کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


پێویسته‌ ده‌ستبه‌‌جێ گۆڕانکاری ریشه‌یی له‌ سیسته‌می سیاسیدا بکرێت!!‌

Tuesday, 09/02/2016, 0:48


وه‌ک ده‌زانرێت؛ قه‌یرانه‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارێتی هه‌رێمی کوردستان گه‌یشتۆته‌ ئاستی گێژاوێکی قووڵ و به‌ره‌و‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی سیاسی مه‌زن ده‌چێت. ئه‌م دۆخه‌ له‌بنچینه‌دا ئه‌نجامی ئه‌و مۆدێله‌ی ده‌سه‌ڵاتدارێتییه‌ که‌ به‌ قۆرخکاری و سته‌مکاری و وابه‌سته‌بوون به‌ ده‌ره‌وه خۆی سه‌پاندووه‌. حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان مۆدێلێک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیان په‌یڕه‌و‌کردووه‌ له‌بری سیسته‌مێکی ئابووری پێشکه‌وتوو پشتی به‌ تاڵانی و گه‌نده‌ڵی و مشه‌خۆری به‌ستووه‌. له‌بری ئه‌وه‌ی سیسته‌مێکی سیاسی دیموکراتی جێگیر بکه‌ن سیسته‌مێکی حزبی شمولی بنه‌ماڵه‌یی سته‌مکارییان داسه‌پاندووه‌. به‌مه‌ش له‌لایه‌که‌وه‌ کۆمه‌ڵگای باشووری خستۆته‌ ناو گێژاوێکی قووڵی ئه‌و‌تۆ که‌ تێکچوونی شیرازه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و لاوازکردنی ئینتیمای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی مه‌ترسیداری هێناوه‌ و رۆژانه‌ مه‌رگه‌ساتی گه‌وره‌ له‌گه‌ڵ خۆیدا دێنێت. له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌؛ ده‌ستتێوه‌ردانی ده‌ره‌کی له‌سه‌ر بنه‌مای داگیرکاری، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌ن تورکیا و ئێران و کۆمپانیا بیانییه‌ قۆرخکاره‌کانه‌وه،‌ گه‌یشتۆته‌ ئاستی داگیرکارییه‌کی بێسنووره‌وه و له‌رووی سیاسی و ئابووری و کولتووری و سه‌ربازییه‌وه‌ هه‌ژموونی ته‌واوی خۆیان دروستکردووه‌ و هه‌رچی پێی ده‌گووترێت سه‌روه‌ری نیشتمانی و سیاسی و سه‌ربه‌خۆیی ئابووری له‌باشووردا نه‌ماوه‌. ئه‌مه‌ش هۆکارێکی بنچینه‌یی ئه‌و گێژاوه‌یه‌ که‌ ئێستا خه‌ریکه‌ هه‌موو به‌هایه‌کی ئه‌م وڵاته‌ هه‌ڵده‌ڵووشێ.
ئێستا حزبه‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌کان وێڕای ناکۆکی و ململانێی ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌ی نێوانیان؛ به‌ چه‌ندین شێواز ده‌خوازن گه‌ل باجی ئه‌و گێژاوه‌ بدات که‌ خودی ئه‌و حزبانه‌ خوڵقێنه‌ری ئه‌م دۆخه‌ گێژاوییه‌ن.  له‌لایه‌که‌وه کۆچی به‌ لێشاوی گه‌نجانمان و خنکانی سه‌دان که‌س له‌ ده‌ریای ئیجه کۆمه‌ڵگای پرسه‌دار کردووه‌، له‌لایه‌کی دیکه‌شه‌وه‌؛ حکومه‌ته‌ بێباکه‌که‌‌ی هه‌رێم هه‌ر رۆژه و بڕیاری سته‌مکارانه‌ی وه‌ک نه‌دانی پێنج مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و که‌مکردنه‌وه‌ی مووچه‌ی نه‌دراو، سیاسه‌تی سکهه‌ڵکوشین و برسیکردن و پاشه‌که‌وتی ئیجباری ده‌دات. ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵکی لێکه‌وتۆته‌وه‌ و توێژه‌کانی مامۆستایان، کارمه‌ندانی ته‌ندروستی، کارمه‌ندانی پۆلیسی هاتوچۆ و فریاکه‌وتن‌ چالاکی ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕن و ته‌واوی کۆمه‌ڵگا به‌م دۆخه‌ له‌نێو نه‌هامه‌تی و سه‌خیتدا ده‌ژیت.
ئێمه‌ له‌کاتێکدا به‌رپرسیارێتی ئه‌م دۆخه‌ به‌ گشتی له‌ ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتداراندا ده‌بینین و به‌ تاوانباری سه‌ره‌کی دروستبوونی ئه‌م دۆخه‌ قه‌یراناوییه‌ی ده‌زانین و ده‌بێ ده‌ستبه‌جێ له‌ ده‌سه‌ڵاتداری دووربخرێنه‌وه و دادگایی بکرێن‌، ئه‌وا له‌هه‌مانکاتیشدا داواکارین که‌وا جه‌ماوه‌ری گه‌له‌که‌مان به‌ چالاکی دیموکراتیانه‌ و به‌ رۆحی شۆڕشگێرانه‌وه‌ له‌هه‌موو ئاسته‌کاندا خۆیان رێکخسته‌ بکه‌ن و به‌ پشتبه‌ستن به‌ هێز و ئیراده‌ی خۆیان فشاری ته‌واو بێننه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و گۆڕانکاری ریشه‌یی له‌سیسته‌می سیاسی باشووردا بکه‌ن و سیسته‌مێکی دیموکراتی دادپه‌روه‌ر و ئازاد ئاوا بکه‌ن. ئێمه‌ش وه‌ک ته‌ڤگه‌ری ئازادی کۆمه‌ڵگای کوردستان وه‌ک هه‌میشه‌ له‌به‌ره‌ی گه‌له‌که‌مان داین و ئاماده‌ی پێشه‌نگایه‌تین و ئه‌رکی نیشتمانی و دیموکراتیانه‌ی خۆمان له‌مڕووه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌که‌ین. ‌
 ده‌سته‌ی سه‌رۆکایه‌تی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە