سلێمانی، هه‌رگیز باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد ئازادیی وات به‌سه‌ربهێنی؟

Monday, 22/11/2010, 12:00


هه‌موو ڕۆژێک با بۆنی سلێمانیم بۆ دێنێ و به‌کێشم ده‌کاته‌وه‌ بۆ ڕابردوو، بۆلای هاوڕێکانم، بۆ لای ئه‌وانه‌ی کۆچیی هه‌تا هه‌تاییان کرد. ئه‌وانه‌ی له‌م سه‌ر ئه‌م ئه‌ستێره‌یه‌ په‌رش و بڵاو بوونه‌وه‌، جار ناجارێک وه‌ک نوزه‌یه‌ک ده‌نگیان ئه‌ژنه‌وم، کۆده‌بینه‌وه‌. جارێکی تر وه‌ک جاری جاران، به‌رگی کتێبه‌کانمان ده‌سوتێنین و چیلکه ‌و چه‌وێڵ ئاور ئه‌ده‌ین و وێنه‌ی سه‌رۆکیش سه‌ره‌ی دێت بۆسوتاندن، هه‌موو شتێک ته‌ڕه‌ و ئێمه‌ خۆمان به‌و ئاگره‌ گه‌رم دادێنین ودوکه‌ڵ هه‌ڵده‌مژین و به‌سه‌ر قۆڵی چۆغه‌کانمان چڵم و فرمێسک ده‌سڕین و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی ڕیشۆڵه‌کان ده‌که‌ین. کزه‌باکه‌ ئاوازێکی یه‌ک ڕیتمی هه‌یه‌ و بێ پسانه‌وه‌ هه‌ڵ ده‌ورێن و له‌سه‌ر خۆڵه‌ دووره‌کانه‌وه‌ که ‌ڕه‌شده‌که‌نه‌وه‌ له‌و ده‌شته‌دا، داومان ناوه‌ته‌وه‌ بۆ با‌ڵنده‌کان.
هه‌موو شه‌وێک دایکم ده‌سته‌کانم به‌ئاوی گه‌رم ده‌شوات و به‌ وا‌زه‌نین بۆم چه‌ور ده‌کات، تا قڵیشاوه‌که‌ی ساڕێژ بێته‌وه‌، به‌ڵام قه‌ت نابێت، به‌هیوام ئه‌م ئێواره‌یه‌ چه‌ند ڕیشۆڵه‌یه‌ک بگرم و له‌ناو عه‌لادینه‌ دوو چاوه‌که‌ماندا بیبرژێنم به‌ خوێی بۆر و زبره‌وه‌، چه‌ند خرکه‌ به‌ردێکما‌ن لای خۆمانه‌وه‌ مۆڵ کردووه‌ و قۆچه‌قانییه‌کانمان تفه‌نگێکی ئاماده‌ وته‌یاره‌ن‌، تا کۆچی ڕیشۆڵه‌کان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و ئێمه‌ی چه‌تون به‌رده‌بارانیان ده‌که‌ین. ئه‌وان له‌به‌ر ڕه‌شه‌باکه‌ نزم ده‌فڕن بۆ باخی گشتی و له‌وێ پشووده‌ده‌ن، ده‌شزانن ئێمه‌ له‌وێ له‌ بۆسه‌داین بۆیان. خۆزگه‌ توانای لێبوردنتان ده‌بوو لێمان، ئێمه‌ی چه‌تون ئاوا ڕێگه‌مان پێده‌گرتن ملمان هه‌ڵده‌کێشان و دڵۆپی خوێنه ‌گه‌رمه‌کانتانمان ده‌دا له ‌دارلاستیکه‌کانمان تا زۆرتر به‌ختی گرتن و کوشتنی ئێوه‌مان هه‌بێت، هه‌نوکه‌ که ‌بیرله‌ ئێوه‌ی باڵدار ده‌که‌مه‌وه‌ ‌ له‌شم ده‌نیشێته‌ سه‌ر ئاره‌ق و شه‌رم دامده‌گرێت و به‌چۆکدا دێم و داوای لێبوردن ده‌که‌م .
من نازانم ڕیشۆڵه‌کان له‌به‌ر ئێمه‌ی چه‌توون بوو، که‌وا به‌ یه‌کجاری کۆچیان کرد و له ‌سلێمانی نه‌مان یان نا؟ من تا خوێن له‌ جه‌سته‌ما بسوڕێ چاوه‌ڕوانی ئه‌و وه‌ڵامه‌م له‌ ڕیشۆڵه‌کانی سلێمانی، وه‌ڵامێک که ‌ئاسوده‌م بکات و ئارامم بکاته‌وه‌‌. من دڵنیام ڕیشۆڵه‌کان له‌ منداڵه‌ هه‌ژاره‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ده‌گه‌یشتن، بۆیه هه‌میشه‌ یاریان له‌گه‌ڵدا ده‌کردین و لێمان دورنه‌ده‌که‌وتنه‌وه‌. ئه‌وان وه‌ک په‌ڕه‌سێلکه‌کان ڕه‌زا گران نه‌بوون که‌ بۆمان نه‌بوو به ‌لاچاویش تێیان بروانین، چونکه‌ قورئان له ‌ژێر باڵه‌کانیاندا بوو. سه‌رما له‌ناو ئێسکه‌کانماندا ده‌گه‌ڕا، مه‌خابن بۆ ئه‌و ڕۆژانه‌ی له ‌دیواری که‌لاوه‌کان به‌ میز ده‌مان نووسی سه‌دام، هه‌ر ڕێبوارێکیش به‌لامانا تێده‌په‌ڕیی، ئیتر له‌ ترساندا میز پرژێنی ناوه‌که‌ی سه‌داممان ده‌کرد. من له‌ مێژه‌ ده‌مه‌وێ به‌ناو یادگاری منداڵی خۆمدا بڕۆمه‌وه‌، به‌و شه‌قام و کۆڵان و مه‌یدانانه‌دا که ‌سه‌ر ده‌مێکی ته‌مه‌نم لێگوزه‌راندبوو، نازانم داخۆ له‌گه‌ڕانه‌وه‌مدا که‌سێک ئامێزی گه‌رمیم بۆ ئاواڵا ده‌کات یان نا....؟ ئاخر هه‌موو شت گۆڕاوه ! هه‌ر بۆ نمونه‌ ئه‌چمه‌ ئه‌و گۆڕستانه‌ی، که‌ من زێوانی شیعربووم تێیدا دوا شیعری سه‌ر کێله‌کانیم له‌به‌ر بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له ‌ئایه‌ته‌کان، فێریش بووم ده‌ست و خه‌تی جوانیش بناسم، لێ هه‌نوکه‌ گۆڕستان وه‌ک جه‌نگه‌لستانی لێهاتوه‌ له‌ کوێیه‌کدا پێت دابنێیت به‌ر لاشه‌ی مردوویه‌ک ده‌که‌وێت، هه‌نوکه‌ که‌ به‌به‌رده‌رکی سه‌رای شاردا تێده‌په‌ڕم، وه‌ک کوره‌ی هه‌نگ منداڵی بۆیاخچی ده‌بینم، عه‌ره‌بی دزداشه‌ له‌به‌ر ده‌بینم، له ‌زۆرکاتدا بۆیاخچییه‌کان له ‌ڕێبوار و پێڵاو له‌ پێکان زۆرترن، شار چه‌ند قه‌ره‌باڵغ بووه‌، دیموکراسی به‌لێشاو منداڵ ده‌خاته‌ بازاڕه‌وه‌، منداڵی ده‌ست فرۆش، شارێک ‌پڕه‌ له‌ عه‌لاگه‌ فرۆش، شاگردی نانه‌وا، ئاسنگه‌ر بۆیاخچی و ده‌رۆزه‌که‌ر. ئای چه‌ند دنیایه‌کی سه‌یره‌ منداڵانی ئه‌مڕۆکه‌ منداڵانی دوێنێ نیین، منداڵی سه‌رده‌مێکی پڕ له‌ترس و چاره‌نووسێکی نادیارن، به‌ڵام ئه‌و منداڵانه‌ ئه‌و په‌یامه‌یان پێیه‌، وه‌ک بڵێن ئه‌گه‌ر هه‌موو شارستانی دنیا هه‌ره‌س بهێنێ، ئێمه‌ له‌سه‌ر ژیانی خۆمان هه‌ر به‌رده‌وامین. وه‌ك ئه‌وه‌ی بڵێن ژیان له‌م مه‌ڵبه‌نده‌ شۆڕشێکی به‌رده‌وامه‌ ئاوئاسا ناوه‌ستێ، که‌ ئاپوره‌ی خه‌ڵکه‌که‌ی به‌رده‌رکی سه‌را جێده‌هێڵم منداڵان، ده‌نگیان لێهه‌ڵبڕی و گۆرانی بۆ کاره‌کانیان ده‌چڕن، ڕۆژنامه‌ی ئه‌مڕۆ، هه‌واڵێ ووڵاتی نه‌وت، به‌ربونه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌یه‌ک له‌ محاڵه‌وه‌، حه‌ماڵت ناوێ؟ خێرێکم پێبکه‌ تا به‌ مرادی خۆت بگه‌ی، ڕیزی کتێب فرۆشه‌کان جێ ده‌هێڵم تا بزانم زامدار چی له‌سه‌ر دیوار نووسیوه‌، په‌ندی پێشینانه‌، یان کۆپله‌ شیعرێکی توێکڵداریی مه‌حوی، ئه‌وێش جێدێلم. هاوڕێکه‌م ده‌ڵێ ده‌زانی ماڵی شه‌هید ئارام له‌و کۆڵانه‌دایه‌؟ جێگه‌ی چه‌ند گوله ‌یه‌ک به‌سه‌ر دیواره‌کانه‌وه‌ ده‌بینم چه‌ند پۆسته‌رێکی خوساوه‌ و نووسین به‌م به‌روو به‌و به‌ری شه‌قامی سابونکه‌رانی سواغ داوه‌. ده‌مه‌وێ به‌رده‌وام بم و بڕۆم سه‌رێ له‌ پیره‌مێرد بده‌‌م وله‌ مامه‌یاره‌ به ‌پلیکانه‌کاندا سه‌رکه‌وم له‌وێوه‌ له‌ باڵای شار بڕوانم ئای چه‌ند دوورکه‌وتومه‌ته‌وه‌ له‌شار، ده‌چمه‌ سه‌یوان بۆنی دار ئه‌رخه‌وانه‌کان ده‌که‌م، له ‌شه‌هیدان چه‌ند نووسینی سه‌ر کێله‌کان ده‌خوێنمه‌وه‌، له ‌ته‌مه‌نی شه‌هیده‌کان ده‌ڕوانم و ئیره‌ییان پێده‌به‌م، که‌ چه‌ند به‌خته‌وه‌ربوون و مردنێکی جوانیان هه‌ڵبژارد. ئه‌مانه‌ له‌وانه‌ن که‌ قه‌د پیر نابن، دێمه‌وه‌ خواربه‌چرکانێک تێکه‌ڵ به‌گه‌ڕه‌که‌ چڵکنه‌کانی شارده‌بمه‌وه‌، بانگی عه‌سره‌ و له ‌سه‌دان مزگه‌وته‌وه‌ بانگ ده‌ده‌ن. سلێمانی له‌ سعودیه‌ مزگه‌وتی زۆرتره‌، ئه‌م هه‌موو مناره‌یه‌ چییه‌؟ به‌پێی ئه‌م هه‌موو مزگه‌وته‌ بێت نابێ که‌س له‌ که‌س بکه‌وێت و درۆ نابێ بکرێ. من به‌سه‌ردان هاتوومه‌ته‌وه‌ لات، که‌چی ناخم به‌م هه‌موو هه‌واڵه‌ قێزه‌ونده‌ بریندار ده‌بێت، گه‌یشمه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی هیچ شارێک به‌ئه‌ندازه‌ی سڵێمانی بێ ڕۆح نییه‌، ئه‌م هه‌مکه‌ ساختمان و شوشه‌ به‌نده‌ لای من هیچ مانایه‌ک نابه‌خشێ، ئێستا له‌نجه‌ی لق و پۆپی سنه‌وبه‌ره‌ به‌رزه‌کان نابینم، به‌یانیان به‌ده‌نگی کوکوختی به ‌ئاگا نایه‌مه‌وه‌، له ‌ئه‌سحابه‌ سپی بۆنی شه‌مامه‌ ناکه‌م، من هه‌نوکه‌ نامۆم به‌م شاره‌، سه‌رده‌مانێک له‌ناو ئه‌و ژاوه‌ ژاوه‌دا هه‌موو یه‌کمان ده‌ناسی و یه‌کمان خۆشده‌ویست، ئه‌و ده‌م بۆنی چێشتی لێنراو له‌ هه‌موو ماڵه‌کانه‌وه‌ ده‌هات، دوای نیوه‌ڕوان به‌رده‌رگاکان ئاوه‌رشێن ده‌کران، تاک و هه‌نوکه‌ بۆنی ئه‌و گڵه‌ له ‌که‌پومدایه‌، کچه‌عازه‌به‌کان ئاویان پیا ده‌کردین، کچه‌عازه‌به‌کان هه‌ڵیان ده‌گڵۆفتین، دوور له‌ ئێستا هه‌موو شت بۆنی ژیانی لێده‌هات، منیش بۆ خه‌و ده‌چوومه‌ سه‌ربان ئه‌ستێره‌م ده‌ژمارد تا ده‌خه‌وتم ده‌مزانی چه‌ند که‌س مردووه‌ ئه‌ستێره‌ کشاوه‌کانم ده‌ژمارد به‌ جیا، چه‌ند ڕیز گولله‌‌ی ته‌قیو ئاسمانی شاریان ڕه‌نگ ده‌کرد و په‌یامی هاتنی ڕۆڵه‌کانی شاریان ده‌دا به‌گوێی که‌سوکاریاندا.
دایکم له‌چاوه‌ڕوانیدابوو هه‌موو ئێواره‌یه‌ک ژه‌مه‌ خۆراکه‌که‌ی خۆی داده‌نا بۆ میوانه ‌ناوه‌خته‌کانی چیا، له‌ژێر سه‌رینه‌که‌شما مشتێ هه‌ڵماتی شوشه‌ و چه‌قۆیه‌کی ده‌م کول و جوتێ گۆره‌وی بۆگه‌ن له‌ گه‌ڵم ده‌خه‌وتن، له‌ دوریشه‌وه‌ له ‌ڕادیۆی دراوسێ سه‌رخۆشه‌که‌مانه‌وه‌ گوێم له‌گۆرانی سهبری سه‌بری ده‌بوو، چ سه‌رده‌مێکی خۆش بوو ئه‌و ده‌م پۆلیسه‌کان، سه‌گه‌کان، پشیله‌ ڕه‌شه‌کان، شه‌مشه‌مه‌کوێره بزێوه‌کان، به‌کوردی ده‌دوان، دوای ماندووبوون، دوای ئه‌م هه‌موو گۆڕانه‌ به‌سه‌ر ئه‌م شاره‌دا هاتووه‌، هه‌ستم کرد هیچ هێزێک نییه‌ ئه‌و ڕۆژانه‌م بۆ بگه‌ڕێنێته‌وه‌ جاران تاکه‌ مه‌زاتخانه‌ هه‌بوو هه‌نوکه‌ هه‌موو جێگه‌یه‌ک مه‌زات خانه‌یه ‌و هه‌موو شت هه‌راج ده‌کرێ تێیدا، بیرتان ده‌که‌م، بیری ڕێحانه‌ ڕه‌شه‌که‌ی به‌رۆکی دایکم، ملوانکه‌ مێخه‌که‌که‌ی پوره‌ مه‌نیج، گوڵه‌باخه‌ سوره‌که‌ی دراوسێمان، به‌ربوونی زیندانێکان، هاتنه‌وه‌ی حاجێکانی گه‌ڕه‌ک، نانه‌ گه‌رمه‌که‌ی سه‌ر ته‌نور، نوقڵی جه‌ژن، ئاگری نه‌ورۆز، خورمای به‌رات، دوکه‌ڵی مێشه‌که‌، ڕه‌بابه‌ی عه‌ره‌به‌ پێ په‌تێکان، داشقه‌ی نه‌وت، شه‌ڕی ژنانی گه‌ره‌ک و قسه‌ توێکڵ داره‌کانی پیاوه‌ پیره‌کانی گه‌ڕه‌ک، ترسی بینینی مامۆستا، ده‌فته‌ری سرود، ئاخ سلێمانی ئێمه‌ هه‌موو شتمان به‌شۆڕش به‌خشی و شۆڕشیش ئاوای به‌سه‌ر تۆدا هێنا، که‌من نه‌ت ناسمه‌وه‌ و وه‌ک مسافیر بێمه‌وه‌لات، ببوره‌ لێمان سلێمانی .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە