چیرۆکەکانی شار(ئەنفال عەرەبیشی شێت کرد)

Tuesday, 01/06/2021, 1:28


من ناوم بیلالە بیرمە  مانگی ئابی ساڵی ١٩٨٨ شەوێکی گەرمی شاری بەغداد بوو لەسەربانی ئوتێلێک بووم لەشەقامی ڕەشید ،خاوەن ئوتێلەکە کورد بوو خەڵکی شاری هەولێربوو پیاوێکی بێوەی بوو ، عەرەبیەکی باش قسەی -    دەکرد ، تەنانەت بەکوردیش پرسیارت بکردایە، بەعەرەبی وەڵامت وەردەگرتەوە ، لەئۆفیسەکەیدا وێنەیەکی سەدامی گەورەی لەچوار چێوەیەک گرتبوو  بەدیوارەکەوە  هەڵیواسیبوو ،  من  چەرپایەکم  وەرگرتبوو تا چەند دەمژمێرێک بخەوم . هێندەمان زانی لەهەموو گەڕەکەکانی بەغدادەوە  تەقە دەستی پێکرد ، کەدەڵێم تەقە  ، باران چۆن دەبارێت ، ئاوا گولە و ئاربیجی و هاوەن و تەڵقە تەنورە ڕووی لە ئاسمانی بەغدادکرد .
   هەرهەموو ئەو میوانانەی لەسەربان بووین بە پێپلیکانەکەدا چوینەخوارەوە  بۆئۆفیزەکە  شڵەژابووین  ، تەقە وەک برێشکە دەتەقیو کەسمان نەمان دەزانی  چی ڕوویداوە ...! چی بووە ..! من لەدڵی خۆمدا  ووتم: هەبێ و نەبێت... کودەتای سەربازییە و سبەینێ شەقامەکان پڕدەبێت لە سەرباز و سوپا .
  من خۆم شاهیدی چەند کودەتابووم .... 
 هەرچی میوانی ناو ئوتێلەکەبوو ، بەنەخۆش و پیرو منداڵەوە لەهۆڵی ئوتێلەکەدا کۆببونەوە ، خاوەن ئوتێل پیاوێکی دنیا دیدەبوو تەلەفیزۆنەکەی داگیرساند ، هەواڵێکی بەپەلە پەخشکرا کە شەڕی ئێران و عێراق ڕاگیراوە ... لەکەناڵەکەوە دەیووت : قادسیەی سەدام ، بەسەرکەوتنی  عێراق کۆتایی هات ، ئیمامی ئۆمەتیش کە خومەینی بوو ، بڕیاری دابوو پەرداخە ژەهرەکە بخواتەوە و ڕازی بێت کە شەڕەکە ڕاگیرێت .
لە پێناسەکەمدا وا نوسراوە کە ساڵی ١٩٥٧ هاتومەتە دنیاوە، یان لەدایک بووم ، لەعێراقدا بەبۆنەی شەڕەوە نەوەی ئەو ساڵە واتە ساڵی ١٩٥٧ وە ئەنتیک ماوەتەوە، منیش یەکێکم لەوانەی کە ماومەتەوە ، ڕاستی بڵێم کورد زۆری  کەئەو تەمەنەی هەبوو یان لەدایک بووی ئەوساڵەبوو مابۆوە ... بەڵام عەرەب  زۆری بووە سوتەمەتی شەڕەکە ، ئێمەباسی لەدایکبوانی ساڵی ١٩٥٧ دەکەین.
کەشەڕە کە وەستا من لەسەزبازی مەرەخەس بووم ، بەهیوابووم ئیتر بانگ نەکرێمەوە بۆ سەربازی .
 ئیتر بەنیاز بووم هەر لەبەغداد بمێنمەوە  ژوورێکم لەئوتێلەکە گرت ، ژوورێک هێندە باریک بوو کە باڵەکانم بکردایەتەوە بەر هەردوو دیوارەکان دەکەوت ، پەنجەرەیەکی بچکۆلەش بەبنمیچی  ژوورەکەوە بوو، من دەمووت :ڕەنگە ئەم جێگەیە یان بۆ زیندان دروستکرابێت ، یان ئەم ژوورە  بۆتوالێت جێهێڵرابێت ...!
 ڕۆژانە من ئیشی تاکسیم دەکرد لەناو شاری بەغددا، ڕۆژانی هەینیش پشووبوو ئەوسا یان دەگەڕام یان سەردانی سلێمانیم دەکرد ، بەتایبەتی کە خەڵکم دەستبکەوتایە بگەڕانایەتەوە بۆ سلێمانی ... نەخۆشخانەکان لەو کاتانەدا زیاتر لەبەغدادبوو  بۆیە کەم ڕۆژی هەینی هەبوو کە لەگەڵ خۆمدا  خەڵکی  نەبردبێتەوە بۆ سلێمانی  .
 کەشەڕی ئێران و عێراق ڕاگیرا یان وەستا ، سەدام دەستی ئاواڵابوو گوندو ناحیەکانی هەموو لەگەڵ زەوی تەختکرد و خەڵکەکەی ئەنفال کرد ، بیرمە جارێک لەسلێمانی بووم ، چەند ژنێکم دی  کە ئاوارەی شارببوون دەرگا دەرگا دەگەڕان، داوای ژوورێکیان دەکرد بۆکرێ .. چ کارەساتێک بوو، شار بۆنی خوێنی لێدەهات  ....!
 بەغداد شارێک پڕ لەڕووداووی سەیرو سەمەرە  .. ئەم بیست  لەکوشتارگایەک خەڵکیان گولەبارانکردوە  .. خەڵکی منداڵ و گەورە وحاجی و پیاوی دیندارو مامۆستاو جەلادو بۆیاخچی و تەنانەت شاعیرونوسەر دەچوون بۆسەیری ئەو کوشتارگایە وەک چۆن دەچن بۆ سەیری فیلمی سینەماکان...نیگارکێشێک هەبوو لەبەری ڕەسافە  ئەوپیاوە سەرڕووتاوەیە ڕۆژ تائێوارە  وێنەی سەدامی دروست دەکرد، گەورە، بچوک بەجلی سەربازێوە، بەچاکەت و پانتۆڵەوە .. من باوەڕم وابوو هێندە وێنەی ئەو سەدامەی کێشابوو ،  گەرچاویشیان ببەستایە دەیتوانی وێنەی سەدام بکێشێت .... ئەم پیاوە ڕێک گرەوی لەسەر ئەسپی تۆپیوکردبوو.
ڕۆژێک بیستم کە ئەنفالکراوەکانیان بەنیوەڕۆیەکی گەرم لەناوزیلەکاندا بردووە ، خەڵکی تەماتەو هێلکەو پیاسایان تێگرتوون و جوێنیان پێداوون و  پێیان ووتوون ئێوە بەکرێگیراوی ئێرانن .. من ئەو دیمەنە تراژیدیایەم بەچاویخۆم نەدی، بەڵام چەندڕۆژێک  هەرباسی  چیرۆکی ئەنفالەکان و کاروانی زیلەکانی تژی لە ئەنفالکراوەکان لەناوخەڵکدا دەگێڕایەوە  ...
 من کەمتر گوێم بەهەواڵ دەداو زۆرجاران ئارەزووم  دەکرد هەر کەڕ بوومایە ... ئێوارەیەک ژانە سەرێکی سەیرم تووش ببوو ، لەدەرمانخانەیەک حەبم کڕی و چومەوە بۆ ئوتێلەکە ، کلیلی ژوورەکەم خۆم بەیانیان بە دۆڵابەکەدا هەڵم دەواسی و کەدەگەڕامەوە هەرخۆم دەمبردوو ژوورەکەم پێدەکردەوە ...  ڕۆژێک بە خاوەن ئوتێلەکەم ووت : من بۆ کلیلەکە جێبهێڵم ؟
 خاوەن ئوتێلەکە ووتی: نابێت جێی نەهێڵی ... 
 ووتم باشە بۆ نابێ کلیلەکە بەرم لەگەڵ خۆم.... ؟
 لەوەڵامدا ووتی:  ڕەنگە بێن بۆ پشکنین ... وریابە هیچی خراپ لەژوورەکەت جێنەهێڵیت ....
ئەو ئێوارەیە کە گەڕامەوە لەدۆڵابی کلیلەکانم ڕوانی، کلیلی ژوورەکەی من  هەڵنەواسرابوو... ختورەیەکم کرد و لەخۆم پرسی  شتێک ڕوویداوە هەبێ و نەبێ ...!؟
 چەند چرکەیەک چاوەڕێم کرد .. یەک دوو میوان سەرگەرمی چاخواردنەوەبوون ، بەکوردی گفتوگۆیان دەکرد و سەیری منیشیان دەکرد ... خاوەن ئوتێل خەریکی ڕێخستنی بلوس و پانتۆڵەکەی بوو هات بەرەوڕووم  و بەخەندە دەسکردەکەیەوە  ئەمجارە بەکوردی  ووتی : ئەمڕۆ زووگەڕاویتەوە لەکارەکەت ... منیش چاوەڕێم دەکردی .
ووتم : شتێکی خراپ ڕوویداوە ؟
 بەپێکەنینەوە  بەعەرەبی ووتی :  ناهیچ نەبووە، بەڵام  کارێکم بۆ دۆزیویتەوە هەموو سبەینێ تۆو ئۆتۆمۆبیلەکەت بەکرێ دەگرن لەگەڵ ئەو پیاوەدا دەڕۆیت بۆ دەرەوەی شار.... خۆ کارێکی تایبەتت  نییە  سبەینێ ؟ 
من ڕاهاتبووم  گەر کەسمان وەک ئێستا لاوە نەبوایە هەر بەکوردی وەڵامم دەدایەوە ، هەرواشم کرد ووتم :نا کارم تایبەتم نییە بەڵام دەزانی بۆ کوێ دەڕوات.... ؟ 
 زۆرجار کاری  پێسپاردووم خێزانە کوردەکانم دەبرد بۆ زیندانی "ئەبوغرێب" یان  خەستەخانەو نۆژەنگەی پزیشکەکان   ، بەڵام ئەم جارە بۆ دەرەوەی شارە نازانێت بۆ چجێگایەکە  ....!
 دووپیاوەکەی پێکەوە دانیشتبوون  یەکێکیان کە ورگێکی زلو سەرو سمێڵێکی بۆیاخکراوی قەترانی هەبوو، تەنانەت برۆکانیشی  لە بۆیاخ نابوو... ڕاستان دەوێت لەو پیاوانە دەچوو کە لە"بۆردێلەکان"ی بەغداد کاریان ئەکرد ... چونکە هەموو ئەوانەی لەبۆردێلەکاندا کاردەکەن ، ئاوا سەرو سیمایان لە بۆیاخ دەنێن .. ئەمەش دوو هۆکاری هەیە ... یەکەم بۆئەوەی بناسرێنەوە ، دووهەمین بۆئەوەی گەنج دەربکەون و دڵتەڕی خۆیان نمایشکەن .
  پیاوەکەش دیاربوو چاوەڕێی منی دەکرد ،هەستاو بەرەو ڕوومان هات ، لەدڵی خۆمدا ووتم: سەیرە بۆ کوردیش هەیە لەبۆردێلەکاندا کار بکات...!؟
 خاوەن ئوتێلەکە ووتی ئەمە کاک "مشیرئاغا " یە دەیەوێت هەموو سبەینێ لەگەڵیدا بیت .. سڵاوی کردوو دوایش  لەگەڵ لەسەر  کرێکە ڕێکەوتین  .
 ووتم: سبەی دەمژمێر شەش دەتبینم ...ئیتر جێم هێشتن و ژانە سەرەکەم زۆر زیاتر بوو  ، زۆرجار وام لێهاتبوو تاکە چارەسەر خەوتن بوو، دوای ئەوەی حەبەکەم خوارد خەوتم و هیچ بیرم لای کاک مشیرئاغا نەماو خۆم بە قەدەری خەو سپارد ....
 بەیانی  کە خەبەرم بووە هێشتا نیو کاتژمێری مابوو بۆ کاتەکەمان  و بەکاوەخۆ ڕۆشم تا بەرجایی بکەم و چاوەڕوانی کاک مشیرئاغا  بکەم  و بڵێم  فەرموو ئەمڕۆ پێکەوە دەبەینەسەر و کوێت دەوێت  بەئۆتۆمبێلکەم بتگەیەنم ...
 گەرچی من جێگەکەم نەدەزانی وەک عەرەب دەڵێ : "توکل عەلەڵا" کەوتینە ڕێگە و لە پایتەخت دەرچووین بەناو دارخورما ڕەزاقورسەکاندا دوای دووکاتژمێرو  سی دەقیقە گەیشتینە گوندێکی عەرەبان .. لەڕێگە  مشیرئاغا پێی ووتم بەنیازە دووشۆفڵ و گرێدەیەک بکڕێ و بیباتەوە بۆ هۆردوگاکەی کە هاواریان لێهەڵداوە... باسی ئەوەشی بۆکردم کە ئەم شۆفڵ و گرێدانە زۆر گرنگە  بیان پارێزین و لەڕۆژێکدا ئەمانە وەک کەرەسەی بەکارهاتووی تاوان و ئەنفال دەبنە  بەڵگەی حاشاهەڵنەگرتوو...
 لەڕێگە مشیرئاغا پێی ووتم: کە براکەی سەرۆکی فەوجێکە ... مشیریش ئیشی ئابوری و ئیداری فەوجی براکەی بەڕێوەدەبات و هەر لەو ڕێگەیەشەوە  بازرگانی دەکات ... کە زانیم  مشیرئاغا  ئەم مەعدەنەیە  پێم ووت : من لەتەمەنمدا سیاسەتم نەکردوەو بەنیازیش نیم بیکەم،  کەسێکم بۆیە ناچمەوە شارەکەی خۆم چونکە حەزم لەوەیە هێمنانە ژیان بکەم و تێکەڵی هیچ گیروگرفتێک نەبم ... مشیرئاغا  هەر قسەی دەکردو منیش هەر  بە بەڵێ و نەخێر  وەڵامم دەدایەوە .. 
کەگەشتینە گوندەکە  چەند گامێشێکی مالوانمان دی تەنها سەریان دیاربوو لەناو گۆماوێکدا، مێش و مەگەز لێیان ئاڵابوو ،چەند پیرێژنێک کە سەرتاپایان ڕەش بوو دەموچاو دەست و قۆڵیان بەخاڵ کوترابوو ، دەهاتن و دەڕۆشتن و پێدەچوو سەرگەرمی کارکردنبن ،  زیاتر لە ٢٠ یان ٢٥ منداڵی تەمەن جیاواز  کە دزداشە و کراسی دڕاوچڵکنیان لەبەردابوو دەوریان داین و وەک شتێکی سەرسوڕهێنەر تەماسایان دەکردین  .
 مشیرئاغا  بەمنداڵە ووتی :ماڵی ئەبوو حەنەفی کامەیە ؟ 
 ئیتر پێشمان کەوتن  بۆ ماڵی ناوبراو  چەند سەگێک لمۆزیان لەسەر دەستیان دانابوو ڕیپۆق چاوەکانی پێداخستبوون و هیلاک لێی کەووتبوون ، ماڵەکە دەرگای نەبوو  بەڵام یەک دوو ژنمان بینی  کە خەریکی خۆراک دروستکردبوون لەحەوشەکەدا ئاگریان کردبۆوە ... چەند بەرمیلی  قوپاو گاسنی تراکتۆر و عەرەبانەیەک و ئۆتۆمبیلێکی سەرداپۆشراویش لەحەوشەکەدا بوو ، چەند دارخومایەک و یەک دوو شۆڕەبیش کە مێشولە کەڵاکانی هەلاهەلاکردبوو لەحەوشی ماڵەکەدابوو .. دارو قامیش و گوریس و بزنی گوێدرێژی عەرەبیش  لەو ناوەبوو پێمان دەنا بەپشقلەکاندا کە لەعەوشەکە دا بڵاو ببووە .. مریشک و جوجەڵەش ڕاکەڕاکیان بوو، ماڵێکی شپرزەبوو دیاربوو.
 ئەبوو حەنەفی  بەخۆی و دزداشەیەکی ئاودامان سپی و عەگالێکەوە هات بەرەو پیرمان  و فەرمووی لێکردین  بەگەرمی دەستی گوشین ، دیاربوو چاوەڕێمان بوو ...  ئەبو حەنەفی ماندوو دیاربوو.. بەخێرایی  منداڵەکانی دەرکردوو بەخێرهاتنی ئێمەی کرد بەرەو هەیوانەکە پێشمان کەوت .
لەدەستی ڕاستەوە نەڕەیەک هات ...خودایە چیمان دی ؟
 کوڕێکی سەرو ڕیشهاتوو قاچی چەپی بەزنجیرێکەوە  بەسرابۆوە  سەرەکەی تری زنجیرەکە  بەبنی یەکێک لەدارخورما باڵابەرزەکەوە کە سەری لەئاسمان بوو گرێدرابوو ... کەئێمەی دی هات بەرەو ڕوومان لیک و چڵم و فرمێسک تێکەڵی یەک  ببوون ، چاوەکانی بەڕیپۆق گیرابوو ئاوسابوون ، دانەکانی زەدهەڵگەڕابوو  ئەی نەڕاند ... باوکەکەی لێی توڕەبوو  .. دوای تۆزێک  کوڕە کە دەستی کردە پێکەنین و دانیشت و لەئێمەی دەڕوانی   .. پاش کەمێک  هاواری کرد" منداڵە زیندووە دایمەپۆشە .. دایمەپۆشە" ... دوایش  دەستی کردە گریان. 
  ئەبو حەنەفی  ووتی: حەمودی کوڕم شێت بوو ...کاتێک گۆڕیان پێهەڵکەند بۆ کوردە ئەنفالکراوەکان ، ئەو بەزۆر ئەوکارەیان پێکرد ... ئەو ڕۆژەی هاتن  شۆفڵ و گرێدەکەیان بەزۆرەمڵی لێسەندین .. حەمودی بەمۆڵەت لە  سەربازی گەڕابۆوە ... کە پرسیاریان لێکردبوو دەزانی شۆفڵ لێبخوڕی  ؟ 
بەڵێ ئێمە لەمنداڵێوە  ئەوکارە دەکەین ، خانەوادەکەمان هەموومان  دەزانین شۆفڵ و گرێدە بەکار بێنین... بێئاگا لەوەی بۆ کوێی دەبەن ، بۆ نەگبەتی منیش ئەوڕۆژە لەگەڵ ژنە  نەخۆشەکەمدا  دایکی حەمودی  کە بەر لە مانگێک مرد لەلای دکتۆربووین لەشاری بەغداد  ، دایکی حەموودی  بێدەنگ مرد سوێی بۆوە مرد ، چەند جارێک  دووبارەی کردەوە مرد... . 
ئیتر هەردوو شۆفڵ و گرێدەکەیان بردبوو لەگەڵ کوڕەکەمدا ... لەگوندەکەی ئێمە چوار گەڵابەو دووپاسی کۆستەریشیان بە زۆرەملێ بردبوو بۆ گواستنەوەی کوردەکان .
 ئەبوو حەنەفی دوو دڵۆپ فرمێسک بەچاوی چەپیدا هاڕەی کرد و بەدەستە زلەکانی فرمێسکەکانی سڕیو ووتێ "زۆر ووتن قورئان خۆشە"  بەهەرچەنێک  پێتان خۆشە  دەتوانن شۆفڵ و گرێدەکان بەرن ، بەس لەکۆڵمانی کەنەوە ...  
 من ئیتر لەوە زیاتر خۆم نەگرت  و ڕۆشمە دەرەوە، مشیر ئاغام جێهێشت ،ئەوکاتەی سەیرم کرد بسکەی سمێڵە بۆیاخکراوەکەی دەهات  زۆر توورەبووم .... خەریک بوودەخنکام  لەدەرەوە  دیسان حەموودیم دی  لەتە دارێکی بەدەستەبوو پێدەکەنی ودارەکەی دەکرمان ... ژنێێک چوو دارەکەی لەدەستی وەرگرت  ، ژنە ئاودامان ڕەشەکە ،  کەدارەکەی لێسەند... حەموودی نەعرەتەیەکی کرد،  بەڵام چونکە قاچی بەزنجیرەکە بەسرابۆوە  کەوتە سەرزەویەکە ....
کەژنەکە بەلامدا تێپەڕی ووتم :خانمەکە  ببورە .. بۆچی ئەم داماوەتان بەستۆتەوە... !؟
 نابین چۆن قاچو قولی خوێنی لێدێت ، ئازاری هەیە کەمێك ویژدانتابێت .
 لەبەر خۆیەوە ووتی : ویژدان .. کیلۆی بەچەندە؟
 ئیتر لەوە زیاتر توانای سەیرکردنی ئەو دیمەنەم نەما ، بێدەنگ چووم لەناو ئۆتۆمۆبێلەکەم دانیشتم ... ماوەیەک  دوای چاوەڕوانی کە زیاتر لە دەمژمێرێکی کێشا ،مشیر ئاغا و باوکی حەموودی هاتن ، من فرمێسک ئەوکی گرتبووم وەک ڕێزێک دابەزیم .. مشیر ئاغا دەیووت: نانیان دروست کردوە با بمێنینەوە لەگەڵیان .... من پێداگریم کرد کە کارێکم هەیە و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ بەغداد ...
 لەڕێگە مشیر ئاغا هەر قسەی دەکرد و دەیووت بازرگانی کردن هونەرە  ، من هەربەبەلاش  دوو شۆفڵ و گرێدەیەکم کڕی ، سبەینێ دەچم هەموو کاروبارو ڕۆتینەکانی  جێبەجێدەکەم و بەلۆری تایبەت دەینێرمەوە ... ئەمە بەڵگەیە و ڕۆژێک دێت  لەمۆزەخانە داینێم و مێژوو شانازی بەم کارەوەم بکات  کە چیم کردوە....
قسەکانی مشیر ئاغا وەک ژماردنی گوێز وابوو بۆمن ، قێزم لێدەکردەوە ... بەڵام چیم بکردایە ؟
لە ئوتێلەکە بیرەیەکم  کڕی و لەبیر ئەوەدابووم ئۆتۆمۆبێلەکەم  بفرۆشم و بەیەکجاری  بگەڕێمەوە سلێمانی  و بۆهەتا هەتایە نەگەڕێمەوە بەغداد ... لەخۆم دەپرسی  باشە کە گەڕامەوە چکارێک بکەم ؟
 پاش چەند ڕۆژێک لەهۆڵی ئوتێلەکە دانیشتبووم ، دەنگی تەلەفیزۆنەکایان زیادکرد و بەیان لەدوای بەیان  دەیان خوێندەوەو  داوای سەربازگری کرایەوە ...بەرواری منیش دیسان بانکرایەوە .....  پاش چەند ڕۆژێک  سوپای عێراق  ووڵاتی کوێتی داگیرکرد .... قات و قڕی هات و منیش  سەربازی ڕاکردووبووم  لە ماڵەوە لەگەڵ دایکە پیرەکەمدا  ژیانم دەکرد و  بەڕۆژ دەخەوتم وبە شەویش  جگەرەم دەپێچایەوە دەم کێشاو لەتەمەنی خۆم و چیرۆکە پڕژانەکانی ژیانمم وورد دەبوومەوە. 
ڕۆژەکان تلبوونەوەو منیش  لەچاوەڕوانی ئەوەدابووم دەرگایەک پەنجەرەیکم لێبکرێتەوە .... ڕۆژێک خەریکی ڕیش تاشین بووم لەتە ڕۆژنامەیەک کە دایکم نازانم چی تێدا هێنابۆوە   هەڵمگرت  بیخوێنمەوە  سەیرم کرد  ووشەکان  تێکەڵی یەکتر ببوون ، نەمتوانی دێڕێک بخوێنمەوە  ئیتر زانیم چاوەکانیشم  کزبووە ... من خۆم لەتەمەنما ئەو چەند ساڵەی لەقوتابخانەدابووم  کتێبم خوێندۆتەوە ...ئیتر هەرگیز ڕووی نەداوە یان بیرم نایەت کتێبێکم خوێندبێتەوە ....! 
سەیری ئاوێنەی ڕیشتاشینەکەشم کرد کە ئاوێنەیەکی خڕبوو وابزانم میراتی باوکم بوو بۆمان جێمابوو .. سەریشم  مووی ڕەشی تیانەمابوو ،، بیرمە بەخۆم ووت: پیرەپیاو  ئیتر چیت ماوە لێی بترسی.....!؟ 
   ڕاپەڕین بوو ..کۆچ وڕەویش  کرا و گەڕاینەوە  ...ئیتر سنورەکان جمەی دەهات ..کارکردن لەشاردا  نەبوو ، لەدوولاوە بایکۆت خرابۆ سەر شار و ژیانی خەڵک ، خەونی گەڕانەوەشم بۆ بەغداد وەک سەرابی لێهاتبوو ...
 لەگەڵ خزمێکی خۆمدا کە ئەویش ڕاکەڕاکەی ژیان هاڕیبووی  هاوتەمەنی یەک بووین لام وایە ئەو چەند مانگێک لەمن منداڵتر بوو ،" ئەویش وەک من هەر بوخچەی نەکراوەبوو" ... بڕیارماندا  بچین  مەڕوماڵات بێنین ، یان هەرچیەکمان بەر چنگ کەوت  تا بژێوێک پێکەوە بنێین هیچ نەبێت نانێ پەیداکەین  .... خەڵکی لەوکاتانەدا دەچوون  گولەگەنمیان  دەچنێوە لەبەر خۆرەکەدا بەدوایی کەمپاینەکاندا  دەڕۆشتن  ...ژیان زۆر ناسۆری لەگەڵ خۆیدا هێنابوو ....!
 شەوێک لەسنور لە ژێر کەپرێک کە قاوەخانەیەک بوو ماینەوە و چاوەڕێمان دەکرد گەر بارێک هات و  هزرمان پێی شکا ئەوە دەیکڕین و دەیبەینەوە  تاخێرێکی لێبکەین ... کاتێکمان زانی لە ناکاودا  چەند ئۆتۆمۆبێلی چەکدار هاتن و بەدوایدا  شەش حەوت لۆری وشۆفڵ و تراکتۆری بێ عەرەبانەش  بەدوای یەکدا ڕیزبوون ... چەکدار لەوناوە بڵاو بوونەوە.... لەناو  خەڵکەکەدا  مشیر ئاغام بینێوە .....چاوم سڕی  ووتم ڕەنگە وەک لەتە ڕۆژنامەکە  کە بۆم نەخوێنرایەوە ، مشیرئاغاشم  تێکەڵکردبێت  لەگەڵ کەسێکی تردا ، ئەو لەوکاتەدا پیاوی حوکمەتبوو ، ئێستالێرە چیدەکات...؟
ڕەنگە هەر نەمابێت ... کە لێی وردبوومەوە ... بەڕاست خۆیەتی ...مشیر ئاغا یە ... بەدەنگی بەرز ووتم : 
ناخۆیەتی ... مشیر ئاغایە  لەخۆم چاکتر دەیناسم ..... بەرەو ڕووی چووم  سڵاوم لێکرد ... بەلالوتێکەوە وەلامی دامەوە ...
ووتم: ڕاستە دووسێ ساڵە یەکمان نەدیوە ، بەڵام ڕەنگە نەم ناسێتەوە.... ووتم: مشیر ئاغا  من بیلال م  ...بیلال .. ئەوەی پێکەوە چووین  شۆفڵەکانت کڕی.. کە کوردیان  پێ زیندەبەچاڵکردبوو.....منیت دێتەوە بیر ....!؟
 چەکدارێک هەڵی دایە ووتی : مشیر ئاغا کییە ؟ 
گەورەمان ناوی کاک" هەڵمەت"ە ...هەڵمەت   ......
ووتم کەواتە ئەوە شۆفڵەکەیە  کە دەدووت بۆ مۆزەخانە  دەیکڕم ....!؟
مشیرئاغا  هیچی نەووت : پاسدارەکان هاتن و  هەڵمەت ئاغا  و دوو گردەپیاوی تر کە دیاربوو تازە تەراشیان کردبوو ووسمەیان دابوو لەسەرو برۆیان ... بەرەو پاسدارەکان چوون ... دەستی یەکیان گوشی  دیاربوو یەکتر لەمێژە دەناسن  .
 بەهاوڕێکەم ووت هەستە بابڕۆین ، دڵنیام بمێنینەوە تۆزێکی تر ئێمەش ئاودیو دەکرێن ... باخۆمان وونکەین .... دەنا لەمۆزەخانەی  ژێرزەویدا  دەمان نێژن ...... حەمودیم بیرکەوتەوە کە داری دەکرمان  و  ئەوتاوانەی دیبووی شێتی کردبوو .. مشیر ئاغاکانیش  لەهەموو سەردەمێکدا  هەر ئاشیان دەگەڕێت .....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە