کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


بۆچی قه‌ڵادزێ…؟

Saturday, 10/10/2015, 17:57


به‌هۆکاری قه‌یرانی دارایی و نه‌سازانی حزبه‌کان له‌سه‌ر پرسی ده‌ستور و یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم و ده‌ست به‌ردارنه‌بوونی مسعود بارزانی له‌پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێم، گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان و دیارنه‌بوونی داهاتی گشتی و هیتد… هاوڵاتیان له‌سه‌رجه‌م شارو شارۆچکه‌کان توڕه‌بوون، وابڕیاربوو خۆپیشاندانی گه‌وره‌ له‌هه‌ولێربکرێت.، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وجاره‌ش هه‌ر له‌سنوری پارێزگای سلێمانی گردبوونه‌وه‌ و خۆپیشاندانه‌کان سه‌ریان هه‌ڵدا، تاکار که‌وته‌ ئه‌و ڕاده‌یه‌ی به‌گوله‌ وه‌ڵامی خۆپیشانده‌ران بدرێته‌وه‌ و خوێنی گه‌نجه‌ بێ پاره‌و گیرفان خاڵیه‌کانمان، له‌سه‌ر شه‌قامه‌کاندا بڕژێ و به‌کوچه‌و کۆڵانه‌کاندا دابچۆڕێ و شۆڕبێته‌وه‌، وێنه‌ی تیر و دڵی خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر گۆژه‌ی کۆڵانی یار پێ بکێشرێ، له‌ولاشه‌وه‌ کیژه‌ بێنازه‌کان خه‌م دایانگرێ و شار ڕه‌شپۆشبێ…!
به‌داخه‌وه‌ بۆ ئه‌و بارو دۆخه‌ی که‌ خوڵقێندرا، ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ ئه‌وه‌ ئایا بۆچی خۆپیشاندانه‌کان ئه‌وجاره‌ش سنوری پارێگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ی گرته‌وه‌؟ له‌ناویشیاندا خودی ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ر به‌تایبه‌تی شاری قه‌ڵادزه‌ی دووجار شه‌هید بگرێته‌وه‌…؟
من پێم وایه‌ بۆ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ ماندوبونی زۆری ناوێ ڕوون و ئاشکرایه‌، له‌وهه‌رێمه‌ حزب ده‌ستی هه‌یه‌ له‌هه‌موو بارودۆخێکدا، هه‌ر له‌تێکدانی نێوان حزبه‌کان بگره‌ نه‌ک دوو حزب به‌ڵکو له‌ نێوان ڕیزی یه‌ک حزبدا ده‌ستی هه‌یه‌ بۆ دووبه‌ره‌کی ئه‌وه‌ جگه‌ له‌تێکدان و به‌گژیه‌کداکردن، ته‌نانه‌ت ده‌ستی هه‌یه‌ له‌ ناوچه‌گه‌رێتی و شارچێتیشدا تاد, هه‌موو ئه‌مانه‌ش بێ گومان به‌حزبێک ده‌کرێت که‌ ده‌سته‌ڵات و سه‌رچاوه‌یه‌کی داهاتی باشی له‌ژێر ده‌ست دابێت بۆکڕینی که‌سه‌ نه‌فس فرۆشه‌کان، تاکو بارودۆخه‌کانیان پێ بشێوێنێ, به‌ڵام بۆ شاری قه‌ڵادزێ؟
له‌به‌ر دووهۆکار و دووئامانج شاری قه‌ڵادزه‌ی دووجار شه‌هید که‌وته‌ ژێرپلانی داڕێژه‌رانی ئه‌وپلانه‌.

هۆکاره‌کان:
١- له‌به‌رئه‌وه‌ی شاری قه‌ڵادزێ پێشینه‌یه‌کی هه‌یه‌ له‌شه‌ڕی ناوخۆ هه‌رله‌ هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی نێوان پارتی و یه‌کیه‌تی له‌ ساڵی (١٩٩٤) یان شه‌ڕی جوتیاران و ئاغاکان دواتریش میحوه‌رێکی سه‌ره‌کی شه‌ڕی نێوان بزوتنه‌وه‌ی ئسلامی وپارتی بوو دژی یه‌کیه‌تی به‌و هۆیه‌شبێت ئه‌مشاره‌ کۆنه‌زامی زۆریتێدا.
٢-له‌و شاره‌دا زیاتر له‌شاره‌کانی تری سنوری پارێزگای سلێمانی لایه‌نگرانی پارتی لێیه‌.

ئامانجه‌کان:
١- دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسی خۆپیشاندان و ڕاپه‌ڕین له‌هه‌ولێر
٢- ناشیرین کردنی ناوچه‌که‌ جارێکی تر به‌ هه‌ڵگیرسانی ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ، تۆمه‌تبارکردنی حزبه‌زۆرینه‌کانی ئه‌وده‌ڤه‌ره‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە