کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ئاره‌زوومه‌ بنووم…! خه‌وێکی قوڵ وه‌کو یارانی ئه‌شکه‌وت…!

Monday, 03/08/2015, 0:55


ئه‌مه‌وێ بنووم خه‌وێکی درێژ و قوڵ، تاکو له‌و جه‌نجاڵی ژیانه‌ ڕزگارم بێت! تاکو له‌و سه‌رده‌می کۆیله‌ بوونه‌ نه‌جاتم بێت! تاکو گوێبیستی جنێو و ده‌مشڕی کۆیله‌کان نه‌بم! تاکو خیانه‌تی خیانه‌تکارانی گه‌له‌که‌م نه‌بینم! تاکو کوژرانی هاوڵاتیانی سڤێلی بێ تاوان ته‌رمی ژن و منداڵی جه‌رگ بڕ له‌ناو ته‌پوتۆزی بۆمبی دوژمن نه‌بینم! تاکو بۆمبارانی فڕۆکه‌کانی تورکیا و تۆپخانه‌کانی ئێران نه‌بینم که‌چۆن ئاگر له‌نیشتمانم به‌رده‌ده‌ن! تاکو هه‌واڵی شه‌هیدبوون و خوێنی به‌فیڕۆ ڕژاوی ئه‌و هه‌موو پێشمه‌رگه‌ ئازاو دلێره‌ نه‌بیستم! تاکو چیتر سه‌رگه‌ردانی نا ئومێدی گه‌نجانمان نه‌بینم که‌چۆن سه‌ری خۆیان هه‌ڵده‌گرن و کۆچ ده‌که‌ن له‌ڕێگای ئه‌و کۆچه‌دا چه‌ندان ده‌بن به‌قوربانی له‌ده‌ریاکاندا نقوم ده‌بن! تاکو ئازادبم له‌ده‌ستی ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌ دروستکراوانه‌ی که‌ به‌سه‌رماندا سه‌پێندراون! تاکو چیتر ناڵه‌ی هه‌ژاران ئازارم نه‌دات! تاکو چیتر جیاوازی و نا عه‌داله‌تی خه‌می زیاترم پێنه‌دات! تاکو چیتر له‌چاوه‌ڕوانی هاتنی مووچه‌و چاک بوونی کاره‌باو که‌می سوته‌مه‌نی و سه‌رجه‌م چاوه‌ڕوانیه‌کان، ژیان به‌ڕێ نه‌که‌م!
ئه‌مه‌وێ بنووم خه‌وێکی قوڵ و درێژ تاکو ڕزگارم بێت له‌و حکومه‌تی هه‌رێمه‌ بێ ده‌سته‌ڵات و بێ ناونیشانه‌ی که‌ ته‌نها وه‌ک بازرگانێک ڕه‌فتارده‌کات و هیچی تر! تاکو ڕزگام بێت له‌و سه‌رۆکه‌ فاشیله‌ بێ سود و مشه‌خۆر و دیکتاتۆره‌ی که‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌رۆکی ئه‌و میلله‌ته‌ی گرتووه‌ تاکه‌ سه‌رچاوه‌ی نه‌هامه‌تیه‌کانه‌ به‌هیچ جۆرێک ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌که‌شی نابێت! تاکو چیتر گوێبیستی درۆی سیاسیه‌کان نه‌بم! تاکو چیتر دانیشتنه‌ بێ بنه‌ماکانی حزبه‌کان نه‌بینم! تاکو چیتر چه‌واشه‌کاری و موزایه‌ده‌ی سیاسی و خۆفش کردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌ به‌ڕوکه‌ش جوان و ناخ پیسه‌کانی به‌ناو کادیری حزبه‌کانی سه‌ر شاشه‌ی تیڤیه‌کان نه‌بینم! تاکو چیتر ئاژاوه‌گێڕی و چه‌واشه‌کاری ڕاگه‌یاندنه‌کان نه‌بینم و نه‌بیستم! تاکو…تاکو…تاکۆتایی…!
ئه‌مه‌وێ بنووم خه‌وێکی قوڵ و درێژ وه‌کو یارانی ئه‌شکه‌وت…! ‌ئاخۆ چ گۆڕانکاریه‌ک له‌نیشتمانه‌که‌م ڕووی دابێت له‌دوای ئه‌و خه‌وه‌م؟ ئه‌بێ سنوره‌ ده‌ستکرده‌کان چۆنبن؟ ئه‌بێ پاشماوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ی که‌ چه‌ندین ساڵه‌ پێمان ده‌فرۆشرێ چی به‌سه‌ر هاتبێ؟ ئه‌بێ دیمۆ گرافیای هه‌رێمی کوردستان له‌دوای کۆچی گه‌نجان و هاتنی ئه‌و هه‌موو ئاواره‌ عه‌ره‌بانه‌ چۆن گۆڕابێ؟ ئه‌بێ چۆن گه‌لانی دراوسێ به‌پێکه‌نینه‌وه‌ باسی ڕابردومان بکه‌ن؟ ئاخۆ نه‌وه‌کانمان پاش ئه‌و خه‌وه‌ چۆن تف و نه‌عله‌ت له‌ ئێمه‌ بکه‌ن؟ ئاخۆ که‌هه‌ڵسام له‌و خه‌وه‌ مێژوو چی نوسیوه‌ته‌‌وه‌؟
دڵنیام چۆنه‌…!
که‌ هه‌ڵسام له‌و خه‌وه‌ قوڵه‌ سه‌یرێکی نیشتمان ده‌که‌م، کوردستان بووه‌ به‌ بیابان! نه‌ ئاو هه‌یه‌، نه‌دره‌خت و سه‌وزایی دیاره‌، ‌ نه‌شتێک هه‌یه‌ پێی بگوترێ کانزاو سامانی سروشتی! هه‌رکه‌ هه‌ڵسام له‌خه‌و ئاسه‌وارێکی کوردستانه‌که‌ی جارانم به‌دی نه‌کرد! دێم و ده‌ڕۆم چاو ده‌گێڕم سه‌رم له‌و خاکه‌ ده‌رناچێ من چۆنم دیت و ئێستا چۆنه‌؟ له‌ناکاو که‌سێک له‌پشته‌وه‌ ده‌ستێکی له‌شاندام و به‌عه‌ره‌بی پێی گووتم ( شلۆنه‌ک) که‌ ته‌ماشام کرد عه‌ره‌بێکی ڕه‌شی ددان گه‌وره‌ عه‌ینه‌ن ته‌ره‌سی حۆجه‌! سه‌د سوێندت خواردبا لێت نه‌ده‌که‌وت که‌ له‌شوانکاره‌کانی (بدو) دۆڵی حۆرانی بیابانی عێراقه‌! شانێکی له‌ ئه‌ولاولایدام و گووتی یا هه‌لا یاهه‌لابیک ئه‌بو عه‌لا، سه‌رم سوڕما خوایه‌ ئه‌وه‌ کێیه‌؟ خوا هه‌ڵناگرێ پیاوێکی باش بوو، بردمی بۆماڵی خۆیان زۆر ڕێزی گرتم نازانم به‌که‌سێکی خۆیانی دانابووم نه‌نا.؟
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم له‌و شاره‌ زۆرنامۆبووم! نه‌شم ده‌وێرا هه‌رچی پرسیاره‌ بکه‌م، چونکه‌ عه‌ره‌بیه‌که‌م زۆر باش نه‌بوو ڕێک ده‌یان زانی که‌کوردم! 
خۆم که‌ڕ و لاڵ کرد گووتم بزانم چی ده‌گوزه‌رێ؟ له‌دڵی خۆم گووتم بابچم بۆ سلێمانی پایته‌ختی ڕۆشنبیری ئه‌وێ زمانی خۆیان نه‌دۆڕاندووه‌، که‌له‌ شوفێره‌که‌م پرسیارکرد پێم گووت ده‌ڕۆی بۆ سلێمانی؟ پێی سه‌یربوو گووتی یابه‌ خه‌ڵکی کوێی؟ ناچار خۆم که‌ڕو لاڵ کرده‌وه‌ به‌ ئیشاڕه‌ت پێم گووت گووتی ئه‌ها مه‌دینه‌ت قاسم! به‌کورتی ناوی شاره‌کانیش گۆڕابوون! به‌دهۆکا ده‌لال ده‌گوترا مه‌دینا ئه‌ردۆغان! به‌هه‌ولێر ده‌گوترا مه‌دینه‌تول شه‌عبی! بیرم کرده‌وه‌ باشه‌ ده‌بێ پاشماوه‌ی سه‌رۆک چی به‌سه‌ر هاتبێ؟ که‌ پرسیارم کرد گووتم ده‌بێ بارزانیه‌کان له‌کوێبن؟ خۆ ئه‌وان ده‌یان گووت ئێمه‌ دڵسۆز و خاوه‌نی ئه‌و کوردستانه‌ین که‌چی ناوی ده‌ڤه‌ره‌که‌شیان گۆڕابوو، پێی ده‌گوترا وادی ئۆغلۆ! ئه‌و کوردستانه‌ هه‌موو گۆڕابوو، نازانم نه‌سێ ولایه‌ت بوو نه‌چوار، له‌هه‌موو شاره‌کانیش کورد هه‌بوون به‌ڵام ته‌نها گه‌ڕه‌کێک یان دوو گه‌ڕه‌ک ئه‌ویش وه‌ک که‌مینه‌ سه‌یر ده‌کران!
سه‌رتان نه‌یه‌شێنم هیچ ئاسه‌وارێکی ده‌وڵه‌تی کوردی کوڕه‌ نه‌ک ده‌وڵه‌ت ئه‌و به‌ناو حکومه‌ته‌شمان نه‌مابوو! هیچ کون و که‌له‌به‌رێکی مێژووش باسی نه‌ده‌کرد! ته‌نها له‌وانه‌ی قوتابخانه‌کان که‌مێک له‌باسی نیشتماندا هه‌بوو، ئه‌ویش به‌نمونه‌ی ده‌سته‌ڵاتی خاین و دز و نیشتمان فرۆش باس ده‌کران.
به‌دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌وه‌ حاڵی کوردستانه‌ له‌دوای چه‌ندین ساڵی تر ئه‌گه‌ر فریای نه‌که‌وین.!
به‌ڵام چه‌ندی ده‌که‌م خه‌وم لێ ناکه‌وێ تاکو به‌ قوڵی بنووم! ئه‌ویش له‌به‌ر خه‌م و خه‌فه‌تی گه‌ل و نیشتمان و خیانه‌تی سه‌رکرده‌کان و زوڵمی دوژمنان…!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە