ریفراندۆم لە پیناو سەربەخۆیى یان مانەوەى کورسیەکەدا
Monday, 18/09/2017, 8:09
هەر خەلقندەیەکى خودا ئیدى لە زەوى بیت یان لە ئاسمان لە وشکایبێ یان لە قولایى دەریاکان لە تاریکایى ئەشکەوتەکان بێت یان لە بەر رووناکى چراکان هەمیشە هەوڵدانیان بۆ ئازادى بووە ، لە پێناو مانەوە لە ژیاندا ... ئیدى چ جاى مرۆڤەکان .
بۆیە ئێمەش وەکو نەتەوەیى کورد لە دێر زەمەنەوە کە لە سەر ئەم خاکە دەژین هەمیشە شۆڕشە یەک لە دوایى یەکەکانمان کە مێژوویان بە خوێنى هەزاران ڕۆلەى ئەم نیشتمانە نوسیانەتەوە لە پێناو سەربەخۆییدا بوو ، بەڵام هەر سەردەمەو بە دید و تێڕوانین و ئایدیایى جیاواز لە چۆنێتى بنیاتنانى کیانێکى سەربەخۆ لە چوارچێوەى ئەم سنورەدا کە بە کوردستان ناوزەند دەکرێت .
هەر بۆیە لە سەر سەرکردایەتى سیاسى کورد و بە تایبەتى تر سەرکردایەتى پارتى دیموکراتى کوردستان و خودى مسعود بەرزانى وەکو سەرۆکى ئەم پارتە کە خۆیان بە خاوەندارێتى ریفراندۆم دەزانن چیدى دیکە پێویست ناکات کردار و وتارەکانیان داینەمۆیەک بێت بۆ زیاتر زەق کردنەوەیە درزەکانى نێو ماڵى کوردى . وە لە سەر سەرکردایەتى ئەم پارتەش پێویستیەکى حاشا هەڵنەگرە کە سنورى خیڵگەرایەتى و ناوچەگەرێتى تێپەربکەن بەرژەوەندیە باڵاکانى نەتەوە بخنە پێش بەرژەوەندى تەسکى تاک و حزبگەرایەتیکەیان لە بەر ئەوەى کە بانگەشەى خاوەنداریتى ئەم ریفراندۆمە دەکەن دەبێت باشتر لەوە بگەن کە ریفراندۆم تەنها بۆ ناوچەیەک یان تەنها خێڵێک نیە ، لە بەر ئەوەى ئەو سنورەى کە ئێستا بە باشورى کوردستان ناوزەند دەکرێت لە سەدا نەودى زیاتر لە نەتەوەى کوردن ئەمە بە ناوچە جێناکۆکەکانى هەرێمى کوردستان کە لە سەدا چلى خاکى هەرێم پێک دەهێنێ ، ئەگەر ئامانجى خاوەنەکانى ریفراندۆم لە ئێستادا بە ئامانجى بە دەستهێنانى پەنجا زائید یەکەى دەنگەکانى بەڵێ بێت بۆ ریفراندۆمەکەى ، ئەوا چیدیکە پێویست ناکات لە سەر نەتەوەى کورد لە چوارچێوەى باشورى کوردستان هیواکانیان بە وەها ریفراندۆمێکدا هەڵبواسن کە دەرئەنجامەکەى جگە لە ئاشبەتالێکى دیکەو کاڵکردنەوەى ئینتماى نەتەوى و سەربەخۆیى هیچى دیکەیى لێ بەرهەم نایەت . وەلە ئێستاشدا هۆکارێک دەبێت بۆ لە باربردنى ئەم نیمچە سەربەخۆیەى کە هەیە لە واقیعدایە ، میژوو ئەو ڕاستیانەمان بۆ وێنا دەکات لە رێکەوتنامەى جەزائیر 1975 ، پەیماننامەى نێوان عیراق و تورکیایى 1983 ، پەیماننامەى نێوان ئێران و تورکیایى 2004 ، رێکەوتنى دژە تیرۆرى نێوان تورکیا و عیراق 2007 . هەر بۆیە پیویستیەکە لە سەر خاوەندارەکانى ریفراندۆم پەندێک لە مێژوو سەدەیەک لە خەباتى سیاسى باشور وەرگرن هەنگاوەکانیان بۆ بەئەنجام گەیاندنى ڕیفراندۆم بە بەرنامیەکى تەواو و تۆکمە دارشتبێتەوە ، خۆ بە دوورگرتن لەو فرەگوتاریەى کە ئامانجەکانى ریفراندۆم زیاتر لە بەرچاوى هاولاتیانى ئەم هەریمە ناشرینتر دەکات ، هەوڵدانیًَکیش بێت کە خاوەندارەکانى ریفراندۆم بە پریاسکەیەکى روو سورەوە بتوانن تەقل باب لە دەرگا بە دەرگاى مال بە ماڵى کورد بدەن بەبێ جیاوازى کردن لە نێوان هیچ ڕەنگ وئاین و نەتەو و ئایدیاو بیرەکان ئەمیش لە پێناو بەدەست هێنانى باشترین رێژەى دەنگى بەڵێ بۆ ریفراندۆم ، چونکە ئەگەر کورد وەکو نەتەوە خاوەنى زاکیرەیەک بێت کە تواناى گەڕانەوەى هەبێت بۆ ڕابردوو ئەوا پارتى و
سەرجەم پارتەکانى تر دەبێت لە بەردەم هەڵگرتنى ئەرکى بەرپرسیارێتیدابن بەرامبەر بە کورد وەک نەتەوە لە دەرئەنجامى ئەو ئەنجامانەى کە لە ئەنجامدانى ئەم ریفراندۆمەوە بە دەست دەهێنرێت چونکە یاریى کردن بە چارەنوسى میلەتێک لە پێناو مانەوەدا لە لایەن هەر کەس و پارتێکەوەبێت لە هیچ ئان و ساتێکدا بکەرەکانى جێگاى لێخۆشبوون نیە . میلەتیش توانایى شاربەدەر کردنیان ماوە !
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست