دەوڵەتەکەی بارزانی و گەڕانەوەی بۆ دوو ئیدارەیی

Saturday, 18/07/2015, 23:55


ماوەیەك لەمەوبەر ئاری هەرسین هەرسین ئەندام پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەسەر فراكسیۆنی بەرادەرانی پارتی بەشداری بەرنامەیەكی هیوا جەمال بوو سەبارەت بە ئاخۆ كڕینی چەك بۆ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی هەرێمی باشوری كوردستان پێویستە یان نا، هاوكاتیش لێدوانی فراكسیۆنەكەی پارتی لەپەرلەمان لەمەڕ نەخواستنی ئەو چەكانە مۆزایدەی سیاسیە بوو بەسەر لایەنەكانەوە، ئاری هەرسین هەرسین بێ پێچ و پەنا ووتی؛ چەكەكان پێویستن و لێدوانەكەی فراكسیۆنەكەشی مۆزایدەی سیاسییە بەسەر لایەنەكانی ترەوە.
هەرچی ئاری هەرسینە لەمەڕ خوێندنەوەی یەكەمی پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەبیست و سێ حوزەیراندا لەپەرلەمان ووتی؛ ئەوە نەك فراكسیۆنەكان و ئەندام پەرلەمانتارانی پەرلەمان بوون كە گفتوگۆیان كرد، بەڵكو ئەوە خودی سەركردە حزبەكان بوون، واتا نەوشیروان مستەفا و جەلال تالەبانی و عەلی باپیر و ... كاكی ئەندام پەرلەمان بە زیرەكانە هەوڵی دا ئەو پەرلەمانە كە هەر رۆژ دەهۆڵی شەرعیەتیدانیان بۆ لێدەدا بێ واتا و بێ ناوەڕۆك بكات و ئەندام پەرلەمانەكانیش وەكو رۆبۆتێك بەناو بكات كە هیچ ئیرادەیەكیان نییە و تەنیا بە فیتی سەرۆك حزبەكەی خۆیان هەڵسوكەوت دەكەن.
جا یەكەم پرسیار لێرەدا ئەوەیە؛ بۆچی پەرلەمان بێ واتا دەكرێت، لەكاتێكدا ئەوەندە دەهۆڵی مەشرۆعیەتیان بۆ لێدەدا بەتایبەتی لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا. ئاخۆ ئەو بانگەشانە هەموو درۆ بوون و ئاری هەرسین راستیەكان بۆ خەڵكی باس دەكات، یانیش بەراستی پەرلەمان بێ واتایە؟. ئەدی ئەگەر پەرلەمان بێ واتا بێت، با هەر ئەمڕۆ ئەو كونە مێشە هەڵوەشێننەوە و پارە و كات و مێشكی خەڵكیش حەپەلووش نەكەن. نا ئەگەر ئاری هەرسین دەیەوێت بەئەنقەست پەرلەمان و مەشروعیەتی پەرلەمان ون پەرلەمانتاران كە نوێنەری خەڵك و كۆمەلآنی خەڵكی كوردستانن بۆچی لەم كاتەدا ئەو پەلامارە لەسەر ئیرادەی پەرلەمان دەكرێت.
هەموو لایەك دەزانن و ئاگادارن كە ئەو چوارلایەنەی لەهەرێمی باشوری كوردستاندا دەیانەوێت لەیاسای سەرۆكایەتی هەرێمدا گۆڕانێك بكرێت و ئاری هەرسین و سەرۆكی حیزبەكەی و فراكسیۆنەكەشی لەدژی ئەو بۆچوونەن كە لەپەرلەماندا سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرن و دەسەڵاتەكانیشی كەم بكرێتەوە. بۆیە لەم كاتەدا ئاری هەرسین بەزانابوون و هۆشیاریەكی تەواوەت هەوڵی ناشیرین كردنی پەرلەمان دەدات و دەوێت بڵێت ئەندام پەرلەمانتارانی پەرلەمان هیچ ئیرادەیەكی سەربەخۆیان نییە و ناتوانن تەعبیر لەرا و بۆچوونی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكەن، بۆیەش پەرلەمانێكی وەها چۆن دەتوانێت سەرۆكی هەرێمێك هەڵبژێریت. ئەم پەلامارەی ئاری هەرسین هەرسین ئەندامی پەرلەمانی فراكسیۆنی پارتیش بەشێكە لەو پەلامارانەی حزبەكەی و هەڕەشەكانی كە نابێت كەس گوێ لەپەرلەمان و پەرلەمانتاران بگرێت و دەبێت هەر كەس ملكەچی سەرۆكی هەرێمی كوردستان"مەسعود بارزانی" بێت و بۆ كەسیش نییە باس لەدەسەڵاتەكانی بكات. 
ئاری هەرسین بەزانا بوون بێت یانیش بەنەزان بوون، جارێكی تر بەهەرێم بوون و دوو ئیدارەیی وەكو چارەسەری ئەم دۆخەی هەرێمی باشوری كورستان بەناو دەكات و دەڵێت، با بگەڕینەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان و هەر كەسە و لەشوێنی خۆی ئیدارەی هەرێمەكەی خۆی بكات. جا لە لێرەشدا پرسیارێكی تر دێتە گۆڕێ؟ ئەویش ئەوەیە كە كۆا دەوڵەتەی بارزانی وا لە ماوەی دە ساڵی سەرۆكایەتییەكەیدا دەهۆڵی بۆ لێدەدا. دیارە ئاری هەرسینیش خۆی بڕوای بەو دەوڵەتۆكەی بارزانی سەرۆكەكەی نییە، بۆیە باشترین چارەسەری هەر ئەو دوو ئیدارەییەی بەرێ پێ باشترە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە