کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


هه‌رێم و بۆشاییه‌ یاساییه‌کان!

Friday, 21/08/2015, 23:02


ئێستا هه‌رێمی کوردستان بێ سه‌رۆکه‌! بێ په‌رله‌مانه‌! بێ حکومه‌ته‌! بێ ده‌ستوره‌!
به‌پێی یاسا سه‌رۆکی هه‌رێم ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تیه‌که‌ی کۆتایی هاتووه‌ و به‌سه‌رچووه‌، لایه‌نه‌کانیش نه‌یانتوانی پێش ته‌واو بوونی ئه‌وماوه‌یه‌ به‌سازان چاره‌سه‌ری ئه‌و دۆخه‌ بکه‌ن، وه‌ نه‌شیان هێشت په‌رله‌مان به‌پێی ڕێکاره‌ یاساییه‌کان ئه‌و پرسه‌ یه‌کلای بکاته‌وه‌، که‌واتا ئێستا کوردستان بێ سه‌رۆکه‌.!
وه‌ په‌رله‌مانی کوردستانیش هیچ شه‌رعیه‌تێکی یاسایی نه‌ماوه…!‌ پێویسته‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌، چونکه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌ست وه‌رده‌درێته‌ کاروباری په‌رله‌مان، به‌بڕیاری حزبی و بیانی و دوژمنان، ڕێگری له‌کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان ده‌کرێت! ڕێکاره‌ یاساییه‌کانی په‌رله‌مانیان په‌کخستووه‌! 
حکومه‌تیش ئه‌بێ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌! چونکه‌ حکومه‌ت شه‌رعیه‌تی له‌ په‌رله‌مان وه‌رگرتووه‌، کاتێک په‌رله‌مان خۆی شه‌رعیه‌تی نه‌ما، هه‌ر ده‌زگاو ده‌سته‌ڵاتێک شه‌رعیه‌تی له‌په‌رله‌مان وه‌رگرتبێ، هیچ ده‌سته‌ڵاتێکی نامێنێ و ئه‌بێ هه‌ڵبوه‌شێنه‌‌وه‌.!
وه‌ هه‌رێمی کوردستان هه‌تا ئێستا خاوه‌نی ده‌ستورێکی چه‌سپاو نیه‌ که‌ ڕیفراندۆمی له‌سه‌ر ئه‌نجامدرابێ و کۆده‌نگی نیشتمانی له‌سه‌ر هه‌بێ، که‌واتا له‌سایه‌ی ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ی پێشه‌وه‌، هه‌رێمی کوردستان له‌بۆشایی یاسایی ده‌ستوریشدا.
بۆیه له‌ئێستادا هه‌رێمی کوردستان له‌ بۆشاییه‌کی یاسایی گه‌وره‌دایه، ئه‌گه‌ر گه‌لێکی وشیار و دڵسۆزی ووڵات هه‌بێ، نه‌ک دڵسۆزی حزب و پاره‌! ئه‌بوایه‌ قبوڵی ئه‌و دۆخه‌ نا هه‌مواره ‌نه‌که‌ن، له‌کاتێکدا ملله‌ت له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا ژیان به‌ڕێده‌کا، سیاسیه‌کانیش به‌و شێوه‌یه‌ یاری و ته‌راتێن به‌گه‌ل و نیشتمان ده‌که‌ن، هه‌تا دێت و کات به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن و قه‌یرانه‌کان گه‌وره‌تر ده‌بن.
بۆیه‌ پێویسته‌ هاوڵاتیان به‌یه‌ک ده‌نگ و به‌یه‌ک ڕه‌نگ له‌هه‌موو شاره‌کان بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ و ده‌ست له‌کار کێشانه‌وه‌ی هه‌رسێ سه‌رۆکایه‌تیه‌کان بکه‌ن، داوای پێکهێنانی حکومه‌تێکی کاتی بکرێت و داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌بکه‌ن، په‌له‌بکرێت له‌ ئه‌نجامدانی هه‌رچی زووه‌، وه‌ سزای لایه‌نه‌ تاوانباره‌ سه‌ره‌کیه‌کانبده‌ن، ئینجا په‌له‌بکرێت له‌ نوسینه‌وه‌ی ده‌ستورێکی نیشتمانی گشتگیر.
به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌سته‌ڵاتانه‌ به‌و شێوه‌یه‌ به‌رده‌وامبن، ئه‌وا ئێمه‌ خۆمان تاوانبارین، ڕازین له‌و ووڵاته‌ فه‌نته‌ڵۆسه‌دا ‌بژین.
یاسین سه‌روچاوه‌یی

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە