کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


ڕێبواری که‌ریم وه‌لی قسه‌ی دڵی پارتی کرد!

Wednesday, 08/07/2015, 19:46



ڕێبوار که‌ریم وه‌لی ڕۆژنامه‌نوسی سه‌ر به‌پارتی خاوه‌نی به‌رنامه‌ی چوارقۆڵی له‌ که‌ناڵی ڕوداو، که‌ به‌رده‌وام په‌یام و ووتاری دووبه‌ره‌کی بڵاو ده‌کاته‌وه‌، ئه‌و جاره‌شیان له‌ ووتارێکی دا باس له‌ دوو ئیداره‌ی کوردستان ده‌کات و ده‌ڵێ: (ئه‌گه‌ر ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ قه‌ولی کوردیی کوفریش بێت ئه‌وا من ئه‌و کوفره‌ ده‌که‌م سه‌رده‌می دوو ئیداره‌یی باشتربوو)
به‌ڕای من سه‌ر له‌به‌ری ووتاره‌که‌ی پێویستی به‌وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌، چونکه‌ له‌ ووتاره‌که‌یدا زۆر به‌ڕوونی دیاره‌ بانگه‌شه‌ی نه‌ک دوو ئیداره‌یی به‌ڵکوو دوو له‌تبوونی ئه‌وبه‌شه‌ بچووکه‌ی کوردستان ده‌کات، که‌ ئه‌وه‌ خۆی له‌خۆیدا وه‌ک خۆی ده‌ڵێ کوفرێکی گه‌وره‌ی نیشتمانیه‌، سه‌رچاوه‌ی ئه‌و قسه‌یه‌ش هه‌ڵقوڵاوی بیرێکی ته‌سک و وشکی خێڵه‌کیه‌ که‌ هه‌رگیز پێکه‌وه‌ ژیان و فره‌یی قبوڵ ناکات، ئه‌وه‌ به‌ته‌نیا بۆچونی ئه‌و نیه‌ به‌ڵکو بۆچونی سه‌رکرده‌کانی پارته‌که‌یه‌تی که‌ به‌شێوه‌ی ناڕاسته‌خۆ به‌ده‌می به‌ناو ڕۆژنامه‌نوس و سیاسیه‌کانی حزبه‌که‌ی ده‌ریان ده‌بڕێت چونکه‌ ئه‌وه‌ هه‌ر ڕێبوارنیه‌و یه‌که‌م جاریش نیه‌ ئه‌و شه‌کره‌ ده‌شکێنرێت.
له‌به‌شێکی دیکه‌ی ووتاره‌که‌یدا باسی به‌هێزی سه‌رکرده‌کانی ڕابردوو ده‌کات که‌ چۆن نه‌یان هێشت گه‌له‌کانیان په‌رته‌وازه‌بن و هه‌موویان به‌زه‌بری هێز کۆ کردنه‌وه‌ به‌ڵام دواتر مێژوو به‌دکتاتۆر ناوی بردون، به‌پێی ئه‌و ووته‌یه‌شی بێت جه‌نابیان ده‌یه‌وێ بارزانی بکاته‌ دکتاتۆر به‌زه‌بری هێز سه‌دا (٦٢٪ ) خه‌ڵکی کوردستان بکاته‌ پارتی! بیری چۆته‌وه‌ ناوی پارته‌که‌ی به‌ڕێزیان دیموکراته‌ ئه‌ی ئه‌وه‌ چ دیموکراتیه‌که‌ تۆ داوای ده‌که‌ی؟ ئه‌وه‌ی تۆ بۆ ئێستای سه‌ده‌ی (٢١) وه‌ک خۆتان ده‌ڵێن (قابیلی قبوڵ) نیه، به‌ڵکو ده‌کرا له‌سه‌ده‌کانی ( ١٧-١٨-١٩) که‌سێکی وا دروست بوبا هه‌موو خێڵ و میرنشینه‌ کوردیه‌کانی کۆکردبانه‌وه‌ پێش په‌یمانی ( سایکس بیکۆ - سازانۆف) که‌چی نه‌بوو به‌ڵام له‌دوای ئه‌و ڕۆژه‌ که‌ وه‌ک خۆت ده‌ڵێی به‌یه‌ک مه‌سته‌ڕه‌ کرا به‌چوار به‌ش تازه‌ ئه‌و جۆره‌ حکومڕانیه‌ مه‌حاڵه‌، بۆ ئه‌وه‌یان له‌بری ئه‌و فکره‌ دکتاتۆریه‌ت پێم باش بوو هانی سه‌رۆکه‌ له‌خۆبایه‌که‌ی خۆتدابا بۆ خۆی دووره‌ په‌رێز ئه‌گرێ له‌ خه‌ڵک و میله‌تی خۆی و له‌گه‌له‌که‌ی نه‌ترسێ، له‌ماوه‌ی ئه‌و ده‌ ساڵه‌ی ڕابردوو که‌سه‌رۆکی هه‌رێم بوو باشترین ده‌رفه‌تی له‌پێش بوو بۆ یه‌کخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو ئیداره‌یه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ی، چی تێدابوو ئه‌گه‌ر سه‌رۆکه‌که‌ت که‌مێک پێی له‌ نه‌فسی خۆی نابا هاتبا مانگێک له‌ گه‌رمیانی خێر له‌خۆنه‌دیو ماباوه‌ ماڵ به‌ماڵی ماڵه‌ ئه‌نفاله‌کان گه‌ڕابا بێ جیاوازی، دواتر چوبا هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید مانگێکیش له‌وێ ده‌وامی کردبا له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی دڵبرینداری ئه‌و شاره‌ ئاوێته‌ بوبا، دواتر چوبا پایته‌ختی ڕۆشنبیری له‌گه‌ڵ ڕۆشنبیرانی ئه‌وشاره‌ ئاوێته‌ بوبا به‌شداری شانۆی سه‌ر شه‌قامه‌کانی کردبا سه‌رجه‌م خه‌ڵکه دڵشکاوه‌کانی ئه‌وشاره‌ی به‌ساده‌یی دڵخۆش کردبا، ئینجا هاتبا ده‌ڤه‌ری بیتوێن و پشده‌ری قاره‌مانی خاوه‌ن سه‌روه‌ری ڕاپه‌ڕین ماوه‌یه‌کیش له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌وامی سه‌رۆکایه‌تی هه‌رێمی لێره‌ کردبا، ئه‌وکاته‌ نه‌ک ئه‌و (٧٠٪ )یه‌ی که‌ جه‌‌نابت ده‌ته‌وێ به‌زۆر بیسه‌پێنی نا به‌ڵام لانی که‌م (٥١٪ ) ده‌هێنا که‌بتوانێ به‌ته‌نیا حکومه‌ت پێکبهێن، خۆشی وه‌ک سه‌رکرده‌ خۆشه‌ویسته‌کانی مێژوو ده‌رده‌که‌وت، نه‌ک وه‌ک ئه‌و دکتاتۆره‌ی تۆ ده‌ته‌ێ!
به‌ڵام سه‌رۆکه‌که‌ت نه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌کرد به‌ڵکو وه‌ک دوژمن ڕه‌فتاری له‌گه‌ڵ ئه‌وناوچانه‌ده‌کرد ئه‌گه‌ر بۆ یاد و مه‌راسیمه‌کانیش چوبا بۆ ئه‌و شوێنانه‌ به‌هێزێکی زۆره‌وه‌ ده‌چوو نه‌ک ببێته‌ هۆی دڵخۆشی به‌ڵکو ده‌بۆ هۆی ئه‌زیه‌ت و ئازاردانی خه‌ڵک.
که‌واته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌ودابه‌شبوونه‌ی که‌ باسی ده‌که‌ی پارته‌که‌ی تۆ و سه‌رۆکی پارته‌که‌ته‌.
له‌کۆتای ووتاره‌که‌یدا ده‌ڵێ له‌جیاتی یه‌کتر کووشتن دابه‌شبوون باشترین بژارده‌یه‌ که‌ هه‌ریه‌که‌و خاوه‌نی ده‌ستورو حکومه‌ت و په‌رله‌مان و له‌شکری خۆی بێت، له‌سه‌ر ئاستی به‌رزیش جۆری په‌یوه‌ندیه‌کانیان دیاری بکه‌ن، هه‌تا ده‌ستورێک نه‌نوسراوه‌ته‌وه‌ هه‌رچی زووه‌ ئه‌وه‌ بکه‌ن باشه.
به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ بۆ چونه‌ی جه‌نابت راستیه‌کمان بۆ ده‌رده‌خات که‌ ئێوه‌ هیچ جۆره‌ بیر و ڕایه‌کی جیاوازتان قبوڵ نیه‌ و وه‌ هیچ ده‌ستورێکیشتان پێ په‌سند ناکرێ به‌ڵکو ده‌تانه‌وێ به‌یاسای خێڵ و میرنشینه‌کانی جاران ده‌وڵه‌تداری بکه‌ن.
له‌لایه‌کی دی ئه‌و دابه‌شبوونه‌ی باسی ده‌که‌ی ئه‌گه‌ر بۆ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌کیه‌تی له‌ لایه‌ک و پارتی له‌لاکه‌ی تر ڕاستبێت! ئه‌ی بۆ لایه‌نه‌کانی تر چی ده‌ڵێی یه‌کگرتووی بادینان و کۆمه‌ڵی هه‌ولێر و سۆسیالیست و بزوتنه‌وه‌ له‌سلێمانی ده‌ڵێی چی؟ یان ئه‌وانیش قه‌ڕ و قپ ده‌که‌ی وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تورکمانه‌کاندا کردتان له‌ڕابردوو!
من پێم وایه‌ ئه‌و قسانه‌ی تۆ هه‌ڵقوڵاوی ناو ناخی سه‌رۆک و سه‌رکردایه‌تی پارته‌که‌ته‌ به‌ڵام به‌تۆی به‌سته‌زمانیاندا ده‌ربڕی!
بۆیه‌پێویسته‌ له‌بری تۆ سه‌رۆکه‌که‌ت داوای لێبوردن له‌هه‌موو گه‌لی کوردبکات. له‌هه‌رچوار پارچه‌ی کوردستان، داوای لێبوردن له‌که‌سو کاری شه‌هیدان بکات له‌هه‌موو خه‌ڵکی باشوری کوردستان بکات، ئه‌گه‌رنا ئه‌و تاوانه‌گه‌وره‌ نیشتمانیه‌ وه‌ک خۆتان ده‌ڵێن قابیلی قبوڵ نیه‌ ته‌نانه‌ت پێویسته‌ ئه‌ندامانی پارتی له‌سنوری ئه‌و به‌شه‌ی که‌تۆ باسی ده‌که‌ی قبوڵی نه‌که‌ن! چونکه‌ ئه‌وه‌ یاری کردنه‌ به‌هه‌ست و نه‌ست و ئه‌خلاقی ئه‌وگه‌له جارێکی تر ئه‌و نه‌وه‌ت هه‌زار ده‌نگه‌ی پارته‌که‌ت ئاواره‌ بکه‌یته‌وه‌ و نامووسیان بشکێنی! بۆیه‌‌ ئه‌گه‌ر داوای لێبوردن نه‌که‌ن هیوادارم خه‌ڵکی کوردستان لێتان بێده‌نگ نه‌بن هه‌رنا له‌سه‌ر سندوقه‌کانی ده‌نگدان سزاتان بده‌ن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە