کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


مەحمود سەنگاوى بووە بە پاشا

Monday, 05/10/2015, 19:38


کە ئەم وێنەیەى مەحمود سەنگاویم بینى ، چاویلکەم لەچاوا نەبوو لێڵ دیاربوو ، وام زانى ئەمە وێنەى یەکێکە لە پاشا دێرینەکانى سەدەى ناوەڕاست، ڕێک ئەوەم بەخەیاڵدا هات کە چۆنە ئەم پادشایە، وەکو شاکۆنەکان شێرێکی لە بەردەمیشدا نییە. مەحمود سەنگاوی، کە پێشتر ناسراو بوو بە غەریبە شوان،  ئەم رووداوەتان لەسەری بۆ دەگێڕمەوە :
کاتێک مەحمودى ئێستا و غەریبە کوێرى جاران ئەبێت بە  پێشمەرگە هاوڕێیەکى سەردەمى شوانى  لە دێیەکدا دەیبینێت بە قایش و قروش و چەکەوە، یەکسەر ئەڵێت غەبە ئەوە تۆى؟
بەڵێ ئەم وێنەیە خودى غەریبە شوانە، ماوەیەک حەپەسام وامزانى وێنەى فلیمى هیندییە، غەریبی سەردەستەى چەتەکانە، وێنەیەکى ئەوندە سەیرە , نەک سەر بەقوڕ ، وەکو لەکوردەواریدا ئەڵیت ، بەڵکو سەر .. بە قەیران و بێموچەیی و بێسازانی و بێدارایى ، ئەهێنێتە پێکەنێن، بەڵام  لەڕوى هونەرییەوە  پێویستە ئاماژە بەکوالێتى بەرزى ئەم وێنەیە بکرێت ، سوپاسى ئەوانە بکرێت کە لە پشت و پەناى کامێرەوەن، چونکە چەک و گۆرەوى و سپلێت و تاقمى قەنەفەى کلاسیک و پەردە  بەجوانى دەرکەوتوە ، دڵنیام سینارێوى وێنەکە کاکە مەحمود خودى خۆى بێت ، چونکە بێتاقەت بووە لە وێنەى ڤیدێۆیى ئەوەندەیان گاڵتە بەخۆیو قەناسە و قاتە ئوتوکراوەکەى کرد ، لە تامیان دەرکرد .
 پێدە چێت ئەمە ژورێکى پرۆسە سەربازیەکان بێت بەکوالێتى بەرز بە سەدەها قۆناغە ڕێ دور لەتەقەو بۆنى بارووت  ، ئەوەتا پاسەوانەکان بەگۆرەویەوە دەستیان لەسەر بەلە پیتکەى تفەنگەکانیانە ، کاکە خولەش بەڕانکوچۆغەکەیەوە کە گەردى لێنەنیشتووە دڵنیاى بە داعش ئەدات کە ئەم چەکە پێشکەوتوانە لاى خۆیەتى و  گریسەکەیان لێناکرێتەوە قابیلە داعش ئەوەندە گێل بێت لە پەیامى ئەم وێنەیە تێنەگات .
کاکە خولە لە بیرکردنەوەیەکى قوڵدایە و لەو چەکانە ئەڕوانێت بزانێت کامەیان قاسە بڕە ، هەتا زۆر کات بەفیڕۆ نەدات ئەزیەتى زۆر نەکێشێت وەکو ئەوەى لە قاسە بڕینەکەى جەلەولادا توشى بوو ، لەوانەیە بۆچونێکى ترى هەبێت ، ئەویش ئەوەیە ئەم هەمو چەکانە بۆسەرخستنى پرۆژەکەى دکتۆر بەرهەمى هاوڕێى بخاتەکار ، بیانەوێت مەسعودى سەلکە سور هەروا لە سەلکە رەش بمێنێتەوە ، ڕەنگە بەم چەکانە هەڕەشە لە باڵەکەى ئەولاى یەکێتى بکات ، چونکە ترسێکى زەبەلاح باڵى بەسەر وێنەکەدا کێشاوە ، ئامادەباشییەکە لە پلەى(ج)  کۆتاییدایە.
پرسیارێکى لەناکاو بەخەیاڵمداها،  باشە ئەبێت ئەم زەلامە بەچەند پاسەوانەوە بچێتە سەر ئاودەست، خۆ ئەگەر ڕۆژیک لولە تفەنگێکى پیادا بچێت، ئەوەش ئەخاتە سەر خەباتى شاخ و شارى، ناوى وەکو ئیدریس بارزانی ئەچیتە فەرهەنگى کوردایەتىیەوە، یان  لەوانەیە خالیدى خولەسور لە خەودا بینیبێت بۆیە وا لە حالەتى شپرزەییدایە، ئەوەش نیە ، ڕەنگە ئەو چەکانە دابەش بکات بەسەر بەرەکانى جەنگدا ، کاتى خۆى کە پۆستەچى دایرەى کشتوکاڵ  بوو وەکو گوڵ پۆستەى دابەش ئەکرد، بەڵام ئەمەش زۆر ئەقڵ بڕى ناکات ، چونکە زۆر زۆر لە مێژە حەزى لەچەک و چۆڵە ، لەوانە یە دژى نەوشیروان مستەفا بێت ، هەموو ئیحتمالێک  لە ئارادایە ، کاتێک کاک مەحمود پێشمەرگە ئەبێت ، هەندێ چەک ئەدزێت ، نەوشیروان لەسەر ئەوە ئەیبە ستێتەوە ئەیەوێت گولە بارانى بکات ، وەهاب فریاى ئەکەوێت شفاعەتى بۆئەکات و ئەڵێت گەنجە هەڵەیەکى کردووە .
پێشمەرگەى دڵسۆزو داماو کوڕى هەژارو نەدارى ئەم میللەتە کڵۆڵە لە بەرەکانى جەنگدا بەشى کوشتن و سەربڕینە ، شەهید بووەو مناڵە ساواکەى نەبینیوە، پینج هەزار لە گیرفاندا بووە ، کرێى کرێ خانوى نەبووە ، لە بەرەى شەر گەراوەتەوە ماڵى ڕوخێنراوە ، ئەوش کاک مەحمود چەکى بەرەکانى شەڕى دزیووە هێناویەتیەوە بۆ هەوارگەکەى خۆى ، سور ئەزانێت نە کەس ماوە بیبەستێتەوە نەکەس ماوە گوللە بارانى بکات ، نەکەسیش ماوە ڕەشمەکەى بگرێت .  
لە کۆتاییدا : ئافەرم کاکە غەریبی شوان.
 ئافەرم : حیزبى سۆشیال دیموکرات، بۆ خۆت و ئەندامى سەرکردایەتیت .
خەفەت:  خەفەت لەو دوو زەلامەى تەنیشتى ئەخۆم کە نانى سوکایەتیی و بێنرخی خۆیان دەرخواردى ماڵ و مناڵیان ئەدەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە