کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پارتی و په‌روه‌رده‌یه‌کی پیگه‌ش

Saturday, 21/05/2016, 21:57


پارتی دیموکڕاتی کوردستان ئه‌وپارته‌ی که‌ له‌ساڵی (١٩٤٦) وه‌ دامه‌زراوه‌ تا ئێستاش یه‌کێکه‌ له‌ پارته‌ باڵا ده‌سته‌کانی هه‌رێمی کوردستان و زۆرینه‌ی پارته‌کانه‌ به‌تایبه‌تی له‌دوای ڕاگه‌یاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بووه‌ به‌ پارتی یه‌که‌م له‌ڕووی ڕێژه‌وه‌.
لێره‌دا باسه‌که‌مان له‌سه‌ر پێناسه‌ی پارتی نیه‌ به‌ڵکو باسه‌که‌ له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی پارتیه‌ بۆ کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی خۆی که‌ له‌سه‌ره‌تای شه‌سته‌کانه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆ تۆوێکی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکی و دوژمنایه‌تیه‌کی خراپی چاندوه‌، کاریگه‌ری خراپی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ بۆ کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی، بۆ مه‌به‌ستی به‌هێزکردنی چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌کی و ناکۆکی و دوژمنایه‌تی پارتی کادیر و ئه‌ندام و لایه‌نگره‌کانی په‌روه‌رده‌ کردوه‌ به‌وپه‌ڕی که‌له‌ ڕه‌قی و ڕق و قینه‌ به‌رامبه‌ر غه‌یری خۆیان، ئه‌م ڕق و قینه‌و که‌له‌ ڕه‌قیه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌ دابه‌زیوه‌ به‌شێوه‌یه‌کی هه‌ڕه‌می هه‌ر له‌سه‌رۆکی پارته‌که‌ تا ئه‌ندامه‌ باڵاکان و ئه‌ندامانی ترو لایه‌نگره‌کانی، ئه‌م شێوازه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ کاریگه‌ری خراپی هه‌بووه‌ و هه‌یه‌ له‌سه‌ر کۆمه‌ڵگای کوردی له‌باشوری کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی گشتی، که‌ده‌ڵێین به‌شێوه‌یه‌کی گشتی مه‌به‌ستمان زۆرینه‌ی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی ناو ئه‌وپارته‌یه‌ له‌لایه‌ک جا ئه‌م زۆرینه‌یه‌ جیاوازی ناکا له‌ نێوان خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌وار، خاوه‌ن بڕوانامه‌ به‌رزه‌کان و بێ بڕوانامه‌، کادیره‌ پێشکه‌وتوه‌کان و دواکه‌وتوه‌کان، هه‌موویان بێ جیاوازی به‌یه‌ک شێوه‌‌ په‌روه‌رده‌بوونه‌و بیرده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌ویش په‌روه‌رده‌ی که‌له‌ ڕه‌قی و ڕق و قینه‌و سوربوون له‌سه‌ر بۆچوونه‌کانیان هه‌رچه‌ند هه‌ڵه‌شبن ، ئه‌مه‌ له‌ناو پارته‌که‌ له‌لایه‌کی تر له‌ده‌ره‌وه‌ی پارته‌که‌ش هه‌مان په‌روه‌رده‌ کاریگه‌ری نه‌رێنی دروست کردووه‌ بۆ که‌سانی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وپارته‌ و یان ئه‌ندام و لایه‌نگرانی پارته‌کانی تری کوردستان، چونکه‌ وه‌ک یاسای کار و کاردانه‌وه‌، ئه‌ندامانی لایه‌نه‌ به‌رامبه‌ره‌کانیش هه‌مان جۆر په‌روه‌رده‌ فێربوون، که‌ ئه‌مه‌ش کاریگه‌ری نه‌رێنی دروست ده‌کات بۆ داهاتووی ئه‌م گه‌له‌ به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر نه‌وه‌کانی داهاتوومان، له‌ولا تریشه‌وه‌ ئه‌مجۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ باڵی کێشاوه‌ بۆ پارچه‌کانی تری کوردستانیش به‌هۆی ده‌ست وه‌ردانه‌کانی پارتی له‌ ناو حزب و ڕێکخراوه‌کانی پارچه‌کانی تری کوردستان و یارمه‌تیدانی ماددی هه‌ندێک پارت و ڕێکخراو بۆ دژایه‌تی کردنی ئه‌و پارت و ڕێکخراوانه‌ی پێچه‌وانه‌ی بیر و ڕاکانی پارتی دیموکڕاتی کوردستانن.!
به‌ڵگه‌شمان بۆ ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ په‌رده‌ پۆشکردنی تاوانی گه‌وره‌ی وه‌ک کوشتن و دزی و گه‌نده‌ڵی و بێڕێزی کردن و شکاندنی یاساکان به‌ئاشکرای هه‌ر له‌ ناو حه‌ره‌می په‌رله‌مان و دادگا و زانکۆ خوێندنگاکان و فه‌رمانگه‌كان، چه‌ندین ڕۆژنامه‌ نوس کوژران که‌سێک نه‌درا به‌دادگا، چه‌ندین خه‌ڵکی هاوڵاتی به‌منداڵ و گه‌نج و لاو له‌خۆپیشاندانه‌کان کوژران که‌سێک سزانه‌درا، چه‌ندین جار ڕۆژنامه‌نوسان و چالاکوانان و خۆپیشانده‌ران به‌وپه‌ڕی دڕندانه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ کراوه‌ لێپێچانه‌وه‌یه‌ک نه‌کرا، چه‌ندین جار به‌رنامه‌ی ڕاسته‌و خۆی له‌که‌ناڵه‌کانی تیڤی په‌کخران و بوون به‌هه‌را داوای لێبوردنێک نه‌کرا ، تاد..... ئه‌مانه‌و چه‌ندین کاری دڵ ڕه‌قانه‌ی پڕ ڕق و قینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌وپارته‌ به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌ی (پیگه‌ش) ی پارته‌که‌ بۆ به‌رده‌وام بوون و سوربوونی ئه‌ندامانیشی له‌سه‌ر ئه‌م کارانه‌یان له‌جیاتی لێپێچانه‌وه‌ و درانه‌ دادگایان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داڵده‌ده‌رێن و پاداشت ئه‌کرێن و پله‌یان به‌رزده‌کرێته‌وه‌و ئیفادیش ئه‌کرێن بۆ خۆشترین گه‌شتی وڵاتان ئه‌مه‌یه‌ کاره‌ساته‌ گه‌وره‌که‌.!
زیندوو ترین به‌ڵگه‌شمان وه‌ڵامه‌که‌ی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی بوو له‌به‌رامبه‌ر ڕێککه‌وتنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان که‌ به‌وپه‌ڕی ڕق و قینه‌و دوژمن کاریانه‌ وه‌ڵامی دانه‌وه‌، ئه‌مه‌ چاوه‌ڕوان کراوبوو چونکه‌ له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان ئه‌ندامه‌ به‌ناو ڕۆشنبیره‌کانیان هه‌رزوو هه‌ڕه‌شه‌ی دوو ئیداره‌یی و چه‌کیان ئه‌کرد، ئه‌مه‌ په‌روه‌رده‌ی تاکی کوردیه‌ به‌سپۆسنه‌ری حزبی زۆرینه‌و فه‌رمان ڕه‌وا! تا ئه‌مجۆره‌ په‌روه‌ده‌یه‌مان هه‌بێت دووبه‌ره‌کی له‌ناومان هه‌ر په‌ره‌ده‌ستێنێ و درز ده‌خه‌ینه‌ ناوماڵی کورد، له‌ودرزه‌شه‌وه‌ دوژمنان به‌سه‌رماندا زاڵ ده‌بن.
-------------
١ پیگه‌ش(piggish ) ووشه‌یه‌کی ئینگلیزیه‌ به‌مانای که‌له‌ ڕه‌قیه‌كی به‌رازانه‌ دێت.
یاسین سه‌روچاوه‌یی
٢٠١٦/٥/١٩

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە