کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


پارتی له‌ دزراویه‌وه‌ بۆ دزی…!

Monday, 16/11/2015, 13:12


له‌ساڵی (١٩٤٥) حزبی دیموکراتی کورد دامه‌زرا له‌ڕۆژهه‌ڵات، وه‌ توانرا ساڵێک دوای دامه‌زراندنی پارته‌که‌ کۆماری کوردستان له‌ شاری مهاباد ڕابگه‌یه‌نن، له‌هه‌مان ساڵ واتا ساڵی (١٩٤٦) له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک نوسه‌ر و ڕۆشنبیری شۆڕشگێری باشوری کوردستان له‌ شاری به‌غدا پارتێک هاوشێوه‌ی حزبی دیموکڕات کورد به‌ ناوی (پارتی دیموکڕاتی کورد) دامه‌زرا که‌ لقێکی هه‌مان حزب بوو، دواتر له‌ساڵی (١٩٥٣) له‌کۆنگره‌ ناوی حزبه‌که‌ گۆڕدرا بۆ (پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق ) به‌بێ ئاماده‌بوونی مه‌لا مسته‌فای بارزانی پارتی دروست بوو! دوانزه‌ ساڵ به‌ غیابی دوای چه‌ند کۆنگره‌یه‌ک وه‌ک هاوسۆزیه‌ک هه‌ربارزانی به‌ سه‌رۆکی پارتی داده‌نرایه‌وه‌! تا ساڵی (١٩٥٨) ڕوخانی ڕژێمی پاشایه‌تی عێڕاق و گۆڕینی بۆ سیسته‌می کۆماری که‌ مه‌کته‌بی سیاسی پارتی هاوکار و به‌شداریه‌کی کارای هه‌بوو له‌و شۆڕشه‌ی عێراق، دوای سه‌رکه‌وتنی شۆڕش خه‌به‌ردرا بۆ بارزانی که‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بارزانی له ‌یه‌کیه‌تی سۆڤیه‌ته‌وه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ عێڕاق، مه‌کته‌بی سیاسی پارتی ئاماده‌کاری ته‌واوی کرد بۆ پێشوازی کردن له‌بارزانی وه‌ک سه‌رکرده‌یه‌کی کوردی شۆڕشگێری ناساند و پێشوازیه‌کی گه‌رمی لێکرا، دواتر بارزانی ته‌نها سێ ساڵ له‌گه‌ڵ به‌غدا مایه‌وه‌، نه‌یتوانی ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی که‌ دامه‌زرێنه‌ری پارته‌که‌شن هه‌ڵبکات، شۆڕشی ئه‌یلول ده‌ستی پێکرد، له‌میانه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول سه‌ران و دامه‌زرێنه‌رانی پارته‌که‌ی ده‌رکردن به‌ته‌واوی ده‌ستی به‌سه‌ر پارته‌که‌داگرت.
قسه‌ له‌سه‌ر مێژوو و شۆڕش نیه‌ بۆیه‌ به‌کورتی باسی ده‌که‌م، به‌ڵکو قسه‌مان له‌سه‌ر بردن و وه‌رگرتنی ناوی پارته‌که‌یه‌ له‌سه‌ره‌تاوه‌! دواتریش بارزانی هاته‌وه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر پارته‌که‌دا گرت و ئه‌وجاره‌یان به‌ته‌واوی ئه‌وپارته‌ به‌تاڵان بردرا‌.!
له‌وێ ڕۆژێوه‌ ئه‌و پارته‌ فێری دزی و به‌تاڵان بردن و داگیرکاری و ده‌ست به‌سه‌رداگرتن بوو تا ئه‌وڕۆ، چونکه‌ بناغه‌که‌ی له‌وه‌وه‌ هات! هه‌رله‌ دزینی شۆڕش و مێژوو و ده‌ست که‌وته‌کان و سه‌روه‌ریه‌کان و دامه‌زراوه‌کان و نیشتمان و سه‌روه‌ت و سامانی سه‌رزه‌وی و ژێرزه‌وی و پێشمه‌رگه‌ و خه‌ڵک و ده‌نگی خه‌ڵک و حزبه‌کان،  تا کار که‌وته‌ دزینی هه‌واڵ و ڕاگه‌یاندنه‌کان و ڕاگه‌یاندنکارانیش…!
له‌وانه‌یه‌ بپرسن ئه‌و شتانه‌ چۆن ده‌دزرێن؟
پرسیارێکی جوانه‌، به‌ڵام وه‌ڵامی جوان و به‌به‌ڵگه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ یه‌که‌به‌یه‌کی هه‌موو ئه‌و دزیانه‌ی سه‌ره‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ زۆر درێژنه‌بێته‌وه‌ ئێمه‌ ته‌نها چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌ک له‌سه‌ره‌تاو کۆتای بابه‌ته‌که‌ ده‌خه‌ینه‌ ڕوو ئه‌وانیتر بۆ بیرکردنه‌وه‌ی ئێوه‌ی خوێنه‌ر به‌جێ ده‌هێڵین.
با له‌ دزین و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی شۆڕش و مێژووه‌وه‌ ده‌ست پێبکه‌ین، شۆڕشی ئه‌یلول هه‌موو گه‌لی کورد له‌باشوری کوردستان تێیدا به‌شداربوو بێ جیاوازی، هه‌موو ناوچه‌و شارو دێهاته‌کان به‌شی خۆی زیانی گیانی و ماڵی به‌رکه‌وت هه‌مووشی به‌یه‌که‌وه‌ ئاواره‌بوو له‌دوای ئاش به‌تاڵ، به‌ڵام سه‌یر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و مێژووه‌ پارتی ته‌نها به‌هی خۆی ده‌زانێ له‌کاتێکدا نه‌ک هه‌موو به‌ڵکو نیوه‌ی گه‌لی کوردی باشوری کوردستان له‌ئێستادا پارتی نیه‌ ! ئه‌وجا شۆڕش و ڕاپه‌ڕین و سه‌روه‌ریه‌کان هی نه‌ته‌وه‌ و نیشتمانن نه‌ک تاکه‌ حزبێک! که‌ له‌ئێستاشدا سه‌رکه‌وتنه‌کانی شه‌نگالیان به‌هی خۆیان هه‌ژمارکرد! له‌کاتێکدا هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان به‌هاوبه‌شی هێزه‌کانی گه‌ریلاو و یه‌په‌گه‌و یه‌په‌ژه‌ ئازادیان کرد، ئه‌وه‌ جگه‌له‌وه‌ی کاتێک که‌ شه‌نگال داگیر کراو ئه‌وان هه‌ڵده‌هاتن بیریان چۆته‌وه‌ کێ له‌هاواری خه‌ڵکی شه‌نگال هات و ڕێگریان کرد له‌پێشڕه‌ویه‌کانی داعش، ته‌نانه‌ت بونه‌ فریادڕه‌س بۆ به‌هاناوه‌ چون و ڕزگارکردنی هێزه‌ زۆر و زه‌به‌لاحه‌ به‌زیوه‌که‌شیان.
ئه‌ی که‌ باسی دزین و داگیرکردنی نیشتمان بکه‌ین، کێتان ئاگادارن که‌ پارتی و خودی بنه‌ماڵه‌ی بارزانی هه‌رچی خاکێکی گرنگ و ستراتیجی بێت به‌سه‌رخۆیان و بنه‌ماڵه‌که‌یاندا تاپۆکردووه‌ و دابه‌شکراوه‌ به‌سه‌ر دوودا .! هه‌رله‌ سنوری حاجی ئۆمه‌ران و ابراهیم خلیل و سه‌ری ڕه‌ش و شوێنه‌گرنگه‌کانی شاری هه‌ولێر و بیره‌ نه‌وته‌کان و زۆر شوێنی گرنگی تریش ئه‌ی ئه‌وه‌ ناو ئه‌نێن چی…؟
ئه‌ی ڕێگری کردن و داخستنی ده‌زگا پڕۆفیشناڵ و بێ لایه‌نه‌کان چی ناو ئه‌نێن؟ ته‌نانه‌ت له‌ کاتی گرتنه‌وه‌ی شه‌نگال ڕێگه‌ به‌ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانی یه‌کیه‌تیش نه‌درا ڕوماڵی هه‌واڵه‌کان بکه‌ن، ئه‌مه‌ش بۆ دزینی هه‌واڵ و زانیاریه‌کان له‌لایه‌ک و شێواندن و گۆڕینی هه‌واڵه ‌ڕاسته‌کان له‌لایه‌کی تر و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی سه‌رکه‌وتن و سه‌روه‌ریه‌کانه‌ بۆ داهاتوو.!
که‌واتا پارتی ئه‌وحیزبه‌ی خۆی دزراو و ده‌ست به‌سه‌رداگیراوه‌ بۆیه‌ش ئه‌وه‌ به‌رهه‌مه‌که‌یه‌تی، ته‌نانه‌ت کاریگه‌ریشی هه‌بووه‌ به‌سه‌ر حزب و پارته‌کانی تریش له‌و مۆدێله‌ حزبایه‌تیه‌ی که‌ ئه‌و په‌یڕه‌وی کردووه‌ …!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە