دەنگی رێبین هەردیش (بەڵێ)یە
Friday, 22/09/2017, 4:36
را و بۆچوونی رێبین هەردی لەسەر پرسی ریفراندۆم جێگای خۆیەتی بخرێتە ئەرشیفی تایبەت بە خۆی، تا بۆ پاشەڕۆژ بپارێزرێت.
-------------------------------
من زۆر باش لە نیاز و بوچوونی هەموو ئەو هاوڕێیانە تیئەگەم كە چ لەبەرەی نەخێرن و چ لەبەرەی داواكاری بۆ دواخستنی ریفراندۆم.
بۆ ئەمەی دوهەم منیش هاوڕا بووم كە رەنگە ئەمە دۆخێكی باش نەبێت بۆ ریفراندۆم چونكە: هیچ كات دۆخی ئابوری كوردستان هێندە خراپ نەبووە، هیچ كات هێزەكان هێندە لەیەك دوور و دژ بەیەك و ناحەزی یەك نەبوون..پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی، بەجۆریك قۆرخی هەموو پێگە سەرەكیەكانی وڵاتیان كردووە كە گەیشتۆتە ئەوەی تەنانەت بە یەك قسەی ئەوان پەرلەمان دابخرێت كە بەدڵی ئەوان قسە ناكات، و بشكرێتەوە كە بەدڵی ئەوان پەنجە بەرز ئەكاتەوە..بی درۆ پەرلەمان زۆر لە مەجلسی تەشریعی سەردەمی جاران ئەچێت كە قسەكەر و بریاردەر و ڕێگەگر و رێگەخۆشكەر هەر یەك هێزە پارتی یان راستر بنەماڵەی بارزانی.
وەك چەندان جاری دیش گوتوومە بەبروای من هیچ كەس هێندەی مەسعود بارزانی ئەو كۆڵەكە سەرەكیانەی لەناونەبردووە كە بۆ بونیادنانی دەوڵەت پێویستە..هیچ سەركردەیەكی كوردیش هێندەی ئەو كورسی خۆشەویست نەبووە كە ئامادە بیت خەونی دەیان ساڵەی ئەم گەلە بە حوكمڕانیەكی دیموكراتەوە لەناو ببات كە دەستاودەستكردنی دەسەڵاتی تێدایە، سەرۆكی هەمیشەی و سەرۆكی فەرماندە (خوا بیپارێزێتی تیا نیە)، كە وێنە و پەیكەرەكانی لە هەموو كونجێكدا بە زۆر هەڵناواسرێت..كە پەرلەمانێكی چالاكی تێدایە، كە ئۆپزسێۆنی سیاسی تیایە و وڵات كورت ناكتەوە بۆ حیزب و لق و پۆپەكانی، كە سامانی وڵات نابێت بە دەخیلەی تایبەتی بنەماڵەیەك، بە كێی ویست، ئەیبەخسێت و كێشی نەوسیت لێی مەحروم ئەكات.
ئەمانە هەمووی راستن و لە دوای ئەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیش بەم ئاراستە ناشرینەی حوكمڕانی هەنگاویان ناوە، هیچ درێغیمان لە دژایەتی و ناڕازیبوون بەرامبەری نەكردۆتەوە و ناكەین..بەڵام ئەوەی بەڕاستی نازانم ئەوەیە وابزاین ریفراندۆم بۆ بەڵی گووتنە بەم هێزە..ریفراندۆم پرس و بۆچونی گەڵیكە بۆ پێكەوە ژیان لەگەڵ گەڵیك و حوكمرانیەكی بێگانەدا..پرسە لەبارەی ئەوەی ئایا عێراق جێگەیەكی باشە بۆ ئەوەی كوردستان بە ئارامی لەناویدا بژی یان نا..ئەم پرسە یەكجار جیاوازە لەوەی لەسەرەوە باسمكرد..جیگەی راستەقینەی دژایەتی حوكمرانی خراپی كوردستان هەڵبژاردنەكانی هەرێمە نەك ریفراندۆم..كی وەك من ئەم حوكمرانیەی پی خراپە، رێگەكەی ئاسانە..لە هەڵبژاردندا دەنگ بەو هیزانە نەدات كە بە بڕوای خۆی باش نەبوون.
دەنگی منیش (بەڵێ)یە
بەلام ریفراندۆم بۆ ئەمە نیە..بۆ پرسكردنە بەرامبەر بەوەی ئێمە لە عێراقدا لە كوێداین و چیمان ئەوێت..ئایا ئەم دەوڵەتە گرەنتی ئەوەی هەیە بە ئاشتیانە لەناویدا بژین و مێژووی خۆمان وەك چۆن ئەمانەوێت بەسەر بەرین. وەلامی من بۆ ئەم پرسیارە ڕوونە..نە رابردوو و نە ئیستا و نە داهاتوو هیچ ئاماژەیەك نابینم لە عێراقدا ئەوەم پی بڵیت كە ژیانی داهاتووی ئێمە لەناو ئەم دەوڵەتدا پاریزراوە..گەر حوكمرانی ئێمە خراپ و گەندەڵ و بێ كەڵكە..ئەوا حوكمڕانی بەغدا سەرباری هەموو ئەم كەموكوڕیانەش، ئێمە بە جەستەیەكی نامۆ و نەخوازواو ئەزانن كە شایسەتی ئەوە نین هیچ مافێكمن تیایدا هەبێت..مالكی دوێنی بوو بە ئیسرائیلی دوهەمی شوبهاندین..هەر ئەم شوبهاندنە بەسە بۆ ئەوەی بزانین وینەی ئێمە لای زوربەی هێزە عێراقیەكان چۆنە..گەرچی وەك مالكیش بە ئاشكرا نەیڵین.
سیاسەت و هەنگاوەكانی پارتی خراپ وبێ كەڵكن، بەڵام ئەتوانم دژ بۆستم و قسە بەكەم و دەنگی پێ نەدەم..بەلام سیاسەتەكانی عیراق دژی ئێمە بە قسەكردن وململانێ و دژایەتی مەدەنی ناوەستێت، بەڵكو هەر كات بۆیان كرا بە ئاگر و ئاسن ڕوبەرومان ئەبنەوە..دژی هەرچی ناشرینی ناوخۆیە بەردەوام ئەتوانین هەڵوێست وەربگرین، دژی بۆستین، هەندێكجاریش رایوەستینین. چاكی بكەین. یان خراپی بكەین...هەموو ئەگەرێك لەبەردەماندا كراوەیە..بەڵام لەگەل دەوڵەتیكدا كە بەردەوام بە ئاگر وئاسن وەڵامی پرسەكانی داوینەتەوە هیچ متمانەیەكم نیە..دڵم هیج بە پەرلەمانی عێراقیش خۆش نیە..بزانە شیعە و سونە چ شەڕیكی خوێناوی و چ ململانیەكی گەورەیان لەنیواندا هەیە، كەچی كە دێتە سەر مەسەلەی كورد هەر هەمویان بەیەك دەنگ و یەك بەرە دژمان رائەوەستن.
لەنیوان مانەوە لە عێراق و سەربەخۆیدا، بێ دوو دلی سەربەخۆیی هەڵئەبژێرم.
ریفراندۆم پەیامی گەڵیكە بۆ درەوەی خۆی. لەو كەسانەمە بڕوام بەوە هەیە ململانی و ناكۆكی ناوخۆمان بۆ خۆمان و كە ناحەزەكانی كوردیش هاتنە بەرامبەرمان یەك دەنگ و یەك ڕیز بین..لەبەر هیچ نا لەبەرئەوەی ناحەزەكانی كوردستان كە دێن دەست بۆ مافی یەك بەیەكی ئەم گەلە ئەبەن نەك بۆ هیزێك بە دیاریكراوی..
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست