دایکم یارمه‌تیی دام له‌وه‌ی نه‌بم به‌ دز و درۆزن، ده‌رزییاژنی ده‌سته‌کانی کردم !

Friday, 24/06/2011, 12:00


ئایا ئێوه‌ له‌چاوی منداڵێکی شه‌ش ساڵانه‌وه‌ دایکێکی جه‌لادتان دیوه‌؟
که‌ منداڵ بووم هه‌میشه‌ بیرم له‌وه‌ده‌کرده‌وه‌ چۆن بتوانم تۆڵه‌ی ده‌سته‌کانم له‌دایکم بکه‌مه‌وه‌، دایکم وه‌ک جه‌لادێک وه‌ک دڕنده‌یه‌ک سه‌یرم ده‌کرد . چیرۆکی ئه‌و ئێواره‌یه‌م هه‌رگیز بیر ناچێته‌وه‌، که‌ دایکم هه‌ردوو ده‌ستمی خه‌ڵتانی خوێن کرد هێنده‌ی ده‌رزی کرد به‌ده‌سته‌کانما، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش هه‌ڕه‌شه‌ی لێکردم که‌ ئه‌و نهێنیه‌ لای که‌س نه‌درکێنم ، یان بۆم نییه‌ باسی بکه‌م ، که‌ بۆچی وای لێکردووم.
ئه‌و ئێواره‌یه‌ به‌ده‌م هه‌نسک و برسێتێوه‌ خه‌وم لێکه‌وت . به‌یانێکه‌شی ده‌یان ورده‌ برینم دی، که‌ له‌ سه‌ر ده‌سته‌کانم نه‌خشه‌یان کێشابوو خوێنه‌که‌ قه‌تماخه‌ی کردبوو ڕه‌ش ده‌چونه‌وه‌، ئه‌وده‌م له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دابووم تۆڵه‌ له‌دایکم بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ گه‌وره‌بوونمدا ستایشی دایکم و ده‌رزێکانیم کرد، به‌ڵێ له‌ سلێمانی ماڵمان له‌ شه‌قامی مه‌وله‌وی بوو له‌ خانویه‌کدا، که‌ لایه‌کیان تێک دابوو خه‌ریکی دروست کردنی بوون، لالۆیه‌کی گه‌رمیانی به‌ که‌وا و سه‌ڵته‌یه‌کی شینه‌وه‌‌ له‌ سه‌ر سینیه‌کی گه‌وره‌ ورده‌واڵه‌ی ده‌فرۆشت. بنێشت، گڵۆبه‌ڕۆژه‌، نوقڵی ترش و شیرین، ده‌نکه‌ کوله‌که‌، ڕه‌حه‌ته‌لقوم، پسکیتی زه‌رد... هتد. ئه‌و ده‌م پاسه‌کان له‌وێوه‌ ده‌چوونه‌ جێگاکان و گه‌ڕه‌که‌کانی تری شار. به‌رده‌می ماڵه‌که‌مان له‌ سه‌ر شه‌قامی مه‌وله‌وی سه‌ر پرده‌که‌ ویزگه‌ی پاسه‌کان بوو، مامه‌ی پیره‌ ته‌مه‌نی هه‌بوو، نازانم ناوی چی بوو، به‌ڵام بیرمه‌ ئه‌و ماوه‌یه‌ پێنج فلسی ڕۆژانه‌که‌م لای ئه‌و ده‌دا به‌ پسکیتی زه‌رد . سیمای ئه‌و پیاوه‌ نورانییه‌م تاکو ئیستا له‌به‌ر چاوه‌ ، ئێوارانیش سینیه‌که‌ی له‌ناو داره‌ڕاکاندا داده‌نا و نایلۆنێکی ده‌دا به‌سه‌ردا و به‌لاستیکێکی ڕه‌ش ده‌وری کڵۆم ده‌دا ، دوای ئه‌وه‌ی که‌ دایدا من ده‌م زانی و چاوه‌ڕوانی ڕۆشتنیم ده‌کرد ، یه‌ک دوو ئێواره‌ من ده‌چوم چنێک نۆک ، یان گوڵه‌به‌ڕۆژه‌م ده‌ر ده‌هێنا و ده‌ستم ده‌کرده‌ تروکاندنی ، وا بزانم سێ هه‌مین ئێواره‌ی دزییه‌که‌م بوو ده‌نکه‌ کوله‌که‌م له‌مستی چه‌پدا بوو دایک دیمی و پرسیاری لێم کرد ئه‌وه‌ چی ده‌خۆم؟ داوای کرد که‌ پیشانی بده‌م ،  ساده‌ چومه‌ به‌ر ده‌می و ده‌سته‌کانم کرده‌وه‌ و ویستم ده‌نکه‌ کوله‌که‌که‌ له‌گه‌ڵ دایکم به‌ش بکه‌م ، له‌ هزری خۆمدا ووتم خۆ ئه‌گه‌ر لای باش بوو ده‌توانم زیاتریشی بۆ بێنم ، بۆ یه‌که‌مین جار و دواجاریشم بوو وه‌ک فاقه‌ ده‌ستی گرتم و به‌دوای خۆیدا ڕایکێشام بۆ ژووره‌وه‌ ، ئه‌و ده‌م وام ده‌زانی هه‌ر باوکم هێزێکی ئه‌فسانه‌ی تێدایه‌ ، به‌ڵام دایکم له‌چاو قۆڵه‌ باریکه‌کانی مندا پاڵه‌وان بوو ، نازانم ئه‌و ده‌رزیه‌ سنجاقه‌ی چۆن له‌ که‌واکه‌ی کرده‌وه‌ و ده‌ستی چه‌پی منی ده‌رزی باران کرد ئه‌و ده‌سته‌ی پڕ بوو له‌ناوکی کوله‌که‌ی برژاوی ڕه‌نگ زه‌رد .
ده‌یقیژان نه‌عره‌ته‌ی لێ ده‌دا و لێمی ده‌یپرسی به‌کامه‌ ده‌ست ده‌رت هێناوه‌ و دزیوته‌ ؟ له‌ تاو ئازار ده‌م ووت به‌ده‌ستی ڕاست ، ئه‌و جه‌لاده‌ ده‌ستی ڕاستیشمی ده‌رزیا ژن کرد و هاوارم ده‌گه‌یشته‌ که‌شکه‌لانی فه‌له‌ک ، چڵم و لیک و فرمێسکه‌که‌م تێکه‌ڵی یه‌ک ببوون ،ئامبازی سه‌رمم ببیوو ده‌یووت تۆ کوڕی من بیت چۆن دزی ده‌که‌یت ؟ من ووشه‌ ی دزیم نه‌ده‌زانی و دایکیشم هیچ نه‌ده‌چوو به‌گوێیدا ، که‌ئه‌م ووت نه‌م دزیوه‌ ! ئه‌و ده‌یووت به‌چاوی خۆم دیم ، دزی ده‌که‌یت و درۆش ده‌که‌یت! بۆ به‌یانی گرێی ‌فه‌قیانه‌که‌ی کرده‌وه‌ و ده‌فلسییه‌کی دامێ و ووتی بیده‌ره‌ ده‌ست مامه‌ی پیره‌ و بڵێ من ناوکی کوله‌که‌م هه‌ڵگرتوه‌. چه‌ند لێی پاڕامه‌وه‌ سودی نه‌بوو . ئه‌وکاته‌ مه‌رگی خۆمم به‌ئاوات ده‌خواست . له‌دوای ئه‌وه‌ وه‌ چه‌ند جار له‌ ڕێگه‌ و بانیش که‌ پاره‌م ده‌دۆزیه‌وه‌ هه‌ڵم نه‌ده‌گرت ئه‌گه‌ر چی به‌قه‌ده‌ر هه‌موو دنیاش پێویستیم پێ بوو ، کاتێکیش ماڵمان چووه‌ خانووه‌کانی کارگه‌ی جگه‌ره‌ ماوه‌یه‌ک تا قوتابخانه‌ی ئاراس کرایه‌وه‌ من بۆ قوتابخانه‌ی گۆیژه‌ ده‌چوم ، ئێواره‌یه‌ک که‌ گه‌وره‌ش ببووم و له‌ ‌پۆلی پێنجه‌م بووم ، سه‌د فلسییه‌کم له‌ناو پاسه‌که‌دا دۆزێوه‌ به‌جابێکه‌م ووت ئه‌و سه‌دفلسیه‌م دۆزیوه‌ته‌وه‌ ‌ ، به‌خوا دۆزیمه‌وه‌! لێی وه‌رگرتم و له‌جانتاکه‌ی به‌ر کۆشیدا ده‌فلسیه‌کی دارخومای تازه‌ی داپێم و ووتی ئه‌وه‌ش (به‌خشیش) ده‌مویست لێ وه‌ر نه‌گرم پێی ووتم کاتمان لێ مه‌گره‌ ، وه‌ری گره‌ و نۆشی که‌ ، ڕه‌نگه‌ یارۆی جابی منی به‌ گه‌مژه‌ زانیبێ ، به‌ڵام ده‌بوو من چیم بکردایه‌ له‌و سه‌د فلسیه‌؟ دایکم نه‌ی هێشت من ببمه‌ دز و ئیستا به‌شێک ده‌بووم له‌و که‌سانه‌ی له‌هه‌راجی نیشتماندا پشکی شێریان له‌دزی پێ بڕاوه‌ .
کاتێک بیر له‌دایکم و ئه‌و په‌روه‌رده‌ جه‌لادیانه‌ ده‌که‌مه‌وه‌ ، له‌به‌رده‌م دووڕیانێکی گومان و ئافه‌ریندا ڕاده‌وه‌ستم. ده‌کرێ دایکه‌ هه‌ژاره‌که‌ی من له‌ باتی ده‌رزییاژنی کوڕه‌ شه‌ش به‌هار ته‌مه‌نه‌که‌ی زمانێکی شارستانی تری بدۆزیایه‌ته‌وه‌ و له‌خراپی ئه‌و کرده‌وه‌یه‌ی بگه‌یاندمایه‌، به‌دیوه‌که‌ی تریشدا دایکێکی نه‌خوێنه‌وار له‌ناو جه‌نجاڵی کرۆکی شاردا له‌وه‌ زیاتری لێ چاوه‌ڕوان ناکرێ و نه‌ده‌کرا، به‌ڵام ئیستا و له‌گه‌وره‌بوونیشما ده‌ڵێم سوپاس دایکه‌ کۆچ کردووه‌که‌م تۆ به‌ربه‌ستێکت دروست کرد من دووشتی دزێو که‌ نه‌یکه‌م ، دزی و درۆ، دایکم له‌گه‌ڵما ناوکی کوله‌که‌که‌ی بکرمانایه‌، ئیستا منیش دزێک ده‌بووم له‌وانه‌ی که‌ چنگیان ناوه‌ته‌ هه‌ناوی ووڵاتێک و دارو به‌ردی ده‌دزن و هه‌راجی ده‌که‌ن ، کێ ده‌ڵێ هه‌ر له‌ هه‌رزه‌ییمدا توشی زیندان و ڕاوه‌دونان نه‌ده‌بووم؟ دایکم لێم گه‌ڕایه‌ درۆبکه‌م و حاشا له‌و دزییه‌ بکه‌م ، ئیستا من درۆزنترین که‌س ده‌بووم، که‌ به‌درۆکردن ڕووی داگیرکه‌رانی کوردم دڵخۆش ده‌کرد .

له‌کۆی ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌دا پرسیارێک له‌ لام گه‌ڵاڵه‌ بووه‌ و ده‌پرسم داخۆ ئه‌وانه‌ی دزیی ده‌که‌ن و درۆ که‌ره‌سه‌ی خاویانه‌، دایکیان ده‌ستیانی ده‌رزیاژن کردوون؟ یان بڵێی ئه‌و دزه‌ گه‌ورانه‌ خاوه‌نی دایکی خۆیان بووبن ؟ ئه‌مه‌ ته‌نها پرسیاره‌ و هیچی تر !


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە