گه‌رمیان ، ئه‌و کوڕۆچکه‌یه‌ی ئاگری له‌ویژدانم به‌ردا !

Sunday, 06/03/2011, 12:00



کوڕم گه‌رمیان ، به‌ر له‌وه‌ی فه‌نابی له‌ناو باروتدا ، به‌رله‌وه‌ی باران به‌ته‌ری بتبات بۆ ناو گۆڕ، به‌ر له‌وه‌ی ئه‌م به‌هاره‌ ،چه‌ند چه‌پکه‌نێرگزێک له‌شه‌قامه‌سه‌ره‌کێکه‌ی سلێمانی که‌رکوک به‌ڕێبوارن بده‌ی تابۆنی که‌ن و بۆ ماوه‌یه‌ک له‌بۆنی گه‌نده‌ڵی ڕزگاریان بێت و پشویه‌ک به‌سینه‌یان بده‌ن و ئاسوده‌بن ، پێم ووتی گه‌رمیانه‌که‌م ، که‌له‌ماڵ چویته‌ده‌ره‌وه‌ بیرت نه‌چێت ، تفه‌نگه‌ئاوێکه‌به‌ری له‌گه‌ڵ خۆتدا ، ئامان بیرت نه‌چێت گه‌رمیانه‌که‌م . تۆ ده‌زانی باوکت تاکه‌هیوایه‌کی هه‌بوو بیکاته‌توێشوی ئه‌م به‌هاره .گه‌رمیان لاشه‌که‌ت له‌شکۆفه‌ی سێو ده‌چوو ، ئه‌وانه‌ی تفه‌نگه‌کانیان ئاراسته‌کردی دڵیابه‌ تامی به‌ختیاریان نه چه‌شتوه‌ ، ئه‌وانه‌قومارو تفه‌نگیان لێ سه‌نیته‌وه‌رووت ده‌بنه‌وه‌ رووت ، تۆله‌هه‌میشه‌ ئاسمانێکی بێ هه‌ورت ده‌ڕوانی ، تۆ ده‌وویست چاوشارکێ له‌گه‌ڵ تفه‌نگ به‌ده‌سته‌کاندا بکه‌یت وه‌ک چۆن چاوشارکێ له‌گه‌ڵ منداڵه‌کانی هاوڕێتا ده‌که‌یت ، له‌گه‌ڕه‌که‌چڵکنه‌که‌ی خۆماندا . تۆ له‌خه‌می ده‌ریایه‌کی بێ شه‌پۆلدا بوویت ، ئیستا هه‌نگاوه‌کان ڕێگه‌ی خۆیان وون کردوه‌، هه‌نگاوه‌کان به‌دونیایه‌ک پاره‌ی دزراو ڕێره‌وه‌کانی ده‌گۆڕن ، تۆ بووی ده‌وت که‌وتنه‌که‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌وت ،خوێنی سه‌ر سنگ وای ده‌وت کوانێ ئومێد بابه‌کوانێ ئه‌ی تۆ نه‌وت ئه‌م تفه‌نگانه‌‌ته‌نها کاتێ ده‌که‌وته‌ده‌نگ، که‌ئازادی ،که‌نیشتمان ، که‌دوژمنان هاتنه‌وه‌بۆ ئه‌نفال کرن ؟ محاله‌ بێ به‌خاک سپاردن و ئه‌سپه‌ره‌کردنی ئه‌و چه‌کداره‌داوێن پیسانه‌، که‌له‌هه‌موو سه‌ربانی باڵه‌خانه‌ڕه‌نگ زه‌ربوه‌کانه‌وه‌ به‌چاوێکی سوره‌وه‌ لێمان مۆڕ ده‌بنه‌وه‌و په‌نجه‌یان له‌سه‌ر په‌له‌پیتکه‌ی تفه‌نگه‌که‌یانه‌، ئه‌و جه‌لاده‌ترسنۆکانه‌ی له‌سێبه‌ری خۆشیان ده‌ترسن ، ئه‌وان له‌هه‌موو مرۆڤ بونێک شۆراونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ نه‌یانویست له‌گه‌ڵ تۆشدا یاری چاوشارکێش بکه‌ن ، که‌چێ تۆ گه‌رمیانه‌که‌م ، به‌جوتێ چاوی ڕوناکه‌وه‌، به‌ناو باروت و دوکه‌ڵدا ڕاکه‌ڕاکه‌ت بوو هه‌ناسه‌ی قوڵت هه‌ڵده‌مژی ، وه‌ک له‌بلوارێکی به‌هه‌شتا بیت ، ئه‌م تفه‌نگه‌حه‌شه‌ریانه‌ ماندوو نه‌بوون ، به‌کوشتنت سه‌ری خۆیان نه‌دا له‌به‌ردی گیرفانی منداڵه‌کانی هاوڕێت ، گه‌رمیانه‌که‌م جوتێ چاوی تۆ و که‌وتنت له‌سه‌ر شه‌قامێکی قیرتاو ، منی نوقمی زوڵمه‌تی شه‌وکرد ، له‌و ڕۆژه‌وه‌ تۆله‌گه‌ڵمایت ، له‌و ڕۆژه‌وه‌تۆ کوڕی منیت و برای کوڕه‌که‌میت ، ماچی ده‌که‌م ، بۆنی ده‌که‌م ، شه‌و گوێ له‌هه‌ناسه‌ی ده‌گرم ، دای ده‌پۆشم له‌م سه‌هۆڵ به‌ندانه‌دا باگه‌رمیانه‌که‌م سه‌رمای نه‌بێت ، سه‌یری چاوی کوڕه‌که‌م ده‌که‌م چاوه‌مه‌نگه‌کانی تۆ دێته‌به‌ر چاوم بێ ئه‌وه‌ی به‌خۆم بزانم هه‌موو ڕوخسارم به‌فرمێسک ته‌ڕ ده‌بێ . نه‌فره‌ت له‌سێبه‌ری ڕاگوزار ، نه‌فره‌ت ، بێده‌نگیه‌کی کوشنده‌که‌وتۆته‌ڕێ له‌گه‌ڵ باڵندا کۆچبه‌ره‌کاندا ، له‌گه‌ڵ فیچقه‌ی خوێنی ڕژاوی تۆدا و له‌غوباری ڕه‌شه‌وه‌و ده‌نگێک له‌زوڵمه‌تی شه‌وه‌وه‌ بۆ لام دێت . شه‌قامه‌کان بۆنی پۆستاڵیان گرتوه‌، جه‌لاده‌کان شه‌ق له‌کتێبی خواده‌ده‌ن ، پۆستاڵه‌کان به‌خوێنه‌وه‌ له‌ماڵی خوا وه‌ر ده‌بن ، پۆستاڵه‌کان ده‌هری بوون ده‌نه‌ڕێنن ، چه‌ند کڵاش له‌پێشیان له‌گه‌ڵ دایه‌ ، ده‌مامکه‌کان ، به‌رگه‌ڕه‌شه‌قه‌ترانێکان پێمان ده‌ڵێن ئامان له‌هیچ شوێنك نه‌ماوه‌له‌م ووڵاته‌دا که‌به‌شۆڕش ڕزگاری بوو. گه‌رمیان کوڕم جه‌لاده‌تفه‌نگ به‌ده‌سته‌کان هه‌ر هه‌موویان کوڕانی سه‌رۆکی ووڵاتن و گۆشه‌گیری ڕه‌هان و ئوڵفه‌تیان کردوه‌له‌گه‌ڵ گوناهدا و ده‌ست کراوه‌ن له‌ کوشتنی منداڵه‌کانی سه‌ر شه‌قام .
گه‌رمیانه‌که‌م ، با تۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا برد بۆژێر باران ، ده‌نگێ له‌نادیاره‌وه‌ پی ووتین، ئیتر نوێژی چی ده‌خوێنن خوێنه‌که‌ی گه‌رمیان هه‌موو ئه‌و نیشتمانه‌ی بێ نوێژ کرد ، پۆستاڵی تفه‌نگ به‌ده‌سته‌کان ، لایه‌نگرانی سه‌رۆک و کوڕی سه‌رۆک ،ماڵی خوایان له‌که‌دار کرد . گه‌رمیانه‌که‌م ،گه‌رمیانه‌که‌م .
http://www.youtube.com
  

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە