کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌ قوربانی کورسی بۆ قوربانی ئینکاری

Saturday, 17/03/2018, 22:44


 له‌ (٢٠١٨/١٠/٢٨) ووتارێکم نوسی له‌ژێر ناونیشانی (هه‌موومان قوربانی کورسیه‌کین ) که‌ ئه‌وکات ساڵێک تێپه‌ڕی کردبوو به‌سه‌ر (١٢) ی ئۆکتۆبه‌ر و ڕێگری کردن له‌سه‌رۆکی په‌رله‌مان قوڵ بوونه‌وه‌ی قه‌یران و کێشه‌ سیاسیه‌کان، ئاشکرایه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا هه‌موومان بووینه‌ قوربانی کورسیه‌که‌ی بارزانی په‌رله‌مان بوو به قوربانی، یاسا بوو به قوربانی، حکومه‌ت بوو به قوربانی، مووچه‌ خۆران بوون به قوربانی، به‌ تێکڕای هاوڵاتیانی هه‌رێم بوونه‌ قوربانی کورسیه‌که‌ی جه‌نابیان، چونکه‌ له‌ پێناو ئه‌و کورسیه‌ په‌رله‌مان بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ په‌کخرا وه‌زیره‌کانی گۆڕان ناردرانه‌وه‌ ماڵ لایه‌کی حکومه‌ت ئیفلیج بوو دواجار قه‌یرانه‌کان قوڵ بوونه‌وه‌ مووچه‌خۆران بوونه‌ قوربانی.
بارزانی ته‌نها به‌ دانیشتنی سه‌ر کورسیه‌که‌ نه‌وه‌ستا به‌ڵکو سواری سه‌ری خۆی بوو ده‌ستی به‌ ئینکاری زیاتر کرد نه‌ک ته‌نها ئینکاری له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی کورسی ئه‌وجاره‌ ئینکاری له‌سه‌ر بڕیارێکی زۆر هه‌ڵه‌ که‌ ڕیفراندۆمی تاک لایه‌نه‌ بوو له‌ دۆخێکی ئابوری و سیاسی خراپدا، له‌سه‌ر ئه‌و ئینکاریه‌ ته‌حه‌دای هه‌موو دونیای کرد به‌قسه‌ی هیچ که‌س و لایه‌نێکی نه‌کرد، تا سه‌ره‌نجام گه‌وره‌ترین زیان به‌ر هه‌رێمی کوردستان که‌وت ، به‌ له‌ده‌ستدانی ٥١٪ ی خاکی هه‌رێمی کوردستان و شکاندنی شکۆی پێشمه‌رگه‌ی خاوه‌ن ئه‌فسانه‌ی شه‌ڕی داعش، شکاندنی شکۆ و ئیراده‌ی (٥) ملیۆن کوردی باشور و بێ هیوابوونی نزیکه‌ی (٥٠) ملیۆن کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستان، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌د ساڵ له‌ خه‌بات و تێکۆشانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، ئه‌وه‌تا به‌چاوی خۆمان ئه‌بینین ڕه‌فتاری حکومه‌تی عێراق به‌رامبه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم که‌ به‌چاوی شکست و دۆڕاو سه‌یریان ده‌کات.
که‌مکردنه‌وه‌ی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم بۆ له‌ ١٢.٧٪  ، چاوه‌ڕوانی حکومه‌ت و مووچه‌خۆران له‌دستی به‌غدا، کردنه‌وه‌ی فرۆکه‌خانه‌کان و سنوره‌کان به‌وجۆره‌، لابردنی په‌یکه‌ری مام جلال له‌ کرکوک و چاودێری کردنی سه‌رجه‌م چالاکیه‌ کوردیه‌کان له‌و شاره‌ له‌لایه‌ن دژه‌ تیرۆری عێراق، دوای (٣٠) ساڵ له‌کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ یادی ئه‌و کاره‌ساته‌ به‌ مارشی ده‌وڵه‌تی عێراق ده‌ستپێ بکات، هه‌موو ئه‌مانه‌ قوربانی ئینکاریه‌که‌ی بارزانین دوای قوربانیه‌کانی کورسیه‌که‌ی.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە