کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


له‌ تاکه‌ پێڵاوه‌که‌ی غاندی بۆ له‌تکه‌ ده‌وڵه‌ته‌که‌ی بارزانی.....!

Thursday, 17/03/2016, 1:06


ئه‌گێڕنه‌وه‌ ئه‌ڵێن جارێکیان غاندی له‌کاتی سه‌رکه‌وتنی شه‌مه‌نده‌فه‌ر له‌یه‌کێک له‌وێستگه‌کان به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی وێستگه‌که‌ و پاڵنانه‌وه‌ تاکێک لە پێڵاوەکەی لێبەجێ دەمێنێت، فریا ناکەوێت دابەزێت و هەلیبگرێتەوە، بۆیە تاکه‌که‌ی تریش فڕێ ئه‌دا بۆ نزیک ئه‌وه‌ی دیکه‌ ، پرسیاری لێ ئه‌که‌ن ئه‌ڵێن بۆ ئه‌وه‌شت فڕێدا، له‌وه‌ڵامدا دەڵێت: با هه‌ژارێک سودی لێ ببینێ کاتێک تاکه‌که‌ ئه‌دۆزێته‌وه‌ ئاخ هه‌ڵنه‌کێشێ بۆ ئه‌وه‌ی تر، ئه‌مه‌ ڕه‌وشتی سه‌رکرده‌ی کارێزما و لێهاتوی هیندستان بوو که‌ توانی به‌ڕێگه‌ی ئاشتی و ته‌بایی و خۆبه‌خشی ووڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌کو هیندستان ڕزگار بکات له‌ده‌ستی به‌هێزترین ووڵاتی جیهان له‌وکاته‌دا که‌ به‌ریتانیابوو.!
لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ به‌راوردێک له‌نێوان کاره‌ ئاشتیخوازی و خۆبه‌خشه‌کانی غاندی بکه‌م که‌ چۆن توانی له‌ ووڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌ک هیندستان که‌ ڕوبه‌ره‌که‌ی (٣٢٨٧٥٩٠)کم٢یه‌ ئه‌و هه‌موو دانیشتوانه‌ زۆره‌ یه‌ک بخات که‌ ئه‌و کات نزیک له‌ ملیارێک دانیشتوانی هه‌بوو له‌ئێستادا(١٢١٠١٩٣٤٢٢) دانیشتوانه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌موو جۆره‌ ئایین و نه‌ته‌وه‌ و هه‌زار جۆر له‌ زاراوە و زمان و (٢٨) ولایه‌ت و (٧) هه‌رێمی گه‌وره‌ بکات به‌یه‌کده‌نگ و بتوانێت چۆک به‌ به‌ریتانیادابدا که‌ ووڵاتیان جێ بهێڵێ و سه‌ربه‌خۆیی ڕابگه‌یه‌نن، له‌به‌رامبه‌ر له‌تکه‌ ده‌وڵه‌ته‌ درۆینه‌ی به‌هارانی بارزانی له‌هه‌رێمێکی بچوک که‌ ڕوبه‌ره‌که‌ی به‌ناوچه‌ دابڕاوه‌کانیشه‌وه‌ نزیکه‌ی (٨٧٠٠٠)کم٢یه‌ و سێ یان چوار پارێزگایه‌ و (٥) ملیۆن دانیشتوانه‌، له‌ماوه‌ی نزیکه‌ی (٨٠) ساڵ خه‌بات و (٢٥) ساڵ ئازاد بوون له‌ده‌ستی داگیرکه‌ران، بۆچی کاتی نه‌هات و هه‌ر نه‌گه‌ی؟ هۆکاره‌کان چین تا ئێستا ناتوانین ببین به‌ ده‌وڵه‌ت؟
هۆکاره‌کان ڕوون و ئاشکران گه‌ر چاوێک بگێڕینه‌وه‌ به‌مێژوودا هیچ کات بارزانی خۆی و براو برازاکانی له‌سه‌رده‌می شاخیشدا وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌ک یان وه‌ک که‌سێکی ئاسایی و هاوڵاتیه‌ک نه‌ژیاون به‌ڵکو هه‌میشه‌ له‌هه‌موو سه‌رده‌ماندا خۆیان جیاکردۆته‌وه‌ و رابواردن و خواردنی باشتریان خواردووه‌ و له‌ شوێنی گه‌رم و نه‌رم خه‌وتوون و دوور له‌ هاوڵاتیان و خه‌ڵکانی ده‌ور و پشتیشیان، هه‌میشه‌ فێڵیان له‌ خه‌ڵک کردووه‌ بۆیه‌ش متمانه‌یان به‌که‌سانی ده‌ور و پشتیان نه‌بووه‌ که‌س سودی له‌ پێڵاوه‌ دڕاوه‌کانیشیان نه‌بینیوه‌، خه‌ڵکی کوردستان چاکی له‌بیره‌ کاتێک که‌ هاتنه‌وه‌ خوار له‌دوای چه‌ند ڕۆژێک له‌ ڕاپه‌ڕین هاتنه‌ سه‌ر حازری پێڵاوی لاستیکیان له‌پێدابوو ئه‌و پێڵاوانه‌شیان فڕێنه‌داوه‌ تاکو هه‌ژارێک سودی لێببینێ به‌ڵکو هاڕیویانه‌ و بۆ وڵاته‌ دۆسته‌که‌یان ناردۆته‌وه‌، یان هه‌ڵیان گرتووه‌، له‌ئێستاشدا له‌شوێنی وابه‌رز ئه‌ژین کرێکاره‌کانی سه‌ر زبڵ و خاشاکیش سود له‌ پاشماوه‌ فڕێدراوه‌کانیان نابینێ!
لێره‌دا پێویسته‌ باس له‌ هۆکاره‌ سه‌ره‌کیه‌کان بکه‌ین بۆچی بارزانی نه‌یتوانیوه‌ و ناتوانێ له‌تکێک ده‌وڵه‌ت له‌و هه‌رێمه‌ بچوکه‌دا ڕابگه‌یه‌نێ، له‌کاتێکدا هه‌موو ساڵێک که‌ نزیک ده‌بینه‌وه‌ له‌به‌هاردا بانگه‌شه‌ی ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تمان ئه‌ده‌ن به‌به‌رچاودا.
١- له‌به‌رئه‌وه‌ی ئه‌مانه‌ هه‌میشه‌ خۆیان جیاکردۆته‌وه‌ له‌ هاوڵاتیان و ئاگاداری کێشه‌و گیر و گرفتی هاوڵاتیان نین.
٢- له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌رگیز گوێیان له‌ هاوڵاتیان و چین و توێژه‌کانی خۆیانیان نه‌گرتووه‌ به‌ڵکو ته‌نها به‌قسه‌ی ئاغاکانیان کردووه‌ له‌ڕێی ڕاوێشکاره‌ به‌کرێ گیراوه‌کانیان.
٣- چونکه‌ هه‌میشه‌ بیریان له‌مانه‌وه‌ی خۆیان کردۆته‌وه‌ له‌ده‌سته‌ڵات بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش په‌نایان بۆ هه‌موو جۆره‌ فروفێڵێک و خیانه‌تێک بردووه‌.
٤- چونکه‌ ته‌نها له‌خه‌می خۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و گیرفان پڕکردنی خۆیاندابوونه‌ له‌و پێناوه‌شدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ دووژمنانیشدا کردووه‌.
٥- ئه‌وه‌نده‌ی پشت به‌ دوژمن و بێگانه‌ ده‌به‌ستن پشت به‌ هاوڵاتیان و گه‌لی خۆیان نه‌به‌ستووه‌ له‌و پێناوه‌شدا زۆرترین ته‌نازولیان بۆ دوژمنه‌ بێگانه‌کان کردووه‌.
٦- نه‌بوونی ئامانجی بوون به‌ ده‌وڵه‌ت که‌ به‌ڕاستی جێگای پرسیاره‌ ئایا ئه‌مانه‌ ئامانجی بوون به‌ده‌وڵه‌تیان هه‌یه‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ بۆچی له‌پرسی ده‌وڵه‌تدا زۆربه‌‌ی حزب و که‌سایه‌تی و هاوڵاتیان پشتگوێ ده‌خرێن؟
٧- نه‌بوونی ته‌بایی و یه‌کڕیزی و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌کی و لێکجیایی هۆکاری سه‌ره‌کیه‌.
ئه‌و هۆکارانه‌و زۆری تریش بوونه‌ته‌ هۆی ئه‌وه‌ی که‌ تا ئێستا ئێمه‌ نه‌بووین به‌ده‌وڵه‌ت و وه‌ قه‌تیش نابین هه‌تاکو خاوه‌نی ئه‌وجۆره‌ سه‌رکردانه‌بین، چونکه‌ سه‌رکرده‌ ده‌بێ ئاوێته‌ی ناو کۆمه‌ڵگابێ و له‌خه‌می هاوڵاتیاندابێ و تێکه‌ڵاوی بازاڕ و گه‌ڕه‌که‌ هه‌ژارنشینه‌کانبێ، یه‌کڕیزی گه‌له‌که‌ی بپارێزێ و هه‌ژارێکی ووڵاته‌که‌ی خۆی به‌هه‌موو سه‌روه‌ت و سامانی دونیا نه‌دا، غاندی ئاسا خۆی محاسه‌به‌ بکات کاتێک گه‌نجێک له‌ مه‌وعیده‌که‌ی دواده‌که‌وێ و درۆی له‌گه‌ڵ ده‌کات، ئه‌چێته‌وه‌ ماڵ به‌خۆدا چوونه‌وه‌ به‌خۆیدا ئه‌کات له‌خۆی ئه‌پرسێته‌وه‌ ئه‌ڵێ ئه‌بێ چ هه‌ڵه‌یه‌ک و تاوانێکم کردبێ ؟ تاکو درۆم له‌گه‌ڵ بکرێ؟ نه‌ک سه‌رکرده‌ درۆ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان بکات و په‌روه‌رده‌ی درۆ و خیانه‌ت و دزی و بێ متمانه‌یی بڵاوبکاته‌وه‌ بۆ نه‌وه‌کانی داهاتوو.! ئه‌ی کاتێک سه‌رکرده‌ درۆ له‌گه‌ڵ هاوڵاتیان بکات ئه‌بێ هاوڵاتیان چی بکه‌ن چۆن خۆیان محاسه‌به‌بکه‌ن بۆ ده‌ربازبوون له‌و دۆخه‌ نه‌ک درۆیه‌ک و فێڵێک به‌ڵکو ئه‌و هه‌موو خیانه‌ت و دزی به‌تاڵانبردن و درۆ و دوژمنکاریانه‌ی ده‌رهه‌ق به‌هاوڵتیان ده‌کرێ ئه‌بێ به‌ڕاستی هاوڵاتیان تاوانێکی زۆر گه‌وره‌یان هه‌بێ بۆیه‌ ئاوایان له‌به‌رامبه‌ردا ئه‌کرێ، ئه‌ویش تاوانی ڕازی بوون و بێده‌نگیه‌.
که‌واتا با خه‌ڵکی کوردستان دڵنیابێ ده‌وڵه‌ت به‌ وه‌ها که‌سانێک ڕاناگه‌یه‌ندرێت که‌ ئه‌و جۆره‌ سیفه‌تانه‌ی هه‌بێ که‌باسکران نه‌ک ده‌وڵه‌ت به‌ڵکو له‌تکه‌ ده‌وڵه‌تێکی زه‌ردیشی پێ دروست نابێ گه‌ر دروستیش بێت زوو ده‌ڕوخێ چونکه‌ به‌ قورمیشی دوژمنانه‌.!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە