کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دوای سه‌دساڵ هێشتا کورد ئاماده‌نیه

Tuesday, 17/05/2016, 18:01


له‌یادی سه‌دساڵه‌ی ڕێکه‌وتن نامه‌ی ( سایکس-بیکۆ-سازانۆف )که‌ له‌ (١٩١٦/٥/١٦) مۆرکراو تیایدا میراتی ده‌وڵه‌تی عوسمانی به‌رله‌ ته‌واو بوونی جه‌نگی یه‌که‌می جیهانی دابه‌شکرا به‌سه‌ر هه‌رسێک ووڵاتی هاوپه‌یمان له‌جه‌نگه‌که‌ ( به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا، ڕوسیا ) 
لێره‌دا نامانه‌وێ باس له‌ناوه‌رۆکی ڕێکه‌وتن نامه‌که‌ بکه‌ین چوونکه‌ زۆر باسکراوه‌ و ڕوونیشه‌ که‌ له‌و دابه‌شکردنه‌دا کوردیستانیشی گرته‌وه‌ و گه‌لی کورد زه‌ره‌ر مه‌ندترین نه‌ته‌وه‌ بوو له‌ ناو ڕێکه‌وتننامه‌که‌ که‌ ئێستاش به‌و ده‌رده‌وه‌ ده‌ناڵێنێ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه‌ باسی بکه‌ین ئایا هۆکاری سه‌ره‌کی نه‌بوونی کورد به‌خاوه‌نی کیانێکی سه‌ربه‌خۆ و نه‌بوونی کوردستان به‌ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ته‌نها ڕێکه‌وتن نامه‌ی سایکس- بیکۆیه‌؟ ئایا کورد سه‌دساڵه‌ چاوه‌ڕێی ئایه‌تی نه‌سخ بوونه‌وه‌ی ڕێکه‌وتن نامه‌که‌یه‌ ؟ ئایا کورد دوای سه‌د ساڵ له‌ ڕێکه‌وتننامه‌که‌ که‌ گوایه‌ به‌سه‌رده‌چێ و کاری پێ ناکرێ ئاماده‌یه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی؟
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ و چه‌ندین پرسیاری تریش له‌سه‌ر بابه‌ته‌که‌ پێویسته‌ ڕاشکاوانه‌ و بێ په‌رده‌ قسه‌ له‌سه‌ر مێژووی سه‌دساڵه‌ی ڕابردوو بکه‌ین تاده‌گه‌ینه‌ ئه‌نجامێک.
به‌ڵێ ڕاسته‌ ڕێکه‌وتن نامه‌ی سایکس-بیکۆ-سازانۆف زیانی گه‌وره‌ی به‌گه‌لی کورد گه‌یاند، به‌ڵام له‌دوای ساڵێک له‌ ڕێککه‌وتن نامه‌که‌ ڕوسیا وازی له‌ پشکی خۆی هێنا به‌هۆی کێشه‌ی ناوخۆیی و سه‌رهه‌ڵدانی شۆڕشی ئۆکتۆبه‌ر که‌ ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای بێ بایه‌خ بوونی په‌یمانه‌که‌بوو، به‌ڵام که‌س نه‌بوو ، هه‌رچه‌ند دوای نزیکه‌ی چوار ساڵ به‌هه‌وڵی نوێنه‌ری کورد (شه‌ریف پاشا) له‌کۆنگره‌ی ئاشتی پاریس له‌ئه‌نجامدا په‌یمانی سیڤه‌ری لێ به‌رهه‌مهات له‌نێوان وڵاتانی هاوپه‌یمان و ده‌وڵه‌تی عوسمانی له‌(١٩٢٠/٨/١٠) که‌ به‌پێی ناوه‌رۆکی په‌یمانه‌که‌بێت ئه‌بێ ئۆتۆنۆمی بدرێ به‌هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ی زۆرینه‌ی دانیشتوانی کوردن و دوای ساڵێکیش له‌ جێبه‌جێ کردنی په‌یمانه‌که‌ ڕاپرسی ئه‌نجامبدرێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی، که‌واتا په‌یمانی سیڤه‌ر پێمان ده‌ڵێ سایکس بیکۆ به‌سه‌رچوو، به‌ڵام بۆ ناوه‌ڕۆکی په‌یمانی سیڤه‌ر جێ به‌جێ نه‌کرا؟ ئه‌وه‌ پرسیاری جه‌وهه‌ریه‌، بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌توانین بڵێین گه‌لی کورد ئه‌وکات ئاماده‌ نه‌بوو له‌دوای جه‌نگی جیهانی دووچاری برسێتی بوبۆوه‌ وه‌ هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی که‌م بوو وه‌ که‌سێکی به‌هێز نه‌بوو هه‌موو ناوچه‌کان کۆبکاته‌وه‌ پشتیوانیه‌کی به‌هێزی هه‌بێ ده‌توانین ڕاشکاوانه‌ بڵێین هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی تۆکمه‌ نه‌بوو له‌نێوان شۆڕشی شێخه‌کان ، که‌واتا په‌رت و بڵاویه‌کی زۆر به‌دی ده‌کرا هه‌رچی که‌سایه‌تی ڕۆشنبیری و سه‌ربازی کورد هه‌بوون زۆربه‌یان له‌ ئه‌سته‌نبۆڵ ده‌ژیان دوور له‌ نیشتمان و نه‌ته‌وه‌که‌یان، وه‌ له‌ولاشه‌وه‌ دوژمنه‌کانمان به‌تایبه‌تی که‌مالیه‌کان زۆر به‌هێزبوون له‌ ڕووی دبلۆماسی و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ووڵاتانی زلهێز که‌ کورد له‌و خاڵه‌دا زۆر لاواز بوو، تا له‌ ئه‌نجامدا ڕێکه‌وتنی لۆزان به‌سترا له‌نێوان به‌ریتانیا و که‌مالیه‌کانی تورکیای نوێ هه‌رچه‌ند ده‌وڵه‌تی عوسمانی هه‌رمابوو به‌ڵام که‌مالیه‌کان ( ئیتیحادیه‌کان) توانیان ڕێکه‌وتن نامه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌ریتانیادا مۆربکه‌ن له‌ (١٩٢٣/٧/٢٤) له‌ لۆزان که‌ ناوه‌رۆکی په‌یمانه‌که‌ هه‌مووی دژی په‌یمانی سیڤه‌ر و گه‌لی کورد بوو بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌یمانی سیڤه‌ربوو که‌واتا گه‌ر په‌یمانی لۆزان په‌یمانی سیڤه‌ری هه‌ڵوه‌شاندبێته‌وه‌ ئه‌وا په‌یمانی سیڤه‌ریش سایکس بیکۆی بێ بایه‌خ کردبوو، به‌ڵام که‌س نه‌بوو بی جوڵێنێ و ئیش به‌په‌یمانه‌که‌ بکات.
ئه‌وه‌ له‌لایه‌ک له‌لایه‌کی تر کێشه‌ی ولایه‌تی موسڵ و خستنه‌ سه‌ر عێراق به‌شێکی تری ڕێکه‌وتنامه‌ی سایکس بیکۆی لاواز کرد، وه‌ هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م ووڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ژێر ڕژێمی ئینتیداب ده‌توانین بڵێین نه‌مانی په‌یمانه‌که‌ بوو به‌ڵام دیسانه‌وه‌ کورد له‌ بێ که‌سیان و بێ ده‌سته‌ڵاتیان تاوانه‌که‌ی ئه‌خسته‌ ملی په‌یماننامه‌که‌.!
که‌واتا ئه‌وه‌ کورد خۆیه‌تی به‌درێژایی مێژووی (٥٠٠) ساڵی ڕابردوو نه‌یتوانیوه‌ کۆک و کۆ و ئاماده‌بن بۆ دروست بوونی کیانێک، نه‌ سه‌رکرده‌یه‌کی گه‌وره‌ و به‌توانای هه‌بووه‌ ئه‌گه‌ر بووبێش خۆفرۆشێک له‌په‌نایه‌وه‌ پشتی دوژمنی گرتووه‌ و کاره‌کانی له‌باربردووه‌، لێردا پرسیارێکی تر دێته‌ پێشه‌وه‌ نزیکه‌ی پێنج سه‌دساڵه‌ کوردستان به‌سه‌ر دوو به‌شدا دابه‌شکراوه‌ له‌نێوان عوسمانی و سه‌فه‌ویدا که‌واتا پێنج جار ڕێکه‌وتننامه‌ی ئاماسیه‌ به‌سه‌رچووه‌ کوا به‌شی ڕۆژهه‌ڵات ؟ له‌کاتێکدا ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هیچ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێکه‌وتن نامه‌که‌ی سایکس بیکۆوه‌ نیه‌ بۆ ئه‌ویان چی؟
که‌واتا له‌ ئێستادا ئه‌وه‌ خۆمانین دوای سه‌دساڵ له‌ تێپه‌ڕ بوونی ڕێکه‌وتن نامه‌ی سایکس بیکۆ ئاماده‌نین،له‌کاتێکدا له‌سه‌ر و به‌ندی تێپه‌ڕبوونی سه‌دساڵه‌ی په‌یماننامه‌که‌ین به‌ڵام له‌هه‌موو وه‌ختێک زیاتر ناکۆک و په‌رتین که‌واتا تاکو ناوماڵی خۆمان یه‌ک نه‌خه‌ین هه‌رگیز ناتوانین مێژووێکی پاک تۆماربکه‌ین، کیانێک بۆ نه‌وه‌کانمان بێنینه‌ دی، ئه‌مه‌ش به‌لوت به‌رزی پشتیوانی دوژمنان ناکرێ به‌ڵکو به‌ یه‌کڕیزی خۆبه‌خشی و یه‌کتر خوێندنه‌وه‌ و سیاسه‌تی دبلۆماسیانه‌ی تۆکمه‌ ده‌کرێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە