ئه‌و سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌ی که‌ بۆ نیشتمان گیانی خۆی به‌خشی!

Thursday, 21/04/2011, 12:00


 
















ڕاستی ئه‌وه‌یه‌، مه‌رگ وه‌ک کۆتا سه‌فه‌ری خۆمان وه‌ربگرین،نه‌ک وه‌ک فه‌نابوون و له‌ناوچونێکی ته‌واو (مهاتما گاندی)
بیرم له‌خاکی سوتاو کرده‌وه‌، بۆ خه‌بات دیسان خۆم کۆکرده‌وه‌
دنیام به‌ده‌نگی بڕنه‌وی شانم، له‌شیرین خه‌ودا خه‌به‌ر کرده‌وه‌
گره‌وی مه‌ردیم له‌لوتکه‌ی که‌ژا، به‌خوێن له‌میکی 19 برده‌وه‌

له‌ گوڕستانێکی ماندوو قه‌ره‌باڵغ و چڵکندا ، له‌ژێر ئه‌م چه‌رداخه‌ ژه‌نگاویه‌دا که‌که‌س نازانێ و به‌بیری که‌سدا نایه‌ت ڕه‌نگیچۆنبوه‌‌؟ له‌ناو ئه‌و گۆڕه‌ ته‌نگ و ڕۆچوه‌دا ، لاشه‌یه‌ک که‌ پڕی له‌ هیوا بوو بۆ نیشتمان ڕاکشاوه‌ .ڕۆحی ئه‌و پیاوه‌ جوانه‌ له‌ناو ئه‌و قه‌فه‌زه‌دا زیندان کراوه‌، کات قه‌فه‌زی داڕزاندوه‌ ،کات قه‌فه‌زی ژه‌نگاوی کردوه‌، قه‌فه‌ز ڕێگه‌ی له‌هه‌تاو گرتوه‌ ، جه‌سته‌یه‌ک ، ڕۆحێک که‌ خۆی به‌خشیه‌ نیشتمان ، هه‌تاو لێ ی نادات ،چه‌ند ئاره‌زووم بوو بتوانم یاسایه‌ک ده‌رکه‌م هه‌رچی چه‌رداخی سه‌رگۆڕه‌کانه‌ نه‌یهێڵم و یاسای یه‌کسانی به‌سه‌ر ئازیزه‌کانماندا بچه‌سپێنم ، ئاخر منی مردووی هه‌ژار که‌نه‌توانرێ چه‌رداخێکم بۆ بکرێ و گۆڕه‌که‌م بۆ هه‌ڵببه‌سترێت بۆ جودامان ده‌که‌نه‌وه‌ له‌یه‌ک ، که‌ئێمه‌ ته‌نها له‌مردندا یه‌کسانین . تاتوانیم ئه‌و کۆپله‌ شیعرانه‌ بنوسمه‌وه‌ و له‌و قه‌فه‌زدا ڕزگاریان که‌م زۆری ویست، لام وایه‌ شه‌‌هید خۆی خاوه‌نی ئه‌م هۆنراوه‌یه‌.



مولازم محه‌مه‌د کێیه‌؟
ساڵی 1947 له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی له‌گه‌ڕه‌کی کانی ئاسکان له‌سلێمانی کۆرپه‌یه‌ک چاوی به‌دنیا هه‌ڵده‌هێنێ ، هیشتا بۆن بارووتیجه‌نگی جیهانی دووهه‌م فه‌نا نه‌ببوو، فاشیزم ڕوخابوو ،به‌ڵام شه‌ڕ ترسێک بوو هه‌ر له‌سه‌ره‌ تاتکێدابوو، هه‌موو شتێک له‌قاتیدا بوو ، جه‌نگی جیهانی دووهه‌م هه‌زاران چیرۆکی پڕ له‌ڕوداو و تژی له‌تراژیدیا ی به‌دنیادا په‌خش کردبۆوه‌ ، ئه‌گه‌رچی کوردستانی ئێمه‌ له‌شه‌ڕه‌وه‌ دوور بوو ! به‌ڵام پریشکی شه‌ڕو نه‌هامه‌تی سه‌رزه‌مینی ته‌نی بوو ، تازه‌ش له‌پرسه‌ی که‌وتنی کۆمارێکی جوانه‌مه‌رگا بووین له‌ڕۆژهه‌ڵاتی ووڵاتدا . ئاله‌و ڕۆژگاره‌دا شه‌هید منداڵێک ده‌بێت و له‌گه‌ڵ مه‌ینه‌تێکانی ژیاندا گه‌وره‌ ده‌بێت ، ساڵی 1954 ده‌خرێته‌ به‌ر خوێندن و له‌قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ ده‌ست ده‌کاته‌ خوێندن . پله‌کانی خوێندن به‌سه‌رکه‌وتوی ده‌بڕێت .کاره‌ساتی 9 حوزه‌یرانی 1963 که‌ هاتوچۆ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرێ (منع تجول) ده‌ست پێ ده‌کات ئه‌م گه‌نجێکی 16 ساڵان بوه‌و ئه‌وکاره‌ساته‌ ده‌بێته‌ هه‌وێنی بیرکردنه‌وه‌ بۆی و کاری ته‌واوی له‌سه‌ر کردوه‌و له‌وڕۆژانه‌دا ئیتر ئه‌میش بیری له‌وه‌کردۆته‌وه‌ ببێته‌ پشت و په‌نای گه‌له‌که‌ی و دژ به‌داگیرکه‌ران بێت ، ئه‌وساڵه‌ ئه‌گه‌ر چی هه‌موو قوتابخانه‌کان داده‌خرێن و خه‌ڵکێکی زۆر له‌ناو شاری سلێمانیدا به‌بێ دادگای کردن و بێ بونی هیچ تاوانێک شه‌هید ده‌کرێن . ئه‌م ڕووداوانه‌ کار له‌ ویژدانی ده‌کات و بڕیار ده‌دات خۆی بۆ نیشتمان وتۆڵه‌سه‌ندنله‌داگیرکه‌ران ئاماده‌ بکات ، شه‌هید بڕوای وابوه‌ که‌ ده‌بێ به‌هه‌مان میتودی دوژمن بکه‌ویته‌ شه‌ڕه‌وه‌ ، کاتێک دواناوه‌ندی به‌ پله‌یه‌کی به‌رز ده‌بڕێت که‌چی بڕیارده‌دات بچێته‌ کۆلیژی سه‌ربازی و له‌وێوه‌ خۆی بۆ به‌ره‌نگاری شه‌ڕ دژی دوژمنان و داگیرکه‌ران ته‌یار بکات . من پێم وایه‌ گیڤاراو شۆڕشه‌کانی ئه‌مه‌ریکای لاتین و ئاسیا و پارتیزانه‌کانی یوگسلافیاو گرێکله‌ند و شۆڕشگێرانی جیهان کاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر دانابێت، وه‌ک چۆن کاردانه‌وه‌یان له‌سه‌ر زۆری خه‌ڵکی له‌گێتیدا دانابوو. له‌کاتێکدا شه‌هید ده‌یتوانی کامه‌ کۆلیژ زۆر سه‌خت بوه‌ له‌وێ ده‌ست به‌خوێندن بکات . ساڵی 1968 به‌پله‌ی(ئه‌فسه‌ر) له‌کۆلیژی سه‌ربازی به‌غداد ده‌ر ده‌چێ و ده‌بێته‌ ئه‌فسه‌ر له‌سوپای عێراقدا و ماوه‌یه‌کیش وه‌ک که‌سێکی هاوپشتی به‌ره‌و ئوردن ده‌چێت بۆ یارمه‌تی دانی فه‌له‌ستینێکان و له‌شاری (ئه‌ربد) ده‌مێنێته‌وه‌ ،
له‌و سه‌رده‌مه‌دا بونه‌ ئه‌فسه‌ر هێنده‌ گاڵته‌ جاڕی نه‌بوه‌ ، وه‌کو ئیستا هه‌ر به‌به‌رده‌م سه‌ربازگایه‌کدا بڕۆ و بێده‌نگی هه‌ڵبژێره‌ تۆ ئه‌فسه‌ری تۆ به‌پله‌کاندا سه‌رده‌که‌ویت ،کاتێکیش ده‌قه‌ومێ تۆ یه‌که‌مین که‌سیت که‌ دیار نامێنی !
به‌داخێکی زۆره‌وه‌ که‌ له‌ شۆڕشی کوردا نه‌یان توانی وه‌ یان نه‌یان ویستوه‌ ئه‌رشیف بۆ هیچ ڕوداویان که‌سایه‌تێکانی‌ ناو شۆڕش بکه‌ن ،هه‌ربۆیه‌ نازانرێت داخۆ بۆچی شه‌هید ئه‌و ماوه‌یه‌ له‌ناو سوپادا ماوه‌ته‌وه‌؟ به‌دیوه‌که‌ی تردا که‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندی کردوه‌ به‌بزوتنه‌وه‌ی کورده‌وه‌ ، من له‌ که‌س و کاره‌که‌مه‌وه‌ بیستومه‌ که‌ شه‌هید محه‌مه‌د ئه‌ندامی (کاژیک) بوه‌ ، وه‌ک هێژا کاک (حه‌مه‌ ڕه‌شید هه‌ره‌س) ئاوا باس له‌ شه‌هید ده‌کات (چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا، باسم له‌ نه‌به‌ردی یه‌کیتری به‌تالیۆنێکیتری هێزی خه‌باتکردبوو، که‌ سه‌رکرده‌ که‌ی مولازم محه‌مه‌د (حه‌مه‌ی حاجی ئه‌حمه‌د).ی هاوبیر و هاوپۆلم بوو، که‌ ئه‌و نه‌مره‌ش له‌ پێناوی بیروباوه‌ڕی پیرۆزی کاژیكدا بوو به‌چپاڵه‌ و نێکی مێژوویی کورد، ئه‌گه‌ر پێمکرا، دیسان له‌ئارشیفه‌که‌مه‌وه‌ بڵاوی ئه‌که‌مه‌وه‌ یان سه‌ر له‌نوێ ئه‌و نه‌مره‌ به‌سه‌رئه‌که‌مه‌وه‌).
کاژیک بوون له‌و ده‌مه‌دا پله‌یی به‌رزی تێگه‌یشتن بوه‌و ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌ئازادی و سه‌رفرازی بیریان له‌کیانی نه‌ته‌وه‌ی کردۆته‌وه‌ ، به‌دوای ئه‌وپرسیاره‌دا وێڵ بوون که‌ نیشتمانه‌و له‌خه‌می ئه‌وه‌دابوون که‌ کوردیش وه‌ک نه‌ته‌وه‌ خودانی خاکێکی ئازادو جوگرافیایه‌کی دیاری کراوبێت و نیشتمانی کوردهه‌بێت به ‌ئازادی که‌ کوردستانه‌ .بیرۆکه‌ی نوسینی ئه‌م بابه‌ته‌ ته‌نها ئه‌وه‌ نی یه‌ که‌ ئه‌م شه‌هیده‌ (پورزا)ی منه‌و من ده‌بێ ئه‌رکی خزمایه‌تی بکێشم ، نا لای من ئه‌مکه‌سه‌ تاکێکی نمونه‌ی هێنده‌ جوان بوو هه‌موو ڕۆژێک له‌چاوه‌ کزه‌کانی دایکمه‌وه‌ سیمای ئه‌م شه‌هیده‌م ده‌دی ، ئێمه‌ دوا سوێندی بڕوابوونمان له‌ماڵه‌وه‌ گۆڕی ئه‌م که‌ڵه‌ پیاوه‌ بوو ، پاشانیش دایکم تا ماڵ ئاوای له‌ژیان کرد به‌رگی ڕه‌شی بۆ پۆشی ، هه‌ستی منداڵی جوانترین شتێکه‌ که‌مرۆڤ راست گۆی تێدا ده‌بینێت ، کاتێک بڕیارم دا ئه‌م بابه‌ته‌ بنوسم به‌کۆڵانه‌ تاریک و تونه‌کانی منداڵیمدا ڕۆچووم ته‌نها یادگاریه‌ک که‌ لام گه‌ڵاڵه‌ بوو و بیرم که‌وته‌وه‌که‌له‌ پۆلی یه‌کی سه‌ره‌تایم بووم ، به‌نده‌ زۆرم قین له‌چونی قوتابخانه‌ بوو، کاتێک ده‌چوومه‌ قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ ملپێچێکی باوکمم له‌ملدا بوو ، که‌ بۆنم ده‌کرد خۆم بۆ نه‌ده‌گیرا و ده‌ستم ده‌کرده‌ گریان و غه‌ریبی باوکم ده‌کرد ،چونکه‌ ملپێچه‌که‌ بۆنی باوکمی لێ ده‌هات . ئه‌گه‌ر چی ماڵه‌که‌مان هه‌مووی چه‌ند سه‌د مه‌ترێک له‌قوتابخانه‌ی گۆیژه‌وه‌ دور بوو . یه‌ک دووجار ڕێگه‌یان پێدام که‌ بڕۆمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، ڕه‌نگه‌ ئه‌مه‌ فێڵێکی منداڵیشم بێت بۆ خۆ دزینه‌وه‌ له‌قوتابخانه‌.
سپێده‌یه‌ک شه‌هید به‌به‌رگی ئه‌فسه‌رێوه‌ له‌حه‌وشی ماڵه‌وه‌دابوو ، به‌نیازی چونه‌ ده‌ره‌وه‌ ، ئاخرئێمه‌ له‌ماڵی پورما ده‌ژیاین ، له‌به‌ر هه‌یوانه‌که‌دا له‌ته‌نیش دایکمه‌وه‌ دانیشتبووم تریتی چاو کولێره‌م ده‌خوارد ، شه‌هید پرسیاری لێم کرد ئه‌وه‌ نه‌چویت بۆ قوتابخانه‌ ؟
دایکم وه‌ڵامی دایه‌وه‌ که‌من هیچ ئاره‌زووی قوتابخانه‌ ناکه‌م و نامه‌وێ بچم ، لێم هاته‌ پێشه‌وه‌ ووتی ده‌توانم پرسیارێکت لێ بکه‌م؟



ده‌ته‌وێ چاوانت کوێر بێت ؟ له‌جێ ی ئه‌وه‌ گۆچانێک هه‌ڵگری ؟
له‌وه‌ڵامدا ووتم نا ، نامه‌وێ کوێر بم ، ووتی ده‌زانی گه‌ر نه‌چیت بۆ قوتابخانه‌و نه‌خوێنی وه‌ک ئه‌وه‌ وایه‌ چاوانت نه‌بینێت ؟ ئه‌وه‌ سه‌ره‌تاو دوا وانه‌ بوو من له‌و شه‌هیده‌وه‌ فێر بووم .پاشان پێ ووتم بڕۆ بزانه‌ که‌ی پاسه‌که‌ دێت ، که‌ هات بانگم که‌ .
له‌ناو ده‌رگاکه‌دا وه‌ستام تا ده‌رکه‌وتنی پاسه‌ سوره‌ گه‌وره‌که‌ و بانگم کرد ، که‌گه‌وره‌بووم ئینجا زانیم ئه‌و حه‌زی به‌وه‌ نه‌ده‌کرد خه‌ڵک به‌به‌رگی ئه‌فسه‌رێوه‌ بیبینێت و خوێنه‌وه‌ی تری بۆ بکه‌ن .که‌چی ئیستا سه‌دان ئه‌فسه‌ر به‌به‌رگی سه‌ربازێوه‌ له‌سه‌یران و له‌ناو پاس و سه‌رشه‌قام و سینه‌ماو چێشخانه‌کانیش ده‌ بینیت و که‌سیش شه‌رم له‌خۆی ناکات و خۆیان به‌ناپلیۆنیش ناگۆڕنه‌وه‌!
کاتێکیش زانرا به‌عسێکان نێتیان پاک نی یه‌ له‌ گفتوگۆدا و ته‌نها کات به‌سه‌ر ده‌به‌ن ، چه‌ند ئه‌فسه‌رێکی کورد په‌یوه‌ندیان کرد به‌ شۆڕشی کورده‌وه‌ ،له‌وانه‌ (شه‌هید ملازم محه‌مه‌د، شه‌هید ئه‌نوه‌ری مه‌جید سوڵتان ، حسێن فه‌یزوڵا به‌گ هتد ، پاشان هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ له‌هێزی خه‌بات ده‌ست به‌کار بوو ، وه‌ک جێگری فه‌رمانده‌ی هێزی زمناکۆ له‌ناوچه‌ی ده‌ربه‌ندیخان . ساڵی1974 بووه‌ جێگری فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆنیشه‌هید (عومه‌ری ساڵح مه‌نسور)له‌شارباژێڕ له‌ماوه‌یه‌کی کورتا بوو به‌فه‌رمانده‌ی ئه‌و به‌تالیۆنه‌ . ئه‌وه‌ شه‌ڕه‌ به‌ناوبانگه‌که‌ی ئه‌زمه‌ ڕ بوو ئه‌و پله‌یه‌ی پێ به‌خشی ، له‌سه‌ره‌تای مانگی یه‌نی وه‌ری 1974 وه‌ک ‌فه‌رمانده‌ی هێزێک له‌پێنجوێنه‌وه‌ چوه‌ ناوچه‌ی سه‌ر کردایه‌تی که‌ ئه‌و کاته که‌ شه‌ڕێکی به‌رده‌وامی به‌هێز له‌و ناوچه‌یه‌دا بوو‌ ، له‌گه‌ڵ ڕه‌تڵه که‌‌دا شه‌هیدان بێستونی مه‌لاعومه‌ر و شه‌هید هه‌ڵۆ هه‌ڵه‌نجه‌ی له‌گه‌ڵدا بوو ،پاشان له‌ به‌رواری 7.10.1974له‌چیای زۆزک له‌ شه‌ڕێکی قاره‌مانانه‌و که‌م وێنه‌دا گیانی به‌خشیه‌ خاک و نیشتمانه‌که‌ی.
کاتێکیش راپه‌ڕین کراو به‌شێکی کوردستان له‌به‌عسێکان پاککرایه‌وه‌ و سلێمانی هه‌ناسه‌ی ئازادی هه‌ڵکێشا ، شه‌هید وێنه‌یه‌کی گه‌وره‌ی له‌به‌رده‌رکی سه‌رای سلێمانی بۆ هه‌ڵواسرا له‌سه‌ر سه‌ربانی کتێبخانه‌ی سلێمانی ، دیاره‌ به‌رده‌رکی سه‌را وه‌ک سمبوڵێک بۆ کرۆکی شاروو مێژووه‌ خوێناویه‌که‌یه‌تی، به‌ڵام کاتێک شه‌ڕی براکان ، یاخود (شه‌ڕی ناوخۆ) ده‌ستی پێکرد وێنه‌که‌ی ئه‌ویش له‌به‌ر چاوان وونبوو بۆ هه‌تا هه‌تایه‌ و گه‌لێک سۆرخ کرا که‌وێنه‌که‌ وه‌رگرنه‌وه‌ به‌ڵام وه‌ک له‌ته‌ورادا ده‌ڵێت (هیچ تاوانێک له‌به‌ر ڕۆشنایی ڕۆژدا ناکرێت) ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ بۆخۆی خوێندنه‌وه‌ی جدی ده‌وێت، من بۆ خۆم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم

شه‌قامی شار بکرێته‌ ئه‌لموومی شه‌هیده‌کان، به‌ڵام ده‌بێ ده‌سه‌ڵات بزانێت بریندار کردنی که‌سه‌کان له‌کوێدای هاوکێشه‌کانه‌و چ مانایه‌کی ده‌بێت، ده‌کرێ ده‌سه‌ڵاتی کوردی پڕۆژه‌یه‌کی هه‌بێت بۆ ئه‌رشیف کردنی هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ بێ جیاوازی باوه‌ڕ
که‌خۆیان له‌پێناوی کوردستاندا به‌خشیوه‌ کۆبکرێته‌وه‌ ، ئه‌وه‌ سه‌د قات چاکتره‌ له‌و هه‌موو ڕۆژنامه‌ زۆرو زه‌وه‌نده‌ی که‌س نای خوێنێته‌وه‌ و که‌س سه‌یری ناکات و پاره‌ی نیشتمانیشی بۆ به‌هه‌ده‌ر ده‌ده‌ن ، خۆش به‌ختانه‌ پارتی کرێکارانی کوردستان له‌سه‌ره‌تای دروست بونیانه‌وه‌ ده‌رکیان به‌وه‌ کردوه‌ و بۆیه‌ هه‌ر که‌سێک ده‌بێته‌ گه‌ریلا ئه‌وان وێنه‌و ژیان نامه‌ی تۆمار ده‌که‌ن که‌گه‌ریلاکه‌ به‌ده‌ستی خۆی ده‌ینوسێته‌وه‌ . کێ هه‌یه‌ بزانێ ئه‌و 600 پێشمه‌رگه‌یه‌ ناویان چی بوو،مێژوویان چۆن بوو که‌ ئاشبه‌تاڵ بوو خۆکوژیان کردو شه‌هید بوون . کامان ده‌توانین ناوی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ بزانین که‌ له‌شۆڕشی کوردا گیان به‌خشیه‌ نیشتمان ؟ به‌خشینی ژیان به‌نیشتمان گه‌وره‌ترین ئازایه‌تی یه‌ ،گرنگ نی یه‌ ئه‌و به‌خشنده‌یه‌ له‌ناو په‌رله‌مان داده‌نرێت یاخود بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌بیر ده‌کرێت ، به‌ڵام ڕۆح قه‌ت نافه‌وتێت ئه‌وه‌ ڕۆحی جوانی شه‌هیده‌کانه‌ که‌ئه‌مڕۆ گه‌نجه‌کان فێر ده‌که‌ن بلێن به‌سه‌ هه‌راجی نیشتمان و به‌سه‌ به‌بیابان کردنی کوردستان. گاندی به‌گاڵته‌ ناڵێ (ئازاکان ته‌نها یه‌ک جار تامی مه‌رگ ده‌چێژن).

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە