کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


دۆخی چه‌ق به‌ستووی هه‌رێم به‌ره‌وکوێ؟

Tuesday, 03/11/2015, 9:53


له‌دوای کوده‌تاکه‌ی پارتی به‌سه‌ر سه‌رۆکی باڵاترین ده‌سته‌ڵات که‌په‌رله‌مانه‌، وه‌ دوور خستنه‌وه‌ و ده‌رکردنی وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کانی گۆڕان له‌حکومه‌ت، وه‌ داخستنی هه‌ردوو که‌ناڵی ( ئێن ئارتی و که‌ی ئێن ئێن ) له‌ هه‌ولێر و دهۆک، له‌لایه‌کی تریش خه‌م ساردی یان ووردتر بڵێین بێ ده‌نگی و بێ هه‌ڵوێستی سێ حزبه‌که‌ی تری به‌شداربوو له‌ حکومه‌ت ( یه‌کیه‌تی و یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ ) هه‌رێمی کوردستان توشی دۆخێکی چه‌ق به‌ستوو بووه‌.
لێره‌دا کۆمه‌ڵێک پرسیار دروست ده‌بن، که‌ پوختترینیان ئه‌مانه‌ن:
ئایا دۆخی چه‌ق به‌ستووی هه‌رێم تاکه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئایا ئه‌م دۆخه‌ هه‌رێم به‌ره‌و چ ئاقارێک ده‌بات؟
ئایا پارتی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و غروربوونه‌ی له‌ پێشێل کردنی یاساو حساب نه‌کردن بۆ حزبه‌کان و ڕای گشتی؟
یان ئایا سێ حزبه‌که‌ی تری ناو حکومه‌ت هه‌رئاوا به‌ بێ هه‌ڵوێست ده‌مێننه‌وه‌ و به‌خشکۆڵی به‌رده‌وام ده‌بن له‌ناو ئه‌و حکومه‌ته‌ ئیفلیجه‌دا؟
وه‌یان ئایا گۆڕان له‌م دۆخه‌ چی پێ ده‌کرێ و چی ده‌کات؟
ئه‌ی ئایا په‌رله‌مان هه‌ر ئاوا به‌هه‌ڵپه‌سێردراوی ده‌مێنێته‌وه‌ و بێ سه‌رۆک و بێ کۆبوونه‌وه‌ ده‌بێ یان ئه‌ویش به‌بێ یاسایی سه‌رۆکێکی کاتی بۆداده‌نرێت؟
ئه‌ی قه‌یرانی دارایی و مووچه‌و کێشه‌ی ولایه‌تی بارزانی سه‌رجه‌م قه‌یرانه‌کانی تر چیان لێ به‌سه‌ردێت؟
هه‌موو ئه‌و پرسیارانه‌ی سه‌ره‌وه‌ و بگره‌ زیاتریش له‌مێشکی ئێمه‌و سه‌رجه‌م هاوڵاتیه‌ خاوه‌ن هه‌ست و ویژدانه‌کانی ئه‌و هه‌رێمه‌ ڕۆژانه‌ گه‌ڵاڵه‌ ده‌بن که‌تا ئێستاش بێ وه‌ڵامن‌.!
بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران سه‌رجه‌م چین و توێژه‌کان بێ هه‌ڵوێست نه‌بن، چیتر ئه‌م دۆخه‌ چه‌ق به‌ستووه‌ قبوڵ نه‌که‌ن، چونکه‌ درێژه‌دان به‌م دۆخه‌ مه‌ترسی زیاتر دروست ده‌کات، بۆ ئاینده‌ی حکومه‌تی هه‌رێم و گه‌لی کورد له‌ باشوری کوردستان.
هه‌ر له‌مه‌ترسی زاڵبوونی بیری خێڵ و بنه‌ماڵه‌ به‌سه‌ر یاساو شه‌رعیه‌تدا، وه‌مه‌ترسی به‌رده‌وام بوون و درێژه‌دان به‌بیری دووله‌ت بوون و ناوچه‌گه‌ری و شه‌ڕی ناوخۆ بۆ نه‌وه‌کانیشمان، یان مه‌ترسی نا ئومید بوونی گه‌نجان و ڕۆڵه‌ و نه‌وه‌ی داهتوومان به‌ نیشتمان و گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ و دیموکراسی و حکومڕانی خۆماڵی و خۆجێیی،
یان مه‌تریسی بێ ڕێزبوون و له‌که‌دار بوونی گه‌لی کورد له‌سه‌رتاسه‌ری جیهان، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ مه‌ترسیه‌کانی به‌رده‌وام بوونی قه‌یرانه‌کان و شه‌ڕی داعش و زاڵتربوونی وڵاتانی دراوسێ به‌سه‌رماندا.
بۆیه‌ پێویسته‌ ڕوونتر بڵێیین به‌رده‌وام بوونی ئه‌و دۆخه‌ مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ی له‌دوایه‌و ئۆباڵه‌که‌شی به‌پله‌یه‌ک له‌ ئه‌ستۆی پارتیدایه‌، ئه‌وجا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، بێ ده‌نگ بوونیشی له‌ ئه‌ستۆی سه‌رجه‌م حزبه‌ سیاسیه‌کانه‌ به‌تایبه‌تی هه‌رسێک حزبی به‌شداربوو له‌حکومه‌ت و ئه‌وجاره‌ سه‌رجه‌م حزبه‌کانی تری گۆڕه‌پانی سیاسی و ڕۆشنبیران و ڕێکخراوه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌زگا ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە