كوردستان باغێكی بێ پەرژینە

Tuesday, 08/09/2015, 19:44


ئەم نەخشە و پلانە نەگریسە و وێرانكارییە و كۆمەڵكوژییە كە لە ناوچەكە و وڵاتانی دی بەڕێوە دەچێ و كاری لەسەر دەكرێ ، شتێكی خەیاڵی و ئەفسانەیی نییە ، بەڵكو سیناریۆی وورد و دۆزەخی بۆ داڕێژراوە و كار بۆ جێبەجێكردنی دەستپێكراوە كە خۆی دەنوێنێ لە دروستكردن و بڵاوكردنەوەی میكرۆب و جانەوەر و دڕندەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام و وڵاتانی دی كە ناسراوە بە (داعش) . بە ڕەخساندنی بارودۆخێك لە كوشتن و وێرانكاری و شەڕی ناوخۆدا كە كریستیانەكان ناچاربكرێن كۆچ و ڕەو بكەن بۆ كوردستان بەپشت بەستن بەو بۆ چوونە كە گەلی كورد دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی ئایینی و نەتەوەییان نییە ،  كوردستان جێیەكی لەبار و گونجاوە بۆ نیشتەجێ بوونیان و پاراستنیان وە ھاندەر و رێگا خۆشكەر بێ بۆ كۆچ پێكردنی عیساییەكان لە ناوچەكەدا بۆ كوردستان و یارمەتیدانیان ڕێكخستنیان ئامادەكردنیان بۆگەڕانەوە بۆ ئەو وڵاتانە دوای ئەوەی خەڵكەكی زۆر كۆمەڵكوژدەكرێ یا ناچاردەكرێ بەھۆی برسێتی و ئاوارەیی و ھەژاری پەنا بۆ ئەو ڕێكخراوانە ببەن كە بەناوی یارمەتی ئاوارەكان ھاتوونە ناوچەكە و كوردستان كە كاری بنەڕەتی و سەرەكیان بە مەسیحی كردنی خەڵكەكەیە ، یا ناچاركردنیان بەھۆی بەردەوام بوونی داعش موڵك و خانووبەرەیان ھەڕاج بكەن و ڕوو لە وڵاتانی ئەوڕوپا بكەن ھەروەكو ڕۆژانە بە ھەزاران سەرگەردان و سەرلێشێواو لە سنووری وڵاتان دێن ودەچن ، بە ھەزارانیش لە دەریاكاندا دەخنكێن و گیان لە دەست دەدەن . ئەم پلانە بەھەمان شێوەی پلانی دامەزراندنی ئیسرائیل بۆ جوولەكەكان داڕێژراوە بە مەبەستی قڕكردن و جینۆسایدی دانیشتوانی ئەو وڵاتانە و مەترسی نەھێشتن لەسەر مەسیحییەكان و گەڕانەوەیان بۆ خاكی كەنعان كە خاكی پیرۆز و خەونی دێرینیانە كە لە ئینجیل دا ئاماژەی پێكراوە . بۆ جێبەجێكردنی ئەم ئەركە لە كوردستان دا ، دكتۆر (پۆڵ م . كینگیری) Dr. Paul M. Kingery   ئەركداروشارەزا و پسپۆڕ لە مێژوو وە لە ئایینەكاندا ، پلە و پایەكی بەرز لە ئایینی مەسیحی و كڵێسەدا . ئەم كەسایەتییە تەرخان كراوە بۆ ئەنجامدانی ئەم پلانە مەترسیدارە.
دكتۆر (پۆڵ) تەمەنی 50  ساڵە ، لە ویلایەتی كالیفۆڕنیا لە دایك بووە ، سێ بڕوا نامەی ماستەرو بڕوانامەیەكی دكتۆرا لە بواری پزیشكیدا ھەیە، لە چەند زانستگەیەكی ئەمریكی وئەوڕوپی كاری كردووە . لەسەردەمی فەرمانڕەوایی (بیل كلینتۆن) دا بووەتە ڕاوێژكاری (ھیلاری) خێزانی لە كۆشكی سپی دا . ساڵێكیش ھەر لەو كۆشكەدا ئەركی ڕاێژكاری لە ئەستۆگرتووە .    
لەو كاتەی لە كۆشكی سپی بووە ، زانیاری لەسەر كوردستان كۆدەكاتەوە ، لەدوای تەواو بوونی خزمەتەكەی لەو كۆشكەدا ، سەردانی كوردستان دەكات و بڕیاردەدات ھەر لەوێ بمێنێتەوە . لە عەینكاوە پەیمانگەی فێربوونی زمانی ئینگلیزی دادەمەزرێنێ، شەش ساڵ سەرۆكایەتی ئەو پەیمانگەیە دەكات  .                                                  
دواتر لە سەرەتای دامەزراندنی زانكۆی ئەمریكی لە دھۆك ، بە سەرۆكی ئەو زانكۆیە دادەنرێ تا ساڵی2014   ، پاشان دەست لە كارەكەی دەكێشێتەوە . دكتۆر ھۆكاری وازھێنانەكەی وا دەخاتە ڕوو كە گوایە لەبەر ئاوارەكانی موسڵ و شنگاڵ كە ھاتبوونە دھۆك و لە ڕەوشێكی خراپ و دژواردا ئەوانی بینیوە . بۆیە وازی لە سەرۆكایەتی زانكۆكە ھێناوە و خۆی تەرخان كردووە بۆ خزمەت و ھاوكاری ئاوارەكان ، ڕێكخراوێك دادەمەزرێنێ بە ناوی (مێد ئیست) . بۆنزیك بوونەوە لە خەلكەكە و كاریگەری ڕاستەو خۆ لەسەریان ، دەڵێت دوای چەند مانگێك لە یارمەتیدانی ئاوارەكان ، لە پێشدا ڕۆژانە دەھاتمە گوندی (سێجی و بۆزان) ،  
زۆر شەوان پەیوەندییان پێدەكردم بە ھۆی نەخۆشییەوە ، بۆیە بڕیارمدا ھەر لەنێو ئاوارەكاندا لە گوندی (سێجی) ژیان بەسەر ببەم . ئەو گوندە مەسیحی نشینە و سەربە قەزای (سێمێلە) و 5 كیلۆمەتر لەناوەندی شاری دھۆك دوورە ،200  خێزانی مەسیحی و 205 خێزانی كوردانی ژەنگار و 50 دی مەسیحی موسل تێیدا نیشتەجێن . دكتۆر (پۆڵ) 7 مانگە لەو گوندەدا لە خانوویەكی كۆن و كەلاوەدا دەژی ، لەگەل خاوەنی خانووەكە پێكھاتووە كە كە بۆ ماوەی 6 سال لەناویدا بژی بەبێ كرێ لەباتی ئەوەی سەر لەنوێ لە شێوەی خانوویەكی ئەمریكی نۆژەنی دەكاتەوە        .    
ڕێكخراوەكەی 20 كەس كاری تێدادەكا ، ئەمریكی ، ئەوڕوپی ، كۆریایی باشوور و چینی . ھەفتانە خواردن بەسەر ئاوارەكان دابەش دەكەن ، قوتابخانەیەكیان بۆ منداڵانی ئاوارەكان بۆ فێربوونی زمانی ئینگلیزی كردۆتەوە ، تیمێكی چینی لەگەڵیان  خەریكی فێركردنی كشتوكاڵ و بەخێوكردنی ماسییە          .
دكتۆر (پۆڵ) لە ساڵی 2006 دا كتێبێكی بەناوی (خاكی كەنعان ، ئومێدی دێرین بۆ ئاشتی دواڕۆژ) 
(Land of Canaan  , Ancient Hope for Future Peace)
نووسیوە ، ئەوەی گرنگ و سەرنج ڕاكێش و سەر سووڕھێنەرە باسی ئەو ڕەوش و بارو دۆخە دەكات لە ناوچەكەدا بەتایبەتی لە عێراق و سوریا دا ، سەرھەڵدانی (داعش) و پەرەسەندنی و ھاتنی گەنجان لە چەندین وڵاتانی جیھاندا بۆ ناو دەوڵەتی ئیسلامی سەردەم  ، وە قۆناغ بە قۆناغ باسیان دەكات و لەگەڵیان ھەنگاو دەنێ وەكو ئەوەی ئێستا كتێبەكەی نووسی بێ .!
ئەوەی داعش لە ماوەی دەسەڵاتی لە چەند ناوچە و گوند و شار و شارۆچكەكەنی سوریا و عێراق دا ئەنجامی داوە و دەیدات لە وێرانكردنی ئەو ناوچانە و شوێنە دێرینەكان و كوشتن و كۆمەڵ كوژی دانیشتوانەكەی بە جۆرەھا شێوە ، دكتۆر لە پەڕتووكەكەیدا ئاماژەی پێدەكات ، كە دەڵێ كوشتن بەسەربڕین دەستپێدەكات . ھەروەھا باس لە كەوتنی موسڵ دەكات و ڕێگادانی مەسیحییەكان بە دەرباز بوونیان بەبێ گینۆساید كردنیان ، وە داگیر نەكردنی دھۆك لەلایەن  (داعش) ەوە بەھۆی ھەڵكەوتنی لە ناوچەیەكی چیاییدا . !
دكتۆر جەخت لەسەر ئەوە دەكات كە ئەو ھێزەی ئەو ڕێكخراوە ھەیەتی ، ھی ئەو نییە ، وە لەو سنوورە ڕاناوەستێ ، بەڵكو بۆ سنووری وڵاتانی خاكی (كەنعان) كە بریتینە لە پارچە یەكگرتووەكانی میسر ، ئیسرائیل ، فەلەستین ئوردن ، لوبنان و سوریا بڵاودەبێتەوە و كوشتن و وێرانكاری و شەڕی ناوخۆ بەرپادەبێ . دكتۆر (پۆڵ) پەرەسەندن و بەردەوام بوونی داعش بۆ سێ ساڵ و نیو دادەنێ ، لە ئەنجامی ئەم شەڕە دا كە بە شەڕی (سێیەمی جیھانی) لە قەڵەم دەدات ، ملیۆنەھا گیان لەدەست دەدەن، وێرانكاری و تەخت بوونی شار و گوند و دێھات ، كە لەوانە ناوی شاری دیمەشق دێنی .! 
بێجگە لەمانە ، ھەژاری ، برسێتی و لێقەومان و ملیۆنەھا ئاوارە كە ڕووبەڕووی دانیشتوانی ئەو ولاتانە دەبێتەوە ، بۆیە ھاندانی عیساییەكان بۆ كۆچكردن بەرەو كوردستان لە ئەجێندا و پلانی ئەو دكتۆرە و ئەو ھێزەی لە پشتییەتی ، ھەروەكو كۆچ پێكردنی كریستییانەكانی خوارووی عێراق و بەغدا و نیشتەجێبوونیان لە  باشووری كوردستان .
دكتۆر بەپشت بەستن بەو دەقانەی كە بەتایبەتی لە ئینجیل ھاتووە ئاماژەیان پێدەكات ، ھەروەكو جووەكان بە كاركردنیان لەسەر دەقە ئایینییەكەیان كە گەڕانەوەیان بۆ خاكی بەڵێن پێدراویان خەونێك بوو ، توانیان بیكەنە ڕاستی و ھێنایانە دی .! ھەر بەو شێوەیە ئەو نەخشە و پلانەی بۆ عیساییەكان كە داڕێژراوە لە ڕێگای داعش دا ئەنجام دەدرێ و ئەمریكا ئەندازیارێتی و دكتۆر ڕۆڵێكی گرنگ و مەترسیداری لەم نەخشەدا ھەیە .!
جوولەكەكان لە ئەڵمانیا لەشەڕی جیھانی دووەم بە دەستی نازییەكان بە فەرمانی (ھیتلەر) كۆمەڵ كوژكران كە بووە ھۆی كۆچ پێكردنان لەزۆربەی ئەو وڵاتانەی تێیدا نیشتەجێبوون بەرەو سنووری فەلەستین و مانەوەیان بۆ ماوەیەك بە مەبەستی پەروەردە كردنیان لە بارەی زمان و كەلتوور و مێژوودا ، دواتر ڕەوانەكردنیان گروپ گروپ بۆ ناوەوە . كەچی ئەو نەخشەیەی بۆ مەسیحییەكان ئامادەكراوە بریتییە لە قڕكردن و جینۆسایدی خەڵكانی دی سڤیل و بێ تاوان و خاپوركردنی شار و گوند و دێھاتی ، وەكو پاساو بۆ دەرپەڕاندنی مەسیحییەكان بەرەو كوردستان و ڕێكخستنیان و ئامادەكردنیان بۆ گەڕانەوە بۆ خاكی پیرۆز و ئاواتی دێرین لە ژیان بەسەربردن لە ئایندەدا دوای ئەوەی ناوچەكە و خەلكەكەی خاوێن دەبنەوە ، ئەگەر نا بەم شێوەی ئێستا ناتوانن ژیان بەسەربەرن بە ھۆی ھەڕەشە و مەترسی كە لە ناوچەكە دا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە ھەر وەكو دكتۆر باسی لێوە دەكات .
ئەو كەساێتیە یەكێكە لەو سوپایەی كە بەناوی ڕێكخراوە مرۆیی و ناحكومییەكان لە كوردستان و سوریا و ناوچكەدا بڵاوبووینەوە كە بە ڕواڵەت ھاتوون بۆ پێشكەش كردنی كۆمەك و ھاوكاری بۆ ئاوارەكان ، بەڵام لە ناوەڕۆكدا پرسێكی سیاسی و ھەواڵگرییە . 
دكتۆر (پۆڵ) لە كتێبەكەیدا دەریدەخات ، كە ئەم شەڕەی لە ناوچەكەدا بەرپابووە  و داعش بەڕێوەی دەبات ، شەڕی ئایینە ، بۆ دەرخستنی حەقیقەتی ئیسلام بۆ جێھان بە خودی ئیسلام خۆی.
ئەوەی ئێستا داعش ئەنجامی دەدات ، مێژوو و كەلتووری ڕاستەقینەی ئیسلامە و لە دەقەكانی قورئانیشدا ڕوون و ئاشكرا باسی لێوە دەكرێت . ! پێویست بەوە ناكات ئەوڕوپا و ڕۆژئاوا خۆیان ماندوو بكەن بە لێكدانەوە و نیشاندانی بۆ خەڵك . 
دەربارەی كتێبەكەی دكتۆر (پۆڵ) ژمارەیك پرسیاری ئاڕاستە دەكرێت ، لەوانە ھەندێكیان پەیوەستە بە كوردستان ، بۆ نموونە : 
پ / بۆچی تۆ تیشك دەخەیتە سەر ھەرێمی كوردستان لە 
باكووری عێراق دا ؟
وەڵام / ئەو شوێنەیە بۆ خۆئامادەكردن ، ئەو جێگایەی كە خودا ئەوانەی خۆشی دەوێن پاكیان دەكاتەوە و ئەوانەی ماون وایان لێبكات جارێكی دی ئامادەبن  بۆ دەست بەسەر داگرتنی خاكەكەی (خاكی كەنعان) .
پ / لەبەرچی تۆ ھەنگاو نانێی بەرەو كوردستان  كەچی تۆ خەڵكانی تر بۆ ئەوێ دەنێری ؟
وەڵام / من ئەوە دەكەم ، لەو كاتەی و ئەگەر خودا دیاری بكات كە من زیاتر لەوێ بۆ ئەو بھێنمە دی لەوەی كە لە توانامدایە لەو جێگایەدا كە منی بۆ بردییە بۆ خۆئامادەكردن دەستی بخەم . من ئامادەم لەھەر كاتێكدا بچم ، من لەپێشدا جارێك چوویمە ئەوێ . من پاڵپشتی لە خۆئامادەكردنەكان بۆ باشترین تواناكانم دەكەم ، لەو ڕێگایەی كە من ھەست بكەم ئاڕاستەكراوە لەلایەن خوداوە .
ھەروەھا دكتۆر مەشق و ڕاھێنانی كەشیشی (قەشە) پێكراوە و ئامادەباشی تەواوی لەم بوارەشدا ھەیە وەك لەم پرسیارەدا دەردەكەوێ . پ / تۆ وەكو كەشیشێك مەشقت پێكراوە         ؟ وەڵام / من مەشقی قەشایەتیم كردووە ، ھەندێك لەم مەشقكردنە  سوودبەخشن ، بەڵام گیانە پیرۆزەكە لە نێو شاەزایی ژیانمدا كاردەكات ، بووەتە باشترین مامۆستا ، من ھێشتا زانست بەدەست دەخەم .
لە كتێبەكەی دكتۆر كە خۆی لە 600 لاپەڕە دەدات ھاتووە (ئێمە بەزووترین كات لەگەڵ كڵێسەكانی كۆردستان لە چیاكانی كوردستان لەگەڵ یەكدی گرددەبینەوە ، پارێزاوە لە لەشكرەكان كە لە باشوورەوە دێن و بە یەكگەیشتنی گیانی بەگیانی لەگەڵ كەسەكان لە جیھاندا ، ئەوە دەبێتە كات و ساتی ئێمە بۆ خۆئامادەكردنێكی ھێمن و بێدەنگ .!
ھەڵبژاردنی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی ئەو نەخشەیە لەو ڕوانگەیەوە ھاتووە كەشوێنەكی بێمەترسییە لەكاتی بەرپابوونی شەڕە مەزن و گەورەكەدا . دكتۆر لە كتێبەكەیدا ھۆكارەكانی دەخاتە ڕوو كە دەڵێ : (بەرزی چیاكانی و دووری لە ھەموو زەریاكاندا ، سوونامیش كاریگەری لەسەری نابێت . دەوری دراوە بە دەشت و دەری چۆڵ و پان و بەرز ، داڕمانی لووتكەی چیاكان لە كاتی عەرد لەرزینی گەورەدا كاریگەری لەسەری نابێ . دووری لە ھەموو شارە گەورەكان كە دووبەرەكی و ململانێی لەشكرەكان لەسەر دەستەڵات لەناویاندا ڕوودەدات . 
بووینە سنوور بۆی ، چەند ماوەیەك دوور لە ، بە ڕەوەزە چیایەكی درێژ و پان دەپارێزرێ لە سەربازانی پیادەی جووڵە پێكراوی ئێران دا . وە بە بیابانێكی گەورە لە سوریا دەپارێزرێ . دكتۆر لە كتێبەكەیدا باس لە ڕۆڵی كورد دەكات لە مێژوودا كە بەشدارییان لە ھەندێ شەڕ كردووە و بەكارھێنراون بۆ  بەرژەوەندی خەڵكانی دی ، نموونەی شەڕی ئەسكەندەر مەكدۆنی لەگەڵ داریۆش دا دێنێتەوە كە كورد ھاوكاری و پشتیوانی ئێرانییەكانیان كردووە كە لە ساڵی 331 پ . ز لە ڕۆژئاوای ھەولێر لە جێگایەی پێی گوتراوە (گۆگە میل)  ڕوویداوە . 
دكتۆر نیشانیدەدات كە ئەوانیش ئێستا كورد بەھەمان شێوە و مەبەست لەم شەڕەی ئێستادا بەكاردێنن ، وە خۆیان لە دوورەوە سەیری دەكەن .! لەم شەڕە دا ، كورد ئەم جارە بە پێچەوانەی شەڕی سەڵاحەددین ئەیوبی كە دژی ھێرشەكانی مەسیحییان  بۆ سەر ناوچەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە سەدەكانی (11 ، 12 ، 13) دا  كە لە مێژوودا بە جەنگی خاچ پەرستان بەناوبانگە بەمەبەستی داگیركردنی ئەو شوێنانەی گرنگن و بە پیرۆز دادەنرێ لەلایەن ئیسلامەوە بەرپابووە . 
ئەم شەڕە كە لەخزمەتی عەرەب و ئیسلام و لە بەرژەوەندی ئەوان دوایی ھات ، جگە لە مایە پووچی ، ماڵ وێرانی  ، خوێن ڕشتنی كورد ، ھیچی دی بۆ تێدا نەبوو . ! تەنانەت تا ئێستاش بە موسڵمانی دانانێن ، بەڵكو ھەردوو لایان بە شیعە و سووننەوە لە چەندین كتێبیاندا ، كورد بە نەوەی جنۆكە و شەیتانیان لە قەڵەم دەدەن كە خودا پەردەی لەسەر ڕوویان لاداوە، نەگریس و پیس و چەپەڵن ، سەودا و ژن و ژن خوازی پەسەند نییە لەگەڵیان دا .!
بەڵام ئەم جارە كورد بۆ شەڕێك بەكاردێت كە لە بەرژەوەندی ڕۆژئاوایە ، گوایە لەجیاتی جیھانی ئازاد دەجەنگێ . ! ئەو جیھانەی كە تا ئێستا ھیچ یەكێكیان بە ڕوونی و ڕاشكاوانە داننانێن بە مافی چارەی خۆنووسی ئەم گەلە چەوساوە و ژێردەستە ، بەڵكو بزاڤە ئازادییەكەی و ڕزگاریخوازەكەی تەمەن چڵ ساڵەی گەلی كورد لە باكووری كوردستان بە تیرۆر و خەبات گێڕانی بە تیرۆریست لە قەلەم دەدەن . !
دكتۆر (پۆڵ) لە كتێبەكەیدا دەقێكی ئینجیلی ھەڵبژاردووە كە باس لە میدییەكان دەكات ، بەڵام بەچەشنی دڕندە و دژە مرۆڤ ، كە وەك ئەوەی تەنیا كوشتن و لەت لەتكردنی ژن ، منداڵ ، پیرو گەنج كارو پیشەیان بووبێ .! لە دەقەكەدا ھاتووە (سەیركە ، من میدییەكان دژیان ھاندەدەم و جۆش دەدەم ، ئەوانە بایەخ و گوێ نادەن بە زیو ، بەھەمان چەشن دڵیان بە زێڕ ناكرێتەوە و خۆش نابێ . ھەروەھا تیرھاوێژەكانیان پیاوە گەنجەكان پارچە پارچە دەكەن ، وە ھیچ سۆز و بەزەییەكیان بۆ كۆرپەی ناو منداڵدانیش نییە ، چاوەكانیان منداڵان نابەخشن و ناپارێزن .!
ئەم دكتۆرە ڕۆڵێكی گرنگ و گەورە و ترسناكی لە كوردستان     پێسپێردراوە ، گوێی لەوەنییە كە چەندین وڵات لە ناوچەكەدا وێران دەبێ ، ئەوەی چاوەڕوانی لێدەكات بە ملیۆنان خەڵكی سڤیل و بێ تاوان ببنە سووتەمەنی ئەم ئاگرە ، لە پێناوی دەستەبەرو دابینكردنی دواڕۆژێكی ئارام ، ئاسوودە ،  ئاشتی بۆ ئایینێك و پەیڕەوانی لە ناوچەكەدا كە دەڵێ بە كۆتایی ھاتنی ئەم شەڕە ، گورگ و مەڕ پێكەوە ئاو دەخۆنەوە .!  
كەسێك خەمی لێقەومان و ئاوارەیی مرۆڤەكانی بێ ، چۆن دەتوانێ كار لەسەر ئەوە بكات كە ھەڵگرانی بیروباوەڕی ئایینەكەی ھانبدرێن و كۆچیان پێبكرێ بۆ ئەوەی پارێزراو بن لە كۆمەڵ كوژییەكە و وێرانكارییەكە لە ئەنجامی كارەسات و مەرگەساتە گەورەكەدا كە ڕوودەدات ، كە دەبێتە ھۆی خاوێن بوونەوە و پاك بوونەوەی خاكی (كەنعان) كە خەونی دێرینیانە ، ئەوەی لە خەڵكەكەش كە لە ژیاندا دەمێنێ خاوێن دەبێتەوە و دەگەڕێتەوە سەر ڕێگای ڕاست و خاوەن بڕوا و ئیماندار . 
ئەمریكا لەجیاتی ئەو سیاسەتە دژ بە مرۆڤایەتییە كە لە ناوچەكەدا  پەیڕەوی دەكات ، لەتوانای دابوو توندڕەوی و ڕق و كینەی ئایینی و مەزھەبی بنبڕ بكات یان كەمی بكاتەوە و بۆ ئاستێكی زۆر دایبەزێنێ ، ئەویش بە وشككردنی سەرچاوەی ڕێكخراوە ئیسلامییە توندڕەو و تێرۆریستەكان كە خودی خۆی سەرچاوەكەیەتی ، ھەر لە قاعیدەی ئوسامە بن لادن ، داعشی ئێستا، تاڵیبانی ئەفغانی و زەرقاویەكانی عێراق ، ھاوپەیمان و دۆست و پارێزەری سعودییەی دژە مرۆڤ ، بەھەمان شێوە لەگەڵ توركیای ئەردۆغانی فاشیستی ئیسلامی سیاسی دا . 
ئێرانی خومەینی و مەلا و ئایەتوڵلایەكانیش ئەمریكا ھەرخۆی ئەندازیاری دروستكردنی و ھێنانێتی بۆ سەركورسی لەپێناو لەبار بردن و لەڕێگا لادانی شۆڕشی گەلانی ئێران بۆ  ئازادی و دیموكراسی و پێشكەوتن خوازیدا . بە گۆڕینی ئەو ڕژێمانە لەڕێگای پاڵپشتی گەلانی ئەو وڵاتانە و ناوچەكەدا بە ھاتنە سەركاری سیستەمێك ڕێزلە مافەكانی مرۆڤ بگرێ ، دین لە دەوڵەت و سیاسەت جیابكاتەوە ، كە سەرچاوەو جیاكاری ئایینی ، مەزھەبی ، ڕق و كینە و توند و تیژییە . لەو كاتەدا نەتەوەكان ، تاكەكان بە ھەموو جیاوازییەكیانەوە ، لە بارەی ئایینی ، مەزھەبی ، ڕەگەزی و بیر و ڕای سیاسی بە ئازادی و ئاشتییانە لەناو كۆمەڵگایەكی دیموكراسی بەردەوامی بە ژیان دەدەن ، نەوەك بەو نەخشە و پلانە جەھەننەمییەی وا جێبەجێی دەكەن . ! 
كە دەڵێم  كوردستان باغێكی بێ پەرژینە ، بەڵكو بێ خودانیشە ، چونكە لە ھەموو لایەكەوە تەنراوە بە تۆڕی ھەواڵگری وڵاتانی ھەرێمی و نێونەتەوەیی ، بەتایبەتی ئێران و توركیا ، لە ئیتیلاعات و میت ، سەرباری چەندین بنكە و بارەگای سەربازانی توركی داگیركەر ، وە جۆرەھا ڕێكخرا و بەناوی  پەرەپێدانی دیموكراتی ، یارمەتیدانی لێقەوماوان و ئاوارەكان ، چەشنی ڕێكخراوەكەی دكتۆر (پۆڵ) .
بۆیە دەكرێ بگوترێ كە ئاسایشی نەتەوەیی لە باشووری كوردستان لەژێر سفرە، ئاسایشی خۆراك ، تەندروستی و داودەرمانیش لە واقیعدا بوونی ھەر نییە . !
دەستەڵاتێك ، خەمخۆری گەل و خاكەكەی نەبێ، خۆی بە خزمەتكاری نەزانێ، كار و پیشەی دزی و گەندەڵی و نۆكەری  بێگانە و داگیركەر بێ ، گاگەلێك ببابەڕێوە ، تەنھا داوای نان بكات و ببۆڕێنێ كە ئالیكی لێبڕا ، ڕازی و ملكەچ بە كۆیلایەتی ، ئەو دەستەڵاتە و سەرۆكە شایستەیەتی .!
ھاوار زەیتۆ

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە