کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئاگاداربه لیژنه‌که‌هات

Wednesday, 26/08/2015, 14:42


له‌ماوه‌ی ڕابردوو به‌رنامه‌یه‌ک به‌و ناو نیشانه‌ هه‌بوو له‌یه‌کێک له‌که‌ناڵه‌کانی سه‌ر به‌ پارتی په‌خش ده‌کرا، که‌ پێکهاتبوو له‌ لیژنه‌یه‌ک له‌ناو شاری هه‌ولێر ده‌گه‌ڕا به‌دوای خۆراک و چشتی ماوه‌ به‌سه‌رچوو، هه‌ر جۆره‌ خوارده‌مه‌نیه‌کی ماوه‌ به‌سه‌رچویان دۆزیباوه‌ خۆراکه‌که‌یان له‌ناو ئه‌بردوو خاوه‌نه‌که‌شیان سزا ده‌دا به‌داخستنی شوێنی کاره‌که‌ی، له‌لایه‌کی تریش لیژنه‌که‌ سه‌رپێچی کاران له‌ جێبه‌جێ نه‌کردنی ڕێنماییه‌کان و یاساکانی پاک و خاوێنی و نه‌بوونی بنه‌ماکانی ته‌ندروستی، به‌هه‌مان شێوه‌ سزاده‌دا.
گه‌ر هه‌ڵه‌ نه‌بم به‌رنامه‌یه‌کی هاوشێوه‌ له‌که‌ناڵێکی سه‌ر به‌ یه‌کیه‌تی هه‌بوو که‌ له‌ناو شاری سلێمانی ده‌گه‌ڕا هه‌مان کاری ئه‌نجام ئه‌دا، هه‌ردووکیان کارێکی زۆر باشیان ده‌کرد، ئه‌رکێکی نیشتمانیان جێبه‌جێ ده‌کرد، له‌گه‌ڵ بوونی که‌م وکوڕیان و ده‌نگۆی تێوه‌گلانیان به‌گه‌نده‌ڵی، له‌کۆی گشتیدا باشبوون.
لێره‌دا مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، ئه‌رێ ئه‌و لیژنه‌یه‌ چی لێبه‌سه‌رهات؟ خۆ ئێستا گه‌وره‌ترین شتی ماوه‌ به‌سه‌رچوومان هه‌یه‌! که‌بۆته‌ گرفتێکی سه‌ره‌کی، بۆگه‌نه‌که‌ی هه‌موو هه‌رێمی کوردستانی داگرتووه‌، زیانی له‌هه‌موو بواره‌کانی ژیانداوه‌، به‌هۆی بۆگه‌نی ئه‌و شته‌ ماوه‌ به‌سه‌رچووه‌،  ئه‌گه‌ر زوو فریای نه‌که‌ون و لای نه‌به‌ن و فڕێی نه‌ده‌ن، خه‌ریکه‌ هه‌رێمی کوردستان تووشی ڕزین و لاڕه‌شه‌ده‌بێت.
جگه‌له‌مه که‌سانێک هه‌ن ڕێنماییه‌کان جێبه‌جێ ناکه‌ن و به‌ ئاشکرا پێشێلی یاسا ده‌که‌ن، ئه‌گه‌ر زوو لیژنه‌که‌ ئه‌وانیش سزانه‌دات ئه‌وا عه‌قله‌کانیش بۆگه‌ن ده‌بن…!
ئه‌رێ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی کۆبوونه‌وه‌کان و سازان، ئه‌گه‌ر پێتان ده‌کرێ وه‌کوو ئه‌ولیژنه‌یه‌؟ خێرابن و په‌له‌بکه‌ن به‌لابردنی سه‌رۆکی ماوه‌ به‌سه‌رچوو، که‌ هه‌موو ژیانی ڕاگرتووه‌، 
ئه‌گه‌ریش پێتان ناکرێ؟ بانگی ئه‌و لیژنه‌یه‌ بکه‌ن که‌ پێش ئه‌وه‌ی به‌ڕێکه‌وتبا ده‌یگووت ئاگاداربه‌ لیژنه‌که‌ هات! با ئه‌و کێشه‌یه‌تان بۆ چاره‌سه‌ربکات وه‌ک خۆی…!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە