ڕەنجی فەرهادەکان چیرۆکی گومناوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە

Sunday, 26/06/2022, 15:01


ڕەنجی فەرهادەکان کتێبێکی قەبارە گەورەی ٤٣٣ لاپەڕەی بیرەوەریی دوکتۆر "هەژار عوسمان مەعروف"ە ئەو جوامێرە منیشی بێبەش نەکرد لەو بەرهەمەی و کتێبەکە گەیشتە دەستم.
بۆ خوێندنەوەی کتێبەکە کلیکی ئەم لینکە بکە
دوایی خوێندنەوەی حەزمکرد چەند دێڕێکی لەسەر بنوسم ، چونکە منیش کۆمەڵەبووم و هەمان خەونی پرتەقاڵیم لەگەڵ خۆمدا بۆ چیا بردبوو، ئامانجم بوو کۆمەڵگاکەمان ئازاد و سەربەزبێت و ئێمە دواهەمین نەوەبن کە تفەنگ ببێتە بەشێک لەجەستەمان .
 خۆشی ئەم بیرەوەریانە لەوەدایە تەنها پشتی نەبەستوە بە خەیاڵ و ئەوەشی نەکردوە ئێستا باسی مێژوویەک بکات، بەڵکو نوسەر جگەلەوەی ڕۆژانە تۆمارەکانی کردوە و ڕووداوەکانی نوسیوەتەوە ئەو خوێندەوار بووە و پیشەکەشی ڕێگەی داوە بەردەوام مامەڵە لەگەڵ قەڵەم و کتێب و نوسیندا بکات. گەرچی جارێک لەجێگەیەک جانتاکەی بیر دەچێت و تۆمارەکانیشی تێدا یە لەگەڵ کتێبەکانی .بەڵام بەردەوام بووە لە تۆمارکردنی ڕووداوەوکان. 
چەند ڕۆژێک لەگەڵ برای هێژاکاک 'ئەیوب بارزانی" لەسلێمانی یەکمان دەدی ئێوارەیەک باسی کتێبێکی سەرنج ڕاکێشی بۆکردم کە ئەفسەرێکی ئەمەریکی بەچاپی گەیاندووە ، کە بیرەوەری خانمێکی پەرسداری ڤێتنامی بووە لەیەکێک لەخەستەخانەکانی شۆڕشدا و تۆماری ڕۆژانەی نوسیوەتەوە کە ڕۆژانە کێ و چۆن بەرخوردیان لەگەڵ برینارو نەخۆش و تەرمەکاندا کردوە ؟ لەبۆردمانی خەستەخانەکەدا کەئەمەریکییەکان خاپوری دەکەن و سوپا دڕندەکە کەدەچێتە ناو خەستەخانەکە ئەفسەرەکە ئەم ڕۆژمێرە دەدۆزێتەوەو دوایش دەیکاتە کتێبێک ، کاک ئەیوب بارزانیم هاندا کە وەری بگێڕێت و سوکە پەیمانێکیشی دا پێم .
 دەمەوێت بڵێم تا ئەم بیرەوەریەی د. هەژارم نەخوێندبۆوە هێندە بەلامەوە ئەوبەشە گرنگ نەبوولام کە تەندروستیە ، نوسەر دەڵێت :پێشمەرگەکانی کۆمەڵە چونکە گەنج بوون کەمتر نەخۆش دەکەوتن . گەرچی من چەندین جار لەبەرچاومەوە هاوڕێکانم گیانیان دەرچووە و بەدەمی خاکەنازیش لاشەی قوربانی بۆردمانم کۆکردۆتەوە و شیعریشم نوسیوە ئاوڕم لەو بەشەی مرۆڤ بونە نەداوەتەوە بەداوای لێبوردنەوە ئەوە دەڵێم ، نەک بۆ سوکایەتی کردن بەمرۆڤ .
دێمەوەلای بیرەوەرییەکان ،لەبەر ئەوەی د. هەژار لەشاردا ژیاوە لەخێزانێکدا کەمەولەوی شاعیر لەدایکەوە دەبێتە خزمێکی نزیکی یان باپیرە گەورەی و لەباوانیشەوە دەگەڕێتەوە بۆ یەکێک لە خەلیفەکانی شیخ سیراجەدینی نەقشبەندی ، ئەمە بەو مانایەی کە لە کەشێکی دینی و مەملەکەتی کتێبدا گەورەبوە . ئیتر براکانی و خوشکەکانی و دایک و باوکی هەریەکەیان چیرۆکێکی سەرنج ڕاکێشیان هەیە خوێنەر والێدەکات کە بزانێت ئەم کارەکتەرانە چۆن ژیاون و چۆن لەناو گەرمەوکێشيکانی مێژووی ئەو کاتەدا ئەسپی خۆیان تاوداوە ؟ 
 منداڵی نوسەر سەرنج ڕاکێش بووە لە یاری "تەقول باب" وە بۆ ناو گێرم و کێشەی سیاسەت و شاردنەوەی ئەندامە عەرەبەکانی شیوعی لەماڵەکەیانداو پەیوەندی براکانی بەحیزبی شیوعی عێراقەوە و غەرقبوونی باوکی لەئایندا کە وادەکات بڕوات خەبەربدات لە و مرۆڤە بێ دینانەی کە لەماڵەکەیاندا براکانی حەشاریانداون . گێڕانەوەی ئەم چیرۆکە پێمان دەڵێت: کە نوسەر چەنێک بێمنەت و ئازایە لە چاونەپۆشینی هەڵەو کەم و کوڕییەکان بێ سڵەمینەوە باسی بکات . تەنانەت باوکی ڕێگەی نەداوە خوشکەکانیشی ڕوولە قوتابخانە بکەن و بەنەخوێندەواری ماونەتەوە.
بەڵام جوامێری باوکی لەڕاگواستنی گوندەکانداو هەڵوێستی لە وەرگرتنی "تەعویزدا" قەرەبوودا دەردەکەوێت و پێمان دەڵێت : کە چەنێک ویستوێتی ئاین پەیڕەوبکات و چەنێک لە خوا و لێپرسینەوەی خوا ترساوە وبەئاگایەوە وەک ئەوەی لەسەرهێلکە پێدانێت هەنگاوی ناوە .
د. هەژار لە کۆلیژی پزیشکی دەخوێنێت و ساڵی ١٩٧٤ شەڕ دەستپێدەکات ، کۆلیژ جێدەهێڵێت لەبەغدادەوە دەگەرێتەوە نیشتمان و دەیەوێت ببێت بەپێشمەرگە و ڕوولەچیابکات ، بەڵام کاتێک دەچێتە لای خزمەکانی تاڕێنماییی بکەن و بیبەن بۆ چیا دەکەوێت بەسەر چیرۆکی پیاوە پوتە دەسەڵاتدارەکانی ناو بزوتنەوەی چەکداریداو خزمەکانی لێی ناشارنەوە کە چارەنوسی ئەم هەڵچونە هیچی لێبەرهەم نایەت و ژوانی دەکەنەوە کە گەربیەوێت خزمەتێک بەگەلەکەی بکات دەبێت درێژە بدات بەخوێندنەکەی و ببێتە پزیشک .
دەیان نمونەی قێزەونی بەرپرسەکانیان بۆ باس دەکەن و تەنانەت لەشکری ئێرانیان هێناوەو لەهەڵەبجە دەیان کەسیان بەتۆپ و خومپارەی شای ئێران شەهید کردوەو دەستدرێژیان لە ژنە جوتیاری ناوچەکە کردوە. 
سەرئەنجام ئاشبەتاڵ دەبێتە ناسنامەی کورد و د.هەژار لەشاری بەغداد کۆمەڵێ بێدادی و نادادپەروی دەبینێت بەرامبەر گەلەکەی . بۆنموونە زۆری دەستگێڕو بۆیاخچی پێڵاوەکان کوردە فەیلییەکانن . بۆ ئەوەی وەک مرۆڤێک و دکتۆرێک بەئەرکی خۆی هەستێت هەستکردن بەبەرپرسیارێتی  خەونی چونە چیایی لەهەناودا زیندوودەکاتەوە لەدوایی تەواوکردنی خوێندن وەک پزیشکێک .
 پاشان لەبەغداد دا کۆمەڵێ چیرۆکی مێژوویمان بۆ دەگێڕێتەوە هەر لەسیخوڕ بۆ نمونە بۆمان دەگێڕێتەوە کەچۆن سکرتێری نوسینگەی لقی پێنجی بەغداد خیانەتی کردو چوەتە ناو بەعسییەکان . شانۆگەری "دکتۆری دێم" ی هونەرمەد ڕەفیق چالاکمان بۆ دەگێڕێتەوە کە شانۆکە لەو کاتەدا باسی گەندەڵی و بێتوانایی بەرپرسانی پارتیمان لەو سەردەمەدا بۆ دەگێڕێتەوە .
 ڕۆژێک لە ڕۆژنامەیەکی حشع دا پێم وایە "تریق شعب" بووە هەواڵیان تێدا نوسیوە کە تاڵەبانی لەیەکێک لەگوندەکانی باکوردا کوژراوە ، د.هەژار نیگەران دەبێت . 
ڕۆژێک لەگەڵ هاوڕیەکیدا لەبەغداد گفتوگۆدەکات. هاوڕێکەی دەڵێت:

"کاکە ئەگەر بەتەنها پاڵت دابوو بەدیوارێکەوە ، لەبەرخۆشتەوە ڕەخنەو ناڕەزایی بەرامبەر حوکمەت دەرمەبڕە چونکە لەناو دیوارەکەی پاڵت پێوەداوە مشکی گوێ سوک هەیەو گوێت لێدەگرێت ".

 کتێبەکە پڕێتی لەچیرۆکی کورت و سەرنج ڕاکێش گەشتەکانی دەتباتەوە بۆ گوندەکان کە وەک سیوسرای ئێستایە و لە پاشوی سواریەوە بۆ ڕاوشکار لەگەڵ خاڵوانیدا و جوانی ئاسمان وشەوو تاڤگەو قەدپاڵەکانت وا بۆ وێنەدەکات بەکوریەکی خۆش بۆ نمونە من یەکەمین جارم بوو بزانم بەدۆشەکی لباد دەڵێن "نەوگ" جگەلەوەش گوندەکان بەدروستی ناوەکانی دەڵێت . کاتێکیش باسی ئاشبەتاڵ دەکات دەڵێت :

"پێشمەرگەی سەرکزو غەمباری خۆبەدەستەوەداوم لەسەرای سلێمانی بینی لەکاتی ڕادەستکردنی چەکەکانی شانیان"

منیش هەمان دیمەنم لەبەردەم فیرقەو ئاسایشی سلێمانیدا دی کە چۆن پێشمەرگەکان لولەی تفەنگە بڕنەوەکانیان کردبۆ زەوی و جامادانەکانیان بەهەڵەو گێڕاوەی لەسەر نابوو بەدیوە سپێکەیدا کە وەک لە
 مێزەری مەلایەکی داماو دەچون بەبێ مزگەوت و مینبەر .
 تائێستا لەناو ئەو هەموو ڕووداوانەدا ئێمە نەمان توانیوە دوو بەرهەمی بەپێزو لێکۆڵینەوەی زانستی  بنوسینەوە ، تەنها مێژووی ڕووداو کارەساتەکان وەک حیکایەت سەیردەکەین و بەناوماندا بێئەرزش دێت و دەڕوات .
 نوسەر کۆلیژ تەواو دەکات و دوایی ماوەیەک لەکارکردن لە خەستەخانەکانی سلێمانیدا ڕوودەکاتە چیا چیرۆکی گەشتی چیایی زۆر سەرنج ڕاکێشە ، لە ڕۆژهەڵات  پیاوێک دەبینێت و دەبێتە ڕابەری  پاشان فێڵی لێدەکات و دەیباتە لای" حسک "  ئەم وەک پیشە  پزیشکێکە و مرۆڤێکە کە بۆ ڕزگارکردنی مرۆڤەکان خۆی تەرخان کردوە  ، بێ ئەوەی باوەڕی بە سیاسەتی حسک بێت لایان دەمێنێتەوە . جارێک دیدارێک دەکات لەگەڵ تاڵەبانی زۆر سەرنج ڕاکیش دەبێت ، تاڵەبانی لەبەر قسەکردن ڕێگەی پێنادات کە پێی بڵێت من بۆ لای حسک ماو مەتەوە . پاشان لە کۆنفرانسی کۆمەڵەدا کاتێک ڕەخنە لە تاڵەبانی دەگرێت کە تاکڕەوە ، تاڵەبانیش لەهەڵسەنگاندنی قسەکانیدا دەڵێت : تۆ حسک بوویت بۆیە داوادەکەیت کە شەڕ لەمابەینی حسک و یەکێتی نەمێنێت . مەلا بەختیار پێی دەڵێت : ئەو قومبەلەیە چی بوو تەقانتەوە . نوسەر چیرۆکی  کۆنفرانسی بەلشەوییەکانمان بۆ دەکاتە نموونە کە دوایی ستالین خرۆشۆف ڕەخنە دەگرێت لە کەسایەتی ستاسین ، یەکێک لەناو کۆبونەوەکەدا دەڵێت: " ئەوسا بۆ قسەتان نەکرد کە ستالین مابوو!؟ بەڵام کەسەکە خۆی دەرناخات کە کێییە ، خرۆشۆف لەوەڵامدا دەڵێت: ئێمە وەک ئێستای تۆو لەجێگەی تۆدا بووینو کە نەمان توانی خۆمان ئاشکرا بکەین . پرسیارێکی جوان دەکات و دەڵێت: هاوڕێیانی کۆمەڵە بەگژ محاڵدا چوون سەیرە لەئاستی تاڵەبانی و سەرکردایەتیدا هێندە خۆیان بەکگچکە دەزانی !؟ 
 ئەمە سیمای هەموو ڕێخراوێکە کە بەرەو هەرەس و تاکڕەوی و دیکتاتۆری هەنگاو دەنێت ، ئێستا ئەنجامەکەی دەبینین .  لەناو ئەم بیرەوەریانەدا دەکەویت بەسەر کۆمەڵێ چیرۆکدا کە شایستەی ئەوەیە بکرێتە فیلیم و لەسەر شاشەی سینەمادا نمایش بکرێت ، بۆ نمونە : ئێوارەیەک لە شاری مەریوان مەفرەزەیەک دەچین لەو پایگایانەدەدەن کە لەدەورو بەری شارەکە هەواریان هەڵدابوو وەک دومەڵێکی دزێو نەگلیس . بەرپرسی ئەودەستەیەی کۆمەڵە ناوی " عەبدوڵای نەودنیان " بوو نوسەر دەڵێت : یەکەمین جاربوو ئاوا لەنزیکەوە لەبەرەکانی شەڕدابم تاریکی باڵی بەسەر ووڵاتدا کێشابوو لەگەڕانەوەی پێشمەرگەکان کە لە شەڵاڵی ئارەق و خوێندا لاشەیەک بەسەر شانیانەوە بوو 

"لەبرینە هێشتا ساردنەبۆکانی عەبدوڵاوە هێشتا هاڵاوی لێبەرزدەبۆوە ، هاڵاوی ژیان هاڵاوی پاشماوەی ئاگری ڕۆحێکی یاخی و توڕە "

پاشان لاشەکە لەسەر شانیان بۆ شار دەبەنەوەو بەسرودی
من پێشمەرگەی کوردستانم 
ئامادەی جەرگەی مەیدانم 
من وەستام فرمێسک بەبێ ئەوەی بەخۆم بزانم چاوەکانمی تاریک کرد ، داخۆ گەلێک ئاوا ڕۆڵەقانی بکاتە قوربانی بۆچی ئازاد نەبێت ؟ ماوەیەک کتێبەکەم دانا و پاش چەند ڕۆژێک دەستم کردەوە بە خوێنەوەی ئەو چیرۆکانەی کە پڕێتی لە ڕووداوی سەیر و سەرنج ڕاکێش .
 جارێک تەرمێکی زیندوو دەبەن بۆ ڕۆژهەڵات و ئێران لەسەر پشتی هێسترێک بەناو بەفردا ، هێسترێکی زیادەش دەبەن گەر ئەوەی لاشەزیندۆکەی لەسەرە پەکی کەوت ، لاشە زیندۆکە  بخەنە سەر هێسترەکەی تر ، کەدەگەنە ئەوەی ترسیان نەمێنێت ، ناوچەوانی هێسترەکە ماچ دەکات و هێسترەکەی دوهەمین کە لەگەڵیاندا بووە و بۆ هەرئەگەرێک بردبویان لەگەڵ خۆیاندا  لەناو بەفرەکەدا بێبار بەجێیان دەهێڵێت و دەگەڕێتەوە .چیرۆکێکە زۆر سەرنج ڕاکێش بوولام بۆم دەرکەوت کە لەناو ئاژەڵەکانیشدا بێتوانای و ترس  بونی هەیە . 
هونەرێکی تریش کەلەم بیرەوەریانەدا ڕەچاو کراوە چیرۆکی قوربانییەکانن کە دوای چەندین ساڵ لە زامدار بوون یان زیندانی کردن خۆیان لەڕێگەی نامەوە چیرۆکەکانیان دەگێڕنەوە . کاوەی حەمەساڵح پێنجوێنی هونەرمەند و هاوڕیەکی تری برینارو خوشکەزا کەی کە لەڕێخراوی کۆمەڵەدا لەشار کاردەکات و دووجار دەگیرێت دواجار بە لێبوردن ئازاد دەکرێ و دەچێتە چیا . 
 گەڕان بەناو گوندەکانی شارەزورو شارباژێڕو پێنجون و سنوری دەربەندیخان و هەڵەبجە  و ڕووداوەکان  پڕێتی لە چیرۆکی تراژیدیایی وا کە بەڕاستی لەناخەوە وەک برا کەرکوکییەکانمان دەڵێن داغانت دەکات . نەشتەرگەری و تیمارکردنی بەبێ کەرەسەی پێویست و دەرمان هونەرێکی تری ڕزگارکردنی مرۆڤەکانە ، بۆ نمونە شەهید دلێر جاف و نەشتەرگەریە سەرسوڕهێنەرەکەی بۆی ئەنجام داوە .ئاخر زۆری ئەو کارەکتەرانەم لەنزیکەوە دیدارکردوە . کاتێک کچێکی پەپولەی کاک بەکری حاجی سەفەر کە خاڵی گولە لەدەستی دەردەچێت و ئەو پەپولەیە شەهید دەکات ئیتر ژیان دەبێتە تابلۆیەکی ڕەش و نائومێدی و قێزەون .
کاکە برا بەرزنجی لەپێناو پاککردنەوەی گوندەکان لە لوغم بەبێ شارەزایی و هیچ ئامێرێک گیانی دەکاتە قوربانی ، پاشان لەیەکێک لە شەڕەکان هاواردەکەن د. هەژار فریامان کەوە کاتێک دەچێت  بەداخەوە دوا هەناسەکانی دەدات مستەفای سەعید زۆراب .
کۆمەڵە مرۆڤەکانی لەناخەوە تێک دەداو دروستی دەکردنەوە تانیشتمان و خەڵکیان خۆش بوێت . باسی یەکێک لەگەنجە چەقاوە سوەکانمان بۆ دەکات کەلەگەڕەکەیان ، دوایش غەفورە جوجە کە کۆمەڵە خۆی ووتەنی کردوێتی بەمرۆڤێکی تر لەساڵی ١٩٨١دا شەهید دەبێت .
ئەم بیرەوەریانە پڕێتی لەناوی کەسایەتیو کارەکتەری بەرپرس پێشمەرگەی سادە و جوتیار ژن و شەهید ڕووداوی سەیر لە هەردوو بەشی باشورو ڕۆژهەڵاتدا . بیرهێنانەوەی کارەساتی هەکاری هێرش و شەڕی براکان کە هیچ فکرێک یان جیاوازیەکیان لەنێودا نەبووە کەشایستەی ئەو هەموو خوێنە ڕژاوە بێت و ئەو هەموو قوربانییە لەپێناویدا بدرێت ، بیرهێنانەوەی ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٨٢ و شەهید سنەوبەری مامۆستاو دایە ئامە و سادەی خەڵک و درۆزنی سەرکردە و فیڵباز و کوتلەو بەڵێنی فریودەرانە .
 لێرەدا دەکەویت بەسەر کۆمەڵێ زانیاریدا کە بۆمنی خوێنەرو دسپلینی سیاسی و چیرۆکی گوندی چۆڵکراو برسێتی و کڕینی چەک لەپیاوێک کە لای بەعسییەکان بە حوکمەتێک حسابی بۆ دەکرا"عەلی لفتە" کە دواجار لەناو بەفردا ڕەقدەبێتەوەو لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکدا ئەنفالی یەکدا . یەکەمین جارم بوو بزانم کە دکتۆری کوبی لە سلێمانی بوون ، نوسەر پێشنیار دەکات کەلەگەڵیان بچێت و بۆ هێنانی چونکە هەم دەیان ناسێ هەم جێگەو ڕێگەیان دەزانێت و بڕواشی وایە لەو ڕێگەیەوە دەنگیان دەگات بە ووڵاتە سۆسیالیستەکان . بەڵام ڕێگەی پێنادەن چونکە لایان وایە کە پیشەی ئەو جودایە . جارێکی تریش شەهید سەڵاحی مهەندیس مەفرەزەیەک دەکەن بۆ ناو شار بەهەمان شێوە ڕێگە نادات کە د. هەژار بەشداری ئەو چالاکیە بێت و لە گوندەکە جێی دەهێڵن لەگەڕانەوەیاندا کۆمەڵێک جەیشی شەعبی دەهێنن .لەناو ئەم ئەم بیرەوەرەییانەدا ناوی هەموو ئەو دکتۆرو برین پێچ و پێشمەرگەی تەندروستی تۆمارکراوە کە ڕوویان لەچیاکردووە .  لەم بیرەوەرەییانەدا چیرۆکی کۆڵبەر و گوندو بۆردمان و زیندان و دیل و ئازادکردن و نامە بۆ بەرپرسی بەعس و ئازادکردنی زیندانییەکان و وەڵامی بەعس بە تۆپباران  و دەیان چیرۆکی سەرنج ڕاکێش لەناو ئەو جوگرافیا تەسکەدا خۆیمان بۆ نمایش دەکات . پاشان زۆرسەرنج ڕاکێش بوو لام کە "نەوشیروان مستەفا " پێی دەڵێت د.هەژار ئێمە ئیشێکمان بۆ تۆ دۆزیوەتەوە دەیەوێت بیکەنە بەرپرس ، لەوەڵامدا نوسەر دەڵێت ، من بێئیش نیم ڕۆژانە چەندین زامدارو نەخۆش دەبینم بەردەوام خزمەتی خەڵک دەکەم ، نەدەپرسێ ئیشەکە چی یە، نە نەوشیروانیش پێی دەڵێ ئەوە کارەکەیە کەبۆمان دەستنیشان کردوویت .
 لێرەوەیە کە مرۆڤ بونی ئەم پیاوە لەلوتکەدا بووە ، بەڕاستی پیشەکەی وەک پزیشکێک جێبەجێ کردوە لەهەوڵی ڕزگارکردنی مرۆڤدا بووە.
دواجار باسی کەسایەتی تاڵەبانی و نەوشیروانمان بۆ دەکات . من هیچ ناڵێم هیوادارم خوێنەر خۆی ئەم کتێبە بخوێنێتەوە بەڵام تاڵەبانی چۆن بەپلان مرۆڤی لەرزۆک و بچوکی گەورەکردوە بۆ ئەوەی خۆی مەزن دەرکەوێت ، لەباسی د. فواد مەعسومدا من لەبەرگەڵگو ئەو پیاوە بینیبوو هەر لەوێش بەکەسێکی لەرزۆکم دەزانی چونکە ڕۆژێک کوڕێکی کرماشانی چریک لەبەرگەڵو پەلاماری دا بێچەک لەبەردەم زیندانی شۆڕشدا ، ئەو پیاوە قەبەیە ڕایکرد لەدەستی حیمایەکانی دوریان خستەوە ، پاشان هەموومان بینیمان کە لە٣١ئابدا چۆن کەوتبوە دەست پارتی و هیچیان لێنەکردبوو ، لەبیرەوەرییەکانیشیدا کە لە قاهیرە دەبێت بۆمان دەگێڕێتەوە کەچەنێک لەسەدام ترساوە ، ئەوەش نا کە ڕۆژنامە نوسێک لێی دەپرسێت لەبارەی زیندانەکانی بادینان و چارەنوسیان لەوەڵامدا دەڵێت :ئەمن عەلاقەم پێی نییە " نەوشیروان بۆ د. هەژار دەگێڕێتەوە کە لە تاران کە پارەی شۆڕش دەگۆڕێتەوە دۆلار بۆ تمەن قازانجەکەی بۆ خۆی هەڵدەگرێت . پرسیارەکە لێرەدایە ئەی چۆنە نەوشیروان مستەفا سەدان جار کۆبونەوەی مەکتەب سیاسی لەگەڵدا ئەنجام داوە...!؟ ئێمەش لە خوارەوە خۆمان بەکوشت دەدا نەمان دەزانی ماسێکە سەری بۆگەنی کردووە . باسی چەند کەسێکی فێڵبازو بوردەڵەدەکات لە دوای ڕاپەڕین کە تاڵەبانی پشگیری دەکات . لام سەیر نەبوو لەدوای راپەڕین کە سەرانی شۆڕش یەکەم جار دەرکەوتن لەماڵێ ئەنوەربەگی سەرۆک جاشدا دەرکەوتن .  پاشان  بڕوای بەوە نابێت کەئەم شۆڕشە سەرفرازی دەهێنێت ، دەیەوێت ڕوو لە دەرەوەی نیشتمان بکات ، جارێک لەگەڵ سالارو کەسێکی تر دەچین بۆلای" مەسعود بارزانی" ئیتر جوان لەڕێگەی سایکۆلۆژێوە کارەکتەری مەسعود بارزانیمان بۆ دەخوێنێتەوە . نازداری ئەم کتێبەلەوەدایە کە دەیان نمونەی مێژووی پزیشکی  سایکۆلۆژی تێکەڵ بەکەسایەتی و کارەکتەرەکانی کردوە و بونەتە لێکۆڵینەوەیەکی زانستیو بەچێژ نوسەر دەبات لەدەرکی دەیان باس دەدات و ناتوانی بەردەوام نەبیت لەخوێنەوە . 
لەهەمووی سەرنج ڕاکێشتر وێنەیەکە کە لەساڵی ١٩٨٠دا نوسەر وەک پزیشکێک لەشاری سەردەشت دەیگرێت و دایدەنێت بۆ پۆستەری شەهیدبوونەکەی . کەدەڵێت لەئەگەری شەهید بوندا ، لێرەدایە چەنێک ئامادەی قوربانی دان بووە لەپێناو نیشتماندا ؟ 
منیش هەموو ئاواتم ئەوەبوو خۆم گوێم لە ژیان نامای شەهید بووتم بێت ، هەرجارێکیش دەچومە ماڵی خوا لەبەردەم هەیوانەکەدا پیش ئەوەی پێڵاوەکانم داکەنم دەچووم پۆستەری شەهیدەکانم و ژیان نامە کورتەکانیانم دەخوێندەوە و دەستم دەهێنا بەسەر پۆستەرەکاندا تا خۆڵ و چڵکێکەی لێبکەمەوەو گەر لەدیوارەکە بەربووبێت بەتێپ قایمم دەکردەوە .
دنیایەک سوپاسگوزارم کە د. هەژار ئەم دیاریە جوانەی پیشکەش کردم و منی گەڕانەوە بۆ ساڵانێک کە خەریکی نوسینەوەی مێژوویەک بووین کە لەخوێن هەڵکێشرابوو. هەر بمێنی بەڕاستی  چێژم لەم هەموو چیرۆک و زانیاریانە وەرگرت، شادو ئازاد ژیان بکەیت . 

کرتە لەسەر بەرگی کتێبەکە بکە:

رەنجی فەرهادەکان

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە