له‌ ئـاشـبه‌تـاڵی مه‌لا مسته‌فاوه‌ بۆ شكستی ریفراندۆم

Friday, 27/11/2020, 0:54


هیرۆدۆت ده‌لێت : مێژوو گه‌ڕان و پشكنینه‌ به‌دوای ڕاستی ڕوداوه‌كاندا . هه‌روه‌ها ئیبن خه‌لدونیش ده‌لێت : مێژوو له‌ ڕواله‌تدا هه‌واڵه‌ ده‌رباره‌ی ڕۆژگارو ڕوداوه‌كانی پێشوو ، له‌ناوه‌رۆكدا ڕوانین و وردبونه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ . ئه‌وی لێره‌دا گرنگه‌ وه‌ریبگرین له‌ مێژوودا گه‌ڕان و پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ی ئه‌و ڕوداوانه‌یه‌ كه‌ له‌ ڕابردو ڕویان داوه‌ ،نه‌ك نوسینه‌وه‌و تۆماركردنی ڕوداوه‌ مێژوییه‌كان ، هه‌موومانیش هاوده‌نگین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ پرۆسه‌ی نوسین به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی پرۆژه‌ی ئاشكراكردن و كه‌شفكردنی نادیاره‌كانه‌ ،به‌ڵام نابێت مێژوو داڕنین له‌ ماناو تێگه‌یشتنه‌ ڕاسته‌قینه‌و شیاوه‌كه‌ی خۆی كه‌ بریتی یه‌ له‌ توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وه‌و وردبونه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌ مێژوویه‌كان .
له‌ مارتی ۱۹۷٤ که‌ کۆتایی به‌ گفتوگۆ هات له‌ نێوان حیزبی به‌عس به‌ سه‌ركردایه‌تی سه‌دام حسێن و پارتی به‌ سه‌ركردایه‌تی مه‌لا مسته‌فا ، سه‌دام حسێن به‌ سه‌ركردایه‌تی شۆرش ده‌لێت : "چاره‌نوسی ئێوه‌ به‌ستراوه‌ به‌ پشتیوانی ئێرانه‌وه‌، ئێران داوای شه‌تولعه‌ره‌ب ده‌کا، شه‌تولعه‌ره‌ب له‌ کوردستان خۆشه‌ویستر نیه‌". هه‌روه‌ها سه‌دام حسێن ده‌شلێت : "ئه‌گه‌ر شه‌ڕ ده‌ست پێبکه‌نه‌وه‌، ساڵێک شه‌ڕتان له‌گه‌ڵ ده‌که‌م، ئه‌گه‌ر نه‌متوانی به‌سه‌رتانا زاڵ بم له‌گه‌ڵ ئێران رێکده‌که‌وم و نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌بی ده‌ده‌مێ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی یارمه‌تیتان لێ ببڕێت، ئۆباڵه‌که‌ی له‌ گه‌ردنی ئێوه‌دا ئه‌بێ".
به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا گوێ به‌م قسانه‌ی سه‌دام حسێن نادات و شه‌ڕ هه‌ڵده‌گیرسێنێته‌وه‌ ، ئاشكرایه‌ شای ئێران رۆڵی هه‌بوو له‌ هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆرش وه‌كو كارتێكی فشار مه‌لا مسته‌فا و شۆرشی به‌كار ده‌هێنا چونكه‌ ئیران له‌ ململانێدا بوو له‌گه‌ڵ عێراق له‌سه‌ر ئاوی شه‌تولعه‌رەب، به‌رله‌وه‌ی سه‌دام حسێن له‌گه‌ڵ شای ئێران رێبكه‌وێت ،ئه‌نوه‌ر سادات سه‌رۆکی میسر به‌ سامی عەبدولرەحمان که‌ نوێنه‌ری مه‌لا مسته‌فا بوه‌ له‌ میسر هه‌واڵ بۆ مه‌لا مسته‌فا ده‌نێرێت که‌ به‌و نزیکانه‌ عێراق و ئێران رێكده‌كه‌ون و پێکدێن، چاکتر وایه‌ کورد مشوری خۆی بخوات.
دواجارسەدام به‌ڵێنه‌که‌ی خۆی جێبه‌جێ کرد به‌نێوه‌ندگیری هه‌ریه‌ک له‌ وڵاتانی ئوردن و میسر و جەزائیر و ئه‌مەریکا،له‌ ساڵی ۱۹۷٥ رێککه‌وتنامه‌ی جەزائیر بڵاوکرایه‌وه‌ که‌ بو به‌ هۆکاری ئاشبه‌تاڵی شۆڕشه‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا .
که‌ریم ئه‌حمه‌د ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی حزبی شیوعی له‌ چاوپێکه‌وتنێکی ڕۆژنامه‌ی ئه‌لیکترۆنی جه‌ماوه‌ر نیوزدا، که‌ ڕۆژنامه‌نووس نه‌وشیروان شه‌ریف دیداری له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامداوه‌،ده‌ڵێت: زۆر هه‌وڵمان له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فادا، که‌ ئاشبه‌تاڵ نه‌کات، گوتمان به‌ مه‌لا مسته‌فا، ئێمه‌ له‌ جه‌بهه‌دا‌ له‌ گه‌ڵ حکومه‌ت، دیینه‌ ده‌ره‌وه‌، دێینه‌ لاتان و له‌ گه‌ڵ ڕژێمدا شه‌ڕ ده‌که‌ین، به‌ڵام مه‌لا مسته‌فا گوێی بۆ ڕانه‌گرتین.
مه‌لا عبدوڵای حه‌سه‌نزاده سکرتێری حزبی دیموکراتی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ده‌ڵێت: ئێمه‌ بڕیارماندا، که‌ به‌ مه‌لا مسته‌فا‌ بڵێین، ئاشبه‌تاڵ نه‌کا، ئه‌و کاته‌ من چووم تا په‌یامه‌که‌ی پێبگه‌یه‌نم، له‌ ڕێگا له‌ وڵاخه‌که‌م که‌وتم و قاچێکم شکا، به‌ڵام من نه‌گه‌یشتم به‌ مه‌لا مسته‌فا، مه‌لا مسته‌فا ئاشبه‌تاڵی ڕاگه‌یاند، چونکه‌ ویستمان به‌ مه‌لا مسته‌فا بڵێین: شه‌ڕ ڕا مه‌گره‌، هه‌موومان هاوكاریت ده‌كه‌ین‌.
محەمەد حسنین هیکل دوای ئاشبه‌تاڵ سه‌ردانی ئێران ده‌کات و چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ مه‌لا مسته‌فا ده‌کات و پێی ده‌ڵێت ئێمه‌ زو ئاگادارمان کردیه‌وه كه‌ عێراق و ئێران پێكدین،‌ به‌ڵام تۆ به‌ قسه‌ی ئیمه‌ت نه‌كرد و به‌هه‌ندت وه‌رنه‌گرت . مه‌لا مسته‌فا له‌ وه‌ڵام دا ده‌ڵێت (ئیراده‌ی خوابو!) ڕووبدات.
هاوكات چه‌ند به‌رهه‌مێكی چاپکراوی مامۆستا هێمن موكریانی له‌ ڕؤژنامه‌ی "کوردستان"ـی چاپی تاران که‌ به‌ بۆنه‌ی ئاشبه‌تاڵی سالی۱۹۷٥ گوتراوه‌ و له‌ گۆڤاری (نووسه‌ری کوردستان، ژماره‌۱٦، ساڵی ۱۹۸۸، ل ۱۷۷ـ ۱۷۹) دا جاریكی تر چاپکراوه‌ته‌وه‌ ، له‌ ژیر ناونیشانی نیشتیمانم ڕۆ مامۆستا هێمن ده‌لێت :
شای خوێڕی گوتی: تۆ خزمی خۆمی
به‌ ڕێ و شوینی ئه‌و، خۆم خسته‌ گۆمی
ئه‌ویش بۆمن بوو به‌ کــابرای ڕۆمی
خوێنی فرۆشتم بـــه‌ ئاوی چۆمی
منداڵی ســـاوای به‌ستزمانم ڕۆ
ڕۆڵه‌ی جوانم ڕۆ، نیشتمـانم ڕۆ
مامۆستا هیمن موكریانی ڕوده‌كاته‌ مه‌لا مسته‌فا و ده‌لێت :
له‌ ڕووی دێ ده‌ڵێ: "شۆڕش بێ هێز بوو
بـه‌ره‌ی پێشمه‌رگه‌ زۆر بێ پارێز بوو
کـــوا له‌ جیهاندا، ماوه‌ باوی شا
گێژبووم، چارده‌ساڵ بووم به‌پیاوی شا
كورد خه‌ون به‌ ده‌وڵه‌تێكه‌وه‌ ده‌بینێ كه‌ ئازادی و خۆشگوزه‌رانی و سه‌قامگیری ئاسایش و ژێرخانی ئابوری باش و سیاسه‌تێكی ته‌ندروستی هه‌بێت ،ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت نه‌بێته‌ هۆی هاتنه‌دی ئه‌م خه‌ونانه‌ نه‌بونی باشتره‌ له‌ هه‌بوونی ، عه‌به‌سیه‌ت و عینادی مه‌سعود به‌رزانی له‌ ریفراندۆم دا چاره‌نوسی كوردی وه‌كو باشوری سۆدان لێده‌كرد، ریفراندۆم دوباره‌ بونه‌وه‌ی هه‌مان مێژوی ئاشبه‌تاله‌كه‌ی مه‌لا مسته‌فا بوو كه‌ ۱۲۰ هه‌ژار پێشمه‌رگه‌ چه‌که‌کانیان دانا و چاره‌نووسی خۆیان و گه‌له‌که‌یان به‌ نادیار سپارد ،ئاشبه‌تاڵی مه‌لا مسته‌فا ئاشبه‌تاڵی شۆڕشێك بوو به‌ڵام شكستی ریفراندۆم قوماركردن بوو به‌ چاره‌نوسی گه‌لێك شكستی گه‌لێكیش بوو كه‌ سیاسه‌تی خۆپه‌رستانه‌ی شۆڕه‌سوارانی ریفراندۆم چارەنوسی کوردی بەرەو ئاقارێکی نادیار و تاریک برد.
له‌ خوێندنه‌وه‌ی مێژودا پێویستیمان به‌ ئاشنا بوونی ئه‌و هۆكارانه‌یه‌ كه‌ له‌ پشته‌وه‌ی ڕووداوه‌ مێژوییه‌كان خۆیان حه‌شار داوه‌ و كاریگه‌ری ڕاستوخۆیان له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕوداوه‌ مێژوییه‌كان هه‌یه‌ ساغكردنه‌وه‌و سه‌لماندنی ڕوداوه‌كانی مێژوو به‌ پشكنین و توێژینه‌وه‌و وردبینی و لێكۆلێنه‌وه‌ ده‌بێت .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە