کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی دایک تاوانبارن..!

Tuesday, 23/02/2016, 19:06


له‌کاتێکدا هه‌رێمی کوردستان به‌دۆخێکی مه‌ترسیداردا تێده‌په‌ڕێ، هه‌ر له‌ مه‌ترسی قه‌یرانی دارایی و ناڕه‌زایه‌تیه‌کانی هاوڵاتیان و جه‌نگی داعش و مه‌ترسیه‌ ئقلیمیه‌کان بگره‌ تا مه‌ترسیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ده‌سته‌ڵاتدارانی ئه‌و هه‌رێمه‌ به‌رده‌وامن له‌دزی و به‌تاڵانبردن و گوێنه‌دان به‌ڕای خه‌ڵک و ده‌نگی شه‌قام و کێشه‌ نێو خۆییه‌کان، هیچ خه‌می چاره‌سه‌ری کرداری کێشه‌ کانیان نیه‌!
ئۆباڵی سه‌ره‌کی ئه‌و بار و دۆخه‌ش له‌ئه‌ستۆی هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی فه‌رمان ڕه‌وای ئه‌و هه‌رێمه‌یه‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی و بنه‌ماڵه‌ی دایکه‌، ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ ماوه‌ی سیانزه‌ ساڵه‌ له‌نێوان خۆیاندا داهات و ده‌سته‌ڵاتیان دابه‌شکردووه‌ بێ ئه‌وه‌ی بیر له‌داهاتووی ئه‌و گه‌ل و نیشتمانه‌ بکه‌نه‌وه‌ تا گه‌یشتین به‌م ڕۆژه‌!
بنه‌ماڵه‌ی یه‌که‌م که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانیه‌ ئه‌وان له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ک بنه‌ماڵه‌یه‌کی خۆسه‌پێن و تینوی ده‌سته‌ڵات و سامان ده‌رکه‌وتن و هه‌موو شۆڕش و خه‌باتیان که‌ به‌وگه‌له‌ هه‌ژاره‌یان کرد له‌پێناو ئه‌و ئامانجه‌ی ئێستا بوو، هیچ سه‌یرنیه‌ ته‌نها شتێک که‌ سه‌یربێ دروست بوون و ده‌رکه‌وتنی بنه‌ماڵه‌ی دایکه‌ که‌ له‌دوای ڕێککه‌وتنی ستراتیجی پارتی و یه‌کیه‌تی ئازادکردنی عیراق به‌ده‌رکه‌وت، که‌ هۆکاره‌که‌شی دوورکه‌وتنه‌وه‌ی جلال تاڵه‌بانی سکرتێری یه‌کیه‌تی و بوونی به‌ سه‌رۆک کۆمار له‌ بوونی ئه‌و بۆشاییه‌ بنه‌ماڵه‌ی دایک سه‌ری هه‌ڵدا ، بۆیه‌ ده‌ڵێین بنه‌ماڵه‌ی دایک چونکه‌ مام جلال خۆی هه‌رگیز باوه‌ڕی به‌ بنه‌ماڵه‌ نه‌بوو به‌ڵکو دژی بنه‌ماڵه‌یی بوو به‌ڵکو ئه‌وه‌ هێرۆ ابراهیم احمد بوو خه‌باتی یه‌کیه‌تی و شه‌هیدانی یه‌کیه‌تی به‌ئاقاری بنه‌ماڵه‌یی برد، بۆیه‌ ئه‌و دسته‌واژه‌یه‌ هه‌ڵه‌یه‌ بڵێی بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی به‌ڵکو بنه‌ماڵه‌ی دایکه‌ ! چونکه‌ وه‌ک حشبوت خۆی نوساندووه‌ به‌ده‌سته‌ڵاته‌وه‌ و پشتی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی گرتووه‌ زۆر بێ باکانه‌ پشتیان کردۆته‌ هاوڵاتیانی ئه‌و هه‌رێمه‌ ته‌نانه‌ت پشتیان له‌ هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوسه‌نگه‌ره‌کانی خۆشیان کردووه‌.
لێره‌دا پێویسته‌ ڕاشکاوانه‌تر بدوێین ئه‌مڕۆ باردۆخی هه‌رێم له‌مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌دایه‌ ، چونکه‌ ڕوون و ئاشکرایه‌ هاوکێشه‌ سیاسیه‌کانی ناوچه‌که‌ زۆر ئاڵۆز و مه‌ترسیداره‌ چ هه‌رێمی یان نێوده‌وڵه‌تی وه‌ بارودۆخی ناوخۆیش له‌هه‌موویان ئاڵۆزتر، بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م بارودۆخه‌ پێویستیمان به‌ ته‌بایی ناوخۆییه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و دوو بنه‌ماڵه‌یه‌ واز له‌ لوت به‌رزیان بێنن و بێنه‌ گۆڕه‌پانی کرداری و متمانه‌ بگێڕنه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان و به‌زووترین کات کێشه‌ ناوخۆییه‌کان چاره‌سه‌ربکه‌ن په‌رله‌مان و حکومه‌ت بخه‌نه‌وه‌ سه‌ر سکه‌و پاره‌ دزراوه‌کان بهێننه‌وه‌ و مووچه‌ی هاوڵاتیانی پێ دابین بکه‌ن، ئه‌گه‌رنا ئه‌و به‌ناو ئه‌زموونه‌ی که‌ ناوتان نابوو هه‌رێمی کوردستان له‌بارده‌چێ یان ده‌بین به‌کانتۆنێک به‌ حکومداری په‌که‌که‌ له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی ئێران ، یان ئه‌بین به‌ ولایه‌تێک به‌حکومداری داعش و له‌ژێر هه‌یمه‌نه‌ی تورکیا، ئه‌وکات بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ هه‌موومان زیانی گه‌وره‌ ده‌که‌ین و ته‌نهاو ته‌نهاش ئه‌ودوو بنه‌ماڵه‌یه‌ تاوانبارن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە