گه‌ر ده‌ته‌وێ جوانێکانی (پێشمه‌رگه‌) ببینی ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ بخوێنه‌ره‌وه‌ !

Tuesday, 19/10/2010, 12:00


 






جوامێرێک
خوداوه‌ند، که ‌واته‌ی مه‌رگم هات
له‌ ناو زێ نا
له ‌که‌ناره‌که‌ی بمکوژه‌
تا هه‌تا هه‌تایه‌
لاشه‌که‌م بۆنی جاتره‌ بدات.
ئه‌وه‌تا زێ....*

ئاره‌زووم بوو بیر له‌شتێکی تر بکه‌مه‌وه‌ جودا له‌رابردوو، له‌ماڵه‌ وه‌ دانیشتووم و له ‌په‌نجه‌ره ‌گه‌وره‌که‌وه‌ ته‌ماشای داره‌کانی ده‌ره‌وه‌ ده‌که‌م، گه‌ڵاکان هێدی هێدی ده‌وه‌رن به‌ڕووه‌‌ وورده‌کانیش له‌داره‌کانه‌وه‌ خۆیان هه‌ڵده‌ده‌نه‌ خواره‌وه‌ و تێکه‌ڵ به‌فه‌رشی گه‌ڵاکان ده‌بن، له‌وه‌ده‌چێت که‌ هیچ شتێک په‌یوه‌ندیان به‌یه‌که‌وه‌ نه‌مابێت، من بیر له‌بیره‌وه‌ریه‌کانی ناو کتێبی (گوڵه‌ ستێره‌کان کوژانه‌وه‌) ده‌که‌مه‌وه‌، خودایه‌ ئه‌وه‌ چی بوو ئه‌م کتێبه‌، منی غه‌رقی رابردوو کرد، جارێکی تر، هه‌ستم کرد خوێنه‌ گه‌رمه‌که‌ به‌جه‌سته‌ما ده‌سوڕیته‌وه‌ و خۆشژنێک ده‌مگرێت، بێپلان تێکه‌ڵ بووم له‌گه‌ڵ فریشته‌کانی ئاسماندا و ئیتر باسی پیرۆزیه‌کانی ژیانمان بۆ یه‌ک ده‌کرد، له‌ناو بیره‌وه‌رێکاندا هه‌ستم به‌هه‌وای پاک کرد که‌ له‌چیاکانی کوردستانه‌وه‌‌ دێنه‌ ماڵه‌که‌م، دوایی درێغیم نه‌کرد له‌هه‌ڵمژینی .
به‌ڵێ بیره‌وه‌رێکانی کاک (که‌ریم کاکه‌) منیان داگیرکرد، به‌درێژای ته‌مه‌نم بیرم نایه‌ت من که‌سێکی شیوعیم به‌دڵدا چوبێت یان خۆشه‌یستبێت، که‌ ده‌ڵێم شیوعی، هه‌ڵبه‌ته‌ مه‌به‌ستم له‌ که‌سه‌کانی ناو حیزبی شێوعی عێراقه‌، چونکه‌ بیره‌وه‌ری منداڵیم هه‌رگیز به‌چرکه‌ش لێم جودا نابێته‌وه‌.
ساڵی 1974 بوو ته‌مه‌نم ته‌نها حه‌وت ساڵ بوو، به‌یانییه‌کی باران، چاکتره‌ بڵێم تۆفان بوو، باوکم به‌خۆی و ساقۆیه‌کی درێژه‌وه‌ له‌به‌ر بارانه‌که‌ به‌وسپێده‌ زووه‌ به‌جیێ ‌هێشتین و ڕووی له ‌چیاکرد، که ‌باوکم ڕۆیشت شه‌وێك پیش ڕۆیشتنی به‌رامبه‌ر ماڵه‌که‌مان سه‌ربازخانه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌و ده‌شته‌دا ئاوادان کرایه‌وه‌، هه‌موو شتێک په‌یامی شه‌ڕی ده‌گه‌یه‌ند، ساقۆکه‌ی به‌ری باوکم که ‌سێ قۆپچه‌ی گه‌وره‌ی پێوه‌ بوو ڕێک له‌و ساقۆیه‌ ده‌چێت که‌ (کاکه‌) ده‌یه‌وێت له‌ژێریا خۆی حه‌شاردات تا کۆپته‌ره‌کان زه‌فه‌ری پێنه‌به‌ن، له‌وه ‌ده‌چێ باوکه‌کانی ئه‌وسای ئێمه‌ هه‌موو وه‌ک یه‌ک به‌رگیان پۆشی بێت، ئێمه‌ش دوای چه‌ند ڕۆژێک بۆ چیا سه‌رمان هه‌ڵگرت چووین بۆ لای ئه‌و چاره‌نووسه‌ی، که‌ باوکم هه‌ڵیبژاردبوو، تاله‌وێ به‌ئازادی بگه‌ین و ده‌ست سوپا نه‌که‌وین، کاتێکیش به‌تێک شکاویی‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ شار و هاتینه‌وه‌ ماڵه‌که‌مان، یه‌که‌مین قسه‌یه‌ک که ‌بیستمان له ‌زمانی دراوسێکانمانه‌وه‌ ئه‌وه‌بوو که‌ ووتیان شیوعێکان له‌گه‌ڵ سوپادا هاتوون بۆ پشکنین، ژووره‌کان تۆز و به ‌گه‌ردوته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ داپۆشرابوون، هه‌موو شتێک به‌سه‌ر یه‌کدا ترشابوو، دایکم هه‌ر ده‌گریا و رامابوو نه‌یده‌زانی له ‌کوێوه‌ ده‌ست به‌ڕێخستنه‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی بکات، منیش ئۆتۆمۆبێله‌ ته‌له‌که‌م له ‌سه‌ربان به‌سه‌ر یه‌کدا تێک شکابوو، شوێن پێی پۆستاڵێکی زلی پێوه‌ بوو، که‌ پێی پێدانرابوو، ئیتر من له‌و ڕۆژه‌وه‌ بڕیاری دوژمنایه‌تیم له‌گه‌ڵ سوپاو شیوعێکاندا دا، که‌چی دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌، نه‌ک هه‌ر ژوان بوومه‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێ داوای لیبوردن بکه‌م، من له ‌هه‌موو له‌شمدا هه‌ستم به ‌بۆنی دایکم ده‌کرد، ده‌مووت خۆزگه‌ دایکم بمایه ‌و ئه‌ویش ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ی بخوێنایه‌ته‌وه‌ تا ئه‌ویش له‌ شیوعییه‌کان ببورایه‌ . جوانی ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نییه‌ خوێنه‌ر بزانێت له‌و چیایانه‌ چی ڕووی داوه‌، به‌ڵکو له‌وه‌دایه‌ ‌کێشت ده‌کات بۆ ناو دنیایه‌ک، که‌ مرۆڤه‌کان بۆ ڕامکردنی ئازادی و به‌خته‌وه‌ری ئه‌وانی تر خۆیان داوه‌ته‌ ده‌ست قه‌ده‌ری ڕۆژوو، برسێتی و تینوێتی و ماندوو بوون و مار و مێروو نه‌خۆشی و ترس و تۆپ و کۆپته‌ رو جاسوس و زه‌هر و جاش و شه‌ڕ، که‌ نه‌ک وازیان پێناهینێ، به‌ڵکو نووسه‌ر له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو ماندوو بوونه‌دا، خه‌و به‌ خوێندنه‌وه‌وه‌ ده‌بینێت و له‌ناو ڕۆمان و چیرۆک و باسه‌کاندا خۆی گوڵاو پڕژین ده‌کات، له‌وێ زۆر وشیارانه‌ پیمان ده‌ڵێ چی گوزه‌راوه‌، ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ هێنده‌ به‌زمانێکی شیعر نووسراوه‌ که ‌ئیتر ناتوانی وازی لێ بهێنیت، منیش سه‌رده‌مێک خۆشبه‌ختانه‌ به‌هه‌موو ئه‌و شاخ و داخ و که‌ند و کۆسپانه‌دا گوزه‌رم کردوه‌ و له ‌کانیه‌ سارده‌کانی ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ تینۆتی خۆم شکانده‌وه‌ و پشوم داوه‌و ئاره‌قم ڕشتوه‌، به‌ڵام نه‌م توانی وه‌ وه‌ک (کاکه‌) له‌ جوانی ئه‌وانه‌ تێر چاوه‌کانم پڕ بکه‌م له‌و جوانییه‌ی که‌ سروشت به‌نیشتمانه‌که‌می به‌خشیوه‌، ئێمه‌ ئه‌و کاته‌ لیپاو لیپ ببوین له‌ خوێن، چ قودره‌ت بوو باڵنده‌یه‌ک له‌سه‌ر دارێک پشوویه‌ک بدات، که‌روێشکێک، به‌رازێک، که‌متیارێک، گوندی وته‌نی ده‌عبایه‌کی کێوی خۆی ده‌ربخات. ئێمه‌ی جه‌نگاوه‌ر خه‌ڵتانی خوێنمان ده‌کرد. پێتان بڵێم ئێمه‌ ئه‌و که‌سانه ‌بووین که‌ به ‌ئاڕبیجی و نارنجۆک و قومبه‌له‌ نه‌ته‌قیوه‌کانی ده‌م فڕۆکه‌کانی دوژمن، ڕاوی ماسیشمان ده‌کرد، گه‌وره‌و پچوکی ئه‌وانمان به ‌تاوان بار ده‌زانی و ژیانمان لێان ده‌سه‌نده‌وه‌، که‌چی (کاکه‌) له‌گه‌ڵ باڵنده ‌و ئه‌سپی بۆنداردا ئاشنامان ده‌کات، نووسه‌ر هێنده‌ جوان باسی ئه‌و سروشته‌ ده‌کات، من هه‌ست به‌شه‌رمه‌زاری ده‌که‌م که ‌ئاوا له‌و سه‌رده‌مه‌دا نه‌متوانیوه‌ سه‌یری ڕووبار و شاخ و دۆڵ و ده‌وه‌ن و گوندو کچه‌ جوانه‌کانی گوند بکه‌م، که‌ بۆنی ژیانیان به‌و مه‌ڵبه‌ندانه‌‌ به‌خشیوه‌، به‌ ده‌یان شه‌و منیش له‌گه‌ڵ بارینی به‌فردا نیگابان بووم، به‌ڵام نه‌متوانی بوو یان بیرم نه‌کردبۆوه‌ ئه‌م شه‌وانه‌ ناو بنێم شه‌وی سپی و له‌گه‌ڵ شه‌وه‌ سپێکاندا وه‌ک (کاکه‌) به‌راوردیان بکه‌م، لێره‌ له ‌ناو ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌دا که‌سه‌کان جگه‌ له‌وه‌ی هه‌موویان له‌ ڕوخساریاندا رابردوو ده‌خوێنیته‌وه‌، که‌چی خۆیان بۆ خۆبه‌ختکردن ئاماده‌کردوه‌. لێره‌ شه‌ڕ زه‌لکاوێکه‌ که‌ هه‌موو پاڵه‌وانه‌کانی ناو ئه‌م کتێبه‌ی تێدا نقوم بووه‌، ئه‌گه‌ر چی (کاکه‌) له‌ پارتێکی عێراقیدا ئه‌ندامه‌ یان پێشمه‌رگه‌ی پارتێکی عێراقییه‌، لێ سه‌راپا ڕووداوه‌کان له ‌کوردستان روو ده‌ده‌ن، نووسه‌ر بۆ بیر هێنانه‌وه‌ جار ناجارێک که‌سێکی ڕه‌نگ خوماییمان پێ ده‌ناسێنێت به‌ژن به‌رزێک تا دار خورمایه‌کمان بیر بێنێته‌وه‌، وه‌ستایانه‌ که‌سه‌کان دێنێته‌ ناو چیرۆکه‌که‌وه‌، ئیتر ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت و بزانین پێشمه‌رگه‌ چۆن له‌و چیایانه‌دا له‌ناو باره‌گاکانده‌ چۆن ژیاون ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ باشترین به‌ڵگه‌ی ژیانن بۆ گوزه‌رانی پێشمه‌رگه‌ی ئه‌و ده‌مه‌، که ‌به‌لای منه‌وه‌ ئیتر که‌سێک ناتوانێ له‌م دنیا دیگیتاڵه‌دا ببێته‌وه‌ به ‌پێشمه‌رگه‌.
لێره‌دا ئه‌گه‌ر چی زیاتر باس له‌سه‌رده‌مێکی زۆر شوم ده‌کات که‌ ئه‌نفاله‌ و ژیان له‌و چیایه‌ سه‌خت و دژواربووه‌، بۆ که‌سێک، که نایه‌وێت ‌‌زه‌لیل بوون و کۆڵنه‌دان مایه‌پوچی بکات، لێره‌ ژیان به‌ربه‌راکانێیه‌کی هه‌میشه‌ییه‌ له‌گه‌ڵ کۆسپ و ته‌گه‌ره‌دا، به‌ربه‌ره‌کانێیه‌ک که ‌زۆرتر بێ شانازی و بێ سه‌رکه‌وتن و بێ داهاتوی نادیار و مژاوی و هه‌ڵواسراو. که‌ هاوڕێکه‌شی ده‌ڕواته‌وه‌ ره‌نگه‌ ڕووخابێت، که‌چی(کاکه‌) ناو له ‌هاوڕێکه‌ی ده‌نێ ماندوو، ئه‌مه‌یه‌ جوانی ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌، ئه‌و کاته له‌وێ گۆره‌پانیشی له‌ تاریکی و ته‌ریکیدایه‌، که‌چی له‌ناو چیرۆکه‌ فه‌نتاسییاکه‌دا، کچێک، ژنێک، په‌ریئاسا له‌ناو ئه‌و هه‌موو ژاوه‌ ژاوه‌دا مانا ده‌دات به‌ژیانی ئه‌و چیاو گوندانه‌ و پێمان ده‌ڵێ هیچ ته‌کنه‌لۆژیایه‌کی جه‌نگی ناتوانی ژیان له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ له‌م ووڵاتی کوێستان و قه‌ندیله‌ ببرێت .
شیعر و شاعیره‌کان، نامه‌ چوکلێتێکان، که‌ به‌شێکن نووسه‌ر زۆر وریایانه‌ باسی ده‌کات، من که‌س له‌و شاعیرانه‌ ناناسم، به‌ڵام ئه‌وانه‌ که‌سانی جوانی ناو ئه‌م کتێبه‌ن، ڕه‌نگه‌ ئیستا هه‌مان شاعیر خاوه‌نی کۆمپانیا بێت؟ ڕه‌نگه‌ نووسه‌ره‌کان ئه‌وانه‌ بن ئه‌مڕۆ له ‌ڕۆژنامه‌ زۆروو زه‌وه‌نده‌ بێ خوێنه‌ره‌کاندا بنووسن و پاره‌ وه‌ربگرن، لای من گرنگ نییه‌ ئه‌وانه‌ کێن و چۆن بوون. به‌نده‌ خاوه‌نی ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ش ناناسێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌و کتێبه‌یه‌ که‌ شایسته‌ی خوێنه‌وه‌یه‌ ئه‌مه‌ ئه‌و کتێبه‌یه‌ (نیتچه‌‌) ووته‌نی به‌سه‌ر هه‌موو کتێبه‌کاندانی تردا ده‌فڕێ، ئه‌و کتێبه‌یه‌ پێش خاوه‌نه‌که‌ی مردار نابێته‌وه‌، زیاده‌ ڕۆیی نابێت ئه‌گه‌ر بڵێم: ئه‌مه‌ جوانترین مێژووبێت، که‌ ئه‌شێ حیزبی شیوعی عێراقی شانازی پێوه‌ بکات. لێره‌دا ده‌ڵێم ئه‌م کتێبه‌ ئه‌وه‌بوو، که‌ جارێکی تر، نیشتمانه‌که‌م و ئه‌و خاکه‌ جوانه‌ی که ‌تێیدا له ‌دایک بووم و تیشکی ژیانم له‌وێ به‌چاوانم دیوه‌. ئیستا کاتێکه‌ دوای خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌ به‌و جوانییه ‌و به‌و ڕوناکیه‌ی، که ‌جێم هێشتوه‌ له‌به‌ر چاومه‌، ئیستا له ‌دامێنی ئه‌و مێرغوزاره‌ سه‌رمه‌ستانه‌ و ئه‌و سینداره‌ مژاویانه‌دا، ل ه‌ئامێزی ئه‌وبێشه‌و دار به‌ڕوو دار میوه وانه‌دا، که‌ خۆیان له ‌ڕه‌وتی بادینان و خۆشناوه‌تیدا پاراو ده‌ده‌ن، له‌وێدا ‌گونده‌کان مزگه‌وته‌کان کڵێسه‌کان ته‌نانه‌ت گۆڕستانه‌کانیش له ‌ئامێز ده‌گرم و هه‌مویان جارێکی تر به‌ر له ‌بیست و ئه‌وه‌نده‌ ساڵ هاتنه‌وه‌ ناو هزرم، سێبه‌ری نامۆی گونده‌ ڕووخاوه‌کان هاتنه‌وه‌ به‌ر چاوم دووکه‌ڵ دیسان ته‌نگه‌ نه‌فه‌سی کردم، دیسان ئه‌و ده‌مامکه‌ی به‌ ده‌سته‌ کاگه‌زی قوماره‌که‌، که‌ له‌ سه‌ڵاواتێکه‌ی گه‌لی ڕه‌شدا که‌ له‌گه‌ڵ پاسداره‌که‌دا گۆڕیمه‌وه‌ و ئیتر ئه‌نفال بواری نه‌داین جارێکی تر ناپلیۆن بکه‌مه‌وه‌ و له‌ به‌خت و چاره‌نووسم بڕوانم، ئه‌و کاته‌م هاته‌وه‌ به‌رچاو، که ده‌مامکه‌که‌م ‌له‌گه‌ڵ خۆمدا ده‌گێرا، که‌چی ‌بۆ تاکه‌ جارێک چییه‌ به‌کارم نه‌هێنا، چونکه‌ هاوڕێکانم پێیان نه‌بوو، نه‌شم ویست پێم بڵێن ترسنۆکه‌. مه‌رگم لاخۆشتر بوو له‌و قسه‌یه‌. بێگومان ئاکامی هه‌موو ڕووداوێک له‌وه‌دایه‌، که ‌ماوه‌یه‌ک ده‌خایه‌نێت، تا گیانی مرۆڤ له‌گه‌ڵ خه‌م و په‌ژاره‌و ڕووداوه‌کاندا خۆی ڕابێنێت، لێ پێشمه‌رگه‌ وانه‌بوو . ئێمه‌ که‌ له ‌شاراوه‌ چووین، ده‌گوت رێک له‌و چیایانه‌ له‌دایک بووین، ڕه‌نگه‌ نه‌مان توانیبێت مامه‌ڵه‌یه‌کی شیاو له‌گه‌ڵ هێستر و باره‌کاندا بکه‌ین، به‌ڵام کۆڵیشمان نه‌دا و خۆمان گونجانبوو، ئاخر باوه‌ڕمان هه‌بوو به‌کێشه‌که‌ .ئه‌گه‌رچی بهخته‌وه‌ری له‌ناو ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌دا، سیمای پڕ له‌خۆشی و شادیی خۆی راگرتووه‌، خه‌م و کوێره‌وه‌رێکانیش هیشتا هه‌ر هیوا و ئاواتیان له‌ خۆیاندا هێشتۆته‌وه‌.
لێره‌دایه‌ له‌ مانای پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌یت، ده‌بێ بڵێم ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی یه‌کێتی، کۆمه‌ڵه‌ی ئه‌وسا، له‌ قوتابخانه‌یه‌کدا په‌روه‌رده‌ ببووین، ته‌نها خۆمان پێ شت بوو، له‌ خۆمان بترازێ که‌سمان به‌لاوه‌ هیچ نه‌بوو، که‌چی مێژوو پێچه‌وانه‌ی ئه‌م هاوکێشه‌یه‌ی پیشان داین.
ئه‌م بیره‌وه‌ریانه‌، که‌سێکی به‌رپرس و خاوه‌ن پله ‌و پایه، نه‌ینووسیوه‌، تا به‌به‌ڵگه‌ وڕمان بکات و کاتمان بۆ تاوتوێکردنی نامه‌ پڕ مه‌هزه‌له‌کانی پشته‌وه‌ی کتێبه‌که‌، که‌ هه‌مووی ڕه‌وایه‌ته‌ به‌شه‌ڕی براکان و په‌یوه‌ندییه‌ مژاوییه‌کان له‌گه‌ڵ داگیرکه‌راندا و خۆمان ئاماده ب‌که‌ین بۆ خوێندنه‌و به‌راورده‌کان، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ که‌سێک یان چاکتره‌ بڵێین پێشمه‌رگه‌یه‌ک، که‌ هیچ به‌رپرسیارێتییه‌کی نه‌بووه‌، ئه‌و ئه‌مه‌ی نووسیوه‌ته‌وه‌‌ .
جار ناجارێک خۆی ووته‌نی بووه‌ به ‌به‌ر پرسی کتێبخانه‌یه‌ک له‌و چیایه‌، ده‌زانن مانای چی ؟ نووسه‌ر ووته‌نی له ‌ماڵی کتێبه‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ش، ئه‌م له‌خه‌می زیندانێکانیشدا بووه‌، ئه‌وانیشی بێبه‌ش نه‌کردووه‌ له‌ چیرۆکه‌کانی ژیانیان، ته‌نانه‌ت ئه‌و گه‌نجه‌ی، که‌ سزاده‌درێت ئه‌م نه‌یتوانیوه‌ خۆی لێ لابدات و باسی نه‌کات.
ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم پیرۆزبای له ‌‌کاک (که‌ریم کاکه‌) ده‌که‌م و خامه‌ت نه‌ڕزێت، بریا گه‌ر ده‌کرا، چه‌ند وێنه‌یه‌کیشی له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا دابنایه‌، ئه‌و ده‌م کتێبه‌که‌ ده‌وڵه‌مه‌ند تر ده‌بوو به‌تایبه‌ت وێنه‌ی شه‌هیده‌کا ن

سوپاس بۆ هاوڕێ و برام کاکه ‌(دیار)یش که‌ ئه‌م دیاریه‌ جوانه‌ی له‌گه‌ڵ خۆیدا له‌ نیشتمانه‌وه‌ گه‌یانده‌ ئه‌م مه‌نفایه‌ .

له‌به‌ره‌ی شه‌ڕه‌وه‌**
گوێمان له‌بۆڵه‌ بۆڵه‌
ده‌نگێک له‌په‌شیمانیه‌وه‌ تێیهه‌ڵکرد
له‌چیم پڕ ده‌که‌یت پڕکه‌
به‌س به‌تاڵم که‌ره‌وه‌ له‌تۆڵه‌ ...
*ئه‌مه‌ دوو کۆپله‌ شعری ناو بیره‌وه‌رێ که‌یه‌ (گوڵه‌‌ستێره‌کان کوژانه‌وه‌)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە


HELP

The gallery can be navigated using the keyboard:

LEFT/RIGHT ARROWS: Prev/Next
SPACEBAR: Next
ENTER: Start/Stop slideshow
ESCAPE: Close gallery
HOME/END: First/Last image
H - This help panel

Close help