کورد بۆ ژن دەکوژێت؟!

Wednesday, 23/02/2022, 18:59


ناپلیۆن وتەیەکی هەیە، دەڵێت: "لەبەر کەسە خراپەکان نا، لەبەر بێدەنگی کەسە باشەکان دونیا پڕ بووە لە ناپاکی"


یەکێک لەو دیاردانەی کە لە ماوەی ئەم ٣٠ساڵە  لە کۆمەڵگای کوردی و میدیاکانیشەوە زۆر باسی لێوە کراوەو بووە بە بابەتی رۆژ، کوشتنی ژنانە بە بیانووی شەرەف و نامووس لە لایەن پیاوانی نزیک و بنەماڵەوە، کەخۆیان هەڵگری هیچ شەرەفێک نین.
ژن کوشتن خەریکە دەبێتە نەریت و دیاردەیەکی ترسناك  ڕێکخراوە کان و دەزگای پۆلیس  و کۆمەڵگاو  مێدیا زۆرو زەبەندەکانیش خەریکی ژماردنی تەرمی قوربانیەکانن و ئەوانیش سەریان لێتێک چووە و ژمارەکانیان تێکەڵ و پێکەڵ کردوە.
ساڵانه‌ له‌ هه‌رێمە لاقەکراوەکەماندا  زیاتر له‌ ٥٠ ژن خۆیان ده‌کوژن، ١٧٠ ژنیش خۆیان ده‌سوتێنن، ئەمە جگە لە کوشتنی ژنان.کەکەسمان  نازانین چەندەو چۆن ڕۆحیان دەکێشرێت...!؟
پێشێلکردنی مافەکانی ژنان و توندوتیژی کردن بەرانبەریان بەھەموو جۆرەکانیەوە دیاردەیەکە، ئەویش دیاردەیەکی جیھانی و تەنھا لە کۆمەڵگایەک بۆ کۆمەڵگایەکی تر ئەگۆڕێت کە ئەویش پێوەندی بە جۆری کولتووری ئەو کۆمەڵگایە ھەیە، بەڵام بە گشتی ئایینی ئیسلامی سیاسیە، یان کەلتوری خێڵ خاڵی ھاوبەشی نێوانیانە.
ژنان لەم کۆمەڵگایانەدا بێ مافترینن و هەمیشە هەوڵ دراوە کە بێدەنگ وکپیان  بکەن.ئەگەر ژنێکیش هەوڵی بۆ ڕزگاربوون دابێت، ئاکامەکەی کوشتن بووە، یان سوتاندنی، یان جۆرێکی تر لەبە کۆیلەکردنی .
 یەکێک لەو کۆمەڵگەیانە کە کولتووری ژن کوشتن تێیدا  بووە بەدیاردە، کومەڵگای کوردستانە.
 کلتووری پیاو لە دەسەڵات و بنەماڵەو ناوەندە پەروەردەییەکان و هەروەها گرنگترین خاڵ کە ئایینە، هۆکاری کوشتنی ژنانن.
 چۆن ئاین...!؟
 لەم ٣٠ساڵەی حوکمڕانی کوردیدا، شارێکی وەک سلێمانی بکەینە نموونە  لەڕۆژانی هەینیدا لە ٧٠ مزگەوتەوە  ووتاردەدرێت، لەکاتێکدا  لەساڵانی پێش حوکمی کوردیدا، لەچەند مزگەوتێک  ووتاردەدرا ، زیاتر خەڵکی ئایندار ڕوویان لەهەردوو مزگەوتی گەورە ، یان خانەقای مەولانە دەکرد.
 باوانمان کە لەمزگەوت دەهاتنەوە، هەربەڕاستی نوریان لێدەباری و ڕووە خۆشەکەیان پڕبوو لەژیان، ئێستا کە باوان دەگەڕێنەوە  دەڵێ لە مۆڵەتی  جەنگەوە گەڕاونەتەوە، ، پڕن لەقین و  ترس و دوندڕی.
 بەڵام ئێستا ڕاستە شارەکە گەورە بووە  لەدوایی ئەنفال و نەمانی گوندەکان.ووتارەکانی  مەلادینێکان هەمووی  لە دەووری یەک مەسەلەی کۆمەڵایەتی دەسوڕێتەوە  کە دیلکردنی ژنانە و سوکایەتیکردنە بە ئافرەتانی نیشتمان و هاندانی  نێرینەی خێزانەکانە بۆ زیندانی کردنی ژنان و کچان و بەزۆر بەشودان و بەزۆر باڵاپۆشکردنیان و دەرهێنانیان لە قوتابخانەو  دەیان ڕێگەو یاسای شەریعەتی کە  خۆی لەخۆیدا توندو تیژی بەرجەستە دەکات.
 دەتوانین سەدان نمونەی ئەو ووتارە  قێزەونانە بێنینەوە کە مەلاکان لەمینبەردا  ڕووبەڕووی  کچان و ژنانی نیشتمانیان کردووە. 
 لێرەوەیە کە ژنێک کە خاوەنی جەستەی خۆی نەبێت و نەتوانێت بریاردەربێت بۆ ژیانی خۆی  و هەروەها ژن کە خاوەنی  فکری  ئازاد نەبێت و  هزری قەتیس بکرێتەوە لە مشتی پیاودا، ئەوا کوشتن و سوتان  هەرهەمان سێبەری زاڵ و هەمیشەیی دەبێت لە سەریان.
 هەموومان دەزانین  و بیستومانە کە ئازادی کۆمەڵگا بەستراوەتەوە بە ئازادی ژنەوە.
 لێرەدا لە نێوان ٣ وشەی ئازادی و کۆمەڵگا و ژن دەبینین کە چەندین ووشەی پڕ مەترسی و بڤەن وەک کولتوور، دین و دیسیپلینە توندە کۆمەڵایەتیەکان خۆی حەشار داوە لەنێوان   ئازادی و ژن و کۆمەڵگای پیاو سالاریدا .
  من  بێیاگا نیم  لەوەی کە زۆربەی ووڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە سێبەری ئیسلامی سیاسی بەسەریەوەیە، دەست و پەنجە نەرمدەکات لەگەڵ ئەم مەسەلەیەدا کە ژن کوژیە...دەبینین ئازادی کە چەمکێکی گرنگە، تێیدا سنوردار کراوە و ئەمەش زیاتر سەرنج ئەخاتە سەر ژن و وای لێ ئەکات لە کونجی ماڵدا بمێنێتەوە.
 جگە لە ووتارە ئاگراوێکانی مەلاکان، دیاردەیەکی ترهەیە کە زۆر  ترسناکترە، ئەویش دراما نەفرەتێکانە  بەتایبەتی  درامای تورکی و عەرەبی ، کە بوونەتە  قوتابخانەیەکی فەسادی کۆمەڵگای ئێمە.
لێرەدا مەسەلەیەکی گرنگ هەیە کە لە کۆمەڵگای کوردی و زۆربەی کۆمەڵگا ئیسلامیەکاندا بەزەقی دیاره، ئەویش "شەرەفە "   یان کوشتن لەپێناو شەرەفدا.کە هۆکاری سەرەکی کوشتنی ژنانن..
كوشتنی ژنان لە ژێر ناوی پاراستنی شەرەفدا، وەک دیارترین و زەقترین حاڵەتی توندوتیژیەکانه کە بەرانبەر بە ژنان دەکرێت.
 پاشان  چاو لێکردنی ژن وەک موڵک و بەکەم سەیر کردنی و ئیزن پێنەدانی لە هەر بڕیارێکدا کە تەنانەت چارەنووسی خۆشی تێیدا لە گۆڕدا بێت، لە کۆمەڵگای کوردی و لە مێشکی زۆربەی پیاوانی کورددا  موڵکایەتی  ژن  هەیە ، کەئەمە ترسناکترین دیاردەیە.جیاوازی هەیە لە نێوان خۆشەویستیو  موڵکایەتیدا.
ئەم کلتوووری موڵکایەتیە  ئەوەندە قووڵ و قێزەونە  کە ڕزگاربوون لێی  ئاسان نییە ، ئێمە ئەبینین  ڕۆژانە لە ووڵاتێکی ئۆرووپی و خاوەن دیموکراسی و ووڵاتی مافەکانی مرۆڤ، دەبیستین کە ژنێکی ئیسلام  یان کورد  بەدەستی باوکێک مێردێک   کوژرا یان سوتا، یان بەرچەقۆدرا لەکەوانەیەکدا  لەسەر" شەرەف". 
جێی ئاماژەیە تەنها لەماوەی ئەمساڵدا چەندین حاڵەتی ژن كوشتن لە شارەكانی کوردستان بەدەستی خۆشەویستەکانیان، باوک و براو هاوسەرەکانیان ڕوویدا.
 ئەرێ باوکێک چۆن دەتوانێت کچەکەی بکوژێت !؟
 لێرەدا بۆمان دەرەکەوێت کە چەندە  بیری پیاوسالاری   شەرەف  کە لای نێرینەکان  لەبەینی ڕانی کچ یان ژنەکەدا  خۆی مەڵاسداوە  چەنێک  قیزەون و ترسناکە ؟ 
 لێرەوەیە کە هەستی باوکایەتی و برایەتی و خۆشەویستی دەباته ژێر پرسیارەوە.
کوشتنی ژنان، بەردباران کردن و سەربڕین و  لێدان و سووکایەتی کردن بە ژنان تاوانێكی یەکجار گەورەیە و لە ژێر هەر ناوێکیشدا و بە هەر هۆکارێکیش بێت  قێزەوەترین کارە کە مرۆڤ پیی هەستێت.مەسەلەی ژنان  یەكێك لەو مەسەلە گرنگانەیە کە بووەتە جێی باسی هەموو کۆمەڵگا جیهانیەکان و پرسێکی سەرەکی هەموو ڕاگەیاندنەکانە، کە لەوولاتێکی وەک سوئید  کە باسی کوشتن لەسەر  شەرەف دەکرێت...دەیان نمونەی قێزەونی  مرۆڤی کورد  سەرئاو دەکەوێت.هەر لەفاتیمە شاهێنداڵەوە تا بێلا  هتد...
ئەمانە و سەدان ئامار و هەواڵ و ڕوداوی دیکە پێمان دەڵێت: کە کۆمەڵگای کوردی  ترسناکەو سێبەری ئەو  تارماییە  ترسناکە  باڵی  کێشاوە بەسەر ژن وکەسایەتی ژندا لە هەر کویەکدا ژیان بکات.
  سەمەرە لەوەدایە ژن کوشتن بۆتە  بەشێکی دانەبڕاو لەهەواڵ و رووداوەکانی رۆژانەى هەرێمەلاقەکراوەکەماندا جگە لەمەینەتێکانی تر، بەجۆرێک لای خەڵکی ئاسایی بووە و ئاسایی  سەیری دەکەن، هێندەی هەواڵێکی دواکەوتنی موچە یان  هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یاخود  دواکەوتنی  پەخشی درامایەکی فاسیدی تورکی  هاوڵاتیان راناچڵەکێنێت.
 کورد لەم ٣٠ساڵەی حوکمڕانیەدا  بۆتە گەلێک کە پیاوبوون و شەهامەتیان بەژن کوشتن بسەلمێنن، لەکاتێکدا زۆری شیعرەکانی کورد  بۆ ژنانە و ژنیان لاپیرۆزە، بەڵام  کە دێتە سەر شەرەف  کە خۆشیان نازانن چیە ؟  ئیتر شعرو پیرۆزی و هەموو شتەکانی تر دەبێتە  ناشرینترین کاڵا.
  دەبێت چی والە کوڕێکی کوردی گەنج بکات لەووڵاتی سوئید  لەبەردەم قوتابخانەیەک دایکی بەرباتە بەر چەقۆ تا ڕۆحی دەکێشێت ؟ لەکاتێکدا  تاگور ووتی :" گەورەترین موعجیزەی خودا دایکە ". ئەی چی بەو مێردە گەنجە بڵێین کە  لەووڵاتی  ئەڵمانیا ژنەکەی کە لێی جیاببۆوە لەبەر دەم خەڵکدا  بەر چەقۆ بات و دوایش  دەست بکات بەئاگرکردنەوە لەسەر لاشەکەی !؟ 
بەڕاستی کامە شەرەفە  ئەم کار ئەکتەرە ترسناکانە دروستدەکات ؟ سەدان نمونە هەیە...کەمرۆڤ شەرم لەگێڕانەوەی چیرۆکەکەی دەکات.
ژنكوشتن دیارده‌یه‌كى ترسناك، تاوانێك نامۆ به‌یاساجیهانى و ئاسمانیه‌كانە، دیارترین هۆكارى پشتى ئه‌م تاوانكارییه‌ كورتكردنه‌وه‌ى ژنه‌ بۆ جه‌سته‌و ناموس و خێزان و موڵکایەتی.
ئه‌وه‌ى تاوانكارییه‌كه‌ ده‌كات، خاوه‌ندارێتى له‌ژن وه‌ره‌گرێته‌وه‌و دەیدات به‌خۆى، ئەوەی لای من زۆر نامۆیە ، چۆن خەڵک  بەرخورد لەگەڵ ئەم مرۆڤە ترسنۆک و دڕندەیە دا دەکەن ؟  ئەی ژن کوژەکان  چۆن لەخەڵک دەڕوانن ؟ 
 بەبڕوایی  من تراژیدیای ژنكوشتن په‌یوه‌سته‌ به‌وه‌ى كه‌ تائێستا هۆشیارى كۆمه‌ڵایه‌تى ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى خێڵ و عەشرەتدا  مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ژندا  ده‌كات. لە بری ئەوەی وه‌ك هاوبه‌شێكى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ئه‌رك مافدا بیبینێت، پێچەوانەکەی دەبینێت.گەرمرۆڤێکی بەدیش لەسەر ژن کوشتن بگیرێت، پاش ماوەیەک بەیاسایەکی خێڵ ئازاد دەکرێت.
 من چیرۆکی" بێلام "بەسوئیدی خوێندەوە  کە باپیرە قارەمانەکەی چۆن لەکیشۆری ئۆستورالیا گەڕابۆوە بۆشاری دهۆک  تا بەشداربێت لە ڕۆحکێشانی بیلادا،  وەک سارمۆنیەک و شەرەفی  لەکەداری بسڕێت، بەوکارە قێزەونە . لەکاتێکدا ئەو گەشتە  مرۆڤ بۆ ئازادی گەورە ئەنجامی دەدات نەک بۆ کارێکی وا قێزەون و دزێو، کە نەتەوەیەک بخەیتەژێر پرسیارەوە .
 تاگور دەیووت :" مرۆڤ بوون پلەیەکە زۆرکەس پێیناگات" نیشتمانی تاگوریش   یەکێکە لەو ووڵاتانەی کە ژنکوشتن  لەلوتکەدایە  تێیدا.
 قێزەوترین دیاردە ئەوەیە کە ژنێک دەکوژرێت کەسوکاری ژنەکە پەردەپۆشی دەکەن بە ناوی شەرەفەوە و کوشتنی کەسەکە، ییردەچێتەوە  یان دەیانەوێت لەبیر خۆیانی بەرنەوە.بەڵام  نێرینەیەک دەکوژرێت  تۆڕەکۆمەڵایەتێکان پڕ دەکەن لەوێنەکەی، کاتی ئەوەهاتوە کە ژنان و کچانی نیشتمانەکەم سەیری گەریلاو شەڕڤانەکانی ڕۆژئاڤا بکەن ، ئەوان بکەنە نموونەی ژیانیان، نەگ کارەکتەری دراما فاسیدەکانی تورک و مۆدێلە  بەتاڵەکانی  هەرێم.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە