کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


شکاندنى شکۆی هه‌ر مرۆڤێک له‌کوردستان شکاندنی شکۆی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورده‌ ....

Wednesday, 28/09/2016, 22:30


نه‌وه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوو، ڕۆژێک ببێته‌ خاوه‌نی حوکمێکی خۆماڵی، سەرەتایەک بێت، کە له‌ ده‌ست سته‌مکاری داگیرکەرانی خاکی کوردستان (عه‌ره‌ب وتورک و فارس) ڕزگاری بێت.
نه‌وه‌یه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوو خه‌ونه‌کانی ببن به‌ حه‌قیقه‌ت و ژیانگه‌لێک له‌م کوردستانه‌ بونیاد بنێت ته‌ژی بێت له‌شکۆمه‌ندی.
ژیانێک پڕاو پڕ له‌ ڕه‌نگی جیاواز و له‌ بیرو ڕای جیاواز، نه‌ویه‌ک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ بوو کورد خاوه‌نی وڵاتی خۆی بێت، بۆئه‌وه‌ی چیتر له‌ به‌ندیخانه‌کان کچانی کورد سوکایه‌تى پێ نه‌کرێت و شکۆیان نه‌شکێنرێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆحوکمی کوردستان ده‌کات خاوه‌نی هه‌مان که‌لتوره‌ که‌ دووژمنانی کورد هه‌یان بووه‌ به‌رانبه‌ر کورد، ئه‌و هزره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می ئه‌لف و بێی داگیرکه‌رانی کوردستان که‌ ده‌یانه‌ویست کورد وردوخاش بکه‌ن، ئه‌وه‌ گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ سیستمه‌ێکی خه‌ته‌رناک و دانانی کاریگه‌ری له‌سه‌ر تاک به‌تاکی نه‌ته‌وه‌ی کورد.ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌ر ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ ئه‌نجامدراوه‌ به‌رانبه‌ر هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد کراوه‌، ئه‌و ده‌سه‌لاته‌ی که‌ ژیانگه‌لێکی جه‌نجاڵی بۆ تاک به‌تاکی کورد خوڵقادوه‌ قبوڵی هیچ ڕه‌حنه‌یه‌ک ناکات له‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی و هیچ هێزێکی سیاسی ناخوێنێته‌وه‌، به‌ڵکو هه‌موو هێزه‌کانی فڕێداوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی خۆی، وه‌ک هێزی بێئیراده‌ تێیان ده‌ڕوانێ، چونکه‌ ئه‌و هێزانه‌ خاوه‌نی هیچ ئیراده‌یه‌ک نین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن شکۆی خۆیان بپارێزن نه‌ک شکۆی مرۆڤه‌کانی نیشتمان.
ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات که‌لتورێکی دکتاتۆرانه‌یه‌ بۆ شکاندنی که‌رامه‌تی مرۆڤ.مرۆڤێک خاوه‌نی شکۆی خۆی نه‌بێ، بۆ دێته‌ سه‌رشه‌فام و داوای نان ده‌کات، مرۆڤه‌ بێکه‌رامه‌ته‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ بێ شکۆیه‌ پێویسته‌ له‌ماڵه‌کانی خۆیان نێنه‌ ده‌ره‌وه‌، چونکه‌ ئێستا له‌و نیشتمانه‌ هیچ مرۆڤێک خاوه‌نی شکۆ و که‌رامه‌تی خۆی نییه‌، ئه‌م وێنایه‌ وێنایه‌کی یه‌کجار ترسناکه‌ بۆ ته‌واوی ئه‌و کادیرو رۆژنامه‌نوسانه‌ی که‌ له‌م ده‌ڤه‌ره‌ ژیان ده‌گوزرێنن.ئه‌م ترادسیۆنه‌ نا ئه‌خلاقیه‌ دووره‌ له‌ هه‌موو به‌هایه‌کی مرۆڤایه‌تی هه‌موو چراکانی شکۆمه‌ندی کوژاندۆته‌وه‌، به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌مان بیر بچێت.به‌گه‌ڕخستنی ماشێنێکی تری سیاسه‌ته‌ بۆ جڵه‌وکردنی سه‌رله‌به‌ری کایه‌کانی ئه‌خه‌لاقی و ئابووری مه‌عریفی و که‌لتوری نیشتمان په‌روه‌ری و ئه‌منی و یاساو ده‌ره‌وه‌و، هتد..ده‌یه‌وێ هه‌موو شتێک له‌خۆیدا بکوژێت، ئه‌و ماشێنه‌ سیاسیه‌ ناوه‌ندێکه‌ بۆ به‌کۆیله‌ کردنی مرۆڤی کورد.
 له‌ کوردستان که‌ باس له‌ ژیان بکه‌ین ناکرێ باس له‌ و که‌لتوره‌ نه‌که‌ین که‌ ته‌واوی ده‌روازه‌کانی ژیانی به‌سه‌ر کۆمه‌لگادا داخستوه‌، بۆئه‌وه‌ی بیکات به‌ مرۆڤێکی هه‌زیلی بێ ده‌سه‌لات و بێ ئیراده‌.بۆ ئه‌وه‌ی نه‌توانێ خاوه‌نی هیچ به‌هایه‌ک بێت.ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌نجامدراوه‌ ئه‌وه‌ ده‌سلمێنێ که‌ کۆمه‌لگای کوردی کۆمه‌ڵگایه‌کی بێ شکۆیه‌ و ناتوانێ به‌رگری له‌ که‌رامه‌تی خۆی بکات.نابێ ئه‌وه‌مان له‌یاد بچێت هه‌موو ده‌سه‌لاته‌ یه‌ک به‌دوای یه‌که‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستان به‌قه‌د ده‌سه‌لاتی کوردی شکۆی نه‌ته‌وه‌ی کوردیان نه‌شکاندوه‌.هیچ هێزێکی داگیرکه‌ر نه‌یتوانیوه‌ کورد له‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی داماڵێ.ئه‌وه‌ی دوژمنانی کورد به‌رانبه‌ر کورد بۆیان نه‌کرا ئه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی کوردی ده‌یکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە