ته‌رمی پێشمه‌رگه‌یه‌ک له ناو ‌شووشه‌دا

Wednesday, 07/04/2010, 12:00


که‌ گه‌یشتم ، خۆم و پاسپۆرتێکی یۆنانی. له ‌ویزگه‌ گه‌وره‌که‌ تابلۆی ناوی ئه‌و شاره‌م
ده‌خوێنده‌وه‌، نه‌م زانی ئیتر ئێره‌ ده‌بێته‌ نیشتمانێک تێیدا نیوه‌ی زیاتری ته‌مه‌نم هه‌ڵده‌لوشێ و ده‌بێته‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ی بۆ کوێ بڕۆم بیری ده‌که‌م. باران به کاوه‌ خۆ شاری ده‌شته‌وه‌ ،باران هه‌موو جێگه‌کانی ته‌ڕکردبوو . ڕێبواره‌ به‌رگ ڕه‌نگا و ڕه‌نگه‌کان خێرا ده‌چوون وه‌ک ئه‌وه‌ی به‌دوای شتگه‌لێکه‌وه‌ وێڵبن .
من له‌شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ دابه‌زیم نه‌م ده‌زانی بۆ کوێ ده‌چم سه‌یری کاتژمێره‌ گه‌وره‌که‌م کرد یازده‌ی پیشان ده‌دا، له‌چه‌تره‌ ره‌نگاو ره‌نگه‌ ته‌ڕه‌کانم ده‌ڕوانی به‌ده‌ستی ڕێبوارانه‌وه‌ . چوومه‌ ناو ویزگه‌ زه‌به‌لاحه‌که‌وه‌ تا بتوانم ئه‌و100دۆلاره‌ی له‌مشتمابوو بگۆڕم به‌ پاره‌ی سوئیدی. من نه‌م ده‌زانی له‌کوێ ده‌توانم بیگۆڕمه‌وه‌. به ئنگلیزیه‌ شڕه‌که‌م له‌که‌سێکم پرسی بانک له‌کوێیه‌ ، وه‌ڵامێکی هێنده‌ خێرای دامه‌وه‌ هیچ حاڵی نه‌بووم . له‌سه‌ر کوریه‌کی زۆر پاک لای به‌رمیلێکی خۆڵه‌وه‌ دانیشتم تابتوانم پاشماوه‌ی
بلێتی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌که‌ فڕێده‌مه‌ ناویه‌وه‌ ، وام ده‌زانی هه‌موو که‌س له‌من ده‌ڕوانێ و هه‌موو که‌س ده‌زانێ من لێره‌ قاچاغم ، ناهه‌قم نه‌بوو له‌ژیانما خه‌ڵکانی ئاوا به‌هه‌ڵپه وجێگه‌ی ئاوا پاک و پوختم نه‌دیبوو، له‌وان جواده‌بوومه‌وه‌ به‌سیمامدا به‌جانتاکه‌ی پێم بوو.
من وتم ده‌ڵێی هه‌مووشت نوێژیه‌ لێره‌ ، سه‌یربوو لام لێزمه‌ی ئه‌و بارانه‌ زۆره‌ ، که‌چی بۆ چاوه‌زاریش تۆزقاڵێک قوڕتت نه‌ده‌دیوه‌ ، دانیشتبووم که‌سێک له‌ولاوه‌ دانیشت جگه‌ره‌یه‌کی پێکرد و له‌منی ده‌ڕوانی ، ئه‌وسا له‌هه‌موو جێگه‌ ئازادانه‌ جگه‌ره‌ ده‌کیشرا ، منیش به‌فرسه‌تم زانی چونکه‌ ئه‌و بێگانه‌بوو نه‌قژی کاڵی هه‌بوو نه‌ سیمایه‌کی سپی ،ڕووم تێکرد و من دڵنیابووم که ‌ئه‌مه‌ کورده‌، ئه‌گه‌ر نا خه‌ڵکی ڕۆژهه‌لاته‌، فارسه‌ یان ئه‌فغانی.
ووتم: ده‌توانی بانکم پشان بده‌ی ؟
ووتی خه‌ڵکی کوێیت ؟ تازه‌هاتووی؟ بۆلای کێ هاتووی؟
هه‌ردووکمان ده‌ووت چه‌ند ساڵه‌ یه‌ک ده‌ناسین ، که‌وتینه‌ قسه‌کردن، له‌سیره‌وه‌ تاپیازم بۆ گێڕایه‌وه‌ و ئه‌ویش وه‌ک من بۆ که‌سێک ده‌گه‌ڕا قسه‌ی بۆ بکات و گوێی لیبگرێت.
پێشم ووت: ده‌بێ ڕێگه‌م پیشان بدات تاخۆم لێره‌بناسێنم ، چی بکه‌م چی بڵێم باشه‌ ؟ ئه‌و له‌ مێژبوو لێره‌ هه‌واری هه‌ڵدابوو . ئه‌و پێی ووتم هه‌موو که‌س ده‌زانێ تۆ له‌ووڵاتێکی تروه‌ هاتوویت ،چاکتره‌ چه‌ند ڕۆژێک لای من بیت ، من ته‌نهاده‌ژیم ،ئه‌ویش
به‌سه‌رهاتی خۆی بۆباسکردم ، که‌ خه‌ڵکی شاری مهاباده ‌و له‌یه‌که‌م ڕۆژه‌کانی شۆڕشه‌وه‌ نیشتمانی جێهێشتوه‌ ژنی هه‌بووه‌ و ژنه‌که‌ی جێی هێڵاوه‌ کچێکی هه‌یه‌ و کچه‌که‌ی ناوی په‌پوله‌یه‌ و له‌گه‌ڵ دایکیداده‌ژی.
من له‌گه‌ڵیدا چووینه‌وه‌ بۆماڵه‌که‌ی. باران هه‌ر ده‌باری باران بواری نه‌ده‌دا ئه‌و ووتی ئه‌م شاره‌ وه‌ک له‌نده‌ن وایه‌ بارانی لێنابڕێت .
زۆر زوو دنیا تاریک بوو ئه‌و نه‌یهێشت من پاره‌که‌ بگۆڕم و ووتی پێویستت پێ نییه‌ جارێ
من ماندوو بووم هه‌موو دوێنێ شه‌وله‌ناو شه‌مه‌نده‌فه‌ردابووم ، هاوڕێکه‌م زۆری حه‌ز له‌یاری تاوڵه‌ده‌کرد چه‌ند ده‌ست تاوڵه‌مان به‌ده‌م قسه‌کردنه‌وه‌ کرد، لای وابوو من شانسم زۆره‌و زاره‌کان که ‌هه‌ڵی ده‌ده‌م به‌ختم دیاری ده‌کات ،داوام له‌هاوڕێکه‌م کرد ئه‌گه‌ر مۆڵه‌تم بدات ده‌مه‌وێت بخه‌وم . نازانم چۆن و که‌ی خه‌وم لێکه‌وت ؟ به‌لام کاتێک به‌ئاگا هاتم خانه‌ خوێکه‌م دی به‌خێرای و به‌هنگه‌ شه‌لێ گه‌ڕایه‌وه‌ سه‌ر ته‌ختی خه‌وه‌که‌ی جگه‌ره‌یه‌کی داگیرساند ڕۆشنایه‌کی ڕوناکی له‌تاریکێکه‌دا جێ ده‌هێش، که ‌مژی له‌جگه‌ره‌که‌ی ده‌دا لای من ده‌بووه‌ ‌تابلۆیه‌کی سوریالی، حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌بوو له خانه‌خوێکه‌م پرسیار بکه‌م بۆ به‌هه‌نگه‌ شه‌لێ ده‌ڕوات، بۆ لایه‌کی ده‌مو چاوی جێگه‌ی برینه‌؟
ڕۆژگار ڕۆی و له‌گه‌ڵ هاوڕێکه‌م سه‌دان جار پێکه‌وه‌ دانیشتین و تاوڵه‌مان کرد زانیم هه‌موو شت له‌باره‌یه‌وه‌، زانیم مینێک له‌یه‌کێک له‌گونده‌کانی نزیک شاری مهاباد پێدا ته‌قتوه‌ته‌وه‌ و قاچی چه‌پی بردوه ‌و خۆشی زامدار بوه‌ و ڕێکه‌وت هێناوێتی بۆ ئه‌م نیشتمانه‌ سه‌هۆڵ به‌ندانه‌ ، ئیتر ڕۆتینی ژیان و کاروبارو خێزان و مانه‌وه‌م من و هاوڕێکه‌می له‌یه‌ک دوورخسته‌وه‌ ئه‌و له‌ من به‌ته‌مه‌ن گه‌وره‌تربوو. خواردنه‌وه‌ و جگه‌ره‌ باشترین هاوڕێی که‌سی بوو ، نه‌خۆشی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوو جارێک به‌ڕێکه‌وت دیم و له‌گه‌ڵیا ڕۆشتمه‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ی وێنه‌یه‌کی سه‌رده‌می شاخی له‌چوارچێوه‌یه‌کدا هه‌ڵواسیبوو ، له‌وێنه‌که‌م ده‌ڕوانی، پێی ووتم: (خۆزگه‌ له‌دوای ئه‌و وێنه‌یه‌م ژیان ده‌وه‌ستا وئه‌م هه‌موو کاره‌ساته‌م نه‌ده‌ده‌ی).
من هه‌رجارێک هاوڕێکه‌م ده‌دی کۆڵێک خه‌مم ده‌خوارد به‌ڵام هه‌رگیز پێم نه‌ده‌وت هاوڕێم بۆ وات لێهات بۆ واپیر بووی؟ ئه‌ی بۆ ناگه‌ڕێیته‌وه‌؟ ده‌شێ ئیستا هه‌مووکه‌س کارت و ته‌نانه‌ت ڕژێمیش لێت ببورێ. نه‌م ده‌زانی پلانی چی هه‌یه‌ به‌ڵام ده‌مزانی کوردستان و مهابادی چه‌ند خۆش ده‌وێ.

پێش چه‌ند مانگێک که ‌له‌کار گه‌ڕامه‌وه‌ پۆستێکم بۆ هاتبوو ته‌نها په‌ڕه‌یه‌ک بوو، که‌ بچم پۆسته‌که‌ بێنم که‌ چووم جێگه‌که‌م دۆزێوه‌ نامه‌یه‌ک و شوشه‌یه‌کی پڕ له‌خۆڵه‌مێشیان دایه‌ده‌ستم ووتیان له ‌وه‌سێته‌که‌یدا ووتوێتی خۆڵه‌که‌م بده‌نه‌ ده‌ست ئه‌و خزم و هاوڕێیه‌م منیش وه‌رم گرت نامه‌که‌م کرده‌وه‌ دڵم به‌خێرایی لێی ده‌دا له ‌نامه‌که‌دا نوسیبووی:
(دوای سڵاو
زانیم که‌ بردنه‌وه‌ی لاشه‌که‌م بۆ نیشتمان زه‌حمه‌ته‌ و پاره‌یه‌کی زۆری تێ ده‌چێت، بۆیه‌ وه‌سێتم کرد، که‌ بم سوتێنن وخۆڵه‌مێشه‌که‌م له ‌شوشه‌یه‌ک بنێن، که‌سم به‌بیردا نه‌هات، ته‌نها تۆ نه‌بێت و دڵنیابووم له‌وه‌ی، که‌ ده‌توانی بمبه‌یته‌وه‌ بۆ کوردستان له‌وێ بۆت کرا له‌و جێگه‌یه‌ی لاقم تیا به‌جێ هێشت، بمنێژی ده‌مه‌وێت بچمه‌وه‌ لای قاچم بیری ده‌که‌م.
سوپاست ده‌که‌م به‌کوردستانیش بڵێ داوای لێ بوردن ده‌که‌م زوو زامدار بووم نه‌متوانی خزمه‌تی بکه‌م.
به‌کوردستان بڵێ به‌چرکه‌ش من ئه‌وم بیر نه‌کردوه‌ قه‌تیش به‌خه‌یاڵما نه‌هاتوه‌ خیانه‌تی لێ بکه‌م. له‌جیاتی من که ‌گه‌ڕایته‌وه‌ ماچی خاکه‌که‌مان بکه‌.
تکایه، بمبووره‌ ئه‌و ئه‌رکه‌م پێسپاردی
هاوڕێ و هاونیشتمانم.)

من ده‌ستم ده‌له‌رزی له‌ناو نامه‌که‌دا غه‌رق بووم دانیشتم ئه‌گه‌رچی زه‌وی ته‌ڕ بوو، فرمیسک وه‌ک بارانی یه‌که‌م ڕۆژی هاوڕێکه‌م تیاداناسی له‌چاوانم ده‌باری، لاشه‌ خۆڵه‌مێشێکه‌م هێنایه‌وه‌ ماڵ تا ئیستا وه‌سێتی هاوڕێکه‌م نه‌هێناوه‌ته‌ دی نه‌شم توانی په‌پوله‌ی کچی‌ ببینم تاپێ بڵێم باوکت میوانی منه‌.
هاوڕێکه‌شم هه‌رگیز باسی کچه‌ وونبوه‌که‌ی بۆ من نه‌کرده‌وه.
جارێکی تر ئیستا ئه‌و ته‌رمه‌ له‌چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌دایه‌ منیش هه‌میشه‌ بیر ده‌که‌مه‌وه‌ و له‌خه می ئه‌وه‌دام نه‌توانم وه‌سێتی هاوڕێکه‌م بهێنمه‌دی و ته‌رمه‌ خۆڵه‌مێشه‌که‌یم بۆ نه‌برێته‌وه‌ کوردستان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە