کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


هه‌ڵه‌مان کرد...!

Friday, 04/11/2016, 20:41


هه‌موو شۆڕش و قوربانیدانێک بۆ ئازادی و ڕزگاربوونه‌ له‌ ژێرده‌ستی و ده‌سه‌ڵاته‌ سته‌مکار و خۆسه‌پێنه‌کان جا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ داگیرکه‌ربێ یان خۆیی، جیاوازی نیه‌ سته‌م هه‌ر سته‌مه‌، ته‌نها بۆ ڕوبه‌ڕو بوونه‌وه‌ و خه‌بات له‌به‌رامبه‌ردا کردن سته‌مکاری بێگانه‌و داگیرکه‌ر ئاسان تره‌ له‌سته‌مکاری خۆیی، له‌مه‌ش خراپتر و ناخۆشتر ئه‌و سته‌مکاره‌ به‌خۆمان خه‌باتمان له‌پێناو کردبێ و قوربانیمان له‌پێناودابێ ، ئینجا هه‌ر به‌خۆمان ده‌نگمان پێدابێ و دروستمان کردبێ.
له‌کوێی دونیادا بووه‌ سه‌رکرده‌و شۆڕشگێڕان له‌شاخبن و جێگایه‌ک نه‌بێ بۆ حه‌وانه‌وه‌ دژی یه‌ک بوه‌ستن و قۆنداغی چه‌که‌کانیان ڕوو له‌ دوژمن بێ و لوله‌کانیان ڕوو له‌خۆ.!
له‌کوێی مێژووی خه‌باتدا جێگای ده‌بێته‌وه‌ پێش له‌شکری دووژمن بکه‌وین شار و لادێی نیشتمان کاول بکه‌ین و بیسوتێنین ، به‌تۆپ و ده‌بابه‌ و فڕۆکه‌ وێرانکاری ئه‌نجامبده‌ین ، هاوڵاتیانی و هاو نیشتمان و هاو نه‌ته‌وه‌ و هاوخه‌باتمان بکوژین و ئاوه‌ره‌ و ده‌ربه‌ده‌ریان بکه‌ین و بفه‌وتێنین، ناویشی بنێین مێژووی پڕ سه‌روه‌ری.!
هه‌ڵه‌مانکرد نه‌مانزانی و نه‌مانناسین، ئه‌بوایه‌ ئه‌وکات بمانزانیبایه‌ ئێوه‌ نه‌خه‌باتگێڕن نه‌شۆڕشگێڕ، نه‌ کوردپه‌روه‌رن نه‌ نیشتمان په‌روه‌ر، هه‌ر ئه‌وکاته‌ی که‌ به‌که‌رکوکتان ده‌گووت قودس و دڵ، ئه‌بوایه‌ زانیبامان ئێوه‌ دابه‌شکه‌ر و دوله‌تکه‌ری نیشتمانن نه‌ک ڕزگارکه‌ر، هه‌رئه‌وکاته‌ی زمانیشتان به‌دووله‌تکرد وه‌ک ( ئافره‌ت و ژن، قوتابی و خوێندکار،تاد....) ئه‌بوو زانیبامان ئێوه‌ ژه‌هری دوژمن ئه‌ڕێژن.!
هه‌ر ئه‌وکاته‌ی که‌ له‌گه‌ڵ به‌ناو ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی به‌هاری (١٩٩١) نیشتمانتان تاڵانکرد چی شۆفڵ و گه‌ڵاب و لۆری و تادانۆ شه‌ریکات و سه‌دی بێخمه‌و چ مه‌کاین و پێداویستی ژیان هه‌بوو تاڵانتانکرد و ئاودیوی سنوری تورکیاو ئێرانتانکرد ئه‌بوایه‌ زانیبامان ئێوه‌ به‌که‌ڵکی حکومداری نایه‌ن جگه‌ له‌ دزی و جه‌رده‌یی و تاڵانچێتی هیچی ترنین.!
هه‌ڵه‌مان کرد زۆریش هه‌ڵه‌ هه‌ر ئه‌وکاته‌ی له‌سه‌ر دابه‌شکردنی داهات شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆتان به‌رپاکرد ، به‌هه‌زاران گه‌نج و ڕۆڵه‌ی ئه‌و گه‌له‌تان به‌هیلاک و به‌فه‌وتاندا، ئه‌بوو ئه‌وکات زانیبامان ئێوه‌ جگه‌ له‌ خه‌می گیرفان و ژیانی خۆتان هیچی ترنین، له‌و پێناوه‌ش ئاماده‌ن خوێنی هه‌موو گه‌ل بڕێژن.
هه‌رچه‌ند له‌سه‌ر خیانه‌ت و تاوانه‌کانتان بنوسرێ هێشتاکه‌مه‌ چونکه‌ زۆر له‌وه‌ زیاترتان کردووه‌ و ئه‌نجامتانداوه‌ ته‌نها ئه‌وه‌نه‌ به‌سه‌ که‌ به‌خۆمان بڵێین به‌ڵێ هه‌ڵه‌مانکرد هه‌ڵه‌...!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە