دایه‌ ئه‌م نوێژی غه‌ریبییه‌ بۆ تۆ ده‌که‌م

Monday, 03/05/2010, 12:00


هه‌موو جارێک دایکم ده‌یووت 
هه‌موو جارێک 
خۆزگه‌ کوڕم ، نوێژو شعرو 
ئاشتی،،،باوه‌شیان به‌یه‌کدا ده‌کرد
هه‌موو جارێ
دایکم ده‌یووت ،، کوڕم وه‌ره‌وه‌ نیشتمان 
ئه‌ونیشتمانه‌ی به‌خوێن ،،به‌رگریت لێ ده‌کرد جاران
،،،،،،،
دایه‌ 
من سێ جاران هه‌تیو که‌وتوم
سێ جار هه‌تیو
یه‌که‌مین جار که‌تفه‌نگه‌که‌م دانا
له‌به‌ر ده‌م ئاوێنه‌یه‌کی زۆر
چڵکنا ،ڕوتبومه‌وه‌ 
هه‌تیو که‌وتم ،له‌دوای ئه‌نفال
،،، ،،،،،
دوهه‌مین جار که‌نیشتمانم به‌جێ هێشت
له‌وجێگه‌ی پێی ده‌ڵین سنور
به‌رگه‌ که‌تافێکه‌م داکه‌ند 
له‌ناخه‌وه‌ هه‌تیو که‌وتم
،،،،،
سێ هه‌مین جار 
به‌مه‌رگی تۆ دایه‌ ئیتر 
هه‌تیو که‌وتم هه‌تیو‌ 
،،،
ئێسته‌ خۆم به‌پاکی ده‌ریا ده‌سپێرم
دایه‌ له‌دوای مه‌رگت
لێم ببوره‌ نه‌هاتمه‌وه‌ 
من کۆترێکی باڵته‌زیوی 
په‌ره‌وازه‌م 
تاکات بڕوا من زیاتر باڵم ده‌ته‌زێ
سڕتر ده‌بم
،،،،
دایه‌ نه‌م توانی له‌وێ بم 
دلۆڤانا نه‌ بۆت بسوتێم
من ئیستا هه‌موو شت هه‌ناوم ده‌خۆن
گۆرانی یه‌ پوچه‌کان
ده‌هۆڵه‌ ده‌نگ به‌رزه‌کان
ئه‌نفالی مه‌ڕ 
شه‌قامه‌ خوێناویه‌کانی شار
خیتابی عه‌ره‌بی سه‌رکرده‌کان
دوکه‌ڵی زۆری بێ کارخانه‌
تابێت دورم ده‌خه‌نه‌وه‌ لێت 
دایکه‌ میهره‌بانه‌که م‌
،،،،
دایه‌ ،،،هه‌رکه‌س له‌خه‌می حاڵی خۆیدایه‌ 
سه‌ره‌ بۆیاخکراوه‌کان 
له‌وه‌ڕینی ئه‌وان 
له‌قه‌سیلی دۆلاردا
به‌خته‌وه‌ری ساویلکه‌کان
هه‌ناوم ده‌خوات ،،،دایه‌
،،،،
من له‌به‌ر ویزگه‌ ناشه‌رعێکانی ووڵات
نه‌هاتومه‌ته‌وه‌ بۆلات
هاوڕێکانی شاخ من ناناسنه‌وه‌ 
ئێستا هاوڕێم نین 
هه‌نوکه‌ له‌به‌ر ڕه‌شایی قژیان و چاوی کزیان من ناناسنه‌وه‌ 
دایه‌ تۆ باسی سه‌رده‌مێکی تر ده‌که‌یت 
بۆنی سه‌رده‌مێکی ترد لێ دی 
بۆنی ڕێحانه‌ ڕه‌شه‌ 
بۆنی جاتره‌ ،بۆنی نان
بۆنی سرکه‌یی
بۆنی خومای به‌رات 
،،، 
دایه‌ پێش ئه‌وه‌ی بڕۆی
پێت ووتم ،،
کوڕم پێشمه‌رگه‌کانی هه‌نوکه‌
قه‌ت له‌هاوڕێکانت ناچن
پێشمه‌رگه‌کانی ئێستاکه‌ 
چا ده‌گێڕن
وه‌ک حه‌ماڵی زه‌میله‌یان لێ هاتوه‌
له‌گه‌ڵ خانمی دوهه‌می به‌رپرسه‌کان
دوکان به‌ دوکانی ناوشار ده‌گه‌ڕین و
بار ده‌کرێن و 
نقه‌ ناکه‌ن،،،باخ ئاوده‌ده‌ن 
دایبی منداڵه‌ لوسه‌کان ده‌گۆڕن و 
شه‌وانیش تا به‌ره‌ به‌یان ئێشکانیان ده‌گرن
،،،،،،،
کوڕم وه‌رنه‌وه‌ نیشتمان 
ئاو تینویه‌تی 
نان له‌برسا به‌لادا دێت
ئاخر چاک ده‌زانی 
من له‌و دایکانه‌ نیم به‌ئیمان داری
باری ژیانم سوک بکه‌م 
‌کوڕم وه‌ره‌وه‌ نیشتمان
،،،،
ئێسته‌ من بێمه‌وه‌ بۆکوێ
بۆشار ،،، تۆ له‌داخی شاربوو مردی
به‌بۆنی سێوی ڕزیو مردی
شاریان کردۆته‌ ته‌یمان
له‌وشاره‌دا ئۆقره‌ت نه‌کرد 
دوکه‌ڵ چاوانی کوێر بکات 
تۆی عاشقی خۆر
ئیتر هه‌تاوت نه‌دی له‌ئه‌گریجه‌
سپێکانتا بتوێته‌وه‌ 
ڕه‌شه‌ ڕێحانه‌ت نه‌ده‌خسته‌ سه‌ر 
سنگت
بێ ئاوی ڕێحانه‌کانیان کوشتی 
بێ ئاوی باخچه‌که‌ی وشک کردی دایه‌
ببوره‌ لێم دایه‌ گیانم
من هه‌ست ده‌که‌م ترسنۆک بووم 
خۆپه‌رست بووم ،له‌ئاستی 
تۆو نیشتمانم 
ببوره‌ لێم دایکه‌ گیانم
لێم مه‌بوره‌ نیشتمانم




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە