ئێره‌ سلێمانییه‌

Monday, 18/07/2011, 12:00


(ئه‌م گۆرانییه‌م ‌با بگاته‌ ده‌ست موسافیرێکی ماندوو)






سه‌فه‌ر به‌ره‌و خۆر
چۆن ده‌کرێت؟
له‌ ترۆپکی نائومێدیدا،
کێ هه‌یه‌ به‌ زیندوویی بمێنێته‌وه‌؟
مسافیره‌که‌مان به‌ کۆڵێ هه‌واڵ و خه‌مه‌وه‌
به‌سه‌ر و چاوی زامداره‌وه‌
به‌چاوی پڕ فرمێسکه‌وه
ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌.

ئه‌و له‌ سه‌فه‌رێکی هیچدا بووه ‌و،
پێمان ده‌ڵێ:
لێره‌ زه‌مه‌ن، خاوتر تێده‌په‌ڕێت
مژاوی تر خۆی به‌رجه‌سته‌ده‌کات!
ئه‌و بڕیاری دوایی داوه‌،
بۆ نیشتمان سه‌فه‌ر ناکات.
سه‌فه‌ر ناکات، ئه‌گه‌ر په‌ڵه‌ هه‌ورێکی سپی
وه‌ک سه‌رپۆشه‌که‌ی سه‌ری دایکم
به‌ ئاسمانێکی بێ خه‌وشا له‌ کۆڵی کات.

ئه‌و دوا بڕیاری خۆی داوه‌ سه‌فه‌ر ناکات
له‌ مه‌رگیشا ئه‌و نایه‌وێت جارێکی تر
نیشتمان له‌ ئامێزی کات.
لێره‌م به‌ڵام،
وه‌ک جه‌نگاوه‌رێکی سامورای،
هه‌میشه‌
غه‌ریبی نیشتمان ده‌که‌م.

مسافیرێکم، هه‌ر ده‌گه‌م
که‌ گه‌یشتم، سامورایانه‌
بۆ گۆڕی شه‌هیده‌کان؛
شه‌هیده‌کانی دوای ئازادیی.
بۆ نێرگزه‌ خوێناوێکان،
بۆ شه‌قامه‌ پڕ هه‌ڵمات و
پڕ ده‌نگی ئازادیی و
پڕ پۆستاڵ و قه‌وانی فیشه‌که‌کان،
ده‌نوشتێمه‌وه‌ و کوڕنوش ده‌به‌م.

ده‌وه‌ستم و گوێم بۆ بێ ده‌نگی
شاری قه‌ڵاو مناره‌ هه‌ڵده‌خه‌م.
به‌ گومانه‌وه‌
له‌خۆم ده‌پرسم:
بڵێی ئه‌و شاره‌ خه‌وتبێ؟
بڵێی "سه‌ردار" و "ڕه‌نجبه‌ر" و "عه‌بدول خاڵق مه‌عروف"ـه‌که‌م
هه‌ر له‌ قه‌ڵا له‌وێ مابن؟
یان ئه‌وانیش دوای ئازادیی به‌گولله‌ی زه‌رد
جارێکی تر شه‌هید کراون!
******************

جاران ژیان له‌چاوه‌ڕوانییدا
شیرین تر ده‌یڕواند.
پڕ بوو
له‌ ژووری سه‌وز،
له‌ په‌نجه‌ره‌ی شین،
له‌ زه‌وی سپی،
له‌ باخچه‌ی ڕه‌نگا و ڕه‌نگ.
هه‌میشه‌ به‌هار سه‌ره‌ تاتکێی ده‌کرد.

ئێستا لێره،‌
له‌ ناو وێنه‌کانی فه‌یس بووکدا،
له‌ کلیپی فلیمه‌کانی یوتوبدا،
که‌ به‌ده‌ستی گه‌نجێکی سه‌رکه‌ش گیراوه‌.
دڵۆپه‌ فرمێسکه‌ گه‌رمه‌کانتان
به‌ ڕوومه‌ته‌ قوپاوه‌کانتانه‌وه‌ ده‌بینم
دێته‌ خوارێ.
ده‌ڵێی خه‌ونێکه‌ له‌ناو ده‌ریادا
ڕاکشاوه‌.

ده‌وه‌ستم و جارێکی دی ، گوێم بۆ بێ ده‌نگی
شاری قه‌ڵا و مناره‌ هه‌ڵده‌خه‌م.
ده‌ڵێم هاوڕێم؛
تازه‌ من و تۆ له‌وه‌ پیرترین
تا له‌ شه‌ڕ بترسین.
هاوڕێم!
هه‌موومان ده‌زانین
ئازادییه‌‌کی ساغڵه‌م
پێویستی به‌عه‌شق و کاته.

به‌ بێ ده‌نگی به‌یه‌ک ده‌ڵێین
پیاسه‌ به‌ناو گۆڕستانه‌کاندا
وانه‌ی ژیانمان فێر ده‌کات
کات زۆره‌ عه‌شق نییه‌
عه‌شق نییه‌؟ من ده‌پرسم
ئه‌ویش ده‌ڵێ:
مه‌گه‌ر ئه‌وه‌ عه‌شق نییه؟‌
کانیه‌ک له‌ هه‌ناوی گاشه‌ به‌رده‌کانه‌وه‌
هه‌ڵده‌قوڵێ و به‌رد ئاو ده‌دات،
به‌رد نه‌رم ده‌کات؟

چه‌ند به‌ختیار بووم له‌ ئاوی ئه‌و کانیه‌م نۆشی
ئه‌وی ساڵه‌ی، که ئه‌نفال
ته‌نگی به‌ هه‌موو شتێک هه‌ڵچنی بوو،
هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ ئه‌و کانییه‌ فێری خۆڕاگریی کردم
********************،

به‌ر له‌وه‌ی شه‌پۆله‌کانی ژیان
بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ بمبه‌ن،
زه‌مه‌ن کارم لێبکات و له‌ سیمامدا، له‌ هزرمدا
ڕوخان خۆی نمایش بکات!
ترس ئابڕووم بڕوشێنێ،
به‌رده‌وام بیر له‌و کانییه‌ ده‌که‌مه‌وه‌
که‌ به‌رده‌که‌ی ئاوده‌دا تانه‌رم بێت

هه‌نووکه‌ له‌ وێنه‌کان
له‌ کورته‌ فلیمه‌کانی
به‌رده‌رکی سه‌راکه‌م ده‌ڕوانم
ده‌ڵێی هه‌رگیز ناتان بینمه‌وه‌
وه‌ک چۆن
له‌ ووڵاتی فه‌یله‌سوفه‌کان
له‌ په‌یکه‌ری ئافره‌ته‌ ڕووته‌کانم
ده‌ڕوانی،
که‌ مێژووی ئه‌غریقه‌کانی ده‌گێرایه‌وه‌.

من له‌ چۆڵ بوونی به‌ر ده‌رکی سه‌رادا
له‌ داگیر کردنی به‌ر ده‌رکی سه‌رادا
هه‌ڵکشانی ئاو ، به‌سه‌رهاتی
کوشتن و هه‌ستانه‌وه‌ ده‌بینم.
ئازادیی ده‌بینم چۆن به‌ده‌ستی
شۆڕشگێره‌ کڵاو سوره‌‌
سه‌ر بۆیاخ و‌ ‌ ناوگه‌ڵ ئاڵۆشه‌کانه‌وه‌‌
ده‌خنكێ.

باران له‌چاوه‌کانمدا خوڕه‌می کرد
ئه‌م ماجه‌رایه‌ ته‌نها له‌ فلیمدا ده‌بینی
فرمێسکه‌کانتان له‌ زیوی تواوه‌ ده‌چێ.
ته‌رمه‌کان ئه‌سپه‌رده‌ی خاک ده‌که‌ین و
چاوی شه‌هییده‌کان پێمان ده‌ڵێن:
نه‌فره‌ت بکه‌ن له‌و چه‌کدارانه‌ی
که‌ له‌ بن شکۆفه‌ی توه‌کاندا خۆیان هه‌ڵخستوه.

نه‌سیمێک گژ و گیا سوتاوه‌کان ده‌جوڵێنێته‌وه‌ و،
گه‌ڵا ڕه‌نگ زه‌رده‌کان دیلانێ ده‌که‌ن.
بۆ من غه‌ریبی جێگه‌یه‌که‌
بۆ حه‌سره‌ت کێشان.
بۆ تۆ جێگه‌یه‌که‌ بۆ له‌ بیر کردنی
یاده‌وه‌رییه‌کان.
بۆ من غه‌ریبی مانای پیربوونه‌
مانای مردنه‌
بۆ تۆش ڕه‌نگ کردنی مووکانی سه‌ر
***----------------------*------------------------***

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە