هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاره‌تی له‌ ناو ئه‌حزابی كوردی دا

Saturday, 22/08/2015, 21:09


ئه‌وه‌ هه‌ستكردنه‌ به‌ به‌ربرسیاره‌تی كه‌ من و تۆ ئیمه‌ و ئه‌وان هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌ پێناو ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و ئاشتی كۆمه‌لایه‌تیدا بسازێن و بگونجێین ، خۆ دنیا خراپ نابیت گه‌ر موزایه‌ده‌ نه‌كه‌ین و یه‌كتر قبوڵ بكه‌ین ، جیاوازیه‌كانمان هه‌ر چییه‌ك بیت ، دواجار كوردین خاوه‌ن ئامانج و ستراتیژین  ، ئیمه‌ میلله‌تین خۆ قه‌ره‌ج نین بۆ له‌به‌رچاو یاره‌ نه‌یار خیسه‌له‌ یه‌كدی ده‌كه‌ین ، یه‌ككرتوی ئیسلامی كوردستان له‌ پێناو ته‌بایی و یه‌كریزی میلله‌تی كورد بۆ ئه‌وه‌ی سازان بێته‌ به‌ردی بناغه‌مان و ئه‌جیندای ده‌ره‌كی نه‌بیته‌ هۆكاری تیكچوونی نیوماڵی كورد ، به‌ رۆحییه‌تیكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌ ، كوردانه‌و نیشتیمان په‌روه‌رییانه‌ ئه‌وه‌ی له‌ ده‌ستی هات كردی  ، ئه‌م هه‌لویسته‌ی یه‌ككرتوو بۆخۆی جیگه‌ی تقدیره‌ و پیویسته‌ به‌رز بنرخیندریت ، خۆزیا حزبه‌كانی تریش چاویان له‌ یه‌ككرتوو بكردایه‌ و سازشیان بكردایه‌ تا سازان رێچكه‌ی خۆی وه‌ربگرتایه‌ ، هه‌ر كه‌سیك هه‌رلایه‌نێك هه‌لگری پره‌نسیپی سازان بیت ، گه‌ر سازش نه‌كات و سازان وه‌كو موزایه‌ده‌ به‌كار بهینیت ، گه‌ر پیی وابێت به‌م دروشمه‌ بێ‌ كرداره‌ی خۆڵ ده‌كاته‌ چاوی میلله‌ت هه‌له‌یه‌و له‌ خه‌وشدایه‌ ، میلله‌ت له‌به‌ر دۆخی ناسك و هه‌ستیاری  كورد بێ‌ ده‌نگه‌ و نایه‌ته‌ شه‌قام ، گه‌ر میله‌ه‌ته‌كه‌مان له‌ دۆخێكی وا هه‌ستیارو نه‌خوازراودا نه‌بووایه‌ ، ئیستا زۆر له‌ میژ بوو ، بزاری و رق و توره‌یی میلله‌ت زۆر لایه‌نی سیاسی رامالی بوو ، به‌تایبه‌ت ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ خۆیان به‌ كویخاو ده‌مراستی میلله‌ت ده‌زانن و سه‌رو بنی زمانیان سازانه‌ و بی كردارن له‌ بواری خۆگونجاندن و سازاندا .
پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم به‌ كراوه‌یی له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ماوه‌ته‌وه‌ ، گه‌ر لایه‌نه‌كان نه‌سازێن و ڕیكنه‌كه‌وون بێگومان جاریكی تر په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌توانێت له‌سه‌ر داوای فراكسیۆنه‌كان وه‌یان 3/2 په‌رله‌مانتاران یاخود به‌ پره‌نسیپی زۆرینه‌ ده‌توانن ئه‌م بابه‌ته‌ بهیننه‌وه‌ ناو كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و یاساكه‌ هه‌موار بكاته‌وه‌ ، ئه‌و قه‌ی من نییه‌ ئه‌و ماده‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ و په‌سه‌ند كراوه‌ ، به‌لام له‌ هه‌ر حاله‌تێكدا میلله‌ت به‌رگه‌ی ئاژاوه‌و كیشه‌و ململانیی ئه‌حزابی كوردی ناگریت ، چونكه‌ له‌ مییژه‌ ئه‌م میلله‌ته‌ دوای كلاوی بابردوی  حزب كه‌وتووه‌ ، حزبیش له‌ پیناو مانه‌وه‌و ره‌وایه‌تیدان و شه‌رعییه‌تدان به‌ ده‌سه‌ڵات و هه‌یمه‌نه‌كه‌ی له‌ شان و باڵی میله‌ته‌كه‌ی بریوه‌و كردوویه‌تی به‌به‌ری خۆیدا ، میلله‌تیش وه‌كو منداڵیكی هه‌تیوو بێ‌ باوك هه‌ر ناڵاندویه‌تی و كه‌سیش ئاوری لێ‌ نه‌داوه‌ته‌وه‌ ، هه‌ر وه‌كو ئه‌وه‌ی بینیمان له‌ نیوه‌راستی ده‌یه‌ی نه‌وه‌ته‌كان دوو هیزی سیاسی كوردی (پارتی و یه‌كیتی ) په‌لاماری یه‌كتریان داو سایكۆلۆژیه‌تی میلله‌تیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خودی حزبه‌كانیان گواسته‌وه‌ ، میلله‌ت بووه‌ پشكۆو خه‌ڵووزی حزبایه‌تی ، كوڕو برای هیچ یه‌كیك له‌و سه‌ركردانه‌ی كه‌ ئیستا ئیحساسات و سایكۆلۆژیه‌تی میلله‌ت ئه‌جوڵینن به‌ره‌و شه‌ڕی ناوخۆو دوو ئیداره‌ی  شه‌هید نه‌بوون ، به‌ڵكو ده‌رئه‌نجامی ململانێ‌ خوێناوییه‌كان به‌ په‌یماننامه‌ی واشنتۆنی هه‌ردوو حزبه‌كه‌ ( یه‌كیتی و پارتی ) له‌ ساڵی 1998  پاشان گواستنه‌وه‌ی بۆ رێكه‌تننامه‌ی ستراتیژی له‌ ساڵی 2007  كه‌ تێیدا بریار درابوو هه‌ردوو لا له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا هیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ یه‌كبخه‌نه‌وه‌ ، هه‌رچه‌نده‌ ئیراده‌یه‌كی جدی نه‌بووه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی هیزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ، به‌لكوئه‌وه‌یشی كراوه‌ ته‌نها دروشمبازی و به‌یاننامه‌و بریاری بێ‌ كردار بووه‌ .
زیاتر له‌ 2500  ساڵه‌ كورد له‌ سه‌نگه‌ری به‌رگری و خه‌بات و تێكۆشاندایه‌ ، ئه‌وه‌ی بووته‌ هۆكاری له‌باربردنی ئه‌م هه‌موو قوربانی و خه‌بات و تێكۆشانانه‌ ، نه‌بوونی عه‌قڵێكی نه‌ته‌وه‌ییانه‌یه‌ كه‌ له‌ میشكی ئه‌حزابی كوردیدا ئاماده‌گی نییه‌ ، ئه‌حزابی كوردی هه‌ر به‌ عه‌قلیه‌تی شاخ وبه‌ عه‌قلیه‌تی حیزبیانه‌ مامه‌له‌ له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ سیاسی و ململانێ‌ هه‌رێمی و نێوده‌وله‌تیه‌كان ده‌كات ، عه‌قڵی حیزبی به‌شیكه‌ له‌ بچوكی و گرگنی ، مرۆڤی بچوك و بی رۆح هه‌لگری ئه‌و عه‌قله‌ حیزبیه‌یه‌ كه‌ بووته‌ سه‌رتان به‌ جه‌سته‌ی میلله‌ته‌وه‌ ، میلله‌ت بۆ شۆردنه‌وه‌ی خۆی و وسڵ ده‌ركردن له‌و عه‌قله‌ بۆگه‌نه‌  پێویستی به‌ نوشداری و خۆ خاوێنكردنه‌وه‌ هه‌یه‌ ، میلله‌ت له‌سه‌ر موزایه‌دات و گوتاری توندو زبر ناروات به‌ ڕێوه‌ ، عه‌قلی حیزبی له‌ بازنه‌یه‌كی داخراودایه‌ ، ئه‌وه‌ی ده‌یبینیت و ده‌یبیستیت ، دواجار هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ پێی ده‌په‌یڤێت ، زۆر جار به‌ زمانیكی زبر و توند به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی هه‌ست  سۆزی به‌رامبه‌ر له‌به‌رچاو بگرێت .
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت بخه‌نه‌سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندی یه‌ حیزبییه‌كانیانه‌وه‌  ، چونكه‌ ئیراده‌ی میله‌ت له‌سه‌روی خواست و ئیراده‌ی حیزبه‌وه‌یه‌ ، ناكرێت له‌ پێناو چه‌ند قرانێك و كورسییه‌كدا  یاری به‌ چاره‌نووسی میلله‌تێك بكه‌ن ، له‌ ئێستادا میلله‌ت سه‌ری لێ‌ شێواوه‌ نازانێت ( كێ‌ جاشه‌و كێ‌ باشه‌ ) هه‌موو حیزبه‌كان خۆیان به‌ نماینده‌ی میلله‌ت ده‌شوبهینن ، له‌كاتێكدا ئه‌وه‌ی ده‌ریده‌بڕن بێ‌ ناوه‌رۆك و بێ‌ كرداره‌ .
حیزبی كوردی نه‌خۆی قبوڵه‌ نه‌ حیزبی ترو نه‌خه‌ڵكیش  ، حیزبی كوردی له‌ناو تاكڕه‌ویی و لوتبه‌رزی و فه‌رزكردنی ئیراده‌ ده‌گوزه‌رێت ، ئه‌وی وه‌كو ئه‌و بیر نه‌كاته‌وه‌و به‌ ئاوازی ئه‌و نه‌خوینیت ، خیانه‌تكار و خۆفرۆش و ئه‌نارشیزمه‌ ، ئه‌وی نه‌بێته‌ كۆیله‌و دارده‌ست و رۆبۆت ، ئه‌و ده‌هۆله‌ لێ‌ نه‌دات كه‌ حیزب ده‌یه‌وێت ، شاربه‌ده‌ر ده‌كرێت و جیگه‌ی نابێته‌وه‌ له‌ نیشتیماندا ،  وه‌ من پیم وایه‌ مه‌كره‌مه‌ی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی لای حیزبی كوردی نیه‌ ، ئه‌وه‌ حیزبی كوردی یه‌ بووته‌ هۆكاری ناشیرینكردنی به‌ها نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كان .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە