کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئاخ نیشتمانم…!

Thursday, 10/09/2015, 19:33


ئه‌ی نیشتمان…
ئه‌ی خاکی خۆشه‌ویستی کوردستان،
خۆشم ده‌وێی، خۆشه‌ویستیت ئاوێته‌ی گیانم بووه،‌ تێکه‌ڵی ژیانم بووه‌.!
له‌کاتێکدا هیچ سۆز و وه‌فات بۆمن نه‌بوو ته‌نها بۆ خیانه‌تکاران نه‌بێ، به‌ڵام ئاواش هه‌رخۆشم ده‌وێی 
سه‌نگی خۆشه‌ویستی من و هێزی کێشکردنی شیرینی تۆ هێنده‌ی هێزی گشت هه‌ساره‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی خۆره‌،
بۆیه‌ ئاوا پته‌و قاچه‌کانم پێته‌وه‌ چه‌سپاون ئه‌ی نیشتمان هیچ هێزێکی ئه‌و زه‌مینه‌ ناتوانێ لێکمان جیابکاته‌وه‌.
ئه‌ی نیشتمانم کوردستان…
ئه‌ی پیرۆزترین خاکی جیهان،
هه‌رچه‌ند پیرۆزی تۆ هیچی له‌ژیانی من نه‌گۆڕی ته‌نها ژیانی بێڕێزکه‌رانی نیشتمان نه‌بێ، ئاواش له‌لام پیرۆزتری هێنده‌ی سه‌رجه‌م پیرۆزیه‌کانی دونیا.
ئه‌ی نیشتمان، ئه‌ی کوردستان…
ئه‌ی به‌ پیتترین خاکی جیهان!
هه‌رچه‌ند به‌پیتیه‌که‌ت بۆ من نه‌بوو ته‌نها بۆ دز و گه‌نده‌ڵکاران نه‌بێ، که‌چی ئێستاش ناتوانم بۆ عانێکیش ده‌ست به‌ردارتبم، به‌رهه‌مه‌ که‌مه‌که‌ی ساڵانه‌ی جوتیارانت ناگۆڕمه‌وه‌ به‌هه‌موو سه‌رچاوه‌ی داهاتی ته‌کنه‌لۆجیای جیهان.!
ئه‌ی نیشتمان…
ئه‌ی سروشته‌ جوانه‌که‌ی کوردستان،
هه‌رچه‌ند جوانیه‌کانت سودی بۆ من نه‌بوو، ته‌نها بۆ قۆرخ کاران و داگیرکاران نه‌بێ!
به‌ڵام ئاواش دڵنیابه‌ جێت ناهێڵم، بۆساتێکیش لێت دوور نابم لێت بێ ئاگانابم، یه‌ک چۆڕ ئاوی سازگاری کانی کوێستانه‌کانت ناگۆڕمه‌ به‌هه‌موو ئاوی ده‌ریاکانی جیهان!
ئه‌ی نیشتمان…
ئه‌ی خاکه‌ بێکه‌سه‌که‌ی کوردان!
دڵنیابه‌ ئاوا ئاسان ده‌ست به‌ردارت نابم، ئاوا ئاسان بۆ بازرگانه‌ بێ ویژدانه‌کانی نیشتمان فرۆش جێتناهێڵم.!
ئه‌ی نیشتمانم کوردستان…
ئه‌ی خاکه‌ پارچه‌ پارچه‌کراو و داگیرکراوه‌که‌ی کوردان.!
سه‌دان ساڵه‌ پارچه‌یی تۆ داگیر کرانی تۆ هیچ کات نه‌بۆ هۆی لێک جیاییمان، لێک دووریمان، خه‌م ساردیمان، له‌ناو چونمان، 
ته‌نها دووله‌ت بوون و دابه‌شبوونی ناوخۆ نه‌بێ، کاری کردۆته‌ ده‌روونمان،
هه‌رله‌به‌ر ئه‌و دووله‌ت بوونه‌ تاکو ئێستا سێ جار ده‌رفه‌ت و هۆکاری لێک جیاییمان دروست بووه‌، که‌چی نه‌متوانی یه‌ک سانتیمیش لێت دورکه‌ومه‌وه‌، ده‌زانی بۆ؟
چونکه‌ بۆ ساتێک جێهێشتن و دوورکه‌وتنه‌وه‌ له‌تۆ ناخۆشتر و پڕ ئازارتره‌ له‌هه‌موو ناخۆشیه‌کانی دونیا، یه‌ک چرکه‌ ژیانی سه‌رتۆ لام خۆشتره‌ له‌هه‌موو خۆشیه‌کانی دونیا، چونکه‌ هێنده‌ی ئاوی ده‌ریای ئیجه‌ خوێنمان له‌پێناوت ڕشتووه‌ به‌جێهێشتنت بۆ خیانه‌تکاران ئاوا ئاسان نیه‌!
چونکه‌ هێنده‌ی په‌رتوکه‌کانی جیهان یادگاریمان تیا چاندووه‌ جێهێشتنی یادگاری خۆشه‌ویست و ئازیزان ( یاری کۆڵان له‌گه‌ڵ منداڵان، ده‌ست له‌ملانی هاوڕێیان، گۆڕی دایک و باوک و که‌س و کار و خۆشه‌ویستان، کۆنه‌وار و شوێنی ژوان ) ئه‌وه‌نده‌ ئاسان نیه! بۆ ڕوخێنه‌رانی خۆشیه‌کان و جوانیه‌کان.
چونکه‌ هێنده‌ی شۆڕشی ئازادیه‌کانی گه‌لان خه‌باتمان له‌پێناوت کردووه‌ ده‌ست به‌رداربوون له‌ هه‌وڵ و خه‌بات و ماندووبوونی باب و باپیرانمان برا پێشمه‌رگه‌کان ئه‌وه‌نده ساده‌ و ئاسان نیه‌ بۆ قۆرخ کاران!
ئاخ نیشتمانم هه‌رچه‌ند بۆ من نه‌بووی، به‌ڵام دڵنیابه‌ جێت ناهێڵم، دڵنیابه‌ جێت ناهێڵم…!!!
تێبینی/ داوای لێبوردن له‌ ئه‌دیبان و ئه‌ده‌ب دۆستان ده‌که‌م ئه‌وه‌ نه‌ هۆنراوه‌یه‌ نه‌ په‌خشانێکی ته‌واوه‌ به‌ڵکو سۆزێکی ڕاسته‌قینه‌ی ده‌روونمه‌ بۆ نیشتمان، به‌گه‌وره‌یی خۆتان له‌ که‌م و کوڕیه‌کان بمبورن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە