ئه‌مشه‌و خه‌وم به‌مه‌رگی خۆمه‌وه‌ دی..

Sunday, 29/03/2009, 12:00


------ ------ ------ 
------ ئەمشەو------ 
------ خەوم ------ 
------ بە مەرگی------ 
------ خۆمەوە ------ 
------- دی------- 
------ ------ ------ 
غه‌ریبیت ده‌که‌م کوردستان 
ئاخ خۆزگه‌ ده‌م زانی چه‌نده‌ 
ده‌خایه‌نێت ئه‌م فیراقه‌ ؟ 
دێمه‌وه‌ 
له‌یه‌که‌م کانی سه‌روچاوی 
خۆڵاویم ده‌شۆم 
دراوسێ لاڵه‌که‌م دوای 
شانزه‌ ساڵ پێم ده‌ڵی ناوت 
چی بوو؟ 
به‌خێر بچیت بۆ ئه‌به‌د ،،،،
دێمه‌وه‌ کوردستانم دێمه‌وه‌
تۆ بڵێ ی ئه‌م ژیانه‌ سه‌خته‌ خه‌ون نه‌بێت
خه‌یاڵاتی پیره‌ مێردانه‌ داگیریکردووم
فرمێسکه‌کانی غه‌ریبی
به‌سه‌ر دڵمه‌وه‌ ووشک بوون
ده‌ترسم له‌غه‌ریبی له‌ووڵاتی بیاناندا
دوا هیوا دوا ئاواتی خۆم له‌چاڵ بنێم
شه‌وان له‌ناو تابوتێکی تاریکدا
له‌سه‌ر گازه‌رای پشت لێ ده‌که‌وم 
ڕۆژ که‌ڕوناک ده‌بێته‌وه‌
بێ ئه‌وه‌ی خۆر ببینم
ده‌ڵێ ی پارچه‌یه‌ک له‌جه‌رگم ده‌که‌نه‌وه‌
خه‌موو په‌ژاره‌ دڵی منی کردۆته‌ به‌رد
ئیتر له‌ڕقدا تف هه‌ڵناده‌م و
له‌و شه‌پۆلانه‌ ڕامامێنم که‌له‌داخدا 
سه‌ریان به‌تاشه‌به‌رده‌کاندا ده‌کێشن
،،،،،،،،، 
هه‌ربۆیه‌ ، هه‌موو جارێک 
داوای لێ بوردن له‌په‌رستگاکانی 
جیهان ده‌که‌م
ئه‌وانه‌ی زۆر جاران مۆمم
تیا ئاگرداوه‌ به‌نێتی دڵ که‌چی 
من هه‌ر له‌ خه‌می مزگه‌وتی گه‌وره‌دام 
دێمه‌وه‌ کاک ئه‌حمه‌دی شێخ 
زیاره‌ت ده‌که‌ م
وه‌ک ئه‌وجاره‌ی له‌گه‌ڵ نه‌نکما بووم
په‌ڕۆ سه‌وزه‌که‌ له‌مه‌چه‌کی چه‌پم ده‌به‌ستم
دوای گه‌ڕانه‌وه‌م پشتاو پشت
ئه‌م جاره‌ دراوه‌ فڕێدراوه‌کانی
ناو گومه‌زه‌که‌ هزم داگیر ناکات
وه‌ک ئه‌وجاره‌ی منداڵیم 
،،،،،
شه‌قامه‌ گه‌وره‌کانی شیگاگۆ
شاره‌ زه‌به‌لاحه‌ ڕه‌ش پێسته‌که‌ 
مه‌مله‌که‌تی ئاسن 
منداڵانی بزێو،کچانی شۆخ
موسیکی بلوس
ببورن لێم 
من هه‌ر ئاره‌زووی پیاسه‌یه‌کی
شه‌قامه‌ چڵکن و کورته‌که‌ی مه‌وله‌وی ده‌که‌م 
ده‌مه‌وێ له‌وداره‌ ڕه‌نگاو ڕه‌نگانه‌ 
بڕوانم ، که‌خوله‌ بوز*
په‌ڕۆی به‌ناوقه‌نیادا ده‌به‌ست و
پاقله‌ فرۆشه‌که‌ش
هه‌موو عه‌سرێک 
پونگه‌‌ پرژێنی شه‌قامه‌که‌ی ده‌کرد
،،،،
باخچه‌ ڕازاوه‌کانی پاریس و له‌نده‌ن
ببورن لێم ،،،من ناتوانم 
باڵای سنه‌وبه‌ره‌کانی باخی گشتی 
فه‌رامۆش که‌م
،،،،،،
چیا جوانه‌که‌ی ئاڵپ
من شه‌رمه‌نده م‌
گۆیژه‌ بۆمن هه‌موو شته‌
من یه‌که‌م جار له‌وێوه‌ ڕۆژم دی
هه‌ڵهات
،،،،،،
کوردستانم من بێمه‌وه‌ ده‌ست 
له‌بینه‌قاقات نانێم 
دێمه‌وه‌ به‌کپ و بێ ده‌نگی
له‌گۆڕستانه‌کاندا داده‌نیشم
وه‌ک شێت
گه‌ڵاوه‌ریوه‌کانی پایز کۆده‌که‌مه‌وه
گیانه‌ مه‌زنه‌که‌م کوردستان 
نازانم که‌ی ده‌گه‌مه‌لات
کاتێک خۆڕ هه‌ڵدێت ،یان ئاواده‌بێت
مردۆکان هێنده‌ زۆرن له‌گۆڕستانه‌کاندا
ده‌ترسم به‌کێلی هه‌موویان نه‌گه‌م
ڕایان موسم‌
،،،،
من دێمه‌وه‌ نیشتمانم تا جارێکی تر 
ڕه‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی ئاسمان ببینم
شێت بووم له‌م تاریکستانه‌ 
له‌م تونێلی غوربه‌ته‌دا
من ناخوازم ئیتر
دور له‌خۆر دور له‌با دور له‌ڕوناکی بژیم
نیشتمانه‌ پڕ هه‌تاوه‌که‌م غه‌ریبیت ده‌که‌م
،،،،
له‌سه‌ماکانی ئێره‌دا 
قاچه‌کانم تێکه‌ڵ و پێکه‌ڵ ده‌بێ
نیشتمان سه‌یری منی ته‌فره‌ خواردوو بکه‌
داوای لێبوردن له‌تارمایی شه‌هیده‌کانی 
هاوڕێم ده‌که‌م 
به‌ڵام من قه‌ت له‌خۆم نابورم که‌تۆم جێهێشت
کوردستانم
دێمه‌وه‌ سه‌ماتان له‌گه‌ڵ ده‌که‌م ئه‌ی 
نه‌سیمه‌کانی ووڵات
من که‌نیشتمانم جێ هێشت
زۆرهه‌رزه‌بووم ،من له‌دوی به‌ختیاریه‌ک چوم
که‌له‌نیشتمان ده‌ستم نه‌که‌وتبوو
که‌چی له‌م غه‌ریبیه‌شدا هه‌ر 
پێ ی نه‌گه‌شتم
چه‌ند زه‌لیلم،،، چه‌نده‌ ته‌نهام سلێمانی
غه‌ریبیم چه‌نده‌ کڵۆڵه‌ ،زریکه‌م چه‌نده‌ بێده‌نگه‌‌ 
من له‌عه‌ره‌بیدا کۆڵم ،که‌جێشم هێشتی 
هه‌روه‌هابووم ،بێمه‌وه‌ جارێکی تر 
ئینشا عه‌ره‌بێکان خه‌تم ناکه‌م 
ئه‌م ڕۆحه‌ شپرزه‌یه‌م ، ئازار ناده‌م
گوێ له‌خیتابی عه‌ره‌بی ناگرم
گوێ له‌بانگی عه‌ره‌بیش ناگرم 
ئه‌گه‌ر به‌ده‌نگی حه‌سه‌ن زیره‌کیش بێت
چه‌ندین ساڵه‌ 
له‌هه‌موو شوێن به‌دوای کوردستاندا ده‌گه‌ڕێم 
بۆ هه‌ر جێگه‌یه‌ک ده‌چم چاوبۆ ئه‌وشتانه‌ 
ده‌گێڕم ،که‌له‌کوردستانم دیومن 
کوردستان به‌رله‌وه‌ی شه‌نگم له‌به‌ر ببڕێت 
دێمه‌وه‌ ،وه‌ک باران به‌سه‌ر هه‌موو دره‌ختێکدا ده‌بارێم 
وه‌ک په‌لکه‌ زێڕینه‌ 
خۆم به‌هه‌موو چاوێک نیشان ده‌ده‌م
ئای کوردستان هێڵنجم دێ
به‌غولامه‌ سه‌ر کزه‌کان
ئه‌وانه‌ی هه‌موومانیان ئاواره‌کرد ، دێمه‌ وه‌ 
له‌گه‌ڕانه‌وه‌مدا به‌شوێنی جه‌نگه‌کاندا ده‌ڕۆم 
به‌و جێگایانه‌ی ئێسک و پروسکی هاوڕێکانمی تیا نێژراوه
که‌هاتمه‌وه‌ بۆ هیچ
تازێیه‌ک کراسی ڕه‌ش له‌به‌ر ناکه‌م
‌‌
ئیتر لافیته‌ ڕه‌شه‌کانی پرسه‌ به‌حونجه‌ ناخوێنمه‌وه
دڵه‌ گه‌وره‌که‌م کوردستان


* خوله‌بوز شێتێکی بێوه‌ی بوو هه‌میشه‌ به‌شه‌قامی مه‌وله‌ویدا ده‌سوڕایه‌وه‌ یادی به‌خێر 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە