کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مامۆستای‌ ئازیز به‌ڕێز ئه‌مینداری‌ یه‌كگرتووی‌ ئیسلامی‌ كوردستان مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین به‌هادین

Saturday, 23/04/2011, 12:00


له‌ناخی دڵه‌وه‌ سوپاسی هاوسۆزی ‌و هاوخه‌میتان ده‌كه‌م. نامه‌كه‌تان نیشانه‌ی گه‌وره‌یی‌ و رێزی خۆتانه‌. شانازییه‌ ئه‌گه‌ر توانێتبێتم به‌درێژایی ته‌مه‌نم كه‌مێك له‌ئاستی ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌دا بووبێتم كه‌ هه‌ردیی باوك‌ و مامۆستام فێری كردم.
من جگه‌ له‌پابه‌ندبوون به‌ قه‌ناعه‌ته‌كانی خۆم ‌و هه‌وڵدان بۆ گێڕانه‌وه‌ی رێز بۆ هاوڵاتی ئاسایی ئه‌م كوردستانه‌، هیچ شتێكی ترم نه‌كردووه‌. گه‌وره‌یی‌و سه‌ره‌وه‌ری راسته‌قینه‌ هی ئه‌و گه‌نجه‌ خۆڕاگر‌و خاوه‌ن ئیرادانه‌یه‌ كه‌ به‌ ده‌ستی به‌تاڵه‌وه‌ سڵ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گوله‌‌و ئه‌شكه‌نجه‌‌و زیندان ناكه‌نه‌وه‌‌و سوورن له‌سه‌ر به‌رگری كردن له‌ مافه‌ ئینسانییه‌كانیان.
مامۆستای به‌ڕێز, نامه‌كه‌ی به‌ڕێزتان‌و وشه‌ جوان‌و پڕ له‌گه‌وره‌یی نواندنه‌كه‌تان ئه‌وه‌نده‌ی تر سوورم ده‌كه‌ن له‌سه‌ر قه‌ناعه‌ته‌كانم‌و داكوكی كردن له‌خه‌باتی ئاشتیانه‌‌و راستی ئه‌و بۆچوونه‌ی كه‌ ئێمه‌ی هاوڵاتیانی كوردستان چه‌ند له‌ بۆچوون‌و بیركردنه‌وه‌شماندا جیاوازبین، هێشتا خاڵه‌ هاوبه‌ش‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌ هاوبه‌شه‌كانمان گه‌لێك زیاتر‌و گرنگتر‌و گه‌وره‌ترن. ئێمه‌ به‌ جیاوازییه‌كانمانه‌وه‌ جوانین‌و جیاوازییه‌كانمان ده‌وڵه‌مه‌ندنمان ده‌كه‌ن. ئێمه‌ هه‌موومان هاوڵاتی ئه‌م وڵاته‌ین‌و ئازادی‌و كولتووری پێكه‌وه‌ ژیان‌و پێكه‌وه‌ گونجان، تاكه‌ رێگه‌ی گه‌یشتنمانه‌ به‌ كه‌ناری ئارامی‌و، ژیانێكی ئازاد‌و پڕ له‌ماف‌و رێزگرتن له‌یه‌كتر. گه‌وره‌ترین سه‌ركه‌وتنی ئێمه‌ له‌وه‌دابوو، له‌وه‌شدایه‌، كه‌ له‌سه‌رای ئازادی هه‌موومان پێكه‌وه‌، عه‌لمانی‌و دینی، كۆمۆنیست‌و ئیسلامی، لیبراڵ‌و ناسیونالیست به‌یه‌ك ده‌نگ هاوارمان ده‌كرد‌و هاوار ده‌كه‌ین: به‌ ئاشتی... به‌ئاشتی. "الله‌ اكبر... الله‌ اكبر"ی ئیسلامییه‌كان‌و "ئازادی... ئازادی"ی عه‌لمانییه‌كان، ته‌نها‌و ته‌نها یه‌ك ئامانجی هه‌بوو، یه‌ك ئامانجی هه‌یه‌: نه‌هێشتنی ناعه‌داله‌تی، رێزگرتن له‌كه‌رامه‌تی ئینسان‌و یه‌كسانی هه‌موو ئینسانه‌كان. خودی خۆم ئه‌مه‌ وه‌ک ها‌تنه‌ دی خه‌ونێکی تایبه‌تی ئه‌بینم‌ که‌ له‌ مێژه‌ هه‌وڵئه‌ده‌م دژایه‌تی ئه‌و وێنه‌ ناڕاسته‌ بکه‌م که‌ هه‌ندێک له‌ عه‌لمانیه‌که‌ن بۆ ئیسلامیه‌کان و هه‌ندێک له‌ ئیسلامیه‌کانیش بۆ عه‌لمانیه‌کانی دروستئه‌که‌ن. بۆ من به‌خته‌وه‌ریه‌کی گه‌وره‌ بوو که‌ ئه‌مبینی کاتێک عه‌لمانیه‌کان گۆێ بۆ مامۆستا ئاینیه‌ به‌ هه‌ڵوێست و پاکاکانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ ئه‌گرن، هه‌موو ئه‌و وێنه‌ دروستکراو و ناراستانه‌ له‌ناو ئه‌چێت که‌ هه‌ندێک عه‌لمانی بۆ مامۆستایانی ئاینی دروستیان کردووه‌ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌. من وه‌ک له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا گوتم ته‌نانه‌ت گه‌ر داواکریه‌ سیاسیه‌کانی سه‌رای ئازادی به‌ده‌ستیش نه‌یه‌ن، هه‌ر دروستبونی ئه‌م گیانی برایه‌تی و ریزگر له‌یه‌که‌ و شکاندنی ئه‌و وێنه‌ ناراستانه‌ی ئه‌یانویست له‌نێوان ماموستایانی ئاینی و ئیسلامیه‌کان و عه‌لمانیه‌کاندا دروستی بکه‌ن، خۆی له‌ خۆیدا گه‌وره‌ترین ده‌ستکه‌وتی سیاسی و کلتوریه‌ که‌ به‌ده‌ستمان هێناوه‌. 
له‌ كۆتایدا رێز و سوپاسی بێ سنورم بۆ به‌ڕێزتان دوباره‌ ئه‌كه‌مه‌وه‌ و هیوادارم هه‌میشه‌ سه‌رفراز و سه‌ركه‌تووبن
برای‌ بچوكتان: رێبێن هه‌ردی‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە