پەڕلەمان دەزگایەکی لاواز و بێکەڵک

Sunday, 09/10/2022, 10:12


لە هەرێمی کوردستاندا پەڕلەمان دەزگایەک نییە کە مەرجەکانی پەرلەمانێکی سەربەخۆ و خاوەن تواناو دەسەڵات و لێپرسینەوە و هه‌یبه‌تی سیاسیی و یاسایی و ڕێزی کۆمەڵایەتیی تێدابێت و هه‌موو خولێكی په‌ڕله‌مانی كوردستان دونیایه‌ك گێژاو و کێشه‌یان بۆخه‌ڵكی كوردستان به‌جێهێشتووه‌و نەیانتوانیووە نوێنەرایەتی خۆیان و کۆمەڵگاش بکەن ، یەکێک لە کێشەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نەبوونی خەڵکی شارەزاو پسپۆڕە لە هەناوی خۆیدا ، نەبوونی خەڵکی شارەزاو پسپۆڕ دەرفەت و زەمینەی رەخساندووە بۆ دەستێوەردانی حیزبی لەکاری پەڕلەماندا کە ڕۆژانە هەم خۆیان و هەمیش کۆمەلگا توشی قەیران دەکەن  .
پەرلەمان لەم خولەی ئێستادا بووەتە دەزگایەکی لاوازو بێكه‌ڵك لەوە کەوتووە ھەڵقەیەک لە ھەڵقەکانی دەسەڵات بێت، بەڵکو گۆڕاوە بۆ شوێنی کۆبوونەوەی کۆمەڵێک موچەخۆری بێدەسەڵات کە خاوەنی بڕیاری خۆیان نین و ناتوانن بە ئەرکی ئەخلاقی و ویژدانی خۆیان هه‌ستن  و لای زۆرینەی خەڵکی کوردستانیش پەرلەمانتاران نوێنەری حیزب و گیرفان و قازانجی شەخسی خۆیان نەک نوێنەری کۆمەڵگا! لەئێستادا پەڕلەمان وەک دەزگایەکی بێکەڵکی ناو درۆگەورەکەی دیموکراسی کە ئیمکانی لێپرسینەوەو چاودێریکردنی حکومەت و نوێنەرایەتیکردنی خەڵکی کوردستانی تیدا نەماوە دێت و لەپێناو درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی و حکومەتی هەرێم دا پەیڕەوی ناوخۆ و هەموو یاسایەک پێشێل دەکات .
پارتی وەک زۆرینەی ڕەهای پەڕلەمان توانیویەتی لەم خولەدا سیستەماتیکانە پەڕلەمان بێبەها بکات و هەیبەتی تەشریعی بوونی بشکێنێت و توانای چاودێریکردنی حکومەتیشی لێبسەنێتەوە ، ئەم یارییە ناشیرینەی پارتی وایکردووە کە پەڕلەمان توانای سەربەخۆبوون و چاودێریکردن و لێپرسینەوە لە دەست بدات و ببێتە دەزگایی ئیفلیج و سێ لایەنە سەرەکییەکە (پارتی ،یەکێتی ، گۆران ) چییان بوێت و چۆنیان بوێت بەو شێوەیە دەیجوڵێنن و هیچکات پەرلەمانی کوردستان لەدەرەوەی (پارتی و یەکێتی و گۆڕان) نەیتوانیوە سەرقاڵی بڕیار و پرۆژەیەکی نەتەوەییانە بووبێت دەربارەی سنورەکان و هێرش و پەلاماردانەکانی (تورکیاو ئێران)  یان دەربارەی هەبوونی بنکەو بارەگای هەواڵگری وڵاتانی درواسێ و مەترسی درۆنەکان کە بونەتە مەترسی لە سەر ژیانی خەڵکی کوردستان .
 خەڵکی کوردستان بێ ئومێدن لە ئایندەیان لە ژێر سێبەری سێ سەرۆکایەتیەکەی هەرێم و ئەو پەڕلەمانەیش نوێنەرایەتی کەمتر لە ٪٣٠ خەڵکی کوردستان دەکات ، هەربۆیە چاوەڕێی هیچ هەڵوێستیک و هیچ چاکسازی و پرۆژە یاساو کارێکی باش لەم خولەی ئێستای پەرلەمان ناکات ، بەڵام خۆزیا هێندە بێ چاوو ڕوو نەبونایە و تەمەنی پەرلەمانتاری خۆیان و ئەو دەزگا بێکەڵکەیان دریژ نەکردایەتەوە کە کۆبونەوەکانیان هیچ پەیوەندییەكی بەژیانی رۆژانەو ئەو دۆخە خراپەوە نییە کە چەندین ساڵە خەڵكی تێكەوتووە ، بۆیە ئەو دیمەنانەی کە ئێستا لە پەرلەمانتارانی دەبینین پێچەوانەی ئەرک و بەرپرسیارەتی ئەخلاقی و ویژدانی سەرشانیانە و وەکو پارتی و یەکێتی و گۆران بوونەتە کۆڵ و بار بەسەرشانی کۆمەلگای کوردییەوە .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە