیت دەستە داماوەکانتە ڕووەو ئاسمان و نزاو ستایشی دزێک نیشتمان فرۆشێک بکەیت .
 کۆمەڵگای ئێمە بۆ وای لێهات ؟

 ئەنفال  کە کۆمەڵگای ئێمەی  لەبەریەک هەڵوەشاند و شەرم و حەیاو حورمەت و کەسایەتی  نەهیشت بۆمان ، ئەوەتانی بەدڕەوشتێکی وەک نزار خەدرەجی ئەنفالچی  چیرۆکی  ژیانی دەگێڕێتەوەو  پێمان دەڵێت کە تاڵەبانی  چۆن دووجاران چۆتە دانمارک بۆلای و  لەڕێگەی حیزبەکەیەوە  چۆن ئەنفالچیەکی  بەمرۆڤێکی پاک و نیشتمان پەروەر  وێنەکردوە و  لەدادگا لەڕێگەی  فواد مەعسوم و کابرای فەیلی  نامەیان ناردوە بۆ دادگای لاهایی و  دادگای دانمارکی  و بەوەشەوە نەوەستاوە هێناوێتی لە سلێمانی  نیشتە جێی کردوەو  پاسەوانی بۆ داناوە . 
 https://www.facebook.com/100082764606948/videos/1398228540658862
 گەلێک ئەم سوکایەتیە قبوڵ بکات چۆن نابێتە سواڵکەر و  لەشەقامەکاندا وەرنابێت ؟
 من کە سەیری ئەو دیاردەیەدەکەم دەڵێم  بەڕاستی  شەرمە لەمێژوویەکی ئا وادا ژیان دەکەم و  ڕۆژانە خۆم  ڕادەهێنم لەگەڵ ئەم هەموو دیاردە قێزەونەدا کەبەسەر گەلەکەمدا دێت . 
 بۆیە  شەرمەزاریە  پیاوێک ژنێکی داماو  یان خێزانێک نمایش دەکەن  کاتێک دەستی یارمەتیان بۆ درێژ دەکەن ، شەرمەزاریشە خەڵکانێک لەسەرەی  وەرگرتنی  کیلۆیەک برنجا کاتی خۆی  بەهەدەر دەدات  ، لەباتی ئەوە ئەوکاتە  بچێت داوای مافی خۆی بکات ، لەهەمووی شەرمەزاری تر ئەوانەن لەسەر گۆڕی خائینەکان سێڵڤی دەگرن و  شانازی دەکەن  کە کۆیلەیەکن سوک  و لەسەر سێرکی ژیان خۆیان نمایش دەکەن . کاتێک  ژیان دەبێتە  سواڵ وسەدەقە ئیتر پیاوە  بازرگانە ئاینێکان بازاڕیان گەرمە  ..چ شەرمەزاریەکە  مرۆڤ بچێت گوێ لە ژن دزێک فاسیدێک منداڵێکی  کۆلکە مەلا بگرێت  و لەشەقامەکانیشدا چاوەڕوانی ڕەحمی حیزبێت یان  دەوڵەمەندێکی دزو چروک بێت خێری پێبکات و لەکەناڵەکانەوە نمایشی بکات .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە