سیستەمی پارێزگاری لای دزە پیرۆزەکان لە هەرێمی کوردستان(کلیک)


یەکێتی و داڕمانی سلێمانی

Monday, 03/06/2024, 19:50


سلێمانی لە کۆنەوە کراوەتە مەیدانی ململانێ و ژینگەو سروشتەکەی وێران دەکرێت ! لەمێژە خاکەکەی لەت لەت دەکرێت و خەلکەکەی پەرتەوازەیە ! لەمێژە ئەو شارە بە ئاگری شەڕی بەعسیزم دواتریش بە ئاگری شەڕی بەناو کوردایەتی شاخ و ئیستاش بە ململانێی سیاسی و ئیرهابی فیکری و شەڕی یەکێتی و پارتییەوە وێران دەکرێت ،لەمێژە وێرانکاری و دووبەرەكی، کینە و دوژمنایەتی و ڕق لە شاخەوە بەرەو شار دەکشێن و وەک پەتا بە شەقام و گەڕەک و کۆڵاناندا بڵاوی دەکەنەوە ! 
ئەوەی ئێستا لە سلێمانی دەیبینین داڕشتنەوەیەکی تری شارە بە عەقڵ و ئاوەزوو تێگەیشتنی سەرۆکی حیزبێک کە هیچ لە سیاسەت نازانیت و هەر خەریکی خواردنی پارەو پرۆتین و دروستکردنی ماسولکەیە ، خراپی کوڕانی تاڵەبانی تەنیا بۆ ئەو خەڵکە نیە کە چارەنوسیان لە قەڵەمڕەوی یەکێتی دایە ، بەڵکو بۆ خودی یەکێتیەکانیشە !  تۆ لە قاچاخچیتی سنورەکان و دەرمان و جگەرەیش بگەڕێ ! چش لەمانە ئێستا سلێمانی جگە لە تارمایی هیچی تێدا نابینرێت ، دەستێکی ڕەش بەناوی ( ئاشتی و ئارامی و هەلیکار یان ئاشتکردنەوەی سلێمانی)بە  توندی گەرووی ئەم شارەی گرتووە خەریکی خنکاندنی شارەکەیە ، ئەمە تینەگەیشتنە لە هونەری ئیدارەدان و داڕشتنەوەی شارە بە حوکمی پۆستاڵ  کە کۆمەڵێک مانای ترسناکی لە پشتەوەیە، یەکێک لەو مانا ترسناکانە مردنی سیاسەتە وەک چالاکییەکی مەدەنیی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکی و ململانێکان و خزمەتی شارو خەڵک .  
 ئەم فۆڕم و تیگەیشتنەی کوڕانی تاڵەبانی لە بواری ئیداریدا جگە لە پرۆژەیەکی ڕووت بۆ پڕکردنی گیرفانی خۆیان و خێزانەکانیان هیچ ئینجازێکی بۆ شارەکەو خەڵکی شارەکە نەبووە ، داڕمانی شار و نەمانی دیمەنی جوان و سەرەنج ڕاکێشەکانی گۆیژە جێگای نیگەرانیەکی زۆرە ، وردە وردە خشت و دارەڕاکانی ئەم شارە لە جوانییەکانی دائەماڵن و خانووە کۆنەکانی گەڕەکی سابونکەران و سەرشەقام و کانی ئاسکان و چەندینیتر دەبنە گەڕاجی ئوتۆمبێل ، یەکێتی لە دوای بانگەشەی “ئاشتی ئارامی هەلیکار”  ئەو تۆزە ئارامی و هەلیکارەشی نەهێشت کە هاوڵاتیان لە سایەیدا ژیانیان دەگوزەران و پێچەوانەی ئەم بانگەشەیە یەکێتی لەم شارەدا زیاتر دەستکراوەتر بوو زیاتریش شەڕی داهات و کورسی و داگیرکردنی گرد و تەپۆلکەو شاخەکان دەکات نەک ئاشتکردنەوەی شارو خەڵکەکەی .
ئەگەر ئەم شارە کانگای ئیلهام بووە بۆ یەکێتی ئەی بۆ مشورخۆری ئەو شارەو دانیشتوانەکەی نین؟!  ئاشتکردنەوەی شار یەکێک بوو لە بانگەشەکانی باڤڵ تاڵەبانی کوا بەرهەمەکەی و چی ئینجازێکی بۆ شارو خەڵکەکەی تیدا بوو ؟! شار بەم عەقڵەو بەم تێگەیشتنە بەڕێوە نابرێت ،  ئەمە یاریکردنە بە دەماری خەڵک و یاریکردنە بە هەست و سۆزی مێگەل، لەسەر حسابی هۆشیاریی ، هەموو هەنگاوێکی کوڕانی تاڵەبانی ژینگەیەکی سایکۆلۆژی لە پشتەوەیە بۆ ئەوەی مەیلی خەڵکی شارەکە  بەلای خۆیاندا رابکێشن و خۆڵ بکەنە چاویان ، خۆ ئەگەر دەڵێن وانیە ئەوا با کوڕانی تاڵەبانی پێ بنێن بە حەزەکانی خۆیانداو لە پێناو بەرژەوەندی و چاکەی گشتیدا نەک دەستبەرداری شاخی کۆیژە بن بەڵکو هەموو موڵک و ئەو زەوییانە بگەرێننەوە بۆ خەلکی شار کە ئیدارەی گشتی دەستی بەسەرداگرتوون !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە