گۆڵمەزی هەڵبژاردن و ئەدای حکومەت و پەڕلەمان

Saturday, 17/06/2023, 23:35


یەکێک لەو قسانە کە مەبەستمە بیکەم ئەوەیە کە لە هەرێمی کوردستاندا هەر هەڵبژاردنێک بووبێت کە ئەنجامەکەی دیارنەبووبێت و پێش هەڵبژاردنەکە رێککەوتنی لەسەر نەکرابێت، هەرا و گۆڵمەزێکی لەگەڵ خۆی هێناوە، ئەو گۆڵمەزەی ئەمڕۆش کە لە نێوان پارتی و یەکێتی هەیە لە بارەی هەڵبژاردن ئەنجامی ئەو شکستەیە کە پارتی و یەکێتی بە درێژایی سێ دەیەی هونەری بەڕێوەبردن و ئیدارەدان جگە لە قەیرانی سیاسی و پاشەکشەی دۆزی کورد لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی قەیرانی ئاسایش، ئابووری، کۆمەڵایەتی لەگەڵ خۆیدا هێناوەو تادێ ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێت.
پارتی و یەکێتی بە پلەی یەکەم ئەگەر مەبەستیان بووایە و لە خەمی بنەماکانی دیموکراسییەتدا بوونایە، پرسی ئازادی ڕادەربڕین ، ئازادی چالاکی سیاسی و خۆپیشاندان و گردبونەوە ، ئازادی کاری میدیاییان کۆت و بەند نەدەکرد و هیچ  پاسا و بیانوو سیناریۆیەکی سیاسییان بۆ تەنگ پێهەڵچنینی دیدوڕوانینی جیاوازو رەخنەگرەکان نەدەبوو هەرگیزیش پەنایان بۆ پراکتیزەکردنی هەڕەشە و هێرش پەلاماردان و ڕفاندن نەدەبرد ، بڕوابون بە کولتوری دیموکراسی و هەوڵدان بۆ چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی کارێکی ئاسان نیە و لە ئیمکانی پارتی و یەکێتیدا نییە کە بتوانن کوردستانێکی بەهێز بونیاد بنێن کە سروشتی خۆیان و حیزبەکانی تریش بخەنە ژێر پرەنسیبی سەروەری یاسا.
دوای کۆتایی هاتنی هەموو هەلبژاردنێک بە پلەی یەکەم پارتی و یەکێتی و پاشان هێزە سیاسییەکانی دیکە ڕوو لە پۆست و پشت لە شەقام و خۆیان لە بەڵێنەکان دزیوەتەوە ، کۆتایی هەموو هەلبژاردنێک خەلک لە چاوەڕوانی ئەوەدایە دەبێ کەی پارتی و یەکێتی لە کەلی شەیتان بێنەخوارەوەو کۆتایی بە زمانی شەڕو ناکۆکی و عەبەسیەت بهێنن و ڕێز لە ئەنجامەکانی پرۆسەی هەلبژاردن بگرن ، بەڵام هیچکات چاوەڕوانی خەڵک و ئەو میللەتە بۆ پارتی و یەکێتی گرنگ نەبووە و زیاتر ئەوان لەخەمی خۆیاندا بوون و ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کە چۆن کێکەکە دابەش بکەن لە نێوان خۆیان و هێزەکانی دیکەدا ، لەبەرامبەریشدا هەموو هەلبژاردنێک ئەوانەی بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردن دەدەن رێژەکەیان لە زیاد بوندایە ، هەرچەندە بایکۆت دەرفەتی زیاتر دەرەخسێنێت کە پارتی و یەکێتی پەنا بۆ تەزویر و پڕکردنەوەی سندوقەکان ببەن ، بەڵام ئەوە کارتی فشارو نەبوونی متمانەی هاوڵاتیانە بە هیزە سیاسییەکان و بە پرۆسەی هەلبژاردن لە کوردستان .
ڕاستیەک هەیە دەبێ تێبگەین ئەویش ئەوەیە کە بەلایەنی کەمەوە نیوەی دانیشتووانی کوردستان، بگرە زیادتریشی، رازی نین لە ئەدای کابینەی نۆیەم و خولی پێنجەمی پەرلەمان و لە ئەدای پەرلەمانتاران ، خراپی ڕۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم دا شکستی پلەیەک و قوڵبونەوەی ناکۆکییە سیاسی و ئیدارییەکانی بە دوای خۆیدا هێناوە ، کابینەی نۆیەم کە بە کابینەی چاکسازیی ناسێندرا نەک نەیتوانی چاکسازی ئەنجام بدات ، بەڵکو هیچ کابینەیەک هێندەی کابینەی نۆیەم قەیرانەکانی کەڵەکەترو سیمای دوو ئیدارەیی قوڵتر نەکردەوە  ، کابینەی نۆیەم ژینگەیەکی خراپی لە گەندەڵی و ئاڵنگاری مافەكانی مرۆڤ و پرسی ئازادییەكان  خولقاندووەو تەنانەت هیچ مواسەفاتێکی هاوبەش و شەراکەتی ڕاستەقینەی بۆ هیزەکانی تر تێدا نەبووە ، هەربۆیە لەگەڵ خۆیدا پەرلەمانی کوردستانیشیان پەک خستووە!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە