کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


کۆمیته‌ی پشتگیری له‌ كورسیه‌كه‌ی بارزانی و برسیکردنی کۆمه‌ڵگا

Tuesday, 02/02/2016, 13:44


دوای ئه‌وه‌ی کۆبوونه‌وه‌کانی به‌ناو سازان له‌ ( ٢٠١٥/١٠/٨) دوا کۆبوونه‌وه‌ به‌بێ ئه‌نجام کۆتاییان هات، تا کار گه‌یشته‌ لێک ترازان و زاڵبوونی هه‌یمه‌ینه‌ی حزب به‌پشتوانی هێزی ملیشیا به‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ یاساییه‌کاندا، که‌ نزیکه‌ی سێ مانگه کۆبوونه‌وه‌کان وه‌ستاون بۆ پشتگیری کردن له‌ کورسیه‌ نایاساییه‌که‌ی بارزانی و دژایه‌تی کردن و بێ به‌هاکردنی پیرۆزترین دامه‌زراوه‌ که‌ په‌رله‌مانه‌، به‌ڵام به‌برسی کردنی کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وام بوو له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ مانگه‌.
دوای سێ مانگ بارزانی هاته‌ ده‌نگ و بانگهێشتی لایه‌نه‌کانی کرد بۆ ئه‌وه‌ی دیسانه‌وه‌ ده‌ست بکه‌نه‌وه‌ به‌کۆبوونه‌وه‌ تاکو ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی به‌نایاسایی بۆ درێژبکه‌نه‌وه‌ و به‌ڵام برسی کردنی کۆمه‌ڵگا به‌رده‌وامی هه‌بێ، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ لیژنه‌یه‌کیان پێکهێنا شه‌رمیان کرد ناوی بنێن لیژنه‌ چونکه‌ له‌په‌نا ئه‌وناوه‌دا هێنده‌ دزی و خیانه‌ت و گه‌نده‌ڵی و درۆ کراوه‌ ناوه‌که‌ش بێزراوه‌! بۆیه‌ ڕوویان نه‌بووه‌ ناوی بنێن لیژنه‌! ناویان ناوه‌ کۆمیته‌.
باشه‌ کۆمیته‌که‌ پێکهات ، به‌ڵام به‌ پێکهاتنی ئه‌و کۆمیته‌یه‌ چه‌ندین پرسیار دروست ده‌بێت که‌ هه‌رچی بکه‌ن ناتوانن وه‌ڵامی ئه‌وپرسیارانه‌ بده‌نه‌وه‌ تاکو هاوڵاتیان بتوانن بگه‌نه‌ ئه‌وبڕوایه‌ی که‌ متمانه‌تان پێ بکه‌ن. چونکه‌ له‌ ڕابردوودا ئه‌وه‌نده‌ کۆبوونه‌وه‌ی بێ بنه‌ما ئه‌نجامدرا له‌ جیاتی چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کان، وه‌ک: ده‌ستور و ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی بارزانی و هیتد... کێشه‌ی زیاتر و برینی قوڵتری به‌رهه‌م هێنا که‌ چاره‌سه‌رکردنیان بۆته‌ ئه‌سته‌م.
ده‌کرێت ئه‌مجاره‌ بپرسین، ئایا کۆمیته‌که‌ بۆ ڕازیکردنی گۆڕانه‌ به‌گێڕانه‌وه‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و هێنانه‌وه‌ی وه‌زیره‌کان بۆناو حکومه‌ته‌ شکست خواردووه‌که‌؟ له‌به‌رامبه‌ردا درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌که‌ی بارزانی؟ که‌ئه‌مه‌ مه‌به‌ستی سیاسیانه‌ی پارتی بوو له‌ ئه‌نجامدانی کوده‌تای (١٢) ئۆکتۆبه‌ر، وه‌یان جارێکی تر کات کوشتن و یاریکردنه‌ به‌ هه‌ستی هاونیشتمانیان؟ وه‌یان بۆ دابه‌شکردنی ده‌سته‌ڵات و داهاته‌ له‌نێوان خۆیان؟ یان بۆ برسی کردن و به‌ گه‌مژه‌کردنی کۆمه‌ڵگایه‌؟ ئایا له‌ ئێستادا هاوڵاتیان کێشه‌ی سیاسیان هه‌یه‌ یان کێشه‌ی ژیان؟
لێره‌دا پێویسته‌ ڕاشکاوانه‌ بڵێین ئه‌و کۆمیته‌یه‌ی که‌ پێکهێنراوه‌ ته‌نها بۆ پشتگیری و شه‌رعیه‌تدانی کورسیه‌که‌ی بارزانیه‌ ئه‌گینا له‌ ئێستادا نه‌ بوون به‌ده‌وڵه‌ت له‌ ئارادایه‌ نه‌ به‌رنامه‌ی چاره‌سه‌ری بوودجه‌و مووچه‌ی هاوڵاتیانیان له‌به‌رده‌ستدایه‌‌، تاکه‌ خه‌می ئه‌و کۆمیته‌یه‌ پشتگیری کردنه‌ له‌ کورسیه‌که‌ی بارزانی، هیچ خه‌می بژێوی ژیانی هاونیشتمانیانیان نیه‌ نه‌خه‌می کۆچی گه‌نجان و خێزانه‌ نغرۆبووه‌کانی ده‌ریای ئیجه‌یانه‌ نه‌خه‌می مووچه‌و بوودجه‌ی وڵاتیانه‌ نه‌ نه‌په‌رۆشیانه‌ بۆ بۆشایی یاسایی به‌بێ په‌رله‌مان و ده‌ستور.
بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین هه‌رله‌سه‌ره‌تاوه‌ شکستی کۆمیته‌که‌ ڕوون و ئاشکرایه‌، چونکه‌ هاونیشتمانیان چیتر ڕازی نین به‌ کۆبوونه‌وه‌ی بێ بنه‌ماو کات به‌فیڕۆدان و یاریکردن به‌هه‌ستیان ، نه‌ چیتر ئه‌و باردۆخه‌ قبوڵ ده‌که‌ن، نه‌ ئه‌و ده‌سته‌ڵاته‌ شکست خواردووه‌یان قبوڵه‌، بۆیه‌ تا هه‌نگاوی کرداری نه‌نرێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی متمانه‌ هیچ لیژنه‌و کۆمیته‌و بۆردێک ده‌وریان نابێ بۆ چاره‌سه‌ری دۆخه‌که‌، هه‌نگاوی کرداریش دیاره‌ مه‌به‌ستمان که‌ لادانی بارزانی له‌سه‌رکورسی قۆرخکراو و هێنانه‌وه‌ی پاره‌ی دزراو و حه‌رامی کۆمپانیاکانی حزب و به‌رپرسه‌کانه‌ له‌ ژێرزه‌مینه‌کان و بانکه‌کانی ده‌ره‌وه‌ بۆ ناو بانکه‌کانی کوردستان و سه‌روه‌ربوونی یاسایه‌ تاد....

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە