گۆڕان و کاراکردنەوەی پەرلەمان
Friday, 15/09/2017, 0:10
پەکخستنی نابەجێی پەرلەمان بۆ بزوتنەوەی گۆڕان و خەڵکە زۆرینەکەی هەرێمی باشور ، جگە لە شکستی دەسەڵاتی بەڕێوەبردن و بێ نرخ کردنی مۆڕاڵی کاری پیشەیی و لەدەستدانی سەروەرییەکانی یاسایە بۆ پرۆسەی بەڕێوەبردن لە سیاسەتی وڵاتدا ، شکاندنی شکۆ و شەرمێکی گەورەشە بۆ گەلێکی ماندوی پڕتێکۆشان و دروست بو لەنێو کوانوی خەباتی شۆڕشێکدا کەمانەوەی دەسەڵاتی بۆ خۆی کردۆتە ئامانج.!
بێگومان لەم گۆش نیگای بینینەوە هیچ جۆرە کار و بەرپرسیارێتییەک بۆ سەرخستنی شۆڕش و پرۆسەی بەناو شۆڕشگێڕی لە هەرێمەکەدا مانای نامێنێت و تەواوی پرۆسە سیاسیەکەی هەرێم دەچێتە خانەی ملکەچ بوون بە دەسەڵات و شۆڕبونەوەی قوڵ و خزان بەحیزب ، ئەو سروشتە خوڵقێنراوەی لەگەڵ دونیابینینەکانی تاک لەدەسەڵاتی باڵادا بۆ خولاندنەوە لە دەوری دەسەڵاتی خۆیی لە چەشنی سەرۆک و سەرکردەی پفهەڵدراو بە خواستی دەسەڵاتی کەسی و بەرژەوەندیەکانی بۆ لە خشتەبردن و دەرخستنی شێوازی بەخشندەیی گوتراوی حیزب و شاردنەوە و رووکەشکردنی رووی دیکتاتۆریەتی خۆسەپێن و زۆرەملێییە بۆ گەل.!
پرسی پەرلەمان، پرس و ترسێکی دیاریکراوی یاساییە لەنێو فۆرمێکی جەماوەری و دەوڵەتداری دیاریکراودا، کەگشت لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانی وەک هێزێکی ناوەند بەبڕیار و چاودێریی ملکەچ بە پەیڕەوێکی بەڕێوەبردن دروستکردوە بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکار و بەڕێوەبەر لە سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتدا بۆ ئەو چوار چێوە یاساییەی کە بۆتە ئامانجی کارکردن بۆ گەیشتن بەسەروەریەکانی خەڵکی کوردستان.!
پەرلەمانی کوردستان گەرچی بە بڕیارێکی تاک لایەنەی حیزبی کاڵفامانە، بە جۆری کودەتایی سەربازی پەک و پەراوێز خرا. جێ بەجێ کار و داڕێژەرانی ئەم پلان و فەرمانە حیزبییە تاک لایەنە، بونە هۆکاری راستەوخۆی راگرتن و بەخشینی رەواێتی ناڕەوا و سەنگ و قورسایی بڕیاری یەکلایکەرەوەی دۆخەکە بە ویستی رۆچونێکی دیاریکراو لە پێناو جێبەجێکردنی پلانی راستەوخۆی تاک دەسەڵاتی قۆرغکار بۆ مانەوە و ئومێدی گەیشتن بە گرتنە دەستی زۆرینە و مانەوەی زاڵمانەی چەمک و تێکۆشانی مێژوی خەڵکی کوردستان بۆ سەرکەوتن و دروستکردنی سروشتێکی لێبوردەیی بۆ لەبیرچونەوەی تاوانەکانی رابوردو بە پاساوی دروست بونی جۆرێک لە پیرۆزی و شکۆمەندی پلە وپۆستە باڵا و داتاشراوەکانی داهاتوو کە حیزب بە پیشتیوانی هێزی ئاسایش و بەناو ئاشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستەبەری دەکات ، کە بەداخەوە گشت ئەمانە متمانەی دەستبەکاربونیان لەژێر چەتر و یاسایی خودی ئەو پەرلەمانە هەڵبژێردراو و ستافی سەرۆکایەتیەدا وەرگرتووە بۆ رەواێتی کارکردن و بەرپرسیارێتی پاراستن و بەڕێوەبردنی وڵات لەژێر سوێندێکی یاسایی شەرفدا بۆ پاراستن و بەڕێوەبردنی وڵات.!
خولی چوارەمی هەڵبژێردراوی پەرلەمانی کوردستان بە خولی یاسایی و رسک و بزێوی دەستبردن بۆ کارە بێ یاساییەکانی حیزبەکانی ڕابوردی هەرێمی کوردستان ناوزەند دەکرێت کە لە نێو خۆیدا دەست بردنێکی دروستە بۆ " دروستکردنەوەی پرۆسەی راستەقینەی دەوڵەتدارای لە چوارچێوە یاساییەکەیدا .وەک بەرنامەی کار لە نێوەندی پرۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕاندا بۆ هەرێمی کوردستان و سیستمی دەوڵەتداری " . بێگومان بۆ خستنە سەر ڕێ و ڕێچکەی یاسایی و هەنگاوەکانی داهاتوی سیستمی بەڕێوەبردنی پەرلەمانی و ناوەرۆکی راستەقینەی یاسا و دروستکردنی دۆخی ئامادەسازی بۆ خولەکانی داهاتوی پەرلەمان و بەردەوامی گۆڕانکاری لەدوای قۆناغی دروستبونی ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ هەنگاو هەڵگرتنی زیاتر و کێشمەکێشمی سەرخستن و ململانێی بەرەوپێش بردن لە پرۆسە دیموکراسیەکەیدا بۆ پەرلەمان و ئەگەری پتەوکردنی دەنگ و ڕێژەی دەنگدەران وبەردەوامی و جیاکاری لە پێشبڕکێی دیموکراسیانەی بەرەو پێشچون بۆ دروستبونی دۆخێکی ئاسودە و سەرکەوتوتر لە ڕابوردوی دابەشکراو بە سیستمی پەنجا بە پەنجای زەرد و سەوز.!
لە پێناو سەرخستن و گەشەکردنی پرۆسەی دیموکراسی و یاسایی لە نێو ئاوەزی پڕ بڕوا و بزوێنەری راستەقینەی بزوتنەوەی گۆڕاندا بۆبەردەوام بوون و کۆششکردن لە پاراستن ومانەوەی هەڵسوڕاونی بزوتنەوەکە بۆ ڕێزگرتن لە ماندوبونی جەماوەری گۆڕان و تەواوی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان ، بەرز نرخاندن و رەواێتی دەنگ و پرۆسەی هەڵبژاردن و گەڕاندنەوەی سەنگی دەنگدەرانی خەڵکی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵات بەرچاوبگرن و هیچ جۆرە پاساو و ئەگەرێکی دواندن لە کڕین و فرۆشتن و گەمەی سیاسی بەرامبەر لە پێناو گۆڕینەوەی دەنگی خەڵک و بەهێزکردنی هیچ جۆرە پێگەیەکی کەسی و حیزبی لە دەسەڵاتە باڵاکانی حیزبدا مەکەنە بەربەست بۆ کارکردن و دەستەبەرکردنی خواستی دیاریکراو و هەستان بە بچوککردنەوەی پەرلەمان و دەنگی پڕ ئازاری نێو سندوقەکانی هەڵبژاردنی راستەقینەی خەڵک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان .
بێگومان دەبێت ،کەیسی پەرلەمان وەک پەراوێز و لەکارخستنی بەڕێوەبردن ، بێ هیچ دوان و باسێکی حیزبی هەتەکە و گۆتەکەی سیاسی بخرێتەوە ژێر دەست و باوەشی خودی ستافی بەڕێوەبردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بۆ یەکلایکردنەوە و چارەسەری یەکجاری و چەسپاندنی سەروەری یاسا بۆ دور خستنەوەی ڕێگاکانی پینەکردنی کێشە یاساییەکان ، کە خۆی لە دەستوری هەرێم و یاسای سەرۆکایەتی و لێکوڵینەوە و چاودێریکردنی دەزگا جێ بەجێ کارەکانی حکومەتی هەرێمە بۆ دانیشتوانەکەی کە ئەمانەش هۆکار و خوڵقێنەری ئەم دۆخە قێزەونە بون بۆ شکستی حوکمڕانی خەڵکی کوردستان. بۆیە دەبێت لەدەست بڕیاری بەرکەووتوانی حیزب و بۆماوەکانی لە گەورەکردنی زیاتری دەسەڵاتی مۆتەکەی سەرکردایەتیەکانی دەسەڵاتی پاوانخواز و زاڵبونیان بۆ فەرمانڕەوایی و بڕیاردان دەربازببن و تێیان بگەیەنن کە پرەنسیپی گۆڕان کارکردنە بە تەواوی بڕگە یاساییەکانی بەڕێوەبردن و گەڕاندنەوەی شکۆی بێ مەرجی نرخ و بەهایە بۆ پەرلەمان و ئەندامەکانی لەم خولەدا و دەرگایەکیشە بۆ جیاکردنەوە و بنەبڕکردنی کاری سیاسی و یاساییە لە وڵاتدا، بێدەنگ کردن و گەڕاندنەوەی دۆخی دابەشکردن و دەنگی بڕیار و گوتاری سیاسیە لە بڵندگۆی هەردوو زلپارتی پارتی پاگرەدا بۆ خەڵکی کوردستان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست