دوا گەمەی کورسییەکەی مەسعود بارزانی
Wednesday, 12/07/2017, 1:31
کێشەی قورسی نەگەیشتنە بڕوا و بیری تەواوی دەسەڵاتە سیاسیەکەی هەرێمی کوردستان لەدەستاو دەست کردنی دەسەڵات. بەدەر لەکلتورە جۆری و پێکهاتە ناوکییەکەی پارتەکان لەچوارچێوە جوگرافیەکەی ناوچەکەو کاریگەری گەشەپێدانی ئاوەزی خێڵ لەسیستمی گونجاندن بەپەیکەرە دواکەوتوەکەی حیزبەوە بۆ سەرۆک و فەرماندەی پاڵەوان.
لەگەڵ بوون و بۆشایی دەستوریی،یاسایی بەڕێوەبردن لە چوار چێوە دەوڵەتداریەکەیدا. لەگەڵ جۆری پێکهاتەو پەیوەندی دەسەڵات و هێزی حیزبی و بازرگانییەکەی هەرێمی کوردستان.
هۆکاری دروستکردنی ، سیستمە خۆسەپێن و نیمچە دیموکراسیە خۆگونجێنەکەی بنەماڵەیە لەنێو بەڕێوەبردنە بازنەییەکەی بە هێزی حیزب تەندراوە لەپێش دروستبونی هێزی ئۆپۆزسیۆن لەناو پەرلەمانێکی کارتۆنی بەرکەوتەی دابەش بودا بۆ خەڵکی کوردستان.!
ناوەرۆک و ترسی هەڵوەشاندنەوەی سیستمی سەرەوەی بەڕێوەردنی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، بێشک وەک یەکەم پێکهاتە و دامەزراوەو لایەنی حیزبی لە هەرێمەکەدا ، پارتی دیموکرات وسەرۆکەکەی دەخاتە بەردەم شەڕی مانەوەو بەرگریکردن لە هەڵماڵینی رووی چەوت و بەرکەوتنی زۆرینەی کار و بەدکاری سیاسی لە مێژووی پڕ خەباتی گەلی کوردستان و قۆناغی نوێی بنیاتنانەوە و تۆکمەکردنی پرۆسە سیاسیەکەی ئایندەی هەرێم.
هەر بۆیە پاراستن و مانەوە و دەستکاری نەکردنی پرۆسەی سیاسی هەرێمی کوردستان دەبێتە هیوای مانەوە و مسۆگەرکردنی دەسەڵاتی سیاسی پتەو بۆ پارتی پێشڕەو و سەرکردەی تاک پاڵەوان.!
کە لە ئێستادا پارتی و مەسعود بارزانی پێشڕەوایەتی ئەم بۆ چوونە حیزبی و میرییە دەکەن لە کوردستاندا.
گەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێکی دواوە،پلان و کێشمە کێشی ململانێ و هەوڵەکانی پێشوتری پارتی دیموکراتی کوردستان و خوودی مەسعود بارزانی لە پێناو مانەوە و بەرگریکردنی کورسی دەسەڵات بە ناڕەواێتی .
چەند وێنەیەکی خێرا و کردەی شەرمەزاریمان دێنێتەوە بەر چاو، لە چەشنی شەڕی برا کوژی و ٣١ی ئاب و بازرگانیکردن بەسامانی نیشتیمانی بۆ مانەوەو هەوڵدانی کڕین و بازرگانیکردن بە بڕیار و دەنگی لایەنە بەهێز و کارتۆنیەکانەوە بۆ دروستبونی هاوسۆزی حیزبی لەپێناو دەستەبەرکردنەوەی سێ بارەی پۆستی کورسی سەرۆکی هەرێم .!
هەوڵدان بۆ کڕینی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان و کارکردن بۆ شکستی پێهێنانی پرۆژە یاساییەکانی پەرلەمان و رێگیریکردن و پەکخستنی هەر جۆرە دۆزینەوەیەکی چارەسەر بۆ ڕێکارە یاساییەکانی پەرلەمان و سەرخستنی یاسای سەرۆکایەتی و دەستوری هەرێم ، کارکردن بە هەڕەشە و هەوڵدان بۆ سوکایەتی پێکردن و تیرۆرکردنی رۆحی و سیاسی و کۆمەڵایەتی و ڕەوشتی ئەندامانی پەرلەمان و کادرەکانی نێو بزوێنەرە سەرەکیەکەی دژ بە دیکتاتۆریەت و میر نشینی و دەسەڵاتی مانەوە و خۆسەپێن بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتەوە لە کوردستان.
بڵاوکردنەوە و بەکارهێنانی وێنە و دەنگ و رەنگی ڤیدیۆیی وەک چەک و هەڕەشە بۆ شکاندن و شکۆ و شکست پێهێنانی بڕوای سیاسی بە دەوروبەر و کڕینی ویژدان و مسۆگەرکردنی بوکەڵەی سەماکەرەی ویستەکانیان بۆ گەیشتنە ئامانجە راستەقینەکەیان کە تەنها لە مانەوەی کورسی دەسەڵاتدا دەیبینن. لەگەڵ هەوڵەکانی تری فشار وەک لێ سەندنەوەی مۆڵەتی کارکردنی گۆڕان و تۆمارکردنی داوای یاسایی لەسەر ڕێکخەری گشتی، بڕینی موچە و دەست خستنە بژێوی خەڵکەکەیەوە بە عەقڵی دروستکردنی سروشتی خۆبەدەستەوەدان و گەڕانەوە بۆملکەچ بون و ڕازیبون بەداواکردنی بەڵێ بۆ فەرماندەی پاڵەوانی بەسەر نەچوو.!
کە لە هەموو پلان و بەرنامەکەیدا شکستی خوارد و خەڵک لەگەڵ دەنگی نەخێردا مایەوە و هەموو ئەوشتانەی پێ خۆشتربوو لەوەی بڵێت رازین بە مانەوەی سەرۆکی ماوە بەسەرچوو.
بەشەرمەوە کەوتە جێبەجێکردنی دوا هەناگاو و پلانی نوێی کارکردن بۆ دەرباز بون و دەرچونیان لەو شکست و مل لاریی و مێژوە چەوتەی بونەتە خاوەنی.!
دروستکردن و پێهەڵگرتنی هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و سروشتی ڕیفراندۆم وەک دەرچەیەک بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەو سەر لە نوێ دەسپێکردنەوەی قۆناغێکی نوێی بۆ چانسێکی تر لە پرۆسەی سیاسی و مانەوە و دەربازکردنیان لەدۆخێکی ئەوهای پڕ کێشە، کە خەڵکی کوردستان لەسەر لێواری بەلاداکەوتنەو تەواو توڕەی دۆخەکەن و وەک پشکۆ لە گەشانەوەدان بۆ گەیشتنە دوا خواستی نان و ئازادی.
پارتی بە وازی کاراکردنەوەی پەرلەمان دەیەوێت ئاوێک بکات بەم ئاگرەداو لە ڕیگەی پەرلەمانەوە کار بۆ داڕشتنەوەی یاساو کارەکانی ڕیفراندۆم بکات کەتەنها مەبەستی درێژکردنەوەی کاتی ڕفراندۆمەکەیە بۆ کاتێکی تر، لە کاتێکدا خودی ئەم درێژکردنەوەو بڕیارەی پەرلەمان دەبێتەوە بە ڕەواێتی کورسیەکە و دوبارە ددان پێدانەوەی پۆستەکەی. کە کێشەی ئەم چەندساڵەی کوردستانی بەستبوو بەوەوە. بە شێوەی ناڕاستەوخۆ وبێ هیچ باسێک دۆخەکەی بەسەردا تێدەپەڕێت و بە ئێمە و وڵاتانی دەرەوەش دەڵێت کە ئەوە خواست و ویستی گەلەو لە ئەستۆمدایە بەجێی دەگەیەنم نەک خواست و ویستی خۆم وەک سەرۆکی هەرێم و پۆست لە کاتێکدا خۆی باشدەزانێت کە لەنێوان ئەم جق و نقەدا تاکە کێشە راستەقینە کێشەی کورسیەکەی سەرۆکی هەرێمەو بەس.!
هەر بۆیە دەبێت پەرلەمان هیچ جۆرە گۆڵ و چاوبەستێکی لێ نەکرێت و نەشکەوێتە بەردەم ئەگەر و باری فێڵ و تەڵەکەیەکی سیاسی داتاشراو، تا لە دواییدا خۆی نەخاتە بەردەم پرسیارە قورسەکەی مێژوو.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست