چاکسازیەکانى حکومەت لەدواى چى؟!
Saturday, 26/03/2016, 3:09
دوا بەدواى ڕوخانى ڕژێمى پێشوو و بەهەرێم بوونى کوردستان وەک هەرێمێکى فیدڕاڵ لە چوارچێوەى حکومەتى عێڕاقدا،بارودۆخى کوردستان لەهەموو ڕووەکانى وەک (دارایى و سیاسى و دیبلۆماسى وپەیوەندیە نێو دەوڵەتیەکان و ..هیتر) بەرەو پێش چوونێکى باشى بەخۆوە بینى،بەتایبەتیش بوارى دارایى کە مەبەستى سەرەکى نووسینەکەمە.هەر لەماوەیەدا واتە دواى ساڵى (2005) کوردستان وەک هەرێمێک جۆرێک دەوڵەمەندبوونى بەخۆوە بینى کە پێشبینى نەدەکرا!!.وەلێ حکومەتى هەرێم نەیتوانى سوود لەم دەست کەوتە داراییانە وەربکرێ و پلانێکى ئابوورى تۆکمە دابڕێژێت هەم بۆ پتەوتر کردنى ئابوورى وڵات و هەمیش بۆ خۆ ئامادە کردن لە ڕووبەڕووبوونەوەى ڕووداوە چاوەڕوان نەکراوەکان،بەڵکو حکومەتى هەرێم لەبڕى ئەمە کەوتە بە هەدەردان و بەفیڕۆدانى ئەو دەست کەوتە داراییە زۆرەى کوردستان لەڕێى سەدان پڕۆژەى وەهمى و دامەزراندنى بەلێشاوى خەڵکى و هەروەها دامەزراندنى هەزاران کادیرى حیزبى بەشیوەى بندیوار..کە ئەمانە هەمووى بە فیڕۆدانى سامانى گشتى وڵات بوون..حکومەتى هەرێم کە هیچ پلانیکى ئابوورى نەبوو بۆ داهاتووى وڵات،بیریشى لەوە نەدەکردەوە کە ڕۆژێ بێ و وڵات دوچارى قەیرانێکى دارایى وەها بێت..تا حاڵمان گەیشت بەوەى لە کۆتایى ساڵى (2013) دا حکومەتى عێراق بە بڕیارى نورى مالیکى کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیران بوو بڕیارى ڕاگرتنى (17%)ى بەشە بووجەى کوردستانى دا ،کە بەمەش کوردستان کەوتە بارێکى ئابووى سەختەوە و کوردستان دوچارى قەیرانى دارایى هات.دواى بەدواى ئەمە حکومەت بیرى کەوتەوە کە چاکسازى لە وڵاتدا بکات بە کەم کردنەوەى مووچەى فەرمانبەران و ژمارەى وەزارەتەکان و گرینگى دان بەکەرتى کشت و کاڵ و داهاتى ناوخۆیى..وەلێ ئەوانە دەبوو لە زوودا کرابان،دەبوو هەر لەزووەوە حکومەت بیرى لەهێنانى سەدان کارگەى بەرهەم هێن بکردباوە بۆ مەبەستى بوژانەوەى وڵات و گرینگى دان بەکەرتى تایبەت .دەبوو هەر لە زووەوە حکومەت پشتى بە بوارى کشتوکاڵى و ئاژەڵدارى و پیشەسازى و گەشتیارى ببەستایە نەوەک تەنیا بە بوارى نەوەت کە تیایدا فەشەلى هێنا،بۆ ئەوەى کە باسى دەوڵەتى کوردى دەکرا کوردستان داهاتێکى ناوخۆیى سەربەخۆى هەبا و چاوى لەدەستى بەغدا و ئەم و ئەو نەبووایە،وەلێ لەبەر گەندەڵى و دزى و بەفیڕۆدانى سامانى گشتى وڵات و بەڕێوەبردنى دامەزراوەکانى حکومەت لەلایەن حزبەوە کێ بەرى بە دەوڵەت بوونەوە هەیە؟!.ئێساش کە باسى چاکسازى هاتۆتە گۆڕێ ئەبێ لە حکومەت بپرسین ئەو چاکسازیانە بۆچى تەنیا لەسەر حیسابى چینى فەرمانبەران و خەڵکى هەژارەوە دەکرێ؟ئەى ئەو چاکسازیانە لەدواى چى؟.ئەى بۆچى سەرەتاى چاکسازى لە بەرپرس و باڵا دەستەکانەوە دەست پێ ناکەن!.کە ڕەنگە هەر بەرپرسێک بە قەد داهاتى وڵاتێک ماڵ و موڵکى هەبێت کەهەمووشى لەسەر حیسابى خەڵکى و بەرژوەندى گشتى و بەگەندەڵى بەدەست هێناوە!.ئێوە ئەڵێن ئەبی یاسا سەروەر بێ و نابێ کەس لیاس بەرزتر بێ،ئەى باشە بۆ ئێوە خۆتان لەسەرووى ئەو یاسایەن؟.ئەى بۆچى ئەو یاسایەى کە باسى دەکەن بەسەر هەموو کەسێکدا وەک یەک پیادە نابێ؟!.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست