کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئامانجه‌ گه‌وره‌که‌‌ی پشت گه‌مه‌ی سازان…!

Wednesday, 02/09/2015, 17:39


له‌ دوای کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان له‌ ٢٣ی حوزه‌یران، لایه‌نه سیاسیه‌کان له‌سه‌ر داوای (پ د ک )ده‌ستیان کرد به‌کۆبوونه‌وه‌ی حزبی بۆچاره‌سه‌ر کردنی کێشه‌ی ولایه‌تی بارزانی و هه‌موارکردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێم له‌ژێر ناوی ”سازان“ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ندین کۆ بوونه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌، هه‌ر له‌کۆبوونه‌وه‌ی دوو قۆڵی، سێ قۆڵی، چوار قۆڵی، پێنج قۆڵی، ته‌نانه‌ت داوای کۆبوونه‌وه‌ی په‌نجا قۆڵیش کراوه‌! یان وه‌ک دیتمان نوێنه‌ری ئه‌مریکا و به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش پێوه‌ هه‌ستان و هاتنه‌ ناو کۆبونه‌وه‌کان، به‌تایبه‌تی شه‌وی پێش ١٩ی ئاب که‌ بڕیاربوو په‌رله‌مانی کوردستان کۆببێته‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساکه‌ بکات،
هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه‌ی پارتی به‌ناوی ”سازان“ بۆ مه‌به‌ستێکی ئاشکراو ئامانجێکی شاراوه‌ی گرنگه‌! مه‌به‌سته‌ ئاشکراکه‌ دیاره‌، بۆ درێژکردنه‌وه‌ی ولایه‌تی بارزانیه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان و یاسادا، هه‌رچی ئامانجه‌ شاراوه‌که‌یه‌، لێدانه‌ له‌ په‌رله‌مان، به‌واتایه‌کی تر سوککردنی په‌رله‌مان و ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌کانیه‌تی، ئه‌ویش بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێک.
 یه‌ک: زاڵکردنی هه‌یمه‌نه‌ و ده‌سته‌ڵاته‌کانی حزبه‌که‌یه‌تی به‌سه‌ر یاساو په‌رله‌ماندا، یان پێچه‌وانه‌که‌ی بێده‌سته‌ڵاتکردنی په‌رله‌مانه‌ که‌ به‌هێزترین و شه‌رعیترین ده‌سته‌ڵاته‌.
دوو: بێ نرخ و به‌هاکردنی په‌رله‌مانه‌ و ناشیرنکردنیتی له‌به‌رچاوی هاوڵاتیان.
سێ: سڕینه‌وه‌ی سه‌رجه‌م کاروچالاکیه‌ گرنگه‌کانی ئه‌و خوله‌ی په‌رله‌مانه‌، چونکه‌ له‌م خوله‌دا به‌ڕه‌سمی په‌رله‌مان ده‌وری خۆی دیوه‌ کاریگه‌ری باشی هه‌بووه‌ به‌سه‌ر ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێ کردن.

هۆکاره‌کانی ئه‌و بێڕێزیکردنه‌ی ده‌سته‌ڵاتی یاسادانانیش ڕوونن،
له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدان و له‌دایک بوونی ئۆپۆزسیۆنێکی به‌هێز له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مان، ئه‌ندامه‌ خه‌وتوه‌کانی خوله‌کانی پێشووی له‌وخه‌وه‌ ڕاچڵه‌کاند، ده‌سته‌ڵاته‌کانی په‌رله‌مانی له‌ گوفتار کرده‌ کردار، چرای ڕوناکی ژوره‌ تاریکه‌کانی داگیرساند، هاوڵاتیانی ئاشنا کرد به‌ ئه‌رک و مافی خۆیان، تاد…
جگه‌له‌وه‌‌ کاروچالاکیه‌کانی ئه‌وخولی چواره‌مه‌ی په‌رله‌مان که‌ ده‌توانم بڵێم له‌و ته‌مه‌نه‌ کورته‌ی که‌هه‌ی بووه‌ تا ئێستا به‌ته‌واوی ده‌ورێکی کارای هه‌بووه‌، هه‌م ‌سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان به‌ده‌و‌رو ڕۆڵی خۆی هه‌ستاوه‌، هه‌میش به‌شێکی زۆر له‌ ئه‌ندامه‌ به‌ڕێزه‌کانی په‌رله‌مان له‌سه‌رجه‌م فڕاکسیۆنه‌کان ڕۆڵێکی باشیان هه‌بووه‌ له‌ ئه‌دای په‌رله‌مانتارێتیان، هه‌موو ئه‌مانه‌ هۆکاری سه‌ره‌کین بۆ ئه‌وه‌ی بترسێ له‌وه‌ی جارێکی تر ده‌نگه‌کانی که‌متربکات و لایه‌نی به‌رامبه‌ر زیادبکات، یان بترسێت له‌وه‌ی جارێکی تر عه‌مرێک یان زه‌یدێکی کوڕه‌ هه‌ژار به‌ته‌نیا هێنده‌ی سێیه‌کی حزبه‌که‌ی ده‌نگ بهێنێ!
بۆیه‌ ئه‌وه‌ی پارتی ئامانجیه‌تی زیاتر لێدان و بێڕزیکردن و سوککردنی په‌رله‌مانه‌ له‌به‌رچاوی هاوڵاتیان، تاکو له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتودا هاوڵاتیه‌ ناڕا‌زیه‌کان نا ئومێدبن  و ئه‌و گوڕ و تینه‌یان نه‌بێ بۆ سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان، خۆشی له‌ولاوه‌ به‌هه‌موو جۆره‌کانی نایاسایی وه‌ک به‌کار هێنانی سامانی گشتی و چاو سورکردنه‌وه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی نان بڕین و ته‌زویر، سندوقه‌کانی ده‌نگدان پڕبکات له‌ده‌نگی خۆی و هه‌ر به‌یه‌که‌می بمێنێته‌وه‌.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە