کاتێک نەفامێک قەڵەم و جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستان، چیدی بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆر مستەفا السباعی)


‏‫تکایه‌ شکۆی دادگا مه‌فرۆشن به‌ سێ ملیۆن و نیو

Monday, 06/07/2015, 22:45


به‌گوێره‌ی هه‌واڵێکی سایتی خه‌ندان بێت، ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستان داوای به‌رزکردنه‌وه‌ی موچه‌کانیان کردووه له‌ ( ٩.٥ )ملیۆنه‌وه بۆ‌ ( ١٣) ملیۆن، واتا موچه‌که‌یان هاوتای موچه‌ی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌غدا بکرێت.ئه‌وه‌ له‌کاتێکدایه‌ هه‌رێمی کوردستان به‌کۆمه‌ڵێک قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێت له‌سه‌روی هه‌مووشیانه‌وه‌ قه‌یرانی داراییه‌.
من ناڵێم مافی ئه‌وه‌تان نیه‌ داوای هاوتا کردنی موچه‌که‌تان بکه‌ن وه‌کو به‌غدا چونکه‌ به‌پێی یاسا بۆتان هه‌یه. به‌ڵام توخوا ڕاستگۆیانه‌ وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌م بده‌نه‌وه‌ چونکه‌ ئێوه‌ سوێندی یاساییتان خواردوه‌ دڵسۆز و ڕاستگۆبن!
١- توخوا پێمان بڵێن موچه‌که‌تان که‌مه‌؟ به‌شتان ناکات؟
٢- یان چۆن جورئه‌تتان کرد له‌وکاته‌دا ئه‌و جۆره‌ داوایه‌ بکه‌ن؟ له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه‌دا!
٣- ئاگاتان له‌حاڵی دادگاکانه‌؟ له‌کێشه‌و گرفتی هاوڵاتیان گرفتی جیابونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری کێشه‌ی کوشتن و خۆ له‌ناوبردن که‌می زه‌واج کێشه‌ی قه‌رز و قیست و هیتد هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌سه‌ر نه‌بوونی و هه‌ژاریه!
٤- توخوا ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ڕێز ئاگاتن له‌حاڵ و باڵی ژیانی برا پێشمه‌رگه‌کانه‌؟ چۆن له‌بێ موچه‌یدا به‌رگری له‌نیشتمان ده‌که‌ن به‌ ٥٠٠ هه‌زار له‌کاتێکدا له‌خانووی به‌کرێدان؟
٥- ئه‌رێ توخوا ئاگاتان له‌ڕێژه‌ی هه‌ژاریه‌ له‌و هه‌رێمه‌ پڕسامانه‌؟
٦- ئه‌رێ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ڕێز ئاگاتان له‌و هه‌موو دزی و گه‌نده‌ڵی و به‌ته‌ڵان بردنه‌ی سامانی گشتی نیشتمان هه‌یه‌ که‌چۆن به‌رپرسه‌ باڵاکان له‌په‌نا یاساکانی به‌ڕێزتاندا ده‌کرێ؟ ئه‌وانتان سزادابا باشتر نه‌بوو له‌وداوایه‌؟
٧- ئه‌رێ ئاگاتان له‌ده‌ست تێوه‌ردانی حزب هه‌یه‌ که‌چۆن به‌سه‌ر ئێوه‌و ده‌سته‌ڵاتی جێبه‌جێ کردندا زاڵه‌؟ وام زانی له‌دژی ئه‌وان بڕیار ده‌رده‌که‌ن بۆ بڕینی ده‌ستی حزب له‌ناو دادگاکاندا و گێڕانه‌وه‌ی شکۆی دادگا
٧- ئه‌رێ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی کوردستانی به‌ڕێز و مووچه‌که‌م ئه‌و داوایه‌ی ئێوه‌ شکۆی دادگا ده‌شکێنێ؟ یان داواکاری که‌س وکاری ئه‌نفال کراوانی گه‌رمیانی هه‌ژار و خێر له‌خۆ نه‌دیو؟ 
هۆ ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری به‌ڕێز ئه‌و داوایه‌ی به‌ڕێزتان فرۆشتنی شکۆی دادگایه‌! چونکه‌ له‌په‌نا زیادکردنی مووچه‌که‌تان مه‌رجتان بۆ داده‌نرێت.
ئه‌و داوایه‌ی به‌ڕێزتان به‌شێکه‌ له‌گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردانی سامانی گشتی له‌و کاته‌دا.
ئه‌و داوایه‌ی به‌ڕێزتان شه‌رعیه‌تدانه‌ به‌و هه‌موو ڕێژه‌ زۆره‌ی مووچه‌ی وه‌زیران و په‌رله‌مانتاران که‌ بۆته‌‌ هۆی دروست بوونی جیاوازی و دروست بوونی چینایه‌تی له‌م هه‌رێمه‌.
من هیچی تر ناڵێم به‌ڵام ئه‌وجار کوردستان به‌ته‌واوی جێگای مه‌ترسیه‌ مادام ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری گیرۆده‌ی دراو بوو!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە