کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


نابێ بڕۆن

Sunday, 22/10/2017, 21:31


دوا به‌دوای شکستی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم که‌ له‌ ماوه‌ی (٢٦) ساڵی ڕابردوو شکستیان هێنا له‌ حکومڕانی ئیداری و ئابوری و سیاسی و سه‌ربازی، هۆکاری ئه‌م شکسته‌ش ڕوونه‌ که‌ به‌هۆی دووبه‌ره‌کی و دژایه‌تی ناوخۆیی و نه‌بوونی یه‌کڕیزی و بوونی هێزی حزبی و شه‌خسی وه‌عینادی و ئینکاری به‌رپرسه‌ باڵاکان به‌تایبه‌تی خودی مسعود بارزانی و مۆنۆپۆڵکردنی ده‌سه‌ڵات به‌ نایاسایی و دزی و گه‌نده‌ڵی و نا دادی تاد... هه‌موو ئه‌مانه‌ و زیاتریش بوه‌ هۆی شکست و شکانی شکۆی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که‌ به‌ سه‌د ساڵ چووینه‌وه‌ دواوه‌.
من نامه‌وێ قسه‌ له‌سه‌ر هۆکار و ده‌رئه‌نجامه‌کانی ئه‌و دۆخه‌ بکه‌م چونکه‌ ڕۆژانه‌ له‌ ڕاگه‌یاندن شرۆڤه‌ی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێ و گوێبیست ئه‌بین ، جگه‌ له‌مه‌ مرۆڤی ژیر ئه‌بێ بزانی و تێبگا و دان به‌ هه‌ڵه‌ و شکست و که‌م و کوڕیه‌کان دابنێ، ئه‌وه‌ی له‌و چه‌ند ڕۆژه‌ ڕویدا هه‌موو پێناسه‌یه‌کی خراپ هه‌ڵده‌گرێ، چونکه ئه‌مه‌ ئاش به‌تاڵه‌ ، خیانه‌ته‌، دۆڕانه‌، شکسته‌، ده‌رخستنی ڕووی خراپی و درۆ و نه‌زانینی ده‌سه‌ڵاتدارانه‌، دواجار مێژوو بڕیار ئه‌دا و له‌ مێژوودا ئه‌مێنێته‌وه‌.
به‌ڵکو من ده‌مه‌وێ قسه‌ له‌سه‌ر تاوانباران و دروست که‌رانی ئه‌و دۆخه‌ بکه‌م که‌ لێره‌و له‌وێ زۆر قسه‌ ده‌کرێ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ نوسین و ووتار و شرۆڤه‌ و کۆبوونه‌وه‌ی حزبه‌کان، یه‌ک ده‌ڵێ ده‌ست له‌کار بکێشنه‌وه‌ ، یه‌ک ده‌ڵێ حکومه‌ت هه‌ڵبوه‌شێ، یان ده‌گوترێ ئه‌بێ بڕۆن، شه‌رمه‌‌ نه‌ڕۆن، زۆری تر، هه‌موو ئه‌وانه‌ ڕاستن و له‌ جێی خۆیه‌تی به‌ڵام به‌ ته‌نها ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ چاره‌سه‌ر نیه‌ به‌ ته‌نها هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت چاک نابێ وه‌ به‌ ڕۆیشتنیش کۆتایی نایێ، به‌ڵکو پێویسته هه‌موو ئه‌وانه‌ی به‌رپرسن له‌و شکست و خیانه‌ته‌ ده‌ستگیر بکرێن و بدرێنه‌ دادگا ببێته‌ وانه‌یه‌ک بۆ نه‌وه‌ی ئێستا و داهاتوو ، تاکو که‌س نه‌توانێ جارێکی تر خیانه‌تی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی بکات، ئێمه‌ی کورد له‌ کۆنه‌وه‌ توشی ئه‌و ده‌رده‌ کوشنده‌یه‌ بووین خۆمان شکۆی خۆمان ده‌شکێنین و تاوانبارانیش سزا ناده‌ین! ئه‌گه‌ر ڕاست بوو خه‌تای مه‌لای خه‌تێ بوو فتوای درۆیینه‌یدا پێویست بوو له‌ خه‌ره‌ندی ڕه‌واندز فڕێ بدرێته‌ خوار، ئه‌گه‌ر ڕاست بوو ئه‌‌وانه‌ی خیانه‌تیان له‌ شێخ محمود کرد 
له‌سه‌رای سلێمانی هه‌ڵبواسرێن تف باران کرابان ڕۆژانه‌ سه‌د جار! ئه‌بوو له‌سه‌ر هه‌ڵاتنی مه‌لا مسته‌فا و پشتکردنی له‌ قازی محمد خۆی و دار و ده‌سته‌که‌ی درابان له‌دار! ئه‌وکات نه‌ (٦٦) نه‌ ئاشبه‌تاڵی (٧٥) ڕووی نه‌ئه‌دا ئه‌گه‌رنا ئه‌وانیش حه‌قی خۆیان بوو بدرێنه‌‌ به‌ر ڕێگبار، به‌ڵام گه‌وره‌یان کرد به‌ده‌ستی خۆیان هێنایانه‌وه‌ پێشوازیان کرد له‌ جه‌نه‌ڕاڵی خیانه‌تکار! ئه‌بوو له‌ ڕاپه‌ڕین هه‌موو مسته‌شار و جاش و مه‌فره‌زه‌ خاسه‌و ئه‌نفال چیه‌کان بده‌ینه‌ دادگا به‌پێی تاوانی خۆیان ئه‌وکات دزی و تاڵانی و شه‌ڕی ناو خۆش نه‌ده‌بوو ، ئه‌گه‌رنا ئه‌بوو خیانه‌تکارانی شه‌ڕی ناوخۆ و په‌لکێشکارانی هێزی بێگانه‌ له‌ (٣١) ئاب گوله‌باران بکرێن! ئه‌وکات ئه‌وڕۆ ڕووی نه‌ ئه‌دا، ئێمه‌ی کورد ئه‌بێ فێربین چۆن نیشتمانمان خۆشبوێ نه‌ک حزب و شه‌خس وه‌پێش نیشتمان بده‌ین، ئاخر ئه‌مانه‌ چی نه‌ما نه‌یکه‌ن له‌ دزی و تاڵانی سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕین، دوایی شه‌ڕی ناوخۆ و به‌کوشتدانی نزیکه‌ی (٣٠٠٠٠) ڕۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له‌ له‌ پێناو حزب و بنه‌ماڵه‌ و کورسی ده‌سه‌ڵاتی تاکه‌ که‌سێک و داهات و سامان، دوایی ڕیکه‌وتنی ستراتیجیان کرد له‌ نێوان خۆیان بۆ دابه‌شکردنی ده‌سه‌ڵات و داهات لێره‌ و له‌ به‌غدا و پشتگوێ خستنی لایه‌نه‌کانی تر، دوایی دۆڕان له‌ به‌رامبه‌ر به‌غدا له‌ دامه‌زراندنه‌وه‌ی عێراق له‌ نوسینه‌وه‌ و جێبه‌جێکردنی ده‌ستوری عێراقیش شکستیان هێنا به‌تایبه‌تی ماده‌ی (١٤٠) هیچیان نه‌کرد جگه‌ له‌ شه‌ڕی پۆست و پاره‌ هیچی تر نه‌بوون له‌ به‌غدا هه‌ر خۆیان سوپای عێراقیان دامه‌زرانده‌وه‌، ووشیار زێباری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق بوو زۆرترین هه‌وڵیدا بۆ ده‌رهێنانی عێراق له ژێر به‌ندی حه‌وتی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که‌ عێراق ئازاد بوو له‌ کڕینی چه‌ک و فرۆکه‌ که‌واته‌ خۆمان سوپای عێراقمان به‌هێزکرد ، کێ سوپا سالاری عێراق بوو؟ کێ فه‌رمانده‌ی سوپای ئاڵتونی و تایبه‌تی عێراقه‌ ئێستا؟ کێ فه‌رمانده‌ی هێزی ئاسمانی عێراقه‌ ئێستا؟ مه‌گه‌ر هه‌موو ئه‌وانه‌ کوردنین و له‌سه‌ر پشکی پارتی نین؟ تازه‌ هاتوون ئه‌ڵێن سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێ بۆ ئه‌وه‌ی (٤٤٣٣٠) کیلۆمه‌تر دوجا خاکی کوردستان بدۆڕێنن که‌ده‌کاته‌ (٥١٪) خاکی هه‌رێمی کوردستان، ئه‌ی (٢٠٠٣) له‌کوێ بوون؟ پێش به‌ندی حه‌وت له کوێ بوون؟ بۆیه‌ ده‌بێ دادگای بکرێن نابێ بڕۆن.!
ئه‌وه‌ جگه‌ له‌و هه‌موو تاوانه‌ ناوخۆییه‌ که‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵک و نه‌ته‌وه‌ی خۆیان کردوویانه‌ هه‌ر له‌ داگیرکردنی ده‌سه‌ڵات و سامان و پشێلکردنی یاساو کوشتنی خه‌ڵکی بێ تاوان وه‌ک ڕۆژنامه‌نووس و زانای ئاینی و چالاکوان و کپکردنی ده‌نگی بوێر  و گه‌نده‌ڵی و دزی و به‌فیڕۆدانی سامانی نیشتمان، خیانه‌تکردن و مزایه‌ده‌کردن به‌ خوێنی شه‌هیدان و هێزی پێشمه‌رگه‌ ، برسیکردنی هاوڵاتیان و پێنه‌دانی مووچه‌و بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ و شاردنه‌وه‌ی داهات، گوێ نه‌گرتن له‌ خه‌ڵک و لایه‌نه‌ دڵسۆزه‌کان و خۆپیشانده‌ران ، له‌جیاتی گوێگرتن لێیان ته‌قه‌کردن له‌ خه‌ڵکی بێ چه‌ک و مه‌ده‌نی و کوشتن و بریندارکردن و شاردنه‌وه‌ی تاوانباران، هه‌ڵاتن به‌رامبه‌ر دوژمن و به‌کارهێنانی هێز بۆ ناوخۆ، یان دۆڕاوی ده‌ره‌وه‌ و ئازای ناوه‌خۆ، له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌و زیاتریش ئه‌بێ دادگای بکرێن و نابێ ڕێگه‌ بدرێ بڕۆن گه‌ر نیشتیمانتان خۆشدوێ..!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە