کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کاتی ده‌رهێنانی به‌ردی نه‌زانه‌

Sunday, 01/10/2017, 22:12


په‌ندێکی کوردی هه‌یه‌ ده‌ڵێ: (به‌ردێک نه‌زان هه‌ڵیداته‌ گۆمێ، به‌ سه‌د زانا نایه‌ته‌ده‌رێ) له‌ ئێستادا هه‌رێمی کوردستان دووچاری کۆمه‌ڵێک گرفتی گه‌وره‌ بووه‌، سه‌رباری هه‌مووشیان کێشه‌ی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم هه‌ڕه‌شه‌ی ووڵاتانی ئیقلیم و پشتگیری نه‌کردنی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی، که‌ ئه‌مه‌ش به‌هۆی سیاسه‌تی غروری و عه‌قڵیه‌تی زاڵی خێڵه‌کی بوو! لای هه‌موومان ئاشکرایه‌ نزیکه‌ی سێ ساڵه‌ حکومه‌تی هه‌رێم به‌ده‌ست قه‌یرانی داراییه‌وه‌ ده‌ناڵێنێ ته‌نانه‌ت ناتوانێ چاره‌گه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش دابین بکات له‌ کاتی خۆیدا ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ وه‌ستانی پڕۆژه‌کان و ده‌رخسته‌ی فه‌رمانگه‌کان و کاروباریان ، سه‌ره‌ڕای زیادکردنی باج و خه‌راج گرانکردنی باری سه‌رشانی هاوڵاتیان، که‌واتا له‌ئێستادا هه‌رێمی کوردستان ئه‌گه‌ر توشی شه‌ڕ و کاولکاریش نه‌بێ، به‌رگه‌ی جه‌نگی ئابوریش ناگرێ گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌کی کورتیشبێ.
له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یران و کێشانه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم یان باشتره‌ بڵێین پارتی و خودی بارزانی له‌گه‌ڵ حزبه‌ هاو شه‌پۆله‌کانی هه‌ستان به‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم به‌بێ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی کێشه‌ سیاسی و یاسای و داراییه‌ ناوخییه‌کان بکات ، یان گوێ له‌ داواکاریه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان بگرێ بۆ ئه‌نجام نه‌دانی.
به‌هه‌ر حاڵ تازه‌ هاتووه‌ و ئه‌بێ شانی بده‌ینه‌به‌رێ ناکرێ خۆمانی لێ بدزینه‌وه‌ ئه‌وانه‌ی دژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم بوون له‌ ئێستادا، پێویسته له‌ هه‌مووان باشتر هه‌وڵی ڕیزگاربوونی ئه‌و دۆخه‌ بده‌ن ئه‌گه‌ر هیچتان له‌باراندا هه‌یه‌ تاکو وه‌به‌رئه‌و په‌نده‌ کوردیه‌ نه‌که‌ون: (وه‌ستای قسان و کۆڵه‌واری ده‌ستان) ڕاسته‌ هه‌موومان تێبینی زۆرمان هه‌بوو وه‌هه‌وڵی زۆریشدرا بۆ ئه‌نجام نه‌دانی به‌وشێوه‌یه‌ نایاسایی و ناکامڵیه‌ به‌ڵام سه‌ری نه‌گرت و گوێیان نه‌گرت، ئێستا کاتی ئه‌وه‌یه‌ به‌ هه‌مووان ئه‌وبه‌رده‌ ده‌ربهێنرێ که‌ به‌نه‌زانی خستیانه‌ بنی گۆمه‌که‌ ئێستا کاتی خستنه‌گه‌ڕی توانا و په‌یوه‌ندیه‌ دیبلۆماسیه‌کانه‌.
که‌واتا لێره‌دا پێویسته‌ سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ناکۆکیه‌کان وه‌لابنێن به‌یه‌که‌وه‌ سه‌رجه‌م حزب و که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌کان دابنیشن و پرس و ڕا به‌ یه‌کتربکه‌ن سود له‌ توانا و په‌یوه‌ندیه‌ دبلۆماسی و تایبه‌تیه‌کانی هه‌مووان وه‌ربگیرێ، لایه‌نی ده‌سه‌ڵات واز له‌و عینادی سیاسی ئینکاریه‌ بێ ئه‌نجام و مه‌ترسیانه‌ی بێنێ، ئه‌وانی تریش وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی و که‌سایه‌تیه‌ سیاسیه‌ دووره‌ په‌رێز و په‌راوێزخراوه‌کان و ته‌نانه‌ت جه‌ماعه‌تی جوڵانه‌وه‌ی نه‌خێریش، پێویسته‌ ناکۆکیه‌کان وه‌لابنێن نه‌فره‌ت له‌و په‌نده‌ کوردیه‌ بکه‌ن که‌ده‌ڵێ: (کێ خراپی کرد با ئه‌و چاکی بکاته‌وه‌ ) له‌به‌ر چه‌ند هۆکارێک:
١- بارۆدۆخی هاوڵاتیان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌ هه‌م له‌ ڕووی ئابووری هه‌میش له‌ ڕووی ده‌رونی پێویسته‌ هه‌رچی زووه‌ چاره‌سه‌رێکی گونجاو بدۆزنه‌وه‌ بۆ ده‌ربازکردنی هاوڵاتیان له‌و دۆخه‌.
٢- نابێ ڕێگه‌ بده‌ن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژوویه‌ له‌ده‌ست بچێ و جارێکی تر گه‌لی کورد له‌ هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان نا ئومێد ببێ مێژوو خۆی دوباره‌ بکاته‌وه‌.
٣- بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه‌ بگرن له‌ ئه‌گه‌ری یاخی بوونی گروپێک یان تاقمێک چ وه‌ک ته‌قینه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ناوخۆییبێ یان پاڵدان بۆلای دوژمنان و ئه‌نجامدانی خیانه‌تی نیشتمانی بێ که‌ له‌ مێژوودا زۆرجار ڕوویداوه‌ ده‌رفه‌ته‌ مێژوویه‌کان به‌وهۆکاره‌ له‌ده‌ست چوون.
٤- به‌خۆشیبێت یان به‌ ناخۆشی ئێستا هه‌موومان له‌ناو ئه‌و که‌شتیه‌ شڕه‌داین که‌ باسیان ئه‌کرد به‌ ده‌نگی به‌ڵێ و نه‌خێر و بایکۆتیشه‌وه‌، گه‌ر زیان بکه‌ین هه‌موومان به‌رمان ئه‌که‌وێ وه‌ک یه‌ک ، بۆیه‌ پێویسته هه‌رچی زووه‌ که‌شتیه‌که‌ ده‌ربازبکه‌ین، گه‌ر سه‌رکه‌وتوش بوو پێویسته‌ هه‌وڵ بده‌ین بۆ هه‌مووانبێت له‌ ده‌ستی ئه‌و گروپه‌ دانه‌بێ که‌ خۆی کردوه‌ته‌‌ خاوه‌نی.
٥- بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتداران و ئه‌وانه‌ی سوربوون له‌ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم یاری و مامه‌ڵه‌ به‌ ده‌نگی هاوڵاتیان نه‌که‌ن، ڕێگربن له‌ به‌کارهێنانی ئه‌نجامی ڕیفراندۆم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبێک یان بنماڵه‌یه‌ک و تاکه‌ که‌سێک.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە