کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئه‌بوو تورکیا ئاڵای زه‌ردی بۆ بارزانی هه‌ڵدابا…!

Friday, 11/12/2015, 20:01


هه‌رچه‌نده‌ هه‌ڵدانی ئاڵای کوردستان له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی تورکیا جێگای دڵخۆشی هه‌موو کوردێکی دڵسۆزبوو، به‌ڵام له‌ته‌ک ئاڵای ده‌وڵه‌تی عیراق ئه‌وه‌نده‌ جێی بایه‌خ نیه‌ وه‌ک ڕاگه‌یاندنه‌کانی پارتی هێنده‌یان گه‌وره‌ کردووه‌، چونکه به‌پێی ده‌ستوور‌ عیراق ده‌وڵه‌تێکی فیدراڵیه‌ و کوردستانی باشوریش هه‌رێمێکه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌، ئه‌گه‌ر به‌پێی ده‌ستووری عیراق هه‌رێم بۆی هه‌بێ سه‌ردانی ووڵاتان بکات و توانای هه‌بێ به‌شێک له‌ ڕێککه‌وتنی ناسیاسی ببه‌ستێ ئه‌وه‌ ئاساییه‌ ئه‌گه‌ر ئاڵای هه‌رێمه‌که‌ له‌ته‌ک ئاڵای ووڵاته‌که‌ هه‌ڵبدرێ.!
لێره‌دا گرنگه‌ به‌دوای وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌دا بگه‌ڕێین که‌ له‌ پشت هه‌ڵدانی ئاڵاوه‌ دروست ده‌بن، چونکه‌ چه‌ندین پرسیاری ئاڵۆزی له‌ بیری مرۆڤه‌ ڕۆشنبیرو دڵسۆز و هۆشیاردا دروست کردووه، کاتێک ده‌بینین هه‌رێمی کوردستان چه‌ندین بۆشایی یاسای هه‌یه،‌ هه‌ر له‌به‌سه‌رچوونی ماوه‌ی وولایه‌تی بارزانیه‌وه‌ تا له‌کار که‌وتن و په‌کخستنی په‌رله‌مان وه‌ بێ ده‌سته‌ڵات بوونی حکومه‌ت،‌ جگه‌ له‌و هه‌موو قه‌یرانانه‌ی ماوه‌ی سێ ساڵه‌ به‌رۆکی میلله‌ته‌که‌ی گرتووه‌، وه‌ک:
ئایا تورکیا به‌ڕاستی دۆستی گه‌لی کورده‌؟ ئه‌گه‌ر دۆسته‌ ئه‌ی بۆچی کوردانی باکور ڕۆژانه‌ ده‌چه‌وسێنێته‌وه‌؟ یان بۆچی ڕۆژانه‌ به‌هه‌موو جۆره‌ چه‌کێک هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر گه‌ریلاکان و زیان به‌خاک و خه‌ڵکی هه‌رێم ده‌گه‌یه‌نێ؟ ئایا بارزانی بۆ چاره‌سه‌ری پرۆسه‌ی ئاشتی تورکیا چووه؟‌ یان بۆ وه‌رگرتنی پاداشته‌کانی؟ ئایا تورکیا به‌ڕاستی له‌خه‌می پرۆسه‌ی ئاشتیدایه‌؟ گه‌ر وایه‌ بۆچی ڕێبه‌ر ئاپۆ ئازاد ناکا؟ خۆ باشترین ده‌ست پێشخه‌ری ئاشتی بۆ تورکیا ئازاد کردنی ڕێبه‌ر ئاپۆیه‌، یان ئایا ئه‌و پێشوازیه‌گه‌رمه‌ی بارزانی‌ له‌ ئێستادا له‌ پاداشتی کام جێ به‌جێ کردنی فه‌رمایشته‌کانیانه‌؟ ئایا له‌ پاداشتی یارمه‌تی دان و ڕێگه‌ پێدانی جه‌یش و فڕۆکه‌کانیانه‌ بۆ لێدانی گه‌ریلاکان له‌ناو خاکی کوردستان؟ یان ئایا له‌ پاداشتی حساب بۆ نه‌کردن و ناو نه‌هێنانی هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌و گه‌ریلایه‌ له‌گرتنه‌وه‌ی شه‌نگال؟ یان له‌ پاداشتی هێنانی سوپاکه‌یانه‌ بۆ به‌عشقه‌؟ 
یان ئایا له‌پاداشتی پێدانی پشکی نه‌وتی عین زاله‌و که‌رکوکه‌ به‌تورکیا؟ یان ئایا له‌پاداشتی جێ به‌جێ کردنی هه‌موو ئه‌وفه‌رمایشتانه‌یه‌ که‌ تاکه‌ هاوپه‌یمانه‌که‌یان گوێ ڕایه‌ڵیان ده‌کات له‌ناوچه‌که‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌ ئه‌بوو ئاڵای زه‌ردی پارته‌که‌ی بۆ هه‌ڵبدا نه‌ک کوردستان چونکه‌ بارزانی له‌ ئێستادا سه‌رۆکی یاسایی کوردستان نیه‌، ته‌نها سه‌رۆکی پارتیه‌و وه‌ک سه‌رۆکی پارتیش هاو په‌یمانی تورکیایه‌، ئه‌ی بۆچی له‌ماوه‌ی ده‌ساڵی سه‌رۆکایه‌تی بارزانیدا چه‌ندین جار سه‌ردانی دۆسته‌کانی کردووه‌ له‌ تورکیا ئاڵایان بۆ هه‌ڵنه‌داوه‌؟ یان بۆ تێکدانی ناو ماڵی کورده‌ که‌ له‌ ئێستادا هه‌رێمی کوردستان له‌بار و دۆخێکی ناته‌بادایه‌؟ یان ئایا بارزانی بۆ سپی کردنه‌وه‌ی ڕووی خۆی چووه‌ بۆ تورکیا به‌دۆسته‌کانی گووتووه‌ له‌پاداشتی چاکه‌کانم بۆتان ته‌نها ئاڵام بۆ دابنێن تاکوو له‌به‌رچاوی میلله‌ته‌که‌م شه‌رعیه‌تی سه‌رۆک بوونم به‌ده‌ست بهێنمه‌وه‌؟ به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری کێشه‌ ناوخۆییه‌کانی کردبا باشتر بوو؟ له‌گه‌ڵ حزبه‌ سیاسیه‌کان کۆ بووباوه‌ و په‌رله‌مان و حکومه‌تی خستباوه‌ سه‌ر سکه‌ی خۆی و له‌گه‌ڵ گه‌ل و شارو شارۆچکه‌کانی کوردستان ئاشت بووباوه، و به‌ئاشکراو له‌ناو په‌رله‌مان ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاندبا‌ باشتر ڕووی خۆی و بنه‌ماڵه‌و پارته‌که‌ی سپی ده‌کرده‌وه‌، نه‌ک به‌پلان و فێڵی دوژمنانی له‌مێژینه‌ی گه‌لی کوورد فریوو بخوا…!
من پێم وایه‌ تورکیا ته‌نها بۆ تێکدانی ناوماڵی کوردو پشتیوانی کردن بۆمانه‌وه‌ی بارزانی هاوپه‌یمانیان ئه‌وکاره‌ی کرد، نه‌ک له‌به‌ر گرنگی پێگه‌ی کورد و هه‌رێمی کوردستان…!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە